کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

بۆ ڕێزگرتن لە ساڵیادی گیانبەخت کردنی تێکۆشەری نەسرەوتوی نێو بزوتنەوەی چەپ و کومونیستی ئێران و کوردستان، کاک فۆئاد مستەفا سوڵتانی

سەعید ئەمانی

لەسەرکەسایەتی و ژیان و خەباتی کاک فۆئاد، سیمای بەرچاو و کەسایەتی هەڵکەوتوی نێو بزوتنەوەی چەپ و کومونیستی ئێران و کوردستان، زۆر نوسراوە و زۆرتریش قسە کراوە و لێرەدا نامەوێ ئەوانە دووپات کەمەوە و مەبەستی من لەو نوسراوەیە کاریگەرییەکانی کاک فۆئاد لە مێژوویی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان دایە کە تا ئەمڕۆش جێپەنجەی دیارە و کاریگەرییەکانی ماوەتەوە و لە کاتی خۆشیدا خالی وەرچەرخانی مێژوویی بوون. ئەوەش لە بیرنەکەین دەور و مێژووی کۆمەڵە و کاک فۆئاد وەکوو یەکێک لە دامەزرێنەران و ڕێبەری ئەو تەشکیلاتە ئاوێتەی یەکن و لەیەک جیا نین و بەیەکەوە گرێ دراون.

لە چۆنێتی دامەزرانی کۆمەڵەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە کاک فۆئاد باوەڕی بەوەیە کە بۆ هەنگاو هەڵێنانەوە بەرەو بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە تەنیا هەستێکی پاک و شۆڕشگێڕانە ناتوانێ ببێتە هەوێنی سازبوونی تەشکیلاتێکی شۆڕشگێڕی پێشکەوتنخوازانە و پێشڕەو هەر بۆیە بە پێویستی دەزانی تێگەیشتن لە تێئۆرییە زانستییەکانی سیاسی سەردەمی خۆی و خویندنەوەی وردی مێژووی بزوتنەوەی شوێنەکانی تری جیهان وەکوو ئەرکێکی گرینگی تەشکیلاتی و داوای لە هەموو هاوڕێیانی دەکرد ئەو ئەرکە گرنگە لەبیر نەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا پێیوابوو پێویستە خوێندنەوەیەکی دروستت لە کۆمەڵگاکەی خۆت هەبێ و بە پێی تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەکانی ئەو کۆمەڵگایە تێئۆری گونجاو داڕێژییەوە و بە تەنیا بە دووپاتکردنەوەی ئەزموونی وڵاتانی تر خۆت نەبەستییەوە و هەر ئەوەش وایکرد ئەو کۆمەڵە گەنجە کەم ئەزموونەی ئەو سەردەمە بوێرن  لەگەڵ تێکۆشەرانی گەورەی سیاسی ئەوسەردەمی ئێران لە بەندیخانەکاندا بکەونە مناقشەوە و مێتۆدێک لەخەبات لە ئێران و کوردستان فۆرمۆلە بکەن. ئەو مێتۆدەی کاک فۆئاد و هاوبیرانی هێنایانە مەیدانی خەباتی سیاسی ئێرانەوە شتێکی نوێ بوو کە تێپەربوونی رۆژگار دروستی و سەرکەوتوو بوونەکەی سەلماند. هەر وەها بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانیشی بۆ قۆناغێکی نوێ گوازتەوە و ئەو بزوتنەوە کوردایەتییە خێڵەکییەی بەرەو کاناڵێکی پێشکەوتنخوازانە برد کە تێگەیشتن لە زانستی سیاسی و تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازەکانی تا ئەمڕۆش ناکرێ لەو بزوتنەوەیە بستێندرێتەوە و کەس ناتوانێ بێ ڕەچاوکردنی داهێنانەکەی کاک فۆئاد  وهاوبیرەکانی لە کوردستان بە گشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی سیاسەت بکا.

لەکاتی مانەوە لە زیندانیشدا بە باشترین شێواز بەندیخانەی کردە قوتابخانە و هەروەها وەکوو گۆڕەپانێکی نوێی خەبات دەورێکی کاریگەری لە زینداندا گێڕاو و کاراکتێری رێبەریی خۆی لەو ئەزمونەشدا پیشاندا و بەو تایبەتمەندییەوە بوو کە دوای رزگار بوونی لە بەندیخانە زۆر زوو توانی هێزێکی نوێ و کایگەرتر بداتە ئەو تەشکیلاتەی ئەو لە ئاستی ڕێبەریەکەیدابوو وە دەورێکی بەرچاوی لە گۆڕانکارییەکانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا هەبێ.

کاک فۆئاد لەوسەردەمەدا بە تێگەیشتنی دروست لە پێویستی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو لەبواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بۆ هەڵسورانی حیزبێکی پێشکەوتنخوازی وەک کۆمەڵە بە بێ دڵەڕوکێ دەستی دایە پەرە پێدان بە یەکێتی و جەمعییەتەکان و بەشداری بەربڵاوی خەڵکی لەو ڕێکخراوانەدا وەکوو گرینگترین پشتیوانەی داهاتووی کۆمەڵە هەڵبژارد. لە دامەزراندنی یەکێتی و جەمعییەتەکاندا توانی بە داهێنان و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە جیاوازەکانی کوردستان زیاترین سەرەنجی چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمکێشی کوردستانی بۆ لای کۆمەڵە ڕاکێشێ و بەدوای بەدەست هێنانی زیاترین متمانەی جەماوەریدا بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵە، بۆ جارێکی تر لە کۆچی مێژوویی مەریواندا تایبەتمەندی داهێنانی خۆی و کەڵک وەرگرتن لە متمانەی خەڵکی لە خەباتدا نیشاندا. هەر لەو سەردەمانەدا بە بێ دوودڵی و راڕایی سەبارەت بە ماهییەتی کۆماری سەرمایەداری ئیسلامی لە دانوستانەکاندا بەشداری دەکرد و خۆشی بۆ شەڕێکی نەخوازراو سازدەکرد و بەهەموو بەهەموو تواناشیەوە تێدەکۆشا ئەو شەڕە وەدا بکەوێت و دەیزانی هاوسەنگی هێز لە قازانجی بزوتنەوەی شکڕشگێرانەی خەڵكی کوردستان نیە و لە کاتێکیشدا لە ٢٨ی گەڵاوێژ هێرشی وەحشیانەی ڕژیم دەستی پێکرد و شەڕ بەردەرکەی بە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان گرتوو و خومەینی لەتارانەوە فتوای جەهادی بۆسەر کوردستان دا، و قۆناغەکە گۆڕانی بەسەردا هاتبوو دەبوو لە نێوان شەڕ لەگەڵ هێزێکی دڕنەدە و زەبەلاح و تەسلیم بوون و لەناوچوونی هەموو دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ و بزوتنەوەکەی یەکیان هەڵبژێرێ و بە بێ ترس و دوودڵی دیاردەی خۆڕاگری پێشنیار کرد و سەرەڕای هەموو دژواری دۆخەکە بە دروستی لەوە تێگەیشت کە تەسلیم بوون بەمانای لەناوچوونی هەمیشەییە  و بەرەنگاری لەگەڵ ئەوەدا کە هێزێکی زۆر کەمتری سەربازیشت هەبێ تەنیا ڕێگای مانەوە و ئیماکانی سەرکەوتنە. دوای تێپەربوونی نزیکەی ٤٠ ساڵ ئێستا زۆر بە ڕوونی دروستی ئەو هەڵبژاردنەی کاک فۆئادمان دێتەوە بەرچاو و دەبینین کە ئەو شوێن و ناوچە و ڕێکخراوانەی کە لە ماهییەتی کۆماری ئیسلامی تێنەگەیشتبوون چیان بەسەر هات و کوردستان لە چ قۆناغێکدایە.

بەداخەوە کاک فۆئاد دوای دەستپێکردنی شەڕ نەیتوانی ماوەیەکی زیاتر لە ئاستی ڕێبەریی حیزبەکەی و خۆڕگرییەکەی خەڵکی کوردستان کە ئەو و هاوسەنگەرانی  ئەندازیاری بوون بمێنێتەوە و لە رۆژی ٩ی خەرمانانی سالێ ١٣٥٨ی هەتاوی لەسەر ڕێبازی سووری سۆسیالیزم، جەستە گیانی بەخت کرد و درێژەی ڕێگا و خەباتی نەسرەوتن تا سەرکەوتنی بە ئێمە سپارد.

بەرز و بەرێز بێت و یاد و بیرەوەری گیانبەخت کردنی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی.

 

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-

خەڵاتی مافی مرۆڤی ئورووپا بۆ ژینا سەرکەوتنێکی دیکە بۆ شۆڕشی ژن؛ ژیان؛ ئازادی

-

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

-