کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

بومەلەرزە، داماوی ڕژیم و هاوپشتی جەماوەری

2017-11-20 | ۱۳۹۶-۰۸-۲۹

كاتژمێر ٢١ و ٤٨ خولەكی شەوی ٢١ ی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٦، بومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی حەوت و دوو دەهوم بە پێوانەی ڕیشتێر، كە بەهێز ترین بومەلەرزەی دنیایە لە ساڵی 2017 زاینیدا، بەشێكی بەرین لە كوردستانی ئێران و عێڕاقی هەژاند. ناوەندی ئەم بومەلەرزەیە شارۆچكەی ئەزگلە لە ئوستانی كرماشان بوو، بەڵام شەپۆلەكەی بەشێكی بەرینی كوردستانی ئێران و عێراقی لەرزاند. نزیك بە دوو ملیۆن كەس كەوتنە ژێر كاریگەری شەپۆلە وێرانگەرەكانی ئەم بومەلەرزەیەوە. ئەگەرچی رێژەی زیانەكانی ئەم بومەلەرزەیە هێشتا بە شێوەیەكی وورد روون نەكراوەتەوە، بەڵام باس لە بەسەدان كوژراو، بە هەزاران بریندار دەكرێ و وێرانیەكی بەرین دەبیندرێ.

لە حاڵێكدا كە خەڵكی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەكان لە هەمان سەرەتاوە پێویستی خێرایان بە عەمەلیاتی خاك بەرداری بۆ درهێنانەوەی ئازیزانیان بوو لە ژێر داروپەردوودا و ڕزگاركردنی گیانی سەدەمە دیتوان، كردەوەی بە دەستوبرد و خێرای دەویست، ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئەوپەڕی داماوی و بێتوانایی خۆی بۆ جارێكی دیكە، لە كاتی كارەساتی لەم چەشنە پێشاندا. تۆرە كۆمەلایەتیەكان و تەنانەت رۆژنامەكانی چاپی تارانیش كە لە لە ژێر تیغی سانسوردا دەر دەچن، پڕن لە دیمەنی زیندووی نیشاندانی ئەو سەر لێشێواوی و داماویەی كاربە دەستانی رژیم.

هەموان دەزانن كە لە عەمەلیاتی ئیمداد و ڕزگار كردندا ٢٤ كاتژمێری سەرەتای دوای بومەلەرزەكە، وەك كاتێكی زێڕین لە ڕزگار كردن چاوی لێدەكرێت. هەرچی زیاتر بەسەر كاتی زێڕیندا تێپەڕێت ئەگەری بە زیندویی مانەوەی كەسانی ژێر داروپەردووەكە كەمتر دەبێتەوە. جا لەبەر ئەوەیەكە چركەكانیش لە عەمەلیاتی یارمەتی گەیاندن و ڕزگار كردندا چارەنووس سازن. هەر بۆیە یەكێك لە هۆكارەكانی زیاتربوونی خەسارەتی گیانی، لە بومەلەرزەی ئوستانی كرماشاندا بە هێواشی جۆڵانەوەی ناوەندە حكومەتییەكان بووە بۆ ڕزگار كردنی خەڵك. لەوەها كاتێكدا ئەگەر نەریتی ئینسان دۆستیو هەستی هاەحەمی و هاوپشتی بە هێز لە ناو جەماوەردا، كە بە تایبەت لەم جۆرە كاتانەدا خۆی نیشان دەدات و دەچن بە هانای یەكترەوە، نەبێت، ئاسەواری وێرانگەری كارەساتەكە دوو هێندە ئەبێت.

لە وڵاتێكی وەك ئێران كە لەسەر هێڵی بومەلەرزیە و هەر چەند ساڵ جارێك دەبێتە قوربانگای بە هەزاران ئینسان. زۆربەی ماڵەكانی خەڵكی هەژار و كەم داهات روخەك و ناقایمن و توانایی خۆڕاگرییان لە بەرانبەر رووداوە سروشتیەكان و لەوانە بومەلەرزەدا نییە. بیناكانی ناسراو بە ” تەرحی مەسكەنی مێهر” كە بە ملیارد دۆلاریان تێدا هەزینە كراوە، پرۆژەكەی بە پارەی خودی خەڵك، بەڵام لە لایەن دەوڵەتەوە بەریەوەچۆە و قەرار بوو كە ئەو ئیمكانە بە خەڵكی كەم داهات بدات تا ببنە خاوەنی سەرپەنایەكی ئەمرۆیی، هەروەك پێش بینی دەكرا، لەم یەكەم رووداوی سروشتیدا، بەم شێوە پڕ كارەساتە تاقی كرانەوە.

بومەلەرزە بەڵایەكی وێرانگەری سروشتیە. بەڵام ئەم بەڵایەش لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا بە چەند قات كارەساتبارترە. ئاسەوارەكانی ئەم روداوە تا ئاستێكی باڵا دەكرێ كەم بكرێتەوە. ئەو ماڵانەی كە زۆربەی خەڵك لەواندا ئەژین ناقایم و روخەكن و بە كەرەسەی بیناسازی نا ستاندارد و بە بێ كۆنترۆڵ و چاودێری جیدی دروستكراون. ساڵانێكە كە خەڵك سكاڵایان لە شێوەی بیناكردنی پرۆژەی مەسكەنی میهر هەیە و كەس گوێیان بۆ ناگرێ. هەموان دەزانن كە پارەی خەڵكیان قووت داوە و بە كەرەسەی هەرزان بایی و نا ستاندارد، و بە پەلە پێكەوەنراون. ڕادەی وێرانی بیناكانی ئەم پرۆژەیە تەنانەت لەگەڵ ڕێژەی خەسارەتی بینا بساز بفروۆشەكانیشدا كە لە لایەن قازانج پەرستانەوە دروست دەكرێن، شیاوی بەراورد كردن نییە.

ئەو خەڵكە هەژارەی كە لەم جۆرە بینایانەدا دەژین، قوربانیانی بەردەوامی ئەم جۆرە بەڵا سروشتیانەن. لە وڵاتێكدا كە لەسەر دەریایەك لە سەروەتی سروشتی ڕۆنیشتوە، بۆچی دەبێ خەڵك لە دێهاتەكان و لە پەڕاوێزی شارەكان لە ماڵی قوڕینەدا بژین؟ بە سەرفكردنی بەشێك لەو بە ملیارد دۆلارەی كە ساڵانە سەرفی ئاژاوەگیری لە دەرەوەی وڵات و سەرفی سیاسەتی سەركوتگەرانە لە نیوخۆی وڵاتدا دەكرێن، دەكرێت هەموو ساڵێك بەشێك لەم وڵاتەی وەها پێ ئاوەدان بكرێتەوە لە بەرانبەر بەڵا سروشتیەكاندا خۆڕاگر بێت.

لە وڵاتێكی وەك ئێراندا، سەروەت و داهاتی سەرفی تەیار كردنی هێزی سەركوتگەر، پرۆژە ئەتۆمیی، دەزگای تەبلیغاتی، شەڕە وێرانگەرە ناوچەییەكان و هەزینەی دامەزراندنی بە سەدان هەزار ئاخوندی بۆ پەرەدان بە جەهل و خورافەی مەزهەبی دەكرێ، لە وڵاتێكی وەك ئێران كە هێزی كاری بەرهەمهێنەری دەیان ملیۆن ئینسانی كرێكار و زەحمەتكێش كە خوڵقێنەری سەرجەم سەروەت و نیعمەتی ئەو كۆمەڵگایەن دەچێتە خزمەت كەڵكە كردنی سەرمایەی تاقمێك سەرمایەدار و بەهێز كردنی دەوڵەتی پشتیوانیانەوە، ئەگەر تەنانەت بەش]كی ئەمانە لەدژی هەژاری و بۆ دابین كردنی مەسكەنی گونجاو تەرخان بكرێ، زیانەكانی ئەم ڕووداوە سروشتیانە بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەبنەوە. ئەگەرچی ڕوودانی بومەلەرزە ڕووداوێكی سروشتییە، بەڵام ئاستی تەلەفات و پێكهاتەی چینایەتی تەلەفاتێك كە لێی دەكەوێتەوە و دواهاتەكانی مۆری كۆمەڵگایەكی چینایەتی پێوەیە. هەموان بە یەكسان لەم رووداوە سروشتیە زیان نابینن. ئەوە خەلكی هەژار و كەم داهاتن كە بەردەوام دەبنە قوربانی ریزی ئەكەمی ئەم رووداوانە.

بەڵام لەحاڵێكدا كە خەڵكی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەكان زۆر لە كەم كاری ناوەندە حكومەتییەكان توڕەن و ئەوە بە كردارێكی دژی ئینسانی لەدژی خۆیان دەزانن، بەڵام خەڵكی كوردستان گەلێك دیمەنی شكۆداریان لە هاوپشتی ئینسانی لەگەڵ سەدەمە دیتوان و ئاوارەكانی ئەم ڕووداوە پێشاندا. خەڵكی شار و ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان بە شێوەیەكی بەرین لە كاری یەرمەتی گەیاندندا بۆ بومەلەرزە لێدراوان و ئاوارەكانی ئەم ڕووداوە بەشداریان كرد. جەماوەری خەڵك دەستە دەستە بە هەر توانایی و ئیمكاناتێك كە لەبەر دەستیاندا بووە كەلوپەلی پێویستیان كۆكردۆتەوە و بە تیمی تایبەتدا بەڕێیان كردون بۆ لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە. هەرچەند لە زۆر حاڵەتدا مەئمورانی ڕژیم بەریان بە تێپەڕ بوونی ماشێنەكانی هەڵگری یارمەتییە ئینسانییەكان گرتووە، بەڵام یارمەتیدەرانی خەڵكی لە مەسیرێكی دیكەوە یارمەتییەكانی خۆیان گەیاندۆتە سەدەمە دیتوان. سازماندانی تیمەكانی كۆكردنەوەی یارمەتی و ناردنیان بۆ ئاوارەكانی بومەلەرزەی ئوستانی كرماشان و پێشوازی خەڵك لەم حەرەكەتە ئینسانییە زەرفیەتێكی بەرز كە لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستاندا هەیە پیشان ئەدات. با ئەم زەرفیەتانە بەهێزتر بكەین. ئێمە هاوخەمی خۆمان بۆ خەڵكی سەدەمە دیتو لە كوردستانی ئێران و عێڕاق دەردەبڕین و هیوای چاك بونەوەی هەرچی خێراتر بۆ بریندارەكان دەخۆازین.

بابەتی پەیوەندیدار

دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی دنیا لە ئامادەکردنی پەیمان

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-