ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٩ی مانگی سه‌رماوه‌ز، مه‌راسمی یه‌كه‌مین سالڕۆژی گیانبه‌ختكردنی “مێهران سه‌ماك” له به‌نده‌ر ئه‌نزه‌لی و “حامد سه‌له‌حشور” له شاری ئیزه به به‌شداری به‌رینی خه‌ڵك به‌ڕێوه چوو.
“مێهران سه‌ماك” لاوی ته‌مه‌ن ٢٨ ساڵی خه‌ڵكی به‌نده‌رئه‌نزه‌لی، شه‌وی ٨ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠١ و له ڕه‌وتی شۆڕشی ژینا، له كاتی خۆشی ده‌ربڕین به‌هۆی دۆڕانی یانه‌ی فووتباڵی ئێران به ئه‌مریكا، به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم گیانی به‌ختكرد. ڕۆژی ڕابردوو مه‌راسمی سالڕۆژی ئه‌و هه‌میشه زیندووه به به‌شداری به‌رینی خه‌ڵك و وتنه‌وه‌ی دروشم دژبه كۆماری ئیسلامی به‌ڕێوه چوو. هه‌روه‌ها “حامد سه‌له‌حشور”ی ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ له ڕه‌وتی ناڕه‌زایه‌تیه سه‌رانسه‌رییه‌كانی ڕۆژی چواری سه‌رماوه‌زی ١٤٠١، له حاڵێكدا به ئۆتومبێله‌كه‌ی له ئیسفه‌هانه‌وه به‌ره‌وه ئیزه ده‌چوو، له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش چه‌ند ڕۆژ ته‌رمه‌كه‌ی ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌كی كرا. ڕۆژی ١٠ی سه‌رماوه‌ز مه‌راسمی ناشتنی ته‌رمی ئه‌و گیانبه‌ختكردووه به شێوه‌ی نهێنی و ته‌نیا به به‌شداری بنه‌ماڵه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی شار به‌ڕێوه‌چوو.