پێشه‌كی
كۆمه‌ڵه به پێی به‌رنامه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له پێناو كۆتایی هێنان به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری چینی سه‌رمایه‌دار و پێكهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی سوسیالیستی خه‌بات ده‌كات. ئامانجی كۆتایی ئێمه به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كه كه ئازادی و ئاسایس بۆ هه‌مووان جێگای كۆیله‌تی و بێ عه‌داڵه‌تی و بێ به‌شی بگرێته‌وه و بواری یه‌كسان بۆ گه‌شه و هه‌ڵدانی لێهاتووییه‌كان و لێوه‌شاوه‌ییه‌كانی ئینسان بڕه‌خسێ، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه هه‌ر كه‌سه و به‌ڕاده‌ی توانایی خۆی كار ده‌كات و به بڕی پێویستی خۆی له ئیمكاناتی ژیان به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت و ده‌وڵه‌تێك له ئارادا نییه كه له سه‌روی كۆمه‌ڵگاوه بێ و به‌ندی كۆیله‌تی و ژێرده‌سته‌یی كه‌سه‌كان به رابردووه‌كانی چه‌وسانه‌وه، سته‌م، كۆنه‌په‌رستی و نه‌زانییه‌وه گرێ بدات.
به‌ڵام له هه‌لومه‌رجێكدا كه هه‌تا ئێستاكه‌ش نیزامی سه‌رمایه‌داری له ئارادایه، ئێمه وێڕای خه‌باتی بێ‌وچان بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی سوسیالیستی، بۆ ساتێكیش له خه‌بات بۆ به‌جێ گه‌یاندنی چاكسازی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی پێشڕه‌و و پێشكه‌وتنخواز له پێناو باشتر بوونی هه‌لومه‌رجی ژیانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و ژێر ده‌سته و ئینسانی تر كردن و هێمنانه تر كردنی كۆمه‌ڵگا و شوێنی ژیانیان هه‌ر له چوار چێوه‌ی ئه‌و نیزامه‌ی كه له ئارادایه، ده‌ست هه‌ڵناگرین. راگه‌یاندنی به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵه بۆ ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك له كوردستان هه‌نگاوێكی گرینگی ئه‌م ستراتێژییه‌یه.
كۆمه‌ڵه، مافی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی نیشته‌جێی ئێران بۆ دیاركردنی چاره‌نووسی خۆیان به ره‌سمی ده‌ناسێ. له هه‌مان كاتیش‌دا خوازیاری یه‌كگرتوویی ئاره‌زوومه‌ندانه و ئازادانه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و نه‌ته‌وانه‌یه. له روانگه‌ی ئێمه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی خه‌باتی چینی كرێكار له پێناو سوسیالیزمدا، یه‌كێتی و یه‌كگرتوویی سیاسی و حیزبی چینی كرێكاری ئێرانی پێویسته و كۆمه‌ڵه له پێناو دابین بوونی یه‌كڕیزی چینی كرێكاری ئێران له هه‌موو بواره‌كانی خه‌باتدا، تێده‌كۆشێ.
به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵه بۆ ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری له كوردستان
به سه‌رنج دان به‌وه‌ی كه:
1- قه‌یرانی ئابووری و سیاسی رژیمی كۆماری ئیسلامی و به‌ڵا و نه‌هامه‌تیه‌كانی سه‌رچاوه گرتوو له ده‌سه‌ڵاتی نیزامی سه‌رمایه‌داری، گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی و سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ناره‌زایه‌تی به‌رینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، روودانی ئاخێزێكی جه‌ماوه‌ری، ئاسۆی رووخانی كۆماری ئیسلامی و تێكه و پێچرانی دام ده‌زگای هێزه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بۆته ئیمكانێكی ماددی و واقعی له كوردستان.
2- حیزب و هێزه بورژوایییهكانی كوردستان هه‌ر له ئێستاوه هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆچوونی خۆیان سه‌باره‌ت به سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له ناو بیرورای گشتیدا جێ بخه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی فیدراڵی له سه‌ر بنه‌مای سیستمی پارلمانی وه‌ك مكانیزمی به‌شداری خه‌ڵك له كاروباری سیاسی و ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگا و ناوه‌رۆكی سه‌ركه‌وتن به سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنین.
3- نیشاندانی تێگه‌یشتن و بۆچوونێكی روون له مانای راسته‌قینه‌ی سه‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كوردستان، چۆنیه‌تی به‌شداری راسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری كۆمه‌ڵگا و چۆنیه‌تی هاتنه‌دی ویست و داواكارییه‌كانیان زه‌رووره‌تی په‌یدا كردوه و جێ خستنی مانا و جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی سه‌ركه‌وتن له ناو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی سته‌م لێكراوی كوردستان له پێش مه‌رجه‌كانی سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كوردستان ده‌بێ، كۆمه‌ڵه (رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران) كه خۆی له هانده‌ران و رێكخه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كوردستان بوه و پشتیوانی به‌شێكی به‌رین له كۆمه‌ڵگای كوردستانی مسۆگه‌ر كردوه، به‌رنامه‌ی خۆی له پێناو ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك له سه‌ر بنه‌مای سیستمی شوڕایی له كوردستان راده‌گه‌یه‌نێ.
پێویستییه‌كانی هاتنه دی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك له كوردستان
1- چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشانی شار و دێ هێزی سه‌ره‌كی پاڵنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كوردستان پێك دێنێ، گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سوسیالیستی چینی كرێكار، وه‌رێ خستنی رێكخراوه‌ی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تی كرێكاران، رێكخراو بوونی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، بزووتنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵك له دژی رژیم له پێویستییه‌كانی پێشره‌وی و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی و هاتنه دی ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه و سته‌م لێكراوی كوردستانه.
2- مه‌رجی پێویستی پێشره‌وی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه و هاتنه دی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك، دابرانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشه له ستراتیژ، ئاسۆ، ئامانجه‌كان و سیاسه‌ته‌كانی حیزبه بورژوایییهكانی كوردستان و به هێز كردنی ستراتیژی سوسیالیستی له به‌رانبه‌ر ستراتیژی ناسیونالیستی به پانتایی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌نجام دانی ئه‌م ئه‌ركه گه‌وره‌یه له گره‌وی رۆشنایی تێگه‌یشتنێكی روون له ئامانج و به‌رنامه بۆ ئاڵوگۆری راسته‌قینه له بواره جۆراوجۆره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی كوردستاندایه.
3- دابین بوونی ئێراده‌ی ئازادانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به سه‌ر چاره‌نووسی خۆیاندا به‌رهه‌می درێژه‌ی خه‌باتێكی جه‌ماوه‌ری هه‌مه لایه‌نه‌ی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و نیزامی له دژی كۆماری ئێسلامییه، ئه‌م خه‌باته له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكی به‌ره و پێشیی خۆی خه‌ڵك به مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی داهاتووی خۆیان ته‌یار ده‌كات و سه‌ره‌نجام به ته‌وژمی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ سه‌ر ته‌واوییه‌تی رژیمی كۆماری ئیسلامی له كوردستان پێویستییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی مسۆگه‌ر ده‌كات.
4- به دارمان و له به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی هێز و ناوه‌نده‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و پاشه‌كشێی ئه وان، كار ته‌واو نابێ. سه‌ركه‌وتن له‌م قۆناغه‌دا به پێك هێنای ئورگانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی جه‌ماوه‌ری له شار و دێ و رێكخستنی پێكهاته‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتی شوڕایی له كوردستان گه‌شه ده‌كات.
5- ته‌زمینی به‌رده‌وامیی سه‌ركه‌وتن، له گره‌وی تێك شكاندنی یه‌كجاره‌كی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی و پێشره‌وی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاریی له ئاستی سه‌رتاسه‌ری دایه. ساناترین و هه‌موارترین رێگای پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆرشگێرانه‌ی سه‌ركه‌وتوو له كوردستان لێك ههڵپێكرانیهتی له‌گه‌ڵ شورشێكی سه‌رتاسه‌ریی له ئێران‌دا.
به‌شی یه‌كه‌م:
پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات له كوردستان
ئهلف: ده‌سه‌ڵاتی شوڕایی وه‌ك نیزامێكی بانتری كۆمه‌ڵایه‌تی
ئه‌زموونی سه‌رتاسه‌ری جیهان به باشی نیشانی داوه كه دێموكراسی پارلمانی، جه‌ماوه‌ری بێ به‌شی كۆمه‌ڵگا له دام وده‌زگای به‌رێوه به‌رایه‌تی كار‌و بار و مودیرییه‌تی راسته‌وخۆی كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات به سه‌ر چاره نووسی خۆیاندا دوور ده‌خاته‌وه و ئه‌م ئه‌ركه به نوێنه‌رانێك له پارلمان ده‌سپێردرێ كه ده‌نگده‌ران هیچ كۆنترۆڵێكیان به سه‌ر كار و كرده‌وه‌كانی ئه‌واندا نییه. له‌م سیستمه دا نوێنه‌رانی پارڵمانیش به كرده‌وه كۆنترۆڵیان به سه‌ر چۆنیه‌تی به‌رێوه چوونی ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ی كه ده‌نووسرێن، نییه. ده‌سه‌ڵاتی واقعی له نیزامی پارلمانیدا به ده‌ست ئورگانه به‌رێوه‌به‌ره‌كانی، وه‌زاره‌تخانه‌كان، ئه‌رته‌ش، پۆلیس و رێكخراوه ئهمنیهتیهكانهوهیه. له نیزامی پارلمانیدا هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك نوێنه‌رانی پارلمان ده‌گۆڕدرێن، ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌گۆڕدرێن، به‌ڵام پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ئه‌ركانی ده‌سه‌ڵات واته بوروكراسی ده‌وڵه‌تی، ئه‌رته‌ش، پۆلیس و ناونده‌كانی ئاسایش هه‌ر وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه.
له به‌رانبه‌ر نیزامی پارلمانیدا، سیستمی شوڕایی باشترین و گونجاوترین ئامرازی به‌شداری سه‌رجه‌می چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك وه‌ك یاسا دانه‌ر و به‌رێوه‌به‌ری یاسا بۆ ئێداره كردن و راپه‌ڕاندنی كاروباری كۆمه‌ڵگا.
له هه‌لومه‌رجێكدا كه پێشكه‌وتنه تێكنۆلوژییهكان زیاتر له هه‌ر سه‌رده‌مێكی تر پێوه‌ندییه‌كانی گه‌شه پێداوه و ئیمكانی ده‌ست پێڕاگه‌یشتن به زانیارییه‌كانی له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا بۆ هه‌موو كه‌س ره‌خساندوه، نیزامی شوڕایی، ئه‌ركی به‌شداری راسته‌وخۆی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بۆ ئێداره‌ی كاروباری كۆمه‌ڵگا زیاتر له پێشوو ئاسانتر ده‌كات. ئه‌م سیستمه ده‌توانێ پێش به دامه‌زرانی سیستمێكی بوروكراتیك بگرێ كه بۆ جارێكی تر له سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی راپه‌ڕیو قه‌رار بگرێ و ئه‌وان بكات به بینه‌رێكی بێ ده‌سه‌ڵاتی گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت.
خه‌ڵكانێك كه پێكهاته‌ی نیزامی شوڕایی پێك دێنن خۆیان هه‌م یاسا دانه‌ر و هه‌م به‌رێوه‌به‌ری یاسا ده‌بن. له‌م نیزامه حكومهتییهدا سه‌رجه‌م كاربه‌ده‌ستانی ئیداری و سیاسی و قه‌زایی له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن و هه‌ر كاتێك زۆربه‌ی خه‌ڵك ئیراده بكه‌ن، له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا ده‌توانن بیانگۆڕن. به‌رپرسان له به‌رزترین ئاستی حكومه‌تی شوراییدا وه‌ك خزمه‌تكاری خه‌ڵك كار ده‌كه‌ن و لانی زۆری مووچه‌ی ئه‌وان یه‌كسانه له‌گه‌ڵ مووچه‌ی كرێكارێكی پسپۆڕ.
ب: پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی شوڕایی
ده‌سه‌ڵاتی شوڕایی پێكهاته‌یه‌كی “هێره‌می”یه كه شوڕای گه‌ڕه‌كه‌كان، شوڕای شاره‌كان، شوڕای ئه‌یاله‌تی و كۆنگره‌ی سه‌رتاسه‌ری شوڕاكان له خۆده‌گرێ و وه‌ك به‌رزترین ئورگانی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی ده‌بێ. كۆنگره‌ی سه‌رتاسه‌ری شۆڕاكان هه‌م یاسا دانه‌ره و هه‌م به‌رزترین ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تییه بۆ كاروباری ئیجرایی كه رێكی ده‌خات و چاودێری به سه‌ر كاره‌كانیاندا ده‌كات.
له ده‌سه‌ڵاتی شوڕایی دا سیستمی قه‌زایی به ته‌واوی له سیستمی ئیجرایی جیا ده‌كرێته‌وه و سه‌ربه‌خۆ ده‌بێ. قازییه‌كان و سه‌رجه‌م كاربه‌ده‌ستانی قه‌زایی له رێگای خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن و هه‌ر كاتێك زۆربه‌ی ده‌نگده‌ران ئیراده بكه‌ن، ده‌توانن گۆڕانكاری تێدا پێك بێنن. سه‌رجه‌م دادگا تایبه‌تییه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه و تێكڕای موحاكمه كردنه‌كان به ئاشكرا و به به‌شدرای لێژنه‌ی “مونسیفه” به‌ڕێوه ده‌چێ.
ج: هێزی چه‌كدار
ئه‌رته‌ش، سپای پاسداران و سه‌رجه‌م ئۆرگانه ئیتلاعاتی و ئه‌منییه‌تی و نیزامیه‌كانی كۆماری ئیسلامی هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه و ناوه‌ندێكی چه‌كداری جه‌ماوه‌ری له ژێر ئه‌رك و فه‌رمانی كۆنگره‌ی سه‌رتاسه‌ری شوڕاكان داده‌مه‌زرێ.
هێزی چه‌كداری خۆجێی له ژێر فه‌رمانده‌یی كۆنگره‌ی سه‌رتاسه‌ری شۆڕاكان كاروباری پێوه‌ندیدار به به‌رگری له ده‌سكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له به‌رانبه‌ر هێرشی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و یان هه‌ر هێزێكی تری له ئه‌ستۆ ده‌بێ، ئه‌م هێزه مافی هیچ جۆره ده‌ست تێوه‌ردانێكی له كاروباری نێوخۆیی كوردستاندا نابێ.
ئاسایشی نێوخۆیی كوردستان له رێگای هێزێكه‌وه دابین ده‌بێ كه له لایه‌ن به‌رزترین ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی سه‌رتارسه‌ری شوڕاكان سازمان ده‌درێ و كۆنگره‌ش چاودێری به‌سه‌ر كار و كرده‌وه‌كانیدا ده‌كات.
به‌شی دووهه‌م:
مافی دیاریكردنی چاره‌نووس
1- بوونی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی له سه‌رده‌می رژیمی پاشایه‌تی و چ له سه‌رده‌می رژیمی كۆماری ئیسلامی، وێڕای دڕندانه‌ترین شێوازه‌كانی سه‌ركوتگه‌ری له دژی خه‌ڵكی كوردستان، به‌رده‌وام هۆكارێك بوون بۆ دواكه‌وتوویی ئابووری و فه‌رهه‌نگی ئه‌م ناوچه‌یه و خه‌ڵكی كوردستانی ئێران گه‌لێك جاران له دژی ئه‌و سته‌مكاریه و له پێناو وه‌ده‌ست هێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس خه‌باتیان كردوه. هه‌ر بۆیه له كوردستانی ئازاد كراودا مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان به مانای ئازادی جیا بوونه‌وه له ئێران و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ وه‌ك یاسا راده‌گه‌یه‌ندرێ و مه‌رجی پێویست بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتنی وشیارانه له‌م مافه دابین ده‌كرێ و گارانتی له پشت ده‌بێ.
2- ئه‌گه‌ر به دابین بوونی ره‌سمی، عه‌مه‌لی و واقیعی هه‌لومه‌رجێك كه له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه، خه‌ڵكی كوردستان بڕیار بده‌ن كه له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا ده‌مێننه‌وه، له وه‌ها بارودۆخێكدا ئه‌ركی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه كه بێجگه له قه‌بووڵی سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی گونجێندراو له‌م به‌رنامه‌یه‌دا هه‌ر وه‌ها به پێی سیاسه‌تێكی گه‌ڵاڵه بۆ دارێژراوی ئابووری، دواكهوتوویییهكانی سه‌رچاوه گرتوو ڵه هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وایه‌تی به ته‌رخان كردنی بودجه و ئیمكاناتی پێویست له سه‌رجه‌م بوراه‌كاندا قه‌ره‌بوو بكاته‌وه.
3- چوارچێوه‌ی پێكهاته‌ی ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی شوڕایی كوردستان به پێی ده‌نگی ئازادانه‌ی خه‌ڵكی ناوچه كورد نشینه‌كانی رۆژئاوای ئێران دیاری ده‌كرێ. سه‌رجه‌م خه‌ڵكی نیشته‌جێی ئه‌م ناوچه‌یه به‌جیا له نه‌ته‌وه، ره‌گه‌ز و مه‌زهه‌ب له ته‌واوی بواره‌كاندا، به‌شداری له نیزامی یاسا دانان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و قه‌زایی كوردستاندا ده‌كه‌ن و به‌بێ هیچ هه‌ڵاواردنێك له مافی وه‌ك یه‌ك له‌گه‌ڵ دانیشتوانی خه‌ڵكی كوردستان به‌شدارن.
4- حكومه‌تی كوردستان هه‌ر جۆره سات و سه‌ودایه‌كی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه خۆجێییه‌كان سه‌باره‌ت به دیاریكردنی پێكهاته‌ی سیاسی كوردستان به نایاسایی و به ناڕه‌وا ده‌زانێ.
دیاریكردنی چاره‌نووسی هه‌ر گه‌ڵاڵه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان و شێوازه‌كانی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له رێگای ده‌نگی گشتی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه ده‌بێ.
به‌شی سێهه‌م:
ماف و ئازدییه فه‌ردی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
1- مافی ده‌نگدانی گشتی، وه‌ك یه‌ك و راسته‌وخۆ و نهێنی بۆ ته‌واوی كه‌سانێ كه ته‌مه‌نیان له سه‌روی 16 ساڵ، بێ له‌به‌رچاو گرتنی ره‌گه‌ز، مه‌یلی مه‌زهه‌بی، قه‌ومی و بیروڕای سیاسی. مافی خۆ پاڵاوتن و هه‌ڵبژێران له سه‌روی ته‌مه‌ن 18 ساڵ له هه‌ر ناوه‌ند و ئورگانێكی نوێنه‌رایه‌تیدا.
2- ئازادی بێ ئه‌م لاوئه‌ولای سیاسی، ئازادی پێكهێنانی حیزب و هه‌ڵسوورانی سیاسی، ئازادی بیروڕا ده‌بڕین، ئازادی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی، ئازادی كۆڕ و كۆبوونه‌وه، خۆپێشاندان، مانگرتن، پێكهێنانی شوڕا، سه‌ندیكا و هه‌ر جۆره پێكهاته‌یه‌كی سینفی و سیاسی. بوار ره‌خساندن بۆ ده‌ست راگه‌یشتنی تێكڕایی به راگه‌یه‌نه‌ره گشتییه‌كان، رادیۆ و رایه‌ڵه تهلهویزیۆنیهكان و قه‌ده‌غه بوونی هه‌ر جۆره سانسۆڕێك.
3- جیایی مه‌زهه‌ب له ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره ئیمتیاز و هه‌ڵاواردنێك له كار و پیشه‌ی ده‌وڵه‌تی و مافه‌كانی تاك له سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌ب و پله‌وپایه‌ی مه‌زهه‌بی، بوونی باوه‌ڕ به مه‌زهه‌ب و یان بێ باوه‌ڕ بوون به مه‌زهه‌ب، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی یارمه‌تییه ماڵی و غه‌یره ماڵییه‌كانی ده‌وڵه‌ت به كار و تێكۆشان و دامه‌زراوه مه‌زهه‌بییه‌كان، بابه‌ته ده‌رسییه‌كان و یاسا و رێسای مه‌زهه‌بی له قوتابخانه‌كان و دامه‌زراوه و ناوه‌نده ئاموزشییهكانی ده‌وڵه‌تی. هیچكام له مه‌زهه‌به‌كان وه‌ك مه‌زهه‌بی ره‌سمی له كوردستان به ره‌سمی ناناسرێ، مه‌زهه‌ب به ئه‌مری تایبه‌تی كه‌سه‌كان ده‌ژمێردرێ و سه‌رجه‌م كه‌سه‌كان له كوردستان له هه‌ڵبژاردنی هه‌ر مه‌زهه‌بێك و یا نه‌بوونی هیچ مه‌زهه‌بێك دا ئازادن.
4- یه‌كسانی ته‌واوی مافی یاسایی سه‌رجه‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له كوردستان به‌ده‌ر له نه‌ته‌وه، مه‌زهه‌ب و بیروباوه‌ڕی سیاسی ئه‌وان.
5- زمانی كوردی به ره‌سمی له قوتابخانه و زانستگه‌كانی كوردستان ده‌وترێته‌وه و له سه‌رجه‌م ئیداره ده‌وڵه‌تی و دامه‌زراوه فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و راگه‌یه‌نه‌ره گشتییه‌كاندا به‌كار ده‌بردرێ.
6- ئازادی هه‌ڵبژاردنی پیشه و شوێنی نیشته‌جێ بوون، پارێزراوی یاسایی هه‌ر كه‌سێك و شوێنی نیشته‌جێ بوونی، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ی كه له سه‌ر بنه‌مای ده‌ست تێوه‌ردانی پۆلیس له ژیانی مرۆڤه‌كاندا دارێژراون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی كه به‌ڕێوه‌به‌ری یاسایه‌كی ئه‌وتۆن.
ئازادی سه‌فه‌ر و نیشته‌جێ بوون له ته‌واوی ناوچه جۆراوجۆره‌كانی وڵات و ئازادی سه‌فه‌ر و هات و چۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ هه‌موو كه‌س.
7- له كوردستانی ئازاد كراودا په‌نابه‌رانی سیاسی به‌بێ مه‌رج وه‌رده‌گیرێن. هه‌ر كرێكارێكی كۆچبه‌ر و یان هه‌ر په‌نابه‌رێك مافی به‌رابه‌ر و یه‌كسانی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دانیشتوان ده‌بێ.
8- مافی چاودێری ته‌واوی خه‌ڵك به سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌ر جۆره دیپلۆماسیه‌تێكی نهێنی، ناسینی یه‌كسانی مافه‌كانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان، پشتیوانی له بزووتنه‌وه كرێكاریی، سوسیالیستی و ئازادیخوازه‌كان له سه‌رتاسه‌ری جیهان.
9- حكومه‌تی شوڕایی خه‌ڵكی كوردستان پشتیوانی له خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان له به‌شه‌كانی تردا له پێناو ئازادی و رزگاری له سته‌می میللی ده‌كات و به ئه‌ركی خۆی ده‌زانێ.
10- هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای ئێعدام وه‌ك یاسا راده‌گه‌یه‌ندرێ و لانی زۆری ماوه‌ی زیندانی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به به‌ندی هه‌میشه‌یی مه‌حكوم ده‌كرێن، دیاری ده‌كرێت.
به‌شی چواره‌م:
مافهكانیژنان
له كوردستانی ئازاد كراوی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕانه‌دا سه‌رجه‌م هه‌ڵاواردنه‌كانی دژ به ژنان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و له پێناو دابین بوونی یه‌كسانی ته‌واو له نێوان ژن و پیاو، مافه‌كانی ژنان له سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌ماڵه‌دا ده‌كرێن به یاسا.
مافه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان
– ژنان و پیاوان ده‌بێ به یه‌كسانی و وه‌ك یه‌ك مافی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژێرانیان له ته‌واوی ئۆرگانه‌كانی یاسادانان، قه‌زایی و ئیجراییدا له ئاستی سه‌رتاسه‌ری و خۆجێیدا پێ بدرێ. ته‌واوی ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ی كه ئازادی ژنان بۆ چۆنیه‌تی له‌به‌ركردنی جل و به‌رگ به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه له چه‌شنی یاسای حیجابی زۆره‌ملی هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه.
– هه‌ر جۆره رێ و شوێنێكی پێوه‌ندیدار به جیا كردنه‌وه‌ی ژنان و پیاوان له كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كان، قوتابخانه و زانستگه‌كان، ناوه‌نده‌كان و ئامرازی هاتووچۆی گشتی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
– هه‌ر جۆره هه‌ڵاواردنێك به پێی ره‌گه‌ز له بوراری په‌روه‌رده و بارهێنان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. پۆله‌كانی وانه‌ی قوتابخانه‌كان له هه‌موو قۆناغه‌كانی خۆێندندا ده‌بێ تێكه‌ڵاوبن.
– ژنان مافی خۆیانه كه له سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی وه‌رزشی، هونه‌ری و زانستیدا به‌شداربن و ده‌بێ ته‌واوی ئیمكاناتیان له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا بۆ دابین بكرێ.
– ژنان ده‌بێ له ژێر گوشاری كاری ماڵ رزگاریان ببێ و ئاسانكاری بۆ به‌شداریی ئه‌وان له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بكرێ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دامه‌زراوه‌ی خزمه‌تگوزاری تایبه‌ت له چه‌شنی دایه‌نگه، شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی مناڵان، جل شۆر و… له گه‌ڕه‌كه‌كاندا دابندرێ و به خۆڕایی له خزمه‌تی گشتیدا بن.
مافه ئابوورییه‌كان
– یه‌كسانیی ته‌واوی نێوان ژن و پیاو له كار و پیشه، پێدانی حه‌قده‌ستی وه‌ك یه‌ك بۆ كاری وه‌ك یه‌ك به ژنان و پیاوان، بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كسان بۆ ژنان و پیاوان، پێدانی مافی دوو رۆژ پشووی مانگانه بۆ ئه‌و ژنانه‌ی كار ده‌كه‌ن، قه‌ده‌غه بوونی پێ ئه‌سپاردنی هه‌ر جۆره كارێكی قورس و مه‌ترسیدار به ژنانی دووگیان، قه‌ده‌غه بوونی ده‌ركردنی ژنانی دووگیان به هه‌ر بیانوویه‌ك، خۆپاراستن له دامه‌زراندنی ژنانی دووگیان و مناڵه‌به‌ر، به نایاسایی داده‌ندرێ و به تاوان ده‌ژمێردرێ. قه‌ده‌غه بوونی راگه‌یاندنی ره‌گه‌ز له بڵاو كراوه و بانگه‌وازه‌كانی دامه‌زراندن و خۆێندندا– (مه‌گه‌ر له هێندێك بواری تایبه‌ت و پێویستدا كه یاسا دیاری ده‌كات.)
– كه‌ڵك وه‌رگرتن له 6 مانگ پشوودان بۆ سه‌رده‌می دووگیانی و ساڵێك مه‌ره‌خه‌سی بۆ چاودێری كردنی كۆرپه‌ڵه به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سهرپهرهستهكانیان كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیرێ.
مافه‌كانی ژن له بنه‌ماڵه‌دا
ئازادی له هاوسه‌رگیریدا و هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر، قه‌ده‌غه‌بوونی هه‌رجۆره سات و سه‌ودایه‌ك له چه‌شنی شیربایی، ماره‌یی، جیاز و … له كاری هاوسه‌رگیریدا. به ره‌سمی ناسینی هاوسه‌رگیری له رێگای تۆماركردنی له ناوه‌نده‌كانی ده‌وڵه‌تیدا، قه‌ده‌غه بوونی سیغه و چه‌ند هاوسه‌ری.
یه‌كسانیی مافی ژن و پیاو له جیا بوونه‌وه و سه‌رپه‌رستی مناڵان، قه‌ده‌غه بوونی هاوسه‌رگیری بۆ ژنان و پیاوانی خوارتر له ته‌مه‌نی 18 ساڵ. ئه‌و كه‌س و ناوه‌نده مه‌زهه‌بییانه‌ی كه كه‌سانی خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵ ماره‌ی شه‌رعی ده‌كه‌ن، تاوانبار ده‌ژمێردرێن. قه‌ده‌غه بوونی په‌یوه‌ندیی جنسیی كه‌سانی سه‌رو ته‌مه‌ن 18 ساڵ له‌گه‌ڵ كچان و كوڕانی خوار ته‌مه‌ن 16 ساڵ.
– ژن و پیاو له به‌رانبه‌ر یه‌كتردا و هه‌ر وه‌ها له به‌رانبه‌ر مناڵ و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ژیانی هاوبه‌شدا ده‌بێ ماف و به‌رپرسیارێتی یه‌كسانیان هه‌بێ، شوێنی ژیان ده‌بێ به رێككه‌وتنی هاوبه‌شی هه‌ر دوو لایه‌ن هه‌ڵبژێردرێ. یاسایه‌ك كه ته‌نیا مافی پیاوان بۆ دیاریكردنی شوێنی نیشته‌جێ بوون به ره‌سمی ده‌ناسێ، ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه. مافی ژنان بۆ كار كردن و سه‌فه‌ر نابێ ببه‌سترێته‌وه به پیاو و له ده‌ستی پیاودا بێ.
– ته‌واوی ئه‌و یاسا شه‌رعی و عورفییانهی كه له ژێر ناوی به‌رگری له نامووس، سزای سه‌ر جینایه‌تكارانی دژ به ژن كه‌م ده‌كاته‌وه، ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێنه‌وه. بۆ تاوان و ئه‌و جینایه‌تانه‌ی كه له لایه‌ن باوك، برا، مێرد و یان هه‌ر كه‌سێكی تر دژ به ژنان له ژێر ناوی به‌رگری له نامووس و شتی له‌م چه‌شنه، سزای قورس دیاری ده‌كرێ. هه‌ر جۆره كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژییانه دژ به ژن له بنه‌ماڵه‌دا به تاوان ده‌ژمێردرێ و ده‌بێ یاسا لێی بكۆڵێته‌وه. هه‌ر جۆره هه‌ڵاواردن و نایه‌كسانییه‌كی نێوان ژن و پیاو له یاسای تایبه‌ت به میرات، دابه‌شكردنی دارایی و ماڵ و ئیمتیازاتی یاسای پیاوان و پشتاوپشتی باوكییه‌تی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی چاودێری و سه‌رپه‌رستی دا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. ژنان و پیاوان ده‌بێ وه‌ك یه‌ك مافی جیا بوونه‌وه و ته‌ڵاقیان هه‌بێ. له كاتێكدا دوو لایه‌ن چ ژن و چ پیاو مه‌یلیان به جیا بوونه‌وه هه‌بێ یاسا ده‌بێ جیایی ئه‌وان به ره‌سمی بناسێ. مافی دایكایه‌تی ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ و جیا له هاوسه‌رێتی به ره‌سمی بناسرێ. ئه‌و ژنانه‌ی كه به‌بێ شوو كردن مناڵیان ده‌بێ، ده‌بێ سه‌رجه‌م مافه فه‌ردی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دایكایه‌تییان بۆ دابین بكرێ. مناڵه‌كانیشیان ده‌بێ سه‌رجه‌م یاسا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بیانگرێته‌وه. په‌یوه‌ندیی تایبه‌تی ژن و پیاو جێگای رێزه و ده‌بێ له هه‌ر جۆره ده‌ست درێژی كردنێك پارێزراو بێت. ده‌ست تێوه‌ردان له ژیانی تایبه‌تی ژن و پیاو له لایه‌ن هه‌ر كه‌سێك و ناوه‌نده‌كانی ده‌وڵه‌تییه‌وه به ته‌واوی قه‌ده‌غه‌یه.
له بار بردن
كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری ته‌نیا دوو رێگای له به‌رده‌م ئه‌و ژنانه داناوه كه له سه‌ر ویستی خۆیان دووگیان نابن: له‌ناو بردنی كۆرپه‌ڵه و یان چوونه ژێر باری هه‌لومه‌رجی دژواری ده‌روونی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی له كاتێكدا ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێ كۆرپه‌ڵه که بپارێزن. هه‌ژاری و ده‌ست ته‌نگی بۆ دابین كردنی ئابووریی مناڵان، كۆمه‌ڵێك كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی واقیعی و عه‌مه‌لی كه به‌هۆی هه‌بوونی مناڵ و چاودێری و په‌روه‌رده كردنی، له‌سه‌ر رێگای به‌شداریی ژنان له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی دا دروست ده‌بێ و هه‌ره‌ها گیروگرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه به‌هۆی هه‌بوونی مناڵ بۆ ژنانی بێ هاوسه‌ر یا “سه‌ڵت” پێك دێت، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی ژنان خوازیاری كۆتایی هاتنی سك پڕیی خۆیان ببن. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره نا یاسایی بێ، ژنانی مناڵه‌به‌ر په‌نا بۆ له‌باربردنی كۆرپه به هۆی كه‌سانی ناشاره‌زا و له ژێر هه‌لومه‌رجی دوور له ته‌ندروستیی و به هه‌زینه‌یه‌كی زۆره‌وه ده‌به‌ن. به سه‌رنجدان به‌م راستییه ده‌بێ مافی له‌باربردنی كۆرپه‌ڵه له كاتێكدا مه‌ترسیی گیانی بۆ ژن به دواوه نه‌بێ و ته‌مه‌نی كۆرپه‌ڵه زیاتر له 16 حه‌وتوو نه‌بێ، بۆ هه‌موو ژنان به ره‌سمی بناسرێ و له‌باربردن ته‌نیا له ده‌ستی ژنهدایه و هیچ كه‌س و لایه‌نێك مافی ئه‌وه‌ی نییه.
– كاری له‌باربردنی كۆرپه‌ڵه ده‌بێ له نه‌خۆشخانه‌كان و كلینیكه‌كان و له ژێر چاودێری پزیشكی پسپۆڕ و به خۆڕایی بكرێ.
كه‌سانێك كه به‌بێ شاره‌زایی پێویست ئه‌م كاره ده‌كه‌ن به تاوانبار ده‌ژمێردرین و یاسا ده‌بێ پێ و شوێنی بگرێ.
فه‌حشا
فه‌حشا یه‌كێك له شێوازه‌كانی سته‌مه كه له كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا به سه‌ر ژناندا ده‌سه‌پێندرێ و خه‌بات له دژی فه‌حشا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی ئینسانیی ژن له كۆمه‌ڵگا، كارێكی بنه‌ڕه‌تی و حه‌یاتییه. هه‌ژاری و دابین نه‌بوونی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسته‌نگه یاسایی و عه‌مه‌لییه‌كان، كه له سه‌ر رێگای كاری ژنان و سه‌ربه‌خۆیی ماڵی ئه‌وان له ئارادایه، هه‌روه‌ها هه‌بوونی فه‌رهه‌نگ و نه‌ریت و ره‌وشتی پیاو مه‌زنانه، له هۆكاره‌كانی خۆڵقاندن، پاراستن و په‌ره‌گرتنی فه‌حشا له كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆدایه، ده‌مارگرژیی و بارهێنانه مه‌زهه‌بییه‌كان، هه‌روه‌ك ئه‌زموونی حكومه‌تی ئیسلامی له ئێران نیشانی داوه، به به‌هێز كردنی نیزامی پیاو مه‌زنی و سه‌قامگیر كردنی باری ژێرده‌سته‌یی ژن، خۆی ئه‌مه بۆته هۆی په‌ره‌گرتنی فه‌حشا له كۆمه‌ڵگادا.
– له ناو بردنی فه‌حشا له گره‌وی خه‌بات له دژی هه‌موو ئه‌و هۆكارانهدایه كه ئاماژه‌ی پێكرا. هه‌روه‌ها بۆ به‌گژدا چوونه‌وه‌ی فه‌حشا ئه‌م كاره به‌په‌لانه پێویستن:
– ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته كه قوربانییه‌كانی ده‌ستی فه‌حشا له بواری ئابوورییه‌وه دابین بكات و ئیمكاناتی په‌روه‌رده‌یی و هه‌لومه‌رجی په‌یدا كردنی كار و پیشه‌ی گونجاویان بۆ ته‌رخان بكات. ههڵخڕێنهران و په‌ره‌پێده‌رانی فه‌حشا ده‌بێ له لایه‌ن یاساوه لێیان بكۆڵدرێته‌وه و سزا بدرێن.
به‌شی پێنجه‌م:
مافی مناڵان
1- پشتیوانیی له ژیان و ئاسایشی مناڵان به‌جیا له بارودۆخی بنه‌ماڵه‌یی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه. ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته كه ستاندارێكی یه‌كگرتوو له ئاسایش و ئیمكاناتی گه‌شه‌ی ماددی و مه‌عنه‌وی مناڵان و تازه لاوان له به‌رزترین ئاستی گونجاو‌دا دابین بكات.
2- پێدانی یارمه‌تی پێویست و دابین كردنی خزمه‌تگوزاریی به‌خۆڕایی پزیشكی و ئاموزشی و فه‌رهه‌نگی به مه‌به‌ستی گارانتی و ستانداردی ژیانی مناڵان و تازه‌لاوان سه‌ربه‌خۆ له هه‌لومه‌رجی بنه‌ماڵه‌یی. دابین بوونی ئه‌ركی په‌روه‌رده‌ی زۆره‌ملی هه‌تا ته‌مه‌نی 16 ساڵ.
3- سه‌رجه‌م ئه‌و مناڵانه‌ی سه‌رپه‌رست و ئیمكاناتی بنه‌ماڵه‌یییان نییه، ده‌بێ له ژێر چاودیری و سه‌رپه‌رستی ده‌وڵه‌تدا بن و ژیان و په‌روه‌رده‌ی ئه‌وان له ناوه‌نده پێشكه‌وتوه‌كان و ته‌یار و مۆدێرن له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ته.
4- دروست كردنی دایه‌نگه به ئیمكاناتی گونجاو به مه‌به‌ستی بوار ره‌خساندن بۆ سه‌رجه‌م مناڵان له شوێنێكی زیندوو و داهێنه‌رانه‌ی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی، جیا له هه‌لومه‌رجی بنه‌ماڵه‌یی.
5- مناڵان، چ ئه‌وانه‌ی له ژیانی هاوسه‌رێتیدا ده‌بن یان له ده‌ره‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌رێتیدا، ده‌بێ به ته‌واوی مافی وه‌ك یه‌ك و یه‌كسانیان هه‌بێ.
6- قه‌ده‌غه بوونی كاری حیرفه‌یی بۆ مناڵان و تازه‌لاوانی خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵ.
7- قه‌ده‌غه بوونی هه‌ر جۆره ئازاردانێكی مناڵان له بنه‌ماڵه، قوتابخانه و دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده‌یی و له ئاستی كۆمه‌ڵگادا به گشتی.
8- به‌گژدا چوونه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ كه‌ڵكی خراپ وه‌رگرتنی جنسیی له مناڵان، كه‌ڵك وه‌رگرتنی جنسی له مناڵان به تاوانێكی قورس و جینایه‌ت ده‌ژمێردرێ.
به‌شی شه‌شه‌م:
ئاسایشی گشتی و بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
1- بیمه‌ی بێكاریی پێویست له سه‌ر بنه‌مای لانیكهمی حه‌قده‌ست بۆ هه‌ر كه‌سێكی سه‌روتر له ته‌مه‌نی 18 ساڵ.
2- دابین كردن و ته‌زمینی شوێنی نیشته‌جێ بوونی گونجاو بۆ سه‌رجه‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا.
3- بێهداشت و ده‌رمانی گشتی، به خۆڕایی و گونجاو و چاودێری پزیشكی و ده‌رمانیی سه‌رتاسه‌ری، بۆ سه‌رجه‌م كه‌سانی كۆمه‌ڵگا.
4- خوێندنی به خۆڕایی له سه‌رجه‌م بواره‌كان و بۆ هه‌موو كه‌س، ئیجباری بوونی په‌روه‌رده هه‌تا ته‌مه‌نی 16 ساڵی و به‌رنامه‌رێژی به‌په‌له بۆ له ناو بردنی نه‌خوێنده‌واری .
5- دابین كردنی خزمه‌تگوزاری تایبه‌ت به مه‌به‌ستی كه‌مبوونه‌وه‌ی كاری ناو ماڵ له چه‌شنی جلشۆرخانه ، دایه‌نگه و … له گه‌ڕه‌كه‌كاندا.
6- دابین بوونی ژیان، ئاسایش، گه‌شت و گوزار و په‌روه‌رده‌ی مناڵان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، به‌جیا و سه‌ربه‌خۆ له هه‌لومه‌رجی بنه‌ماڵه‌یی ئه‌وان.
7- دابین كردنی ژیان و ئاسایشی كه‌م ئه‌ندامان و ته‌رخان كردنی ئیمكاناتی پێویست بۆ به‌شداریدانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه.
8- دابین كردنی ژیان و ئاسایش بۆ به‌ساڵاچوان و ته‌رخان كردنی شوێنی گشتی و گونجاو بۆ پاراستنی ئه‌وان.
9- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره ماڵیاتێكی ناڕاسته‌وخۆ.
10- قه‌ده‌غه‌بوونی هاوسه‌رێتی كوڕان و كچانی كه‌متر له 18 ساڵ و ئازاد بوونی هه‌موو كه‌سی ژوورتر له 18 ساڵ ته‌مه‌ن له پێكهێنانی بنه‌ماڵه به بڕیاری خۆی.
به‌شه‌ی حه‌وته‌م:
خه‌بات له دژی گیرۆده بوون و قاچاخی مه‌وادی موخه‌دیر
1- قه‌ده‌غه بوونی كڕین و فرۆشتنی مه‌وادی موخه‌دیر و سزادانی به‌رهه‌م هێنه‌ران، قاچاخچی و فرۆشتنی نایاسایی مه‌وادی موخه‌دیر.
2- یارمه‌تی گه‌یاندن به ئه‌ركی خه‌بات له دژی گیرۆده بوون له رێگای له‌ناوبردنی بواره كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كانی رووتێكردنی خه‌ڵك له مه‌وادی موخه‌دیر و پشتیوانی له گیرۆده بووان له به‌رانبه‌ر فرۆشیاران و بانده‌كانی قاچاخچی و فرۆشتنی مه‌وادی موخه‌دیر.
3- یارمه‌تیدانی قوربانیان و بنه‌ماڵه‌كانیان له پێناو ته‌ركی ئیعتیاد.
به‌شه‌ی هه‌شته‌م:
پارێزگاری له ژینگه
1- پارێزگاری له سه‌رچاوه سروشتی و ژینهگهییهكان و پێش گرتن له بهفێڕودانیان ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته.
2- پیس كردنی سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و هه‌وای ناوچه‌كانی نیشته‌جێ بوون ده‌بێ به جورم بناسرێ و سه‌رپێچی كاران پێویسته سزا بدرێن.
به‌شی نۆیه‌م:
یاسای كار و مافه‌كانی كرێكاران
1- كه‌م كردنه‌وه‌ی كاری حه‌وتوانه به لانی زۆره‌وه 35 سه‌عات و دیاریكردنی لانیكه‌م دوو رۆژ پشوودان له هه‌ر حهوتوویهكدا، 30 رۆژ پشووی ساڵانه، سه‌ره‌ڕای ته‌عتیلاته ره‌سمییه‌كان به پێدانی حه‌قده‌ستی ته‌واو.
2- دیاریكردنی لانیكهمی حه‌قده‌ستی ره‌سمی به رێككه‌وتنی نوێنه‌رانی سه‌رتاسه‌ریی هه‌ڵبژێراوی كرێكاران له سه‌ر بنه‌مای هه‌زینه‌ی دابین بوونی پێداویستیی ژیان و زیاد كردنی ئاستی حه‌قده‌سته‌كان، پێ به پێی چوونه سه‌رێی نرخی پێداویستی و به له‌به‌رچاوگرتنی باشتر كردنی ئاستی ژیان.
3- دیاریكردنی حه‌قده‌ست و ماوه‌ی پشوودان له ماوه‌ی كاری رۆژانه به پێی دژواری، مه‌ترسی ته‌ندروستی و هه‌لومه‌رجه‌كانی تری جه‌سته‌یی كار به په‌سند كردنی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێراوی كرێكاران.
4- قه‌ده‌غه بوونی ده‌ركردنی كرێكاران له لایه‌ن خاوه‌نكار و ئه‌سپاردنی بڕیاری كۆتایی له هه‌موو بواره‌كانی ده‌ركردن به رای گشتی كرێكارانی ئه‌و به‌شه‌ی كه په‌یوه‌ندی پێیه‌وه هه‌یه. چاودێری نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێراوی كرێكاران به‌سه‌ر كاری دامه‌زراندندا.
5- قه‌ده‌غه بوونی هه‌ر جۆره ئیزافهكارییهك.
6- قه‌ده‌غه بوونی كاری شه‌وانه له سه‌رجه‌م به‌شه‌كاندا بێجگه له‌و به‌شانه‌ی كه به هۆی تكنیكی و یان ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه كاری شه‌وانه تێیدا ناكرێ رابگیرێ. پێدانی حه‌قده‌ست و موچه‌ی دوو قات بۆ كاری شه‌وانه، پێدانی حه‌قده‌ست بۆ كاری شیفتی.
7- پێدانی حه‌قده‌ست و موچه‌ی زۆرتر بۆ كار له رۆژانی پشوودا.
8- قه‌ده‌غه بوونی هه‌ر جۆره كارێكی موزدی (هه‌م له كاری به‌ش به‌ش و هه‌م له كاری قۆنتهراتیدا) و قه‌ده‌غه بوونی پێدانی حه‌قده‌ست به شێوه‌ی كالایی و غه‌یره نه‌غدی.
9- قه‌ده‌غه بوونی هه‌ر جۆره جه‌ریمه و كه‌م كردنه‌وه‌ی حه‌قده‌ست به بیانووی جۆراوجۆر، پێدانی حه‌قده‌ست و موچه بۆ ئه‌و كاتانه‌ی به هه‌ر هۆیه‌كه‌وه له‌سه‌ركار حازر نابن، كاتی نه‌خۆشی و كاریگه‌رییه‌كانی نه‌خۆشی، كاتی مانگرتن و هه‌ر جۆره راوهستانێك له به‌رهه‌م هێناندا به هۆی جۆراوجۆر و یان ئیراده‌ی خاوه‌نكار.
10- له‌به‌رچاو گرتنی ماوه‌ی خواردن، حه‌مامی دوای كۆتایی كار و ماوه‌ی پێكهێنانی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی و به‌شداریی كرێكاران له پۆله‌كانی خوێنده‌واری به‌شێكه له سه‌عات كاری كرێكاران و دابین كردنی خه‌رجی هاتوچۆ له لایه‌ن خاوه‌نكاره‌وه.
11- دابین كردنی ئاسایش و بێهداشتی شوێنی كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی شوێنی كار به لانیكهمی گونجاو، به‌ده‌ر له هه‌ر چه‌شنه تیبینییهكی به‌رژه‌وه‌ندی خوازانه، چاودێری و تاقیكاری پزیشكی رێك‌وپێك له به‌رانبه‌ر مه‌ترسی نه‌خۆشییه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له جۆری كار به خه‌رجی خاوهنكاران و ده‌وڵه‌ت.
12- بیمه‌ی ته‌واوی كرێكاران له به‌رانبه‌ر زیان و خه‌ساره‌تی سه‌رچاوه‌گرتوو له كار، له شوێنی كار بێ یان له ده‌ره‌وه‌ی كار، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه كرێكار پێویستی به سه‌لماندنی كه‌م كاریی خاوه‌نكار و یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌شی به‌رهه‌م هێنان هه‌بێ، به خه‌رجی خاوهنكاران و ده‌وڵه‌ت به تێگه‌یشتن و چاودێری نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێراوی كرێكاران. پێدانی خه‌ساره‌ت به‌و كرێكارانه‌ی كه به هۆی رووداو و ده‌ركه‌وته‌كانی كاره‌وه تووشی نه‌خۆشی و كه‌م ئه‌ندامی ده‌بن و یان توانایی كار كردن له ده‌ست ده‌ده‌ن. پێدانی حه‌قده‌ست و موچه‌ی ته‌واوی خانه نشینی به كرێكاران، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی موچه‌ی بیمه له لایه‌ن خودی كرێكارانه‌وه.
13- هێنانه خواری لانیكهمی ته‌مه‌نی خانه نشینی بۆ 55 ساڵ و یان پاش 25 ساڵ پێشینه‌ی كار، یه‌كخستنی حه‌قده‌ست و موچه‌ی خانه نشینی هاوكات له‌گه‌ڵ چوونه سه‌رێی ئاستی حه‌قده‌سته‌كان. له به‌رچاوگرتنی سه‌رجه‌می پێشینه‌ی كاری كرێكاران له كارخانه‌كان و یان سه‌رده‌مه جۆراوجۆره‌كان له دیاریكردنی ئاستی حه‌قده‌ست و موچه‌ی كرێكاران.
14- حه‌قده‌ستی وه‌ك یه‌ك بۆ ژنان و پیاوان بۆ كاری یه‌كسان. ئیمكان و بواری وه‌ك یه‌ك له كار و پیشه، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ره‌گه‌ز، نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب.
15- قه‌ده‌غه بوونی ئه‌سپاردنی كاری قورس به ژنانی دووگیان، 6 مانگ پشووی سه‌رده‌می دووگیانی و مناڵ بوون بۆ ژنانی كرێكار و له‌سه‌ركار به‌بێ كه‌مكردنه‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كانیان . دیاریكردنی دوو رۆژ پشووی مانگانه بۆ ژنان به پێدانی ماف و حه‌قده‌ستی ته‌واوه‌وه.
16- قه‌ده‌غه بوونی كاری حیرفه‌یی بۆ مناڵان و تازه‌لاوانی خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵ.
17- دابین كردنی پێویستییه ئاسایشی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی شوێنی كار و گه‌ڕه‌كه‌كانی سازمانی و نیشته‌جێ بوون له چه‌شنی ساڵۆنی كۆڕ و كۆبوونه‌وه، ساڵۆنی پشوودان، خواردنگه، زه‌وی و ساڵۆنی وه‌رزشی، شوێنی گه‌شت و گوزار، ده‌رمانخانه، كتێبخانه و پۆله‌كانی خوێنده‌واری بۆ گه‌وره ساڵان به هه‌زینه‌ی خاوه‌نكار و ده‌وڵه‌ت.
18- رێكخستن و دیاریكردنی رێوشوێنی نێوخۆیی كارگاكان و به‌شه‌كانی به‌رهه‌م هێنان و ئابووری به په‌سند و چاودێری نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی كرێكاران.
19- پێكهێنانی دادگاكانی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی “مونسیفه” پێكهاتوو له نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی كرێكاران بۆ بڕیاردان سه‌باره‌ت به ناكۆكیه‌كانی كرێكاران و خاوهنكاران. هه‌زینه‌ی پێكهێنانی دادگا ده‌بێ به ته‌واوی له ئه‌ستۆی خاوه‌نكار بێ.
20- پێكهێنانی لێژنه‌ی لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی كرێكارن به هه‌ڵبژاردنی كرێكاران. ئه‌م لێژنانه له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه بردنی ئه‌م خاڵانه‌ی ئاماژه‌ی پێكرا له سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی به‌رهه‌م هێناندا و به گشتی له شوێنی كاری كرێكاران لێكۆڵینه‌وه و حیسابڕه‌سی ده‌كه‌ن.
هه‌نگاوه ئابوورییه‌كان
حكومه‌تی شوڕایی خه‌ڵكی كوردستان له پێناو دابین بوونی ئامانج و داخوازییه ئابووری و ئاسایشییه‌كانی سه‌ره‌وه و بۆ په‌ره‌گرتنی كه‌وتنه‌گه‌ڕی ئیراده‌ی رێكخراو و هه‌رچی به‌رینتری كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان له ژیانی ئابووری و سیاسی خۆیان، راپه‌ڕاندنی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه ده‌خاته به‌رنامه‌ی كاری خۆیه‌وه:
به‌ده‌سته‌وه گرتنی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه پیشه‌یی و بازرگانییه‌كانی سه‌ر به رژیمی كۆماری ئیسلامی.
به ده‌سته‌وه گرتنی “مهوقوفات” و ماڵیاتی “ته‌ساعودی” له سه‌ر میرات و دارایی و له سه‌ر داهاته‌كانی وه‌ده‌ست هاتوو له خاوه‌ندارێتی ئامرازی به‌رهه‌م هێنان و ئاڵووێركردن.
چاودیری كردنی شورا دێموكراتیكه‌كانی خه‌ڵك به سه‌ر كاری دابه‌شكردنی كالاكان.
هه‌تا كاتێك كه گه‌ڵاڵه‌ی دیاریكراو بۆ په‌ره‌پێدانی ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌م هێنان و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی دواكهوتوویییه ئابوورییه‌كانی سه‌رچاوه گرتوو له هه‌ڵاواردنی میللی به هه‌زینه‌ی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دابین ده‌بێ و هه‌تا كاتێك سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی ئێران له خزمه‌تی ئاسایشی گشتی سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا و وه‌ڕێ خستنی پرۆژه‌ی یه‌كسان كردنی نه‌ته‌وه‌كانی دانیشتوی ئێران قه‌رار ده‌گرێ، ده‌سه‌ڵاتی شوڕایی خه‌ڵكی كوردستان داهاتی وه‌ده‌ست هاتوو له سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی كوردستان ده‌خاته خزمه‌ت به‌رنامه ئاسایشییه‌كانی خۆی.
كۆمهڵهلهپێناوكردنیئهمبهرنامهیهبهیاسایبنهڕهتییكوردستانوپهسندكردنیبهدهنگیزۆرایهتیلهبهرزترینناوهندیدهسهڵاتیخهڵك (ریفڕاندۆم، كۆنگره‌ی سه‌رتاسه‌ری شوراكان و …) هه‌وڵده‌دات. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا له هه‌ر خه‌بات و ئاخێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناوه‌نده سیاسییه‌كان كه به‌شێك له‌و ئامانجانه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه ده‌سته به‌ر بكات و بواری ده‌ست پێڕاگه‌یشتنی كرێكاران و خه‌ڵكی سته‌م لێكراو به ئاڵقه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له كۆمه‌ڵگادا بڕه‌خسێنێ، چالاكانه به‌شدرای ده‌كات.
***