کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

بڕیارنامەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن لە سەقز

 

ئەمساڵ لە باروودۆخێکدا ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانیی ژن بەڕێوە دەبەین کە جیهان پڕە لە بێعەداڵەتی، هەژاری و هەڵاواردن. ئێمە شایەدی شەڕ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توندوتیژیخوازیی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، شەڕنانەوە، باروودۆخی نامرۆڤانە و چەوساندنەوەی بێ پایان لە بەرامبەری کاری هەرزان داین. ژنان بەردەوام قوربانییانی بێدەنگی قۆناغە جۆراوجۆرە مێژووییەکانی ئەم کارەساتانە بوون. ستەمێکی مێژوویی چەند بەرابەر تێکەڵ بە یاسا و حوکمی کۆنەپەرستانە کە بەردەوام لەلایەن خاوەنانی زێڕ و زۆرەوە لەسەر شانی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ قورسایی دەکات. ئەم ستەمە ئێستا لە قالبێکی دیکەدا و بەڕواڵەتێکی نوێوە لە جێ جێی ئەم جیهانە بەرینە دادەسەپێت و دووبارە بەرهەم دێتەوە. هەر ئەوەندە بەسە تا بڕوانینە ئاماری کچان و ژنانێک کە لە ڕێگەی کۆیلەداریی نوێوە لەلایەن قازانجپەرستان و باندەکانی بازرگانیی مرۆڤەوە، دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن. هەر ئەوەندە بەسە تا چاوێک لە تەبلیغاتی میدیا جیهانییەکان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی بکەین کە پڕن لە دژەژنبوون و نیگای کاڵایی نیسبەت بە ژن. هەر ئەوەندە بەسە تا سیاسەت، ئابووری، کتلوور و تەنانەت زمانی نەتەوەکان بدەینە بەر توێژنەوە، تا بۆمان دەرکەوێت هەموو ئەمانە وەک پەرژینەکانی ئەم جیهانەن کە بە دەوری بەشداریی داهێنەرانە و چالاکانەی ژناندا کێشراون و بەردەوام سنووردارتریان دەکەنەوە. پەیوەندی ئەم جیهانە قازانجمیحوەر و جنسییەتمەدارە لەگەڵ ژن، پەیوەندییەکی یەک لایەنە و ئامرازییە. بەڵام سەرەڕای هەرجۆرە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنێکی ئەم پێگە دژەمرۆییە، ئێستا لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بەرین لەلایەن مرۆڤە یەکسانیخوازەکانەوە بۆ نەمان و لەناوبردنی سووکایەتی و زوڵم و چەوساندنەوەی ئینسان شکڵی گرتووە. ئەم بزووتنەوەیە بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵدەگرێت کە ئەم سیستمە دژەژنە کە هەستی تاوان و سووکایەتی بە ژن دەدات و بە نیگایەکی شەهوانییەوە دەڕوانێتە ئینسانییەتەکەی، بەیەکجاری و بۆ هەمیشە بگۆڕێت. بەڵێ ئەم بزووتنەوەیە تەنها بزووتنەوەی ڕزگاریبەخشی ژنان و هەموو مرۆڤەکانە لە نەهامەتییە داسەپاوەکانی سیستمی سەرمایەداری کە سەرچاوە و ڕیشەی گشت چارەڕەشی و چەوساندنەوەی ئینسانە لەپێناو قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەدا. بەڵێ کاتی ئەوە هاتووە کە بزووتنەوەی ڕادیکاڵی ژنان بە گرێدانی خەباتیان لەگەڵ خەباتی چینایەتی و بزووتنەوەی کرێکاری دژبە سیستمی سەرمایەداری بتوانێت بە خواستە ئینسانی و ڕەواکانی خۆی بگات. 

ئێمە لەم سووچەی جیهانی پێچەوانەدا، ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە و یەکدەنگ لەسەر خواستە بنەڕەتییەکانی ژنانی ئێران بە ناوەرۆکەکانی خوارەوە پێداگری دەکەین:

1 – ئێمە خوازیاری مافی ئینسانیی بەرابەرین بۆ هەموو ژنان و پیاوان لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووریدا.

2 – ئێمە هەرجۆرە یاسایەکی دژەژن و جنسییەتمیحوەر کە ژنان لە دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەری دەکات مەحکووم دەکەین. 

3 – مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ، ناڕەزایەتی، مانگرتن لەپێناو خواستە سەرەتاییە ئینسانییەکان پێویستە بەڕەسمی بناسرێت و جێ بخرێت. 

4 – ئێمە خوازیاری بەرابەریی ئابووری بەدوور لە هەرجۆرە چەوسانەوەیەک بۆ هەموو ژنان و پیاوانین.

5 – هەمووجۆرەکانی جیاکردنەوەی ژنان و پیاوان لە کۆبوونەوەکان و شوێنە گشتییەکان پێویستە قەدەغە بکرێت. 

6 – داسەپاندنی هەرجۆرە توندوتیژییەک دژبە ژنان لەوانە ئازاری سێکسی، توندوتیژیی فیزیکی، سووکایەتی و تەوهین و هەرجۆرە هەڵسووکەوتێکی نامرۆڤانە پێویستە بە تاوان بناسرێت و ئەنجامدەرانی بە سزای گونجاویان بگەن.

7 – ئازادیی هەڵبژاردن سەرەکیترین مافی ئینسانە و داسەپاندنی هەرجۆرە گوشارێک لەوانە هاوسەرگیریی ئیجباری، چەندهاوسەری، هاوسەرگیریی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ دەبێ قەدەغە بکرێت. 

8 – کلتووری پیاومەزنی دیاردەیەکی نامرۆڤانەیە و دواهاتەکانی لەوانە قەتڵی نامووسی و سەنگسار جەنایەت بە ئەژمار دێن و ئەنجامدەرانی پێویستە سزا بدرێن.

9 – دیاردەی ژنان  و منداڵانی شەقام و بێناسنامە لە دیاردەکانی نیزامی سەرمایەدارییە. دەوڵەت ئەرکی سەرشانییەتی تا بۆ ژنان و منداڵانی شەقام ژیانێکی ئینسانی دابین بکات. 

10 – ژنان پێویستە لە ئازادیی هەڵبژاردنی پۆشش، مافی سەفەرکردنی ئازاد، مافی خوێندن، هەڵبژاردنی پیشە، هەڵبژاردنی هاوسەر و باقیی مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بەهرەمەند بن و هەرجۆرە پۆششێکی زۆرەملی پێویستە قەدەغە بکرێت. 

 

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-

خەڵاتی مافی مرۆڤی ئورووپا بۆ ژینا سەرکەوتنێکی دیکە بۆ شۆڕشی ژن؛ ژیان؛ ئازادی

-

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

-