کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كان

ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە کۆنگرەی ١٨

ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە کۆنگرەی ١٨

 

ئەلف: جیهانی سەرمایەداری و ئاستەنگەکانی بەردەمی

١- ڕەوتی داڕومانی سیستەمی سەرمایەداری: زۆر لەمێژە گەنگەشەی “کۆتایی مێژوو” و  هەروەها بابەتی هەمیشەیی بوونی سیستەمی سەرمایەداری کە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٠ و دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت ببووە وێردی سەرزمانەکان، بۆتە بڵقی سەر ئاو. ئەوەی کە ئێستا بەرچاو دەکەوێت، سیستەمێکی جیهانی قەیراناوییە کە بەهۆی ناکۆکی و  دژبەیەکی بنەماییەوە نەک تەنیا هەر خۆی، بەڵکوو  تەواوی جیهانی لەگەڵ مەترسی لەناوچوون بەرەوڕوو کردۆتەوە. سیستەمێکی کە بڕیار بوو “کۆتا قۆناغێ مێژوو” بێت، ئێستا ئاسۆی مانەوەی لە هەمیشە ڵێڵ و نادیارترە.

زلهێزەکانی سیستەمی سەرمایەداری لە گەرمەی داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت و کۆتایی ئەو شتەی کە پێی دەوترا جیهانی دوو جەمسەری، بە گومڕاهی و متمانەبەخۆیییەکی تایبەتەوە دەستپێکی “نەزمی نوێی جیهان”یان ڕاگەیاند. وەک ئەوەی کە ئیتر هیچ هێزێک توانایی ئەوەی نییە کە هەژمونی سیستەمی سەرمایەداری، ڕەوایەتی جیهان بینی لیبڕایستی و کارامە بوونی ئابووری بازاڕی ئازاد بەرێتە ژێر پرسیار و یان ببێتە بەدیل و جێگرەوەی. دوای تێپەڕ بوونی سی و چەند ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی بەناو “سەرکەوتن” و کۆمەڵێک کارەساتی وێرانکەر کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ژێر ناوی دوکترینی “نەزمی نوێی جیهانی” ئەزموون کرد، ئیتر گومانێک لەوەدا ناهێڵێتەوە کە ئەوەی ئێستا دەیبینین رەوتی داڕمان و ڕوو لەناوچوونی ئەم سیستەمەیە، نەک هەمیشەیی و هەتا هەتایی بوونی.

قەیرانە یەک لە دوای یەکە ئابوورییەکان بە تێپەڕ بوونی کات بوونەتە هۆی لێک ترازان و لێک هەڵپچڕانی کۆی ” دیسکۆرسی” دیموکڕاسی لیبڕالی و داڕمانی ئەو شتانەی کە وەک بەهای ئەو جۆرە دیموکڕاسییە پێناسە دەکرا. ئەو بەهایانەی کە دەبێتە هۆی قووڵ بوونەوەی کەلێنی چینایەتی، بەهێزکردنی فەرهەنگی دژە ژن، زیاد بوونی نەژادپەرەستی، دەرکەوتنی ڕەوتە ڕاستە فاشیستییەکان، هاتنە سەرکاری گروپە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان و هتد. جگە لەوانە، سیستەمی سەرمایەداری لە نوێترین دەستکەوتیدا دژوازییەکانی گەیاندۆتە لوتکە، بەجۆرێک کە سەرانی ئەم سیستەمە خۆیان باس لە نزیک بوونەوە لە قۆناغی لە ناوچوونی کۆی ژیان لەسەر گۆی زەوی دەکەن. جبەخانەی چەک و چۆڵی کۆ کوژی، کە لە ئاکامی جەمسەرگیرییە نوێیە جیهانییەکان پەرەیان سەندووە، ئەم پڕۆسەیەی خێراتر کردووە. لەگەڵ تەشەنە سەندنی ئێپیدمێ کۆوید-١٩ و گیان لەدەستدانی پێنج ملیۆن مرۆڤ بەهۆی ئەو نەخۆشییە ماڵ وێرانکەرەوە، قەیرانی “ئێپیدمیۆلۆژیک”  واتا ” گشتگیرناسی”یش بە لیستی قەیرانەکانی ئەم سیستمە زیاد بووە. قەیرانێک کە دەکرا زۆر زووتر و بە زیانێکی گەلێک کەمتر تێپەڕ ێندرایە، بەهۆی قازانج پەرەستی و گرینگی نەدان بە ژیانی مرۆڤەکان هێشتاش بەردەوامە. سەرەڕای داوای بەردەوامی ڕێکخراوی تندرووستی جیهانی بۆ گشتگیر کردنی فۆرمۆلی درووست کردنی واکسێن لە هەموو وڵاتەکاندا و بە تایبەت لە وڵاتە هەژارەکان، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دۆزەرەوەی واکسێنی کرۆنا خۆیان لە قۆڕەخکاری نەبوارد و ئێستا دەبینین کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی زۆربەی خەڵک دۆزی سێهەمی واکسێنیان لەخۆیان داوە بەڵام دەرسەدێکی زۆر کەم لە خەڵکانی وڵاتانی هەژار بەرامبەر بە کۆرۆنا واکسێن کراون و ئەو نایەکسانییە لە دابەشکردنی واکسێن بۆتە هۆی سەرهەڵدانی جۆری جیاوازی وایرۆسی کۆڕۆنا و بێتوانای لە کۆنترۆل کردنی ئەو پەتایە لە گشت جیهاندا. ئەم قەیرانە تەنیا بە کارەساتی مردنی ملیۆنان کەس کۆتایی نایەت، بەڵکوو ئاکامە زیانبارەکانی دواتر لە شکڵی بێکاری بەرین، زیانە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکاندا دەردەکەوێت. ئاسەواری قەیرانی ئابووری کە نەخۆشی جیهانی کۆڕۆنا بووە هۆکاری تەشەنە سەندنی لە هەمووکات زیاتر لەسەر شانی چینی کرێکار و خەڵکی بەشمەینەتی کۆمەڵگا قورسایی دەکا و ئەو قەرزە میلیاردیانەی کە دوڵەتەکان بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان بەخشی بۆ ئەوەی بەر بە کەوتن و داڕمانیان بگرن، لە گیرفانی کرێکاران و لە ڕێگای باجی دەوڵەتی و ماڵیاتەوە دەدرێ. هەروەها دەکرێ ئاماژە بە لابردنی سیستەمی بیمەی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بکرێ کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا بەپێی بەرنامە نئۆلیبرالیستییەکان بە کردەوە دەرهاتوون و بوونە هۆکاری گەلێک کارەساتی مرۆیی گەورە.

٢– فرە چەشنی و ئاڵۆزبوونی شێوەکانی چەوساندنەوە و ڕەنگدانەوە سیاسییەکەی:

لەگەڵ نیشتنەوەی کەف و کوڵی سەرکەوتنی سەرمایەداری وەک باشترین سیستەمی کۆمەڵایەتی و کۆتا قۆناغی مێژوو، بزوتنەوە گەلێکی نوێ سەریان هەڵداوە کە بە چالاکییە ” پێکهاتە” شکێنییەکانی خۆیان مزگێنی دەستپێکی کۆتایی ئەم سیستەمە وەک کۆتا قۆناغی مێژوو  دەبەخشن. یەکێک لە بەرچاوترین ئاکامەکانی دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداری لە چەشنی پێشکەوتووەی ئێستای، فرە چەشنی شێوەکانی چەوساندنەوەیە کە هەر بەو پێیەش ئاستی خەبات و ناڕەزایەتییەکان لە دژیشی بەربڵاوتر بووە. ئەگەر بەپێی سوننەت سیستەمی سەرمایەداری بە جەوسێنەری کرێکاران و باقی حقوق بگیرانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، بە تایبەت لە پیشەسازیە پێشکەوتووەکان، دەناسرا کە بەگوێرەی نەزم و یاسا و ریسایەکی تایبەت، لە جۆری بەشە بەرهەمهێنەرە لێک جیا کراوەکان، خاوەنکارە ناسراوەکان، گرێبەستە دیاریکراوەکان و کات و شوێنی کاری دیاری کراو  خۆی نیشان دەدا، ئێستا بەشێکی بەرین لە هێزی کار لە پێکهاتە لێکنەچووە ناجێگیر و بێ دەوامە پیشەییەکاندا دەچەوسێنەوە. پێکهاتەیەکی کە هۆکارەکانی فرەچەشنی چەوساندنەوەیان بەربڵاوتر لە شێوە سوننەتییەکەی دابین کردووە و هەر بەو پێیەش جەماوەرێکی بەرینتری لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تووشی هەژاری و  کۆیلایەتی کردووە. ئەم هەلومەرجە چەند دەیەییە کە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی توێژێکی بەرین لە هێزی کار  لە هەموو بەشەکانی جیهان و لە ئاستی جیاوازی پیشەییدا، کە هەلومەرجی ئەوان تەنانەت گەلێک لە هەلومەرجی پیشەیی کرێکاران و حقوق بگیرانی سوننەتیش خراپترە. ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە، کە بە “بۆمبی کۆمەڵایەتی” ناودێر کراون و گەورەترین مەترسین بۆسەر سیستەمی ئێستا، لە نێوان خۆ سەرقاڵ کردن بە کارێک کە هی خۆیانە، کاری کورت ماوە و بێ گرێبەست و گرێبەستی کورت ماوەدا سەرگەردانن و  بەدوور لە بازاڕی کاری ڕەسمی و بەبێ هیچ ئاسۆ و هیوایەک و هەست کردن بە نامۆیییەکی قووڵ لەگەڵ شوێنی کار و ژیان خەریکن ژیان بەسەر دەبەن. تەواوی ئەو کەسانەی سەر بەم توێژە کۆمەڵایەتییەن لەمەڕ  بێ شوناسی ئازار دەچێژن و هەستکردن بە مەترسی لەبابەت داهاتوویان و هەروەها نەبوونی پێداویستی سەرەکی وەک بیمەی دەرمانی، پشوو، پەروەردە و مووچەی خانەنشینی، بەردەوام ڕەنج و ئازارەکەیان پەرە پێدەدات. لە هەلومەرجێکی ئاوا دایە کە ئەو کەسانە ناچار دەبن بچنە ژێرباری کاری کورت ماوە بەبێ ئەوەی لە هیچ ئیمکاناتێکی پاراستن و بیمە بەهرەمەند بن و مافی کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ خاوەنکاریان هەبێ و لەگەڵ تەواو بوونی کارێک بکەونە شوێن کارێکی تر.

بە پێی لێکۆڵینەوەیەک تەنیا لە ئامریکا نزیک بە ٥٥ میلیۆن کەس لە وەها هەلومەرجێکدا خەریکی پەیدا کردنی بژێوی ژیانن. هەروەها ئەم توێژە کۆەمەڵایەتییە بەهۆی دوور بوونیان لە بازاری کاری ڕەسمی و هەروەها بەهۆی نەبوونی پێوەندی بەردەوام لە نێوان ئەندامەکانیدا، زۆر پرش و بڵاون و خاوەنی هیچ ڕێکخراوە و شێوە خەباتێکی دیاری کراو نین و تەنانت هەلومەرجی خۆشیان بە درووستی دەرک ناکەن. لەچاو ئەو کرێکارانەی کە کاری سوننەتیان هەیە ، ئەندامانی ئەم بەشە لە چینی کرێکار، هیچ شتێکیان بۆ لەدەست دان نییە و ناڕەزایەتیەکانیان لە بنەڕەتدا نە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستایانە  و نە بۆ زیاد کردنی ئەو دەستکەوتانە و  نە بۆ بەخەمەوە بوونی ئەوەی کەلەدەستیان داوە، بەڵکوو زیاتر بۆ ئەو شتەیە کە هیچکات نەیانبووە، بەڵام بەمافی خۆیانی دەزانن کە هەیانبێت. لەم ڕووەوە هەڵچوون و ئاخێزەکانیان گەلێک ناهەماهەنگە و تێکەڵاوێکە لە هەستکردن بە نابەرابەری و داخوازی گەلێکی زۆر و لە هەمان کاتدا بێ هیوایی. ئەم هەلومەرجە بۆتەهۆی کردەوەگەڵێکی چاوەڕوان نەکراو، بێ بەرنامە، بێ ئامانج و زۆرجاریش کاردانەوە و پەرچە کردار. هەر بەم هۆیەوە ئەندامانی ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە بەرچاوترین هێزی پێکهێنەری ئەو ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیانەن کە بە داگیر کردنی شەقامی شارەکان و هێرش بۆ سەر دامەزراوە ماڵی و دەوڵەتییەکان لە ئاستێکی بەرینی جەمارەیدا نەک تەنیا شێوازی  ڕێکخستنی نئۆلیبرالیی ئابوورییان لە چەند دەیەی ڕابردوودا تووشی ئاڵەنگاری کردووە، بەڵکوو بە کردەوە بنەمای سیاسی و ئیدۆلۆژیکی سیستەمی سەرمایەداریشیان بردووەتە ژێر پرسیار. بزوتنەوەگەلێکی وەک ٩٩ لەسەدەکان، بزوتنەوەی هێلەک زەردەکان لە فەڕانسە، ناڕەزایەتییەکانی دژ بە نژادپەرەستی و  هەروەها ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە “بەهاری عەرەبی” نمونەگەلێکن لەو ئاخێزە کۆمەڵایەتیانەی کە بەشی هەرەزۆریان لە لایەن ئەم توێژە کۆمەڵایەتییەوە وەڕێ خراون. لە ئێران بوونی ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە کە زۆرتر بە “پەراوێز خراوەکان” پێناسە دەکرێن بۆ نموونە لە ئاخێزەکانی  بەفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ دا گەلێک بەرچاو بوو.

٣- جێگە و پێگەی خەباتی چینایەتی کرێکاران بە دژی سەرمایەداران:

چینی کرێکار لە ئاستێکی جیهانیدا بەشێكی بەرچاو لە ناڕازیانی کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکان پێک دەهێنن. خەباتی کرێکارانی ڕێکخراو لە یەکێتییە کرێکارییەکاندا، لە دژی سەرمایەداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە بە پانتایی گشت جیهان لە ئارادایە و لە هەمان کاتدا سۆزی بەرینی بیروڕای گشتی ئەو کۆمەڵگا نابەرابەرانەی وەک ئوروپا و ئامریکاشی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە. پەرەسەندنی خەباتی کرێکارانی مافخواز لەدژی نابەرابەری و کەلێنی قووڵی چینایەتی، حەقدەستە نزمەکان، شوێنی مەترسیداری کار، هەڵاواردن و زەخت و زۆر لە ناوەندەکانی کار، هێشتاکەش لەزومرەی ئاڵەنگارییە چارەنووس سازەکانی بەردەم جیهانی سەرمایەدارییە. بۆ نموونە لە هەناوی ئەم خەبات و هاودەردییەدا دیاردەیەی وەک “بێرنی سەندێرز” لە ئامریکا سەری هەڵدا. بێرنی سەندێرز لە ساڵی ٢٠١٦دا وەک سێناتۆرێکی سەربەخۆ و ئەندامی حیزبی دێموکرات هاوشانی هێلاری کلینتۆن خۆبەخشانە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئامریکا بەربژێر کرد. سەندێرز لە ئامریکایەکدا کە خاوەنانی سەرمایە، ڕاگەیاندنەکانی خەتی ڕەسمی و ناوەندەکانی پەروەردە و بارهێنان بە درێژایی چەندین دەیە بە بڵاو کردنەوەی درۆ و بەلاڕیدا بردنی ڕاستییەکان، “سۆسیالیزمیان وەک ئەندێشە و سیستەمێکی وێرانکەر و زیانبار وێنا کردبوو “، خۆی بە سۆسیالیست پێناسە کرد. هەموو  کۆنسێرواتیوەکان، راستڕەوەکان، ڕەگەزپەرەستەکان و فاشیستەکان، لەوانە دۆناڵد تڕامپ و ڕاگەیاندنەکانیان  وتیان و نووسیان کە سەندێرز بە خۆ پێناسەکردنی  وەک سۆسیالیستێک بەکردەوە بەستێنەکانی کۆتایی ژیانی سیاسی خۆی هەموار کرد. بەڵام ئەوان لەوپەڕی ناباوەڕیدا لەگەڵ ملیۆنان دەنگ بەو “سۆسیالیزمەی” سەندێرز بانگەشەی بۆ دەکرد بەرەوەڕوو بوونەوە.

بە پێی ڕاپرسییەکی کە لە ٢٨ وڵاتی گەورەدا کراوە، بە شێوەیەکی ڕێژەیی ٥٦٪ ی بەشداە بووانی ئەو ڕاپرسیە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە “سەرمایەداری کارایی نییە”. ڕۆژنامەی ئێکۆنۆمیست کە وەک زمانحاڵی سیاسی سەرمایەدارە زەبەلاحەکان دەناسرێ، لە ١١ی دیسامبری ٢٠٢١ دا نوسیویەتی کە “کرێکاران لە ساڵی ٢٠٢١ دا خەبات و ناڕەزایەتی و مانگرتنگەلێکی گەورەیان بەڕێوە بردووە”. ئەم ڕۆژنامەیە ئاماژە بە ٢٤١ مانگرتنی گەورەی کرێکاریی لە ئامریکا دەکات کە ٥٨ مانگرتنیان تەنیا لە مانگی نوامبردا ڕوویان داوە. ئەو مانگرتنانە لە لایەن ئەو کرێکار و مامۆستا و پەرستاراانەوە لەدژی شیرکەت و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی چالاک لە کەرتەکانی بەرهەم هێنانی خۆراک، پەروەردە و بارهێنان، بەرهەم هێنانی ماشێن، یارییە ئۆنلاینەکان، ڕێستورانتە زەنجیرەییە نێونەتەوەیەکان و هەروەها کۆمپانیاکانی دامەزراندنی کرێکاران لە کەرتی تەندرووستیدا بەڕێوە چوون کە لەناو یەکێتیەکاندا ڕیکخرابوون . مانگرتووان لە ئاکامی خەبات و ناڕيزایەتییەکانی خۆیاندا توانیویانە خاوەنان و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا و ناوەندە زەبەلاحەکانی کار ناچار بکەن کە حەقدەستەکانیان زیاد بکەن، پشووی نەخۆشی بە کرێکاران بدەن بەبێ ئەوەی حەقدەستەکانیان لێ ببڕدرێت و هەروەها  شوێنی کار و هەلومەرجی کاریان بۆ باشتر بکەن. لە ئاکامی ئەم خەبات و ناڕيزایەتییانەدا یاسا دانەرانیش ناچار بوون کە یاساگەلێک لە بەرژەوەندی کرێکاران دەر بکەن.

٤- ئاسۆی سۆسیالیزم:    

هیچکام لە مۆدێلەکانی سەرمایەداری ناتوانن وێنایەکی دڵنیاکەرەوە و باوەڕپێکراو لە باشتر بوونی هەلومەرجی ئێستا و ‌هێمای زاڵ بوون بەسەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە داوێنی مرۆڤایەتی گرتووە بخەنە بەرچاو و باس لە داهاتوویەک بکەن کە تیایدا چیتر ئەو کێشەو گرفتانە کە قورسایی ناخەنە سەرشانی بە ملیۆنان کەس. لەم ڕووەوە بۆ زۆریەک لە ناڕازیانی دژ بە هەلومەرجی ئێستا، ئیتر بابەتەکە پەیوەست نییە بە ئەم یان ئەو شکڵی سەرمایەدارییەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بنەڕەتی مەیل و ئەنگیزەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە کە جیهانێکی ئەولاتر لە سەرمایەداری لە ئاسۆی خۆیادا  بەدی دەکات.

ئەگەرچی سۆسیالیزم وەک بەدیلی سەرمایەداری هێشتا نەبووەتە گوتاری چینی کرێکار و ستەم لێکراوان، لەم ڕووەوە ناکرێ قسە لە خاڵی وەرچەرخانی تێپەڕین لە سەرمایەداری بکرێت، بەڵام رەوتی ڕوو لە گەشەی ئەم سیستەمە و سروشتی ناڕەزایەتییەکانی دژ بەم سیستەمە خۆی بەستێنی گەیشتن بەو خاڵی وەرچەرخانەیە. ئەزموونە مێژووی و دیالێکتیەکیەکانی گۆڕانی تاکوو ئێستای نیزامە کۆمەڵایەتییەکانیش هەر ئەوەمان پێدەڵێن کە پێوەندییە بەرهەمهێنەرە ناکۆک و دژ بە یەکەکان، لە ناخی یەکتردا دێنە بەرهەم. ئەم ئاڵوگۆڕە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە کە هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن. کرێکاران لەم پرۆسەیەدا دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە دەگرن و لە کۆتاییدا بە گۆڕینی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەم پەیوەندییە بەرهەمهێنەرانەی ئێستاوە بۆ نیزامێکی شیاوتری کۆمەڵایەتی، سۆسیالیزم وەدی دێنن.

  ب: هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرفەتەکان و بەربەستەکان

ڕوانگەی گشتی: بەشێوەیەکی گشتی دکرێ بوترێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە ئەمڕۆکە بۆتە چەق و ناوندی کێشمەکێشەکان و  بەریەک کەوتنی بەرژەوەندی زلهێزە جیهانی و خۆجێییەیەکان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و بەشدار بوون لە دابەشکارییە جیهانی و ناوچەییەکان. گوشارە سیاسییەکان، کێبڕکێ ئابورییەکان، شەڕە ناوخۆیی و نیابەتییەکان ئامرازێکن لە خزمەت ئەم بەرژەوەنیانەدا. دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ناوچەییەکانی وەک ئێران، تورکیە، میسر، عەرەبستان و ئیسڕائیل دەست تێوەردان لە کاروباری ناوچەکەدا وەک بە قووڵایی ئاسایش و ستڕاتێژی خۆیان دەزانن بەمەبەستی مانەوە و درێژەدان بە حاکمییەتەکەیان لەناو وڵاتەکانی خۆیاندا. زلهێزە کانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، لەوانە ڕوسیە، چین و ئامریکاش لەم ناوچەیەدا بە مەبەستی دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابووری و تەنانەت نیزامیشدا  لە ململانێدان . پێکهاتنی بەرە و رێککەوتنەکان لەم بوارانەدا گەلێک شکێنەر  و کەم دەوامن. لەپاڵ هەموو ئەمانە و لە ئاستێکی دیکەدا لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست لەگەڵ بابەتگەلێکی تری وەک تووندئاژۆیی ئیسلامی لەشکڵ و شیوازی داعش، تاڵیبان، ئەلقاعیدە، حیزبوڵا، حەشدی شەعبی و هتد… بەرەوڕوین کە سەرچاوەی ئەوپەڕی توند و تیژی و وەحشیگەرییەکن. هەڵسەنگاندنی هاوسەنگی هێز لەنێوان ئەو هێز و لایەنانەی لە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستیان هەیە، بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕۆڵی ئەو گرووپانە لەم کێشمەکێشانەی ناوچەکە مومکین نییە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەبێت ئاماژە بە دوو ڕاستی گرنگی دیکە بکرێت کە بەشێکی ترن لە کێشمەکێشەکانی ناوچەکە. بابەتی یەکەم فەلەستین و بابەتی دووهەم  مەسەلەی کوردە کە لە ناو هەردوو بابەتەکەدا حیزبی سیاسی چەکدار بوونیان هەیە کە بە نۆبەی خۆیان ڕەنگدانەوە و کاریگەرییان لەسەر هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە هەیە. هەموو ئەو هۆکارانە لەلایەک و سەرهەڵدانی سەرەتاکانی خەبات و تێکۆشانێکی پێشڕەو و چارەنووس سازی کۆمەڵایەتیش کە بە گشتی لە لاوان پێکهاتوون لایەکی تری ئەم راستییەن.. هێزی ناڕەزایەتی و خەباتی کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی ئێران، تورکیە، عێراق و لوبنان بە کردەوە هاتوونەتە ناو هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە. ئەم هێزە لەگەڵ هەموو خاڵە لاوازەکانی لەلایەنی ڕێکخراوەیی و ڕێبەرایەتیدا، خاڵی جێگەی هیوای گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئەو ناوچەیەیە و دەتوانێ پلانگێڕییە  هاوبەشەکانی حکومەتەکان و زلهێزەکان لەدژی کۆمەڵانی خەڵک پووچەڵ بکاتەوە.

 

١_ مەسەلەی کورد: یەکێک لەو کێشە چارەسەر نەکراوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەسەلەی کوردە. شەڕی یەکەمی جیهانی، ڕووخان و لەناوچوونی دەسەڵاتی عوسمانی، دابەشکردنەوەی جیهان لەنێوان دەوڵەتانی ئیمریالیستی هاوکات لەگەڵ دۆزینەوەی سەرچاوەی گەورەی نەوتی، ڕووخساری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە تەواوی گۆڕی. دەوڵەتانی داگیرگەری براوەی شەڕ، لە پەیمانی ناسراو بە سایکسپیکۆدا،  گەلێک گرفتی چارە هەڵنەگریان بۆ ئەم ناوچەیە لەپاش خۆیان بەجێهێشت. بابەتگەلێکی کە تا ئێشتاش چارەسەر نەکراون و وەک ئێسقانی نێو برین، کۆمەڵانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازار دەدات. بێبەش کردنی خەڵکی کورد لە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان یەکێک لە قوڵترینی ئەو کێشانەیە. کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە، ستراتێژ، سیاسەت و لایەنگیرییەکانی کۆمەڵەی لەم بوارەدا لە سەنەدێکی جیاوازدا پەسەند کردووە کە هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتە دەخرێتە بەردەستی خوێنەران.

٢_ مەسەلەی فەڵەستین: کێشەی فەڵەستین هەتا ئێستاش هەروەک ئێسقانی نێو برین بێ چارەسەر ماوەتەوە. کۆمەڵێک خەڵکیان بە زەبری زۆر و مڵهوڕی لە ئازادی پێکهێنانی دەوڵەتی خۆجێیی خۆیان بێبەش کردووە ، ملیۆنان کەس لەو خەڵکەیان لە زێد و خاکی خۆیان ئاوارە کردووە، پەرژینێکی گەورەیان بەدەوری ئەوانەی کە ماونەتەوە کێشاوە و هەرجۆرە بەرگریەکی عادڵانەی ئەوان بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت دەکەن. ئەم ستەمگەرییە ئاشکرایە لەبەر چاوی هەموو جیهان لە هەلومەرجێکدا بەڕێوە دەچێت کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیش بۆ دەربازبوون لێی بەدی ناکرێت. حکومەت و دەوڵەتی ئیسڕائیل، کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هیزێکی نیزامی پێشکەوتووی خاوەن چەک و چۆڵیکی زۆر لەناو دڵی ئەم ناوچە گرنگ و پڕ لە کیشەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هۆکاری ئەم ستەمکاریەیە. دەوڵەتی ئیسرائیل بە وەها تواناییەکەوە، بە حوکمی ئەو هەلومەرجە بەرچاوەی کە تێیدایە، هاوپەمانێکی بەهێز و گرنگە بۆ دەوڵەتی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی. تا ئەو کاتەی کە دەوڵەتێکی نەژادپەرەست و دینی تێیدا دەسەڵاتدار بێت ئەم وڵاتە بە ناچار لە بەرەی ئامریکادا دەمێنێتەوە. لەم ڕووەوە لە روانگەی دەوڵەتی ئامریکاوە، ئیسڕائیل وەک هێزێکی پاشکەوتکراوی بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتدارێتی لە ئامریکا، دەبێ خاوەنی دەوڵەتێکی یەکڕیز و بەهێز بێت. دەوڵەتی ئیسڕائیل بەپێی دەرکی واقعی ئەو جێگە و پێگەیە ئاشکرایەی خۆی، لەلایەکەوە پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی کردۆتەوە و لەلایەکی دیکەوە بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە خەریکی سەرکوت و داپڵۆسینی خەڵکی مافخوازی فەڵەستینە. دەوڵەتی ئیسڕائیل بەردەوام سیاسەتە سەرکوتگەرییەکانی خۆی بە دژی کۆمەڵانی خەڵکی فەڵەستین پەرە پێدەدات و بەردەوامە لە فراوان کردنی شارۆچکە یەهودی نشینەکان لە خاکی داگیرکراوی فەڵەستینیەکاندا و دیوارێکی بەرگری لە نێوان ناوچە فەڵەستین نشینەکان و ئیسڕائیل دا درووست کردووە. بەم جۆرە بەشێکی گەورە لە ناوچە فەڵستینیەکانی بە شێوەی زیندانێکی گەورە لێکردووە. کاردانەوەی ڕێکخراوە فەلەستینییەکان بەرامبەر پێشێلکاری مافەکانی خەڵکی فەڵەستین لە ناوچە داگیرکراوەکان، ئاکامێکی جگە لە زیانی گەورەی گیانی و ماڵوێرانی زیاتر بەدواوە نەبووە. خەڵکی فەڵەستین و ئیسڕائیل هیچ بەرژەوەندییەکیان لەم دوژمنایەت و توندوتیژیانەدا نییە. دەوڵەتی نەژادپەرەستی ئیسڕائیل ئەم ڕق و  نەفرەتەی خوڵقاندووە و بەردەوامیشە لە برەو پێدان و زیندوو راگرتنی. ئەمە دەوڵەتی ئیسڕائیلە کە هەلومەرجی بۆ سەرهەڵدان و گەشەی بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە ناوچە فەلەستینی نشینەکاندا لەبار کردووە و بۆتە ڕێخۆشکەر بۆ دەست تێوەردانی تێکدەرانەی رژیمی ئیسلامی ئێران لە دۆسیەی عادیڵانەی خەڵکی زۆرلێکراوی فەڵەستین. بۆ رزگار بوون لەم کوشتار و ماڵوێرانییە ڕێگایەک نییە جگە لەوەی کە خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستین و کۆمەڵانی خەڵکی شەریف و عەداڵەتخواز لە ئیسڕائیل یەکگرتووانە و دەست لەناو دەست لە دژی ئەم ڕژێمە کە مانەوەی خۆی لە پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی فەڵەستین و کوشتن و بڕینی ڕۆژانەی ئەواندا دەبینێ، دەست بدەنە خەبات و تێکۆشان. خەڵکی زۆرلێکراوی فەڵەستین تەنیا بە یەکگرتن و هاوپەیمانی لەگەڵ کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش، و هەروەها بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکان لەم وڵاتەدا، بەردەوامی خەباتی یەکگرتووانەی خۆی و بە کەڵک وەرگرتن لە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی شەریف لە سەرتاسەری جیهان دەتوانن ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لەم هەلومەرجە ئاڵۆزە، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی کە لە خاکی خۆیان وەدەرنراون و پیکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لەو ناوچەیەدا، بدۆزنەوە.

٣_ بونیادگەرایی ئیسلامی: ئەم بزوتنەوەیە لە ڕێکخراوگەلێکی وەک ئەخوانولمیسلمین تا داعش و ئەلقاعیدە و هیتر پێکهاتووە، سەرهەڵدان و مانەوە و فراوان بوونی ئەم بزوتنەوانە ڕیشەی لەو هەژاری و هەڵاواردن و ئەو نایەکسانیانەدایە کە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی هەیە. ئیسلامییە بناژۆ  خوازەکانکان لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیە تاڵە کۆمەڵایەتیانەی سەرەوە و هەروەها نەبوونی جێگرەوەیەکی پێشڕەو و پێشکەوتوو کە توانای ڕێکخشتنی هێزە سیاسی و چینایەتییە ناڕازییەکانی هەبێت، بوونەتە هێزێکی مەترسیدار بۆ داهاتووی ئەم ناوچەیە. ئەوان لەگەڵ ئەوەی کە ئامرازی شەڕ و ململانێ “نیابتی” ەکانن، دەشتوانن وەکوو ئامرازی دەستی ئەم یان ئەو زلهێزی جیهانیش دەور بنوێنن. بۆ نموونە داعش لەژێر پەڕ و باڵی ئامریکادا گەشەی کرد، تاڵیبان لە ئاکامی سازشی ئامریکا لە ئەفغانستان دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، حەشدی شەعبی بە چەکوچۆڵی ئامریکا چەکدار بوو، ئیسڕائیل ناڕاستەخو یارمەتیدەری پیکهاتنی حەماس بوو تا ببێتە هۆکاری دووبەرەکی و ببێتە هێزێک لەبەرامبەر ڕێکخراوی ئەلفەتحدا، لە ئێران بە کردەوە چاوپۆشی دەکرێت لە هەڵسوڕانی سەلەفییەکانی کوردستان، تا بەشێک لە لاوان بەم بزوتنەوەیەوە پەیوەست بن بۆ ئەوەی ببنە ڕەقیبێک لە بەرانبەر حیزبە سیاسیایەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا. پشتگیری وڵاتەکان لە پێکهاتنی بزوتنەوە کۆنەپەرەستەکان و یارمەتی دانیان بۆ مانەوە، هاوڕێ لەگەڵ هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە بەستێنی سەرەکی درووست بوون و بەهێز بوونی ئەم جۆرە ڕێکخراوانەیە و دەیانکاتە مەترسییەکی جیددی بۆسەر کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

٤_ تورکیە: سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەردۆغان و حیزبەکەی ڕوو لە هەرەس هێنانە و نیشانەکانی داڕمان و بەرەو پاشکەوتنی دەرکەوتوون. دەوڵەتی دەسەڵاتدار لە ناوەوە داڕزاوە و لە بەرانبەر ئەو قەیران و گرفتە ئابووری و سیاسییانەی کە یەک لە دوای یەک سەر هەڵدەدەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەردەکەوێت. لەو نێوانەدا قەیرانی ئابووری تورکیە تووندتر و قووڵتر بۆتەوە. نرخی دراوی تورکیە لە دە ساڵی ڕابردوودا لەبەرانبەر دراوە جێگیر و باوەڕپێکراوە دەرەکییەکان بە ڕادەی ٨٠ لەسەد دابەزیوە. دەست تێوەردان لە قەیرانی ئازەربایجان و ناردنی هێزی بەکرێگیراو بۆ لیبی و پشتیوانی لە ڕێکخراوە ئیسلامییە توونڕەوەکانی وەک داعش کە لەبری تورکیە لە سوریە شەڕیان دەکرد، هیچکام نەیانتوانی خزمەتێک بە وەدیهاتنی ئەو ئاواتە پاوانخواز و کۆنەپەرەستانەیەی ئەردۆغان بۆ “زیندوو کردنەوەی خەلافەتی عوسمانی” بکەن. شکستی گرووپە ئیسلامییەکانی نێو بازنەی پشتیوانی دەوڵەتی تورکیە لە سوریە، ڕسواییەکی جیهانی بۆ ئەردۆغان  بەدوای خۆیدا هێنا. ئاژاوەگێڕییە نیزامییەکانی لە کوردستانی عێراق و سوریە، لە نموونەی ئەو هەوڵانەیە بۆ سەرپۆش خستنە سەر ناکامییەکان و دوا خستنی ئەو دەرەنجامە حەتمیانەی کە لە دژی دەسەڵاتی ئەردۆغان و حیزبەکەی بەڕێوەن. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان ڕوسیە و ئامریکا، جگە لە زیانی ئابووری و سووکایەتی سیاسی هیچ ئەنجامێکی تری بەدوادا نەهات. بەکار هێنانی پەنابەرانیش وەک کارتی گوشار نەیتوانی گۆڕانێک لە سیاسەتەکانی وڵاتانی ئەوروپایی دا بۆ هێنانە ناوەوەی تورکیە بۆناو یەکیەتی ئەوروپا درووست بکات. دەستبەسەر کردنی شارەدار و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک لە کوردستان، دێموکراسییەکەی دەوڵەتی تورکیەی کردۆتە گاڵتەجاڕێکی ئاشکرا. کۆمەڵگای تورکیە، کۆمەڵگایەکی زیندووە و بێگومان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە بەرانبەر دەستدرێژی بۆسەر دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان، سەر دانانەوێنن. لە تورکیە ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتی بەهێز بوونی هەیە کە لە مەیدانی سیاسی و ئابووریدا لە بەرانبەر دیکتاتۆری دەسەڵاتدار خۆیان ڕێکخستووە. بزوتنەوەی کرێکاریی تورکیە یەکێک لەو بزوتنەوە بەهێزە کرێکاریانەی جیهانە. بزووتنەوەی ئازادیخوازی و سێکولار کە کاکڵ و بنەڕەتەکەی پێکهاتووە لە بزوتنەوەی خوێندکاران و کۆمەڵگای ڕۆشنبیری تورکیە و لایەنگرانی چەپ و کۆمۆنیستی تێیدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە و بزووتنەوەی خەڵکی کورد لە کوردستانی تورکیە، بنچینە و بناغەی خەباتی ئازادیخوازی و حەقخوازانەیە لەو وڵاتە. بزوتنەوەی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بەشە پێشکەوتنخوازەکانی تورکیەشی لەگەڵ خۆی خستووە و سەرەڕای ئەو زەبر و زیانانەی کە لەم ساڵانەدا تەحەمولی کردووە، هێشتاش یەکێکە لە مەترسییە سەرەکییەکان بۆ سەر ئەردۆغان و حیزبەکەی. ناڕەزایەتییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرفراوانتر دەبن و بزوتنەوە کۆمەڵایەتی، چینایەتی و سێکولارەکان ئاسۆیەکی ڕوونیان لەبەرانبەر داهاتووی ئەو کۆمەڵگایەەدا کردۆتەوە.

٥_ سوریە: سوریە زیاتر لە دە ساڵە کە لە ئاگری شەڕدا دەسووتێت. ڕێژەی ئاوارە بوون و وێرانییەکان کارەساتن و لە شەڕی جیهانی دووهەمەوە هاوشێوەکەی نەبیندراوە. شەڕە نیابەتییەکان سەرەڕای کەمبوونەوەی، لە چەند بەشێکی سوریە هێشتاش بەردەوامن. دەوڵەتەکانی ڕوسیە، ئامریکا، ئێران، تورکیە، ئیسڕائیل، عەڕەبستانی سعودی و دەوڵەتی بەشارئەسەد یاریزانانی ئەم مەیدانە ئاڵۆزەن. ئەگەرچی لەم نێوانەدا ئەوە دەوڵەتی ڕوسیەیە کە قسەی کۆتایی دەکات. بەڵام دەوڵەتی ئامریکاش شوێن پێی خۆی لەو ناوچەیە توند کردووە. کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی بە توندی لەژێر گوشاری نیزامی ئیسڕائیل دایە، بەڵام هێشتاش هێزەکانی بەتەواوی لەو وڵاتە نەهێناوەتە دەرەوە. دەوڵەتی تورکیە هەندێک لە بەشەکانی سوریەی بە ئامانجی داگیرکاری هەمیشەیی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. دەوڵەتی بەشارئەسەد ئەگەرچی لەم قۆناغەدا وەکوو دەوڵەتی ڕەسمی سوریە دەناسێندرێت، بەڵام لە ئەگەری نەمان و کۆتایی هاتن ە شەڕ و خوێنڕشتنەکان، دووبارە لەگەڵ سەرهەڵدان و شەپۆلی تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ئەمجارە بە دەرس وەرگرتن لە ناکامییەکانی ڕابردوو سەرلەنوێ سەرهەڵدەداتەوە. بزووتنەوەی پیشکەتنخوازی “ڕۆژئاوا” تەنیا ئەستێرەیەکە لە ئاسمانی تاریکی ئەو وڵاتەدا هێشتاش ڕووناکی بەخشە و دەدرەوشێتەوە. ئەم بزووتنەوەیە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونە بەنرخەکانی دەتوانێت بەشێکی چارەنووس ساز بێت لە ڕەوەندی دیاریکردنی هێزی سیاسی لە سوریە بێت. بزووتنەوەی ڕۆژئاوا ئەگەرچی لە لایەنی جوگرافی و ناوچەی ژێر دەسەڵاتییەوە سنووردار کراوە، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە نەتەنیا هێزێکی نیزامی، کە پشتی داعشی بە دانی ١٢ هەزار قوربانی شکاند، بەڵکوو لەهەمان کاتدا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی پیشکەوتوو و بەهێزە کە تێیدا نەوەیەک لە مرۆڤی پێگەیشتوو لە کورەی خەباتێکی کۆمەڵایەتیدا پەروەردە بووە. ئەوان بێشک توانایی ئەوەیان هەیە کە تەنانەت لەوەی کە هەتا ئێستا لە شێوەکانی بەڕێوەبەری و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەدەستیان هێناوە ئەولاتریش بڕۆن. لەو ئەزموونە خۆبەڕێوەبەرییەی کوردستانی سوریەدا، بە هیمەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، یاساگەلێکیان لە بواری یەکسانی ژنان و پیاوان و بەشداری ڕاستەوخۆیان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و یەکسانی یاسایی تاکی سەر بە ئایین و نەتەوە جیاوازەکان، دابین کردنی ئازادی بەیان و ئازادییە سیاسییەکان، پێک هێناوە کە هێشتاش دەتوانن بۆ بزوتنەوە ناڕەزایەتی و مافخوازانەکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا جێگای هیوا و هومێد بن. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەم دەستکەوتانە قووڵتر و بەرفراوانتر بکرێنەوە. نابێ ڕێگە بدرێت لەژێر کاریگەری ئەو گوشار و  هەڕەشانەی کە مەترسین بۆسەر ئەم بزوتنەوەیە، بەشداری و دەور و نەخشی ڕاستەوخۆی کۆمەڵانی خەڵک لە بەڕێوە بردنی کۆمەڵگا و دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیاندا کەمڕەنگ ببێتەوە. دەبێ بەشداری ڕاستەوخۆی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە بەرێوە بردنی کاروباری کۆمەڵگا جێگیر بکرێت و لەم ڕێگایەوە پێش بگیردرێت بە گەشەی ڕێکارە نا دیموکراتیک و گەندەڵییە ئیداری و ماڵییەکان. لە بواری ئابووریشەوە پێویستە ئاساییش و ئاسوودەیی و خۆش بژێوی کۆمەڵانی خەڵک ببێتە ئەولەوییەتی بەرنامە ئابوورییەکان. دیموکراتیک بوون و پێشکەوتنخواز بوونی بزوتنەوەی ڕۆژئاوا، بە درووست لە ئاستێکی نێونەتەوەیی و ئینتەرناسیۆنالیستی دا لەلایەن لایەنگران و بەشی پێشڕەو و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگای جیهانییەوە پشتیوانی لێکرا. ئەم بابەتی پشتگیری کردنە لە بزوتنەوەی ڕۆژئاوا، بە واتای دەستکەوتێکی بەنرخ و یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی، دەکرێت بەهێزتر بکرێت و پەرەی پێبدرێت.

٦_ عێراق: عێراقی ئێستا، وڵاتێکە کە بەپێی ئاماری خودی کاربەدەستانی ئەمریکا لەسەردەمی بەڕواڵەت پڕۆسەی ئازاد کردنی ئەم وڵاتە لەساڵی 2003وە، بە ترلیۆن دۆلار بودجەیان تێدا خەرج کردووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست ساڵ ئێستاش خاوەنی ژێرخانێکی وێرانە، وڵاتێک کە حکومەتەکەی لە ڕیزی یەکێک لە دەوڵەتە هەرە گەندەڵەکانی جیهاندایە. وڵاتێک ئەگەرچی لەڕێگای فرۆشتنی نەوتەکەیەوە پارەیەکی زۆری دەست دەکەوێت، بەڵام توانایی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانی وەک ئاو و کارەبا و هتد… بۆ دانیشەتووانەکەی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا عێراق وڵاتێکە کە بۆتە میدانی دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و گرووپە میلیشیا شیعە بە کردەوە، چارەنووسی ئەم وڵاتە دیاری دەکەن. ئەو هەڵبژاردنەی ڕابردوو کە لەلایەن 70٪ی خەڵکەکەی بایکۆت کرا، ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی خەڵکی عێراق و خەڵکی ناوچەکە دەکاتەوە کە مەگەر دێموکراسی خۆرئاوایی بانگەشەی داهاتوویەکی باشتری لە ڕێگەی سەندووقەکانی دەنگدانەوە، نەدەکرد؟ ئەی کوا بانگەشەی باشتر کردنی بارودۆخی ئاڵۆزی ئەم وڵاتە، هەڵبژاردن لەبری ئەوەیکە پێشبڕکێی نێوان لایەنەکان کەمتر بکاتەوە و سندووقی هەڵبژاردن بکاتە پێوەر، بەپێچەوانەوە ئاڵۆزییەکانی قووڵتر کردەوە. بەو پێیەی هەر کام لەم گرووپانە، بە میلیشیای فەرمی و نافەرمییەوە، پاڵپشتی دارایی و نیزامی و لۆجستی خۆیان لەپشتە، هەر بۆیە مەترسی دەستپێکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزی ناوخۆیی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە ئارا دایە. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی سەر شەقام لە ساڵی ٢٠١٩دا سەدان کوژراو و بریندار و زیندانی لێکەوتەوە. گرووپە سیاسییە جیاوازەکانی ناو پڕۆسەی هەڵبژاردن تەنیا بە ساختەکاری و فرت و فێڵ توانییان لانیکەمی دەنگی خەڵک بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەم بایکۆتە ئاگایانە و بەربڵاوە، هاوکات دەرخەری لاواز بوونی بەرچاوی پێگەی جەماوەریی گرووپە سیاسییەکانی ناو بازنەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە و هەروەها بەربڵاوتر بوونی ئاستی ناڕاەزایەتییە جەماوەرییەکان لە مانگەکانی داهاتوو لە عێراق دا لە دژی هەژاری و باری خراپی ئەمنی نیشان دەدات. زۆرینەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەشدار بوون یان نەبوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ درووست ناکات. لەم نێوەندە دا دەوڵەتی ئامریکا هەوڵ دەدات تا بە ڕازیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوکاری لە عێراق، هاوسەنگییەک لە نێوان گرووپە جیاوازەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی داهاتووی عێراق، شكڵ پێبدات، دەسەڵاتێکی کە بێگومان بناغەیەکی لاوازی دەبێت. سەرەڕای ئەوانەش ژومارەی ناوەندەکانی دەسەڵات کە زۆرینەیان چەکدارن و هەروەها پڕۆسەی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا کە هەرئێستا دەستی پێکردووە و پەرەسەندنی جمووجۆڵەکانی گرووپی ئیسلامی داعش لە ناوچە سوونییەکان، داهاتوویەکی ڵێڵ و نادیار دەخاتە بەردەم ئەم وڵاتە. خەڵکی عێراق لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕازیین و ئەم ناڕەزایەتییەیان چەندین جار بە ئاگر تێبەردانی ناوەندەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران لەخۆیان نیشانداوە. ئاشکرایە کە جێگە و پێگەی کۆماری ئیسلامی لە عێراق لاواز بووە و یەکێک لە لایەنە سەرەکییە دۆڕاوەکانی دوایین خولی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بوون. بەڵام بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێڕ و جەماوەری وەگیان هاتوو لە دژی هەڵاواردن و گەندەڵی، کە خاڵێکی هیوابەخش و جێگەی ئومێد بوو بۆ درووست کردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەم وڵاتەو  ئێستاش هەروایە، نەیتوانیوە لە باری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە خۆی یەکگرتوو بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە تەنیا خاڵی جێگەی ئۆمێدە بۆ باشترکردنی باروودۆخی ئەم وڵاتە. سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق ناوەند و چەقی دەسەڵاتی شێواندوو، هەر بۆیە خەڵکی ناڕازی عێراق نازانن دبێ کام ناوەندی هێز بە بەرپرس و وڵامدەرەوە بزانن و ناڕەزایتی خۆیان لە دژی کام ناوەندی دەسەڵات دەرببڕن؛ بە یاسای بنەڕەتی عێراق، بە کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان، بە کازەمی، بە نووری مالکی، بە سیستانی، بە ڕەوتی سەدر، بە حەشدی شەعبی و… کام ستراتیژییە کە دەتوانێت سەرچاوەی گۆڕانکاری لەم وڵاتە دا بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بازنەی دەسەڵاتی بە تایبەتی لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک بۆتەوە و بەشێکی بەرین لە ناوچە کوردستانییەکان لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتیدایە، لەچەندین لاوە لەأێر گوشاردایە. لەلایەکەوە دەوڵەتی تورکیا بەشێکی ناوچەکانی باشووری ئەم وڵاتەی داگیرکردووە و دەیهەوێ سنووری ئەم داگیرکارییەی زیاتر بکات و هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستۆتە ژێر گوشاری باری قەرزی بانکەکانی تورکیاوە. هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی پێشبڕکێ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا پێشڕەوی کردووە و بوونی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردۆتە بیانوویەک بۆ دەستێوەردانەکانی. دەوڵەتی ناوەندی عێراق ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستانی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و بە مەبەستی داگیرکردنی چاڵە نەوتەکان پەنای بردۆتە بەر چالاکی گوماناوی و گوشار درووست کردن لەڕێگای گرووپەکانی حەشدی شەعبییەوە. دەوڵەتی ناوەندی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕالیزمدا دەخاتە ژێر پێی و لە هەمووی گرنگتر ڕێکەوتنێکی بەردەوام بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بوونی نییە. هەنگاوی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا و هێشتنەوەی تەنیا بەشی ڕاوێژکاری لە عێراق و هەروەها هەرێمی کوردستان، نیگەرانی و مەترسییەکانی لەم ناوچەیەدا لە پێوەند بە بوون و سەرهەڵدانەوەی داعش و هەروەها ناسەقامگیری سیاسی و نیزامی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا درووست کردووە.

لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەبردنی خراپ، گەندەڵی ماڵی، ململانێی حیزبەکانی ناو حکومەت لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، دابەشنەکردنی مووچەی مانگانەی کارمەندانی حکومی لە پەنا گرانیدا و دەروەها پەرەسەندی هەژاری، بێ هیوایی و بێ ئاسۆیی گەنجان، بۆتە هۆی درووست کردنی ناڕەزایەتییەکی گشتی لەناو خەڵکی ئەو ناوچەیەدا. ئەم ناڕەزایەتییانە هەر جارە و بە شێوەی ئاخێزی جەماوەریی خۆی نیشان دەدات. زۆرینەی خەڵک چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە عێراق بایکۆتی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان کردووە. بە تێپەربوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردن، بە هۆی ناکۆکی نێوان لایەنە جیاوازەکان و دەستێوەردانی دەرەکی، هەتا ئێستاش حکومەتی دوای ئەم هەڵبژاردنە، پێکنەهاتووە. ئاڵۆزییەکانی باروودۆخی عێراق، پێشبینییەکانی قۆناغەکانی داهاتووی ئەم وڵاتەی ئەستەم کردۆتەوە.

ئێمە لە هەمان کاتدا کە لە خەباتی خەڵکی ئازار چێشتووی عێراق و بەتایبەتی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ باشتر کردنی ژیانیان، پشتیوانی دەکەین، هاوکات هەوڵەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ناڕەوای بەسەر هەر بەشێکی هەرێمی کوردستانی عێراق و سیاسەتی گوشاری ئابووری و ڕەوانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئیدانە دەکەین. هەروەها بە پێی یەکێک لە سیاسەتە گشتییەکانمان، ئێمە بانگهێشتی خەڵکی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی کردن لە داخوازییە جەماوەرییەکانی خەڵکی حەقخوازی هەرێمی کوردستان دەکەین و ئێمەش وەک ڕێکخراوێکی دیاریکراو هەموو کات بەشێک لەم پشتیوانییە دەمێنینەوە.

٧_ ئەفغانستان: پاشەکشەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان کە لە دوای ساڵێک گفتوگۆی نێوان ئامریکا و تاڵەبان لە وڵاتی قەتەر، ڕوویدا، لەکۆتاییدا بووە هۆی بە دەسەڵات گەیشتنی گرووپی توندڕەو و دواکەوتووی تاڵەبان. دەوڵەتی ئەشرەف غەنی کە دەوڵەتێکی لاواز و گەندەڵ و بەکرێگیراوی سەر بە ئەمریکا بوو، لەگەڵ ئەوەیکە خاوەنی سووپایەکی دووسەد هەزار کەسیی تەیار بە چەکی پێشکەوتووی نیزامی بوو، بەبێ هیچ خۆڕاگرییەک، ڕادەستی تاڵەبان کرا. چوونە دەرەوی هێزەکانی ئامریکا دوای بیست ساڵ حزووری نیزامی لەم وڵاتەدا بەشێوەیەک بوو کە سووپای ئەمریکا تەنانەت نەیتوانی ئیمکانی پاشيکشەیەکی ئاسایی و بەرنامە بۆداڕێژراو بۆ هێزەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی، پێکبهێنێت و شێوازی پڕۆسەی دەرچوونی لەو وڵاتە بووە هۆی شەرمەزارییەکی گەورە بۆ دەوڵەتی ئامریکا. گەڕانەوەی تاڵەبان بۆ دەسەڵات بە مانای ئەوە دێت کە خەڵکی ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی ئەم گرووپە دا پێیان ناوەتە ناو قۆناغێکی دژوارەوە. ژنان یەکەمین قوربانیانی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبانن. هەڵاواردن و دژە ژن بوونی تاڵەبان بە شێوەیەکە کە ڕێگەی گرتووە لە چالاکی و کار کردنی ژنان لە ناوەندە دەوڵەتییەکان، هەروەها چوون بۆ شوێنە گشتیی و خوێندنگەکان و زانکۆکان. چالاکانی بواری ژنان دەستبەسەر و بێ سەروشوێن و تیرۆر دەکات. یاساکانی شەریعەتی ئیسلام یەک لە دوای بەکردەوە دەردێن. هەروەها لە بواری ئابوورییەوە، زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە لە هەژارییەکی کەم وێنەدا ژیان بەسەر دەبەن مەترسی مردن هەڕيشەیان لێدەکات. هەر بۆیە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار هۆشداری داوە لە ئەگەری سەرهەڵدانی کارەساتێکی مرۆیی لە ئەفغانستان دا. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا سەرەتاکانی خەبات و بەرگریی لە دژی دەسەڵاتی تاڵیبان لە حاڵی شکڵ گرتندایە و نیشان دەدات کە بە هیچ ڕاددەیەک لە بەربەرییەت و دڕەندەیی ناتوانرێت مەیلی گەیشتن بە ئازادی لە کۆمەڵگایەک زەوت بکردرێت.

ج- ئێران، جێگەوپێگەی ئێستا و ئاسۆی دواڕۆژ

١_  کۆمەڵگای ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکاری گەورەی کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیوە. کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە شێوەی ژیانی جێ مەبەستی خۆی بەسەر ئەم کۆمڵگایە دا بسەپێنێت. شێوازەکانی ژیانی خەڵک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. سەتەلایت، ئەنتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مۆسیقا، حزووری ژنان لە یاریگەکان و مەیدانە وەرزشییەکان و ….هتد، چووەتە ناو سەرجەم بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکەوە. مەزهەب بە تابیەتی تا ڕاددەیەکی بەرچاو لە نێوان گەنجاندا کاڵ بۆتەوە و مزگەوتەکان چۆڵ بوون. فەرهەنگ و هونەر لە بوارە جیاوازەکانی وەک مۆسیقا، ئەدەبیات و سینەما دا، چوارچێوەکانی  کۆنتڕۆڵ، سانسووڕ و ئایدۆلۆژیای ڕژێمیان تێکشکاندووە. هەروەها ژمارەی خوێندکارە دەرچووەکان بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و ژنان لەم بوارەدا پێشەنگن. هاوکات پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێرانیش ڕووبەڕووی گۆڕانکاری بۆتەوە. ژمارەی دانیشتوانی ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا دوو هێندە و نیو زیادی کردووە. شەپۆلی کۆچ کردن لە دێهاتەکانەوە بەرەو شارەکان، زیاتر لە بیست ملوێن دانیشتووی لە پەراوێزی شارەکان، کۆکردۆتەوە، کە زۆرینەیان خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشن. پەراوێزی شارەکان بەهۆی ئەم ڕێژە زۆرە لە دانیشتووانەوە، بۆتە ناوەندی پەرەسەندنی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان. لەبەرانبەر ئەم گۆڕانکارییە گەورە کۆمەڵایەتییانە دا، پێکهاتەی سیاسی، ئایدۆلۆژیا و یاساییەکانی ڕژیم، لەوانە یاسای بنەڕەتی، ویلایەتی فەقیە، شۆڕای نیگەهبان و مەلاکانی نوێژی هەینی کە ئەرکی بانگەشەکاری بۆ پەیامەکانی ڕژیم و بڵاوکردنەوەی ناوەرۆک و مەبەستی ئەوانیان لە ئەستۆیە و باندی گەندەڵ و سەرکوتگەری سوپای پاسداران بە پشتبەستن بە هێز و توانایییەکی نیزامی بەربڵاو و دەستپێڕاگەیشتن بە سەرجەم بوارە ئابوورییەکان، وەک پشتیوانی سەرەکی هەموو ئەو دامەرزراوانەی ئاماژەی پیکرا، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەدیتووە. ئەم دژبەیەکییە، حوکمڕانی کردنی ڕژێمی ئیسلامی  بەسەر وەها کۆمەڵگایەکدا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئەستەم و دژوارتر کردۆتەوە.

٢_ لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، بەردەوام شاهیدی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی گشتی و مانگرتنە کرێکارییەکان لەلایەن ئەو خەڵکانەوە بووین کە لە ئاکامەکانی شۆڕشی ئێران بێ هیوا ببوون. لە کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام خەبات و بەربەرەکانێ لە بەرامبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆر لە ئارادا بووە و خەڵکی ئەم ناوچەیە هیچکات ملیان بە دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەداوە. لە ئاستی سراسەریدا جگە لە ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییە پرش و بڵاوەکان لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، شاهیدی چەندین ئاخێزی گەورە و بەربڵاوی جەماوەریش بووین:

ئاخێزی دەیان هەزار کەسی لە ساڵی ١٣٧١ لە شاری مەشهەد لە ناڕەزایەتی بە ڕووخاندی ئەو ماڵانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕێگەپێدراو درووست کرابوون، ئاخێزی جەماوەریی دانیشتوانی شاری قەزوێن لە ساڵی ١٣٧٣ لە ناڕەزایەتی بە بەپارێزگا نەبوونی قەزوێن، ئاخێزی ساڵی ١٣٧٤ لە ئیسلامشاری تاران لە ناڕەزایەتی بە گرانبوونی ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری تاران و چەندین شاری تری ئێران لە ساڵی ١٣٧٨ دوابەدوای هێرش بۆسەر زانستگا و داخستی ڕۆژنامەی ڕەخنەگری ” سەلام”، چوار مانگرتنی سیاسی گشتی لە کوردستان هەر لەو ساڵانەدا، ناڕيزایەتی خەڵک لە دژی ساختەکاری و دەست تێوەردان لە هەڵبژاردنەکان لە ساڵی ١٣٨٨، ئاخێزی سەراسەری لە پترلە ١٠٠ شاری ئێران لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی ناسەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئاخێزی هاوکاتی خەڵکی پترلە ١٥٠ شاری ئێران لە ناڕيزایەتی بە گرانبوونی کتوپڕی نرخی بەنزین لە ساڵی ١٣٩٨، ناڕەزایەتی بەربڵاوی پارێزگاکانی خوزستان و ئیسفەهان و چوارمحاڵ لە ساڵی ١٤٠٠ لە ناڕيزایەتی بە بێ ئاویی و هەروەها مانگرتنە بەربڵاوە کرێکارییەکانی وەک، مانگرتنی سەراسەری شؤفیری بارهەڵرەکان، مانگرتنی درێژماوەی کرێکارانی “هەفت تەپە” مانگرتنی کرێکارانی فوولاد، مانگرتنی کرێکارانی پەیمانیی بەشی نەوت و پترۆشیمی، کرێکانی ڕێگای ئاسن، ناڕيزایەتی و مانگرتنە یەکگرتوو و سەراسەییەکانی مامۆستایان لە پترلە ١٠٠ شار بۆ پێنجەمین جار لە ماوەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە تا کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەز، چەند نموونەیەکی بەرجەستەن لە ناڕەزایەتییەکان لە ساڵ و مانگەکانی ئەم دواییانەدا.

٣_ لێکۆڵینەوە لەم ناڕەزایەتییانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کەت بەتایەبەت لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ بەملاوە چ لە باری پێکهاتەیی بەشدار بوووان و چ لە جۆری دروشمەکاندا ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی پێکهاتووە. بەشداربووان، کرێکاران و ژنان، دانیشتوانی پەراوێزی شارەکان و بەگشتی بێ بەشترین  چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بوون. دروشمە سیاسی و ئابوورییەکان ڕەنگدانەوەیەک بوون لە دژوارتر بوونی بارودۆخی مادی ژیان. ناڕازییان جەسوورانەتر و  هوشیارانەتر لەپێشوو دەرکەوتوون. جۆری ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ڕژیم تا ساڵی ١٣٨٨، لەبنەڕەتدا ناڕەزایەتی لە چوارچیوەی رژیمدا بوون وە ڕژیم بە شیوازگەلێکی فریوکارانە بەشێک لە خەڵکی ڕادەکێشا بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان. لەساڵی ١٣٨٨ بەملاوە و بەتایبەت پاش ساختەکاریی گەورە لە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دا، موشرووعییەتی ڕژیم هەرچی زیاتر بۆ زۆربەی هەرەزۆری خەڵک کەوتەژێر پرسیارەوە. لە ساڵی ١٣٩٦ بەملاە دەسەڵاتی سیاسی بەتەواوی بۆ خەڵک بوو بە بێگانە و مەشرووعییەتی کۆمەڵایەتی خۆی لە ئاستێکی بەرینی جەماوەریدا لەدەستدا. کەلێنی نێوان جەماوەر و دەوڵەت بەردەوام قووڵتر بۆتەوە. داسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کەوتۆتەژێر پرسیارەوە. شانۆگەری هەڵبژاردنەکان و  فریکاریی و سەرکوت چیتر تواناییان نەماوە.

– ٤_ هەنووکە کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕووەوە لەژێر گوشارگەلێکی بێ وێنەدایە: بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییە گشتی و خۆپیشاندانە کرێکارییەکان، داڕمانی ئابووری، لاوازبوون یاخود لەناوچوونی ژێرخانەکان، لەناوبردنی ژینگە، داخرانی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، بەرتەسکبوونەوەی بازنەی دەسەڵات و دوورخستنەوەی بەشێکی بەرچاویی بەرپرسانی ڕژیم لەم بازنەیە، قووڵ بوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئامریکا و دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا، بەرتەسکبوونەوەی توانای مانۆڕدانی ڕژیم لە درزی نێوان دەوڵەتە زلهێزەکاندا، لاوازبوونی ئاستی کاریگەریی و هێزی ڕژیم لە ناوچەکە و ئەو وڵاتانەی کە بە “هیلالی شیعی” ناو دەبرێن. سەرجەمی ئەم هۆکارانەی سەرەوە دەستیان داوەتە دەستی یەک و کۆماری ئیسلامیان خستووەتە ناو دژوارترین قۆناغ لە تەمەنی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا.

٥-ڤایرۆسی کۆرۆنا زیان‌گەلێکی کارەساتباری لە ئێران خولقاندووە. شاردنەوە و دانی زانیاری و ڕێژە درۆیینەکانی ڕژیمیش نەیانتوانیوە ڕەهەندە بەرفراوانەکانی ئەم ئێپیدیمییە و ئەو زیانە گیانییانەی ڕوو لە هەڵکشانە بشارێتەوە. کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا پلان و سیاسەتێکی دیاریکراوی لە هەمبەر ئەم نەخۆشییە نەگرتووەتە بەر، بەڵکوو خۆی یەکێک لە فاکتەر و هۆکارەکانی پەرەسەندنی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە بووە. کاتێک کە دەبوو ڕێکار و مەودا کۆمەڵایەتییەکان ڕەچاو بکرێن، دەستیان کرد بە ئەنجامدانی نوێژە هەینییەکان، بەڕێوەبردنی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئیسلامی و بۆنەکانی عاشوورا و تاسووعا. ئەو کاتەی کە هەموو وڵاتەکان لە بیری دابینکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنادا بوون، خامنەیی لە دژی ڤاکسینە پەسەندکراوەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی فەتوای دەرکرد. لە ڕاستیدا ئەم ڕژیمە کۆمەڵگای لە بەرامبەر ئەم پاندێمییەدا بە بێ بەرگری هێشتەوە. ئەویش لە کاتێکدا کە ئەم پێکهاتە تەندرووستیی و دەرمانییەی هەنووکە تەنانەت نیوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا لە دۆخی ئاساییشدا دابین ناکات. بەم جۆرەیە کە تا ئێستا بە سەدان هەزار کەس لە ئاکامی ئەم سیاسەتە دواکەوتووانەیەی ڕژیمدا گیانیان لە دەست داوە. بەڵام هاوکات کۆرۆنا بوو بە “بەرەکەتێک” بۆ ڕژیمی ئیسلامی و دەرفەتی ئەوەی بەم ڕژیمە دا کە بە شێوەیەکی کاتیش بووبێ مەترسی ئاخێزە جەماوەرییەکان لە خۆی دوور بکاتەوە.

٦-پەیوەندی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک گەیشتووە خاڵێکی بێگەڕانەوە. ئێستاکە ژیانی زۆرینەی خەڵک کارەساتبارتر بووە و هەژاری و بێکاری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بەرینتر بوونەتەوە. لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی بەهێزی وەک بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان، خانەنشینکراوان و هتد… لە ئێران و کوردستان بەشێوەیەکی بەهێزتر لە ڕابردوو سەریانهەڵداوە. داخوازییەکانی چینی کرێکار و توێژە ناڕازییەکان بە هۆی هەڵسووکەوتی ڕژیم سیاسی دەبنەوە و سەرتاپای ڕژیم تووشی ئاڵنگاری دەکەن. ئەمە بەم واتایەیە کە قەیرانی سیاسی ڕژیم لەم قۆناغەدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەلومەرجی ئابووری و بژیوی خەڵکەوە هەیە. هەژاریی ئابووری، گەندەڵی دارایی و حکومەتی، لەخوارەوەبوونی ئاستی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بێکاری، ناڕوون بوونی ئاسۆی ژیانی لاوان، هەژاری بێ ئەوپەڕ و کۆچ کردن بۆ دەرەوەی وڵات لە هەموو شوێنێک ناوەرۆکی قەیران و داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازی پێک دێنن. هەر بۆیەش جەماوەری بەشدار لەم ئاخێزانەدا لە بێبەشترین بەشەکانی ئەم کۆمەڵگایە، بێکاران، کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، حقوق بگیران و کەم دەرامەت و خەڵکی پەراوێزی شارەکان پێک دێن. بەشداریی بەرچاوی ژنان وەک ستەملێکراوترین توێژی ئەم کۆمەڵگایە لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا، خاڵێکی وەرچەرخانی ترە کە لە خەزەڵوەری ٩٨ بەم لاوە بە شێوەیەکی ئاشکراتر بەرچاو دەکەوێت.

٧-سەرەڕای بەرفراوانبوون و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان، هێشتاکەش ڕێبەرییەک کە متمانەی کۆمەڵایەتی بەدەستهێنابێت و وەک بەدیلێک بۆ دۆخی هەنووکەیی هاتبێتە ناو گۆڕەپانی کردەییەوە، سەریهەڵنەداوە. حیزبە سیاسییە چەپ و ڕاستەکانی ئێستاکە لە ئێران، هێشتاکەش نەیانتوانیوە ڕێبەڕایەتی ئەم ناڕەزایەتییانە بگرنە دەست. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم خەباتانە مەتریالی مرۆیی بۆ خولقاندنی ڕێبەرانی ڕادیکاڵ و پێشەنگی ئەمڕۆ و سبەینێی دابین کردووە. لە هەناوی ئەم خەباتانەی لە ئارادان، کۆمەڵێک ڕێبەر و پێشەنگی جێ متمانە سەریانهەڵداوە. مانگرتنە کرێکارییەکان، ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان، خانەنشینکراوان، خوێندکاران، جووتیاران، بێ ئاوی و ژینگە، ڕێبەڕانێکیان لە ناخی خۆیاندا پەروەردە کردووە کە بە ئاشکرا و ڕووبەڕوو لەگەڵ ڕژیم و کاربەدەستەکانیدا دەکەونە گفتوگۆوە. شێوازی وتووێژ لەگەڵ دوژمندا فێربوون و بە باشی ساتەکانی بەرەوپێشچوون، پاشەکشە یاخود بەرگریکردن هەڵدەسەنگێنن. گەشەسەندنی وەها ڕەوتێک دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بەدیلێکی ڕادیکاڵ لە بەرامبەر ڕژیمی ئیسلامیدا.

٨- نە دەسەڵات بەدەستانی حکومەت و نە تەنانەت ئۆپۆزسیۆنە بورژواییەکانیان، هیچ کامیان پلان و ڕێکارێکی ئابووری ڕوونیان بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ناڕازی نییە. بەرنامە ئابوورییەکانی هەردوولا لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیاندا لە چوارچێوەی سیاسەتە ئابوورییە نیۆلیبرالیستییەکان و ڕێنوێنییەکانی بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی دراو کە خۆیان هۆکاری ئەم قەیرانانەن، واوەتر ناڕۆن. ئەم ڕاستییە دەرفەتێکی گەورەی بۆ پەرەسەندن و کاریگەری دانانی هێزە سوسیالیستییەکان کە پلان و نەخشەڕێگایەکی ڕادیکاڵ و جیاوازیان هەیە، لە هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەدا خوڵقاندووە.

٩-هەرچەندە کە پەیوەندی نێوان دەسەڵات بەدەستانی حکومەت و خەڵک گەیشتووەتە خاڵێکی بێ گەڕانەوە، بەڵام ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی ئەم ڕژیمە سەرەڕای تەواوی ئەم قەیرانانە هێشتاکەش لە دەسەڵات دایە؟ هۆکارە سەرەکییەکان بریتیین لە: یەکەم، سەرکوتی توندوتیژ و بێ ئەپەڕ، ئەگەرچی خەڵک قۆناغی ترس و تۆقان لە ڕژیمیان تێپەڕاندووە، بەڵام هەرچەندەش ورەکان بەرز بن، لەباربردنی توانایی سیستەمی داپڵۆسێنەری ڕژیم تەنیا لەڕێی هێزی ڕێکخراوی جەماورییەوە دەکرێت. دووهەم، وەلانانی تێڕوانینە ئایدیۆلۆژیکییەکان لە لایەن ڕژیمەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجەکاندا. کۆماری ئیسلامی وێڕای ئەوەی کە وا دەنوێنێ بە بیروباوەڕە ئایدۆلۆژیکییەکانی خۆی پێبەندە، بەڵام بە کردەوە زۆرێکیانی وەلاناوە و “پاشەکشە و سازشی قارەمانانە” بووە بە بەشێک لە ستراتیژی مانەوەی ڕژیم. سێهەم، پڕوپاگەندەی ئاگایانەی ڕژیم بۆ ترساندنی خەڵک لە ئەگەری ڕوودانی شۆڕشدا، بە دووپات بوونەوەی کارەسات‌گەلێکی هاوشێوەی عێراق، سوریا، ئەفغانستان و یەمەن کە کۆماری ئیسلامی خۆی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕ و نائەمنی و ئاژاوە لەم وڵاتانەدایە.

چوارەم، پرش و بڵاوی ئۆپۆزسیۆن و نەبوونی بەدیلێک کە متمانەی کۆمەڵایەتی بەدەست هێنابێت. ئەگەرچی لە کوردستان بوونی حیزبە سیاسییەکان کە پێگەی جەماوەرییان هەیە دەتوانێ لە هەلومەرجی لەباردا ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە، بەڵام دواجار بەدیلی ئەم ڕژیمە لە ئاستی سەرتاسەریدا بەدی دێت.

د: سیاسەت و تاکتیکەکان

١- تاکتیکی مانگرتنە یەک لە دوای یەکە سیاسی و پیشەییەکان کە لە هەلومەرجی هەنووکەییدا تا ڕادەیەک برەویان هەیە، دەتوانێ دوژمن هیلاک بکا و لە توانای بخا. لەم پێوەندەدا بەردەوامبوونی بزووتنەوەی داخوازی‌تەوەر گەلێک گرینگە. ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێ هەم ببێتە هۆی ڕێکخراوبوون و هەم ببێتە بەستێنێک بۆ زیاتربوونی کاریگەری هێزە سوسیالیستییەکان لەو شوێنانەی ئەم بزووتنەوانە بوونییان هەیە.

٢- بزووتنەوەی داخوازی‌تەوەر نابێ وەک ئامرازێک سەیر بکرێت. نابێ داخوازییەکانی خەڵك بکرێن بە ئامرازێک بۆ سەرکەوتنی حیزب. دەبێ بە بایەخەوە لە دەسکەوتە بەرجەستەکان لەم بوارەدا بڕوانرێت. باشتربوونی دۆخی ژیانی خەڵک، پرسی شۆڕش نزیکتر دەکاتەوە نەک دوورتر. نابێ وا بیربکرێتەوە کە هەرچەندە دۆخی ئابووری خەڵک خراپتر بێت، ئەوا شۆڕش بەردەستترە.

٣- ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ئاشتییانە و مەدەنیین. خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام و مانگرتن شێوازی سەرەکی ئەم ئاخێزە جەماوەرییانەن. بەڵام تێڕوانینی ڕژیم لەمەڕ ئەم ناڕەزایەتییانە خۆی لە دوو تەوەردا دەبینێتەوە  کە بریتین لە سەرکوت و چاوپۆشی کردن.

کاریگەرییەکانی سیاسەتی سەرکوت پێویستە بە تاکتیکی گونجاو و خۆگونجێنەر کەم بکرێتەوە و سیاسەتی چاوپۆشیش لە ڕێی درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان و بەدەست هێنانی پشتیوانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و بردنە سەرەوەی ئاستی داخوازییەکان. لە بواری سەرکوتدا، مەبەستی ڕژیم لە لایەک شکاندنی ورەی خەڵکی ناڕازی و لە لایەکی تریشەوە گۆڕینی ئاراستەی ناڕەزایەتییەکان بەرەو تێکهەڵچوونی پێشوەختە بە مەبەستی ڕێگرتن لە جەماوەریی بوونەوەیانە. مانگرتنی سیاسی گشتی کردەیی‌‌ترین، بەردەستترین و کەم زیانترین تاکتیکە بۆ بردنە پێشی بزووتنەوەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی. نیگەرانی لەوەی کە نەوەک شۆڕشی سیاسی داهاتووی ئێران بە هەمان چارەنووسی ئاخێز و شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی دوچار ببێت، نیگەرانییەکی ڕاستەقینەیە. بەڵام بە گرتنەبەری تاکتیک و شێوازی گونجاو دەبێ ڕێگری بکرێت لە ڕوودانی وەها ڕووداوێک. دەبێ ئەو هێزانەی کە بە کردەوەکانیان کۆمەڵگەی ئێران بەرەو وەها چارەنووسێک دەبەن، پووچەڵ بکرێنەوە.

٤-بەرپرسانی ئەم ڕژیمە هەمووکاتێک لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە لە ئەگەری نیشاندانی هەر جۆرە نەرمییەک لە هەمبەر داخوازییەکانی ناڕازییاندا، چاوەڕوانییەکانی خەڵک بەردەوام دەچێتە سەرتر و وەها ڕەوتێک لە ئاکامدا دەبێتە هۆی لەناوچوونی دەسەڵاتی ئەوان. ئەوان دەزانن ئەگەر هەر بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆی وڵاتدا دەستی بە یەکێتی، ڕێکخراو، دامەزراوە و ڕێبەڕی ڕابگات، دەبێتە مەترسییەکی جدی لەسەر مانەوەی ئەوان و لەم ڕووەوەیە کە ترسیان لە چالاکی مەدەنی هەیە. بە هەموو توانایانەوە چالاکییە ڕێکخراوەییەکان سەرکوت دەکەن و ڕێگری دەکەن لە بەرزبوونەوەی ئاستی خەباتە مەدەنییەکان بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوەی مەدەنی و جەماوەریی. بەڵام ئەم کردەوەیەی ڕژیم لە هەمبەر خەڵکی ناڕازییدا کۆمەڵگە سیاسیتر دەکاتەوە.

٥- تا بەدیهاتنی هەلومەرجێک کە تێیدا دەبێ هێرشی کۆتایی بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی ڕێک بخرێت، هێشتاکە هەنگاوگەلێکی زۆرمان لە پێشە. کردەوەی ڕژیم لە سەروبەندی ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨دا نیشانی دا کە ڕژیم بۆ بەکاربردنی هەر ئەندازەیەک لە توندووتیژی خۆ نابوێری. هەر بۆیە خەڵکیش بۆ سەرکەوتن لەم شەڕەدا و بۆ ڕێگری کردن لە زیانەکان، پێویستیان بە بەدەستهێنانی ئامادەیی زیاتر، بەکارهێنانی ئامڕازگەلێکی کاریگەرتر و پەرەدان بە تاکتیکەکانی خەباتە. لەم کاتە بەدواوە نابێ دوژمن شوێن و کاتی شەڕ دەستنیشان بکات و تێکهەڵچوونی پێشوەختە بسەپێنێ. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەر دووک لایەنی ئەم شەڕە، بەرەی شۆڕش و بەرەی دژە شۆڕش، هێز و توانایی خۆیان تاقی کردووەتەوە و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆیان ناسیوە. کۆبەندی وانە و دەسکەوتەکانی ئەم قۆناغە کە بە بەهای گەلێک فیداکاری و گیانبازی بەدەست هاتووە و هەروەها جەخت کردنەوە لەسەر ئەرکی پێشەنگان و خەباتکارانی کومونیست لەم شەڕە چارەنووسسازەدا، بۆ بەرەی شۆڕش، بابەتێکی یەکجار گرینگە.

٦-بەشێکی بەرفراوان لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و چەپ بە بەرنامە و ستراتیژە جیاوازەکانیانەوە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا وەستاون. ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنی گەلێک کەرەسە و پێداویستی بەرینە بۆ پڕۆپاگەندە و کاریگەری دانان لەسەر ڕای گشتی، بەڵام هێشتاکە لە پێگەیەکدا نییە کە وەک بەدیلی کۆماری ئیسلامی متمانەی کۆمەڵایەتی بەدەستهێنابێت. وێڕای هەموو ئەمانەش ئەگەرچی لە قۆناغی شۆڕشدا هێزە چەپ و کرێکارییەکان خاوەنی پۆتانسیەلێکی لەبارترن بۆ بەرەوپێشبردنی ستراتیژیی سیاسیی خۆیان، بەڵام لە ئێستاوە دەبێ دژوارییەکانی ئەم ڕێگایە لە هەمبەر ڕژیم و هەروەتر ئۆپۆزیسیۆنەکەیدا بناسین. ئەزموونی کۆمەڵە لە قۆناغی شۆڕشی ساڵانی ١٣٥٧ و ١٣٥٨، خاوەنی کۆمەڵێک وانەی بەنرخە لەم بوارەدا کە بە بێ گومان یارمەتیی دەوڵەمەندتر بوونی ئەزموونی حیزبی کومونیستی ئێران دەدات.

ه:ئەولەوییەتەکان و ئەرکەکان

١- یەکگرتوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی مامۆستایان، بزووتنەوەی خانەنشینکروان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی ژینگە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، مەرجی سەرکەوتنە بەسەر ڕژیمی ئیسلامیدا. لەم بوارەدا ڕۆڵی کۆمەڵە لە گرێدانەوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوە سەرتاسەرییەکان یەکێک لە بنەماکانی ئەم سەرکەوتنە بەدی دێنێت.

٢- ڕێکخراوی سیاسی لە ڕێگەی پەیوەندییە تاکەکەسی و سنووردارە حیزبییەکانەوە لەگەڵ کۆمەڵگەدا گرێ ناخوات. ئەم پرسە لە ڕێی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدی دێت. تەنیا ڕێگەی ڕۆڵ گێڕانی کومونیستەکان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا، لە ڕێی پەیوەست بوون بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە و بەدیلی کۆماری ئیسلامی لە وەها ڕەوتێکدا پێک دێت.

٣- ئامادەکاری بۆ شۆڕشی داهاتووی ئێران بە قۆناغ و ڕێبازگەلێکی جیاوازدا تێپەڕ دەبێت. پێویستە ئەرک و ئەولەوییەتەکانی خۆمان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بناسین و شێلگیرانە وەڵامی پێویستییەکانی هەر قۆناغێک بدینەوە. لە هەلومەرجی هەنووکەییدا، پەیجۆریی بزووتنەوەی داخوازی‌تەوەر گەلێک گرینگە. هاوڕێیانی ئێمە لە شوێنی کاردا دەبێ داهێنەر و چالاکی ئەم بزووتنەوەیە بن. شێوازی ڕێنوێنی کردن و بە سەرکەوتن گەیاندنی ئەم بزووتنەوەیە فێر بن. لە قۆناغی ئاخێزە گشتییەکاندا بە بوون و بەشداریی چالاکانەی خۆیان ڕێگە نەدەن کە ڕەوتی جووڵانەوەکە بەلاڕێدا ببرێت و درووشم گەلێکی گومڕاکەر کە لەگەڵ هاوسەنگی هێزی ڕاستەقینەدا ناگونجێن، بەسەر بزووتنەوەی خەڵکی ناڕازیدا زاڵ بن.

بۆ سەرکەوتنی هەر جووڵانەوەیەک بەدەستهێنانی پشتگیری و پشتیوانیی توێژە جۆراوجۆرەکان پێویستییە. نابێ ڕێگە بدرێت کە ڕێوشوێنەکانی خۆمان و یاخود تاکتیکەکانی دوژمن درز بخاتە نێوان خەڵکی ناڕازی و مانگرتووانەوە.

٤- لە قۆناغی ئاخێزە شۆڕشگێڕانە خۆڕسکەکاندا، هەلی گونجاو بۆ ڕۆڵ گێڕانی ئاگایانە و پلان بۆ داڕێژڕاوی چالاکانی کۆمۆنیست دەڕەخسێ. ئەم هەلانە نابێ لە دەست بدرێن. زۆرێک لە شۆڕشگێڕان لە وەها هەلومەرجێکدا یەکتر دەدۆزنەوە، بناغەی بەهێزترین هاوڕێیەتییەکان کە دەبنە سەرمایەی بزووتنەوەکانی دواتر لە وەها هەلومەرج‌گەلێکدا دادەڕێژرێت. ڕۆڵ گێڕان و چالاک بوون بە مانای بەشداری ئامانجدار، بە بەرنامەوە، ڕۆڵ نواندنێک لە پێناو یەکگرتووییدا، هاوکات لەگەڵ درووشمی گونجاو بۆ هەر قۆناغێکە. بەشداری ئاگایانە واتا دابەشکردنێکی کاری دوورئەندێشانە، واتا وەگەڕخستنی تەواوی هەوڵەکان بۆ پاراستنی هێز هاوکات لەگەڵ بەشداری چالاکانە، بە بەکارهێنانی ڕێوشوێن و داهێنانە خۆجێییەکان. ئەو ئامانجانەی بۆ هەر جووڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی دیاری دەکرێن، دەبێ تا ئەو جێیەی دەکرێ واقعبینانە بن. لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە پێویستە کە سەرکەوتن ورە دەبەخشێت و هێز کۆ دەکاتەوە و نسکۆش بێ هیوایی و پاسیڤ بوونی لێ دەکەوێتەوە.

_ ٥_ دەور و نەخشی تێکدەرانەی بەکرێگیراوان و دەست و پێوەندەکانی ڕژیم لە ناو ئاپۆرەی جەماوەردا، یەکێکە لەو مەترسییانەی کە بەردەوام هەڕەشەیە بۆسەر ناڕەزایەتی و ئاخێزە جەماوەرییەکان. هاندان و ڕاکێشانی حەرەکەت و خۆپیشاندانی هێمنانەی جەماوەری ناڕازی بەرەو توندوتیژی، راکێشانی ڕیزی جەماوەری ناڕازی بۆ ناو بۆسە و داوی دوژمن، هاندانی جەماوەری ناڕازی بەرەو ڕووبەڕوو بوونەوە و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی دوژمن لەکاتێکدا کە جەماوەر هێشتا ئامادەیی تەواوی بۆ بەرەوڕوو بوونەوەیەکی یەکلایی کەرەوە نییە و هەروەها ترساندنی کەسانی دوودڵ و ڕاڕا لە ئاکامەکانی بەشداری لە حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکان، هێنانەگۆڕێی دروشمی ناپێویست و بەلاڕێدابەر و هیتر… لە زومرەی ئەو مەترسییانەن، لەم ڕووەوە پێویستە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی خاوەن ئەزموون بە لێهاتوویی و گرتنەپێشی ڕێوشوێنی گونجاو نەهێلن کە بکەونە داو و بۆسەی دوژمنەوە.

٦_  لە سەروبەندی قۆناغی شۆڕشگێڕانەدا، واتا هەلومەرجێکی کە گونجاوە بۆ پەلامار و هێرشکردنەسەر دام و دەزگا و ناوەندەکانی دەسەڵاتی ڕژیم بەمەبەستی یەکلایی کردنەوە و کۆتایی هێنان بە حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی، زۆر پێویستە کە ڕێوشوێن و ڕێنماییەکانی ناوەندی ڕێبەرایەتی حیزب بە وردی لەبەرچاو بگیردررێن.

٧_ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەور و نەخشێکی گرینگیان هەیە لە هیدایەت و رێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و هەروەها  ڕاکێشانی ڕای گشتی جیهانی بەمەبەستی پشتیوانی و پشتگیری لەو خەباتە مافخوازانەیەی کە لە ئارادایە. لەم ڕووەوە زۆر پێویستە چۆنیەتی و ڕێوشوێنی درووستی بەکارهینان و لەبەرچاو گرتنی باری ئەمنی لەو بوارەدا فێر ببین. بەهۆی ئەم گرینگی و کاراییەوەیە کە بێبەشکردنی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی لە دەستپێڕاگەیشتن بەم ئارازەر لە زومرەی ئەولەوییەتەکانی ڕژیە. لەهانکاتدا نابێت لەوەش غافڵ بین کە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە ناتوانن جێگای ڕێکخراوەکانی شوێنی کار و ژیان پڕبکەنەوە. شۆڕشی کرێکاری و شۆڕشی سوسیالیستی لەسبەی ڕۆژدا، تەنیا لە ڕێگای ناوەندێکی ڕێبەرایەتی کۆمۆنیستییەوە کە پشت بەستوو بێت بە تۆڕ و ڕایەڵە ڕێکخراوەیییەکانی شوێنی کار و ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەسەرەنجام دەگات.

٨_ ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی هاوکاری و هاوئاهەنگی یەکگرتووانە لەگەل هێز و هەڵسووڕاوانی خەباتی بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ئامانجگەلێکی کردەیی دیاریکراو لەپێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی بزوتنەوە ناڕيزایەتییەکان. هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە پێویستە لەهەر شوێنێک کە هەن هۆکاریک بن بۆ  یەگرتوویی و بەلەخۆبردووییەوە بەدەم ویست و خواستی خەڵکەوە بن. لەگەڵ بیروڕا جیاوازەکان بەمەبەستی پاراستنی یەکگرتوویی گشتی بە دڵێکی ئاواڵاوە بەرخورد بکەن و  یەکگرتوویی بکەنە ئامانجی سەرەکەی و خۆ لە هۆکارەکانی پڕژوبڵاویی ببویرن. هەروەها هاوئاهەنگی و هاوڕا بوون لەسەر دروشمەکان گەلێک گرنگە.

٩_ ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵە کرێکارییەکان لەناو جەرگەی بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا باشتر لە هەر کاتێکی تر شکڵ دەگرن. هاوکات ئەو ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵە لە پڕۆسەی ڕێکخستن و هیدایەتی خەبات و ناڕەزایەتییەکاندا ئەزموون و جەسارەتێکی زیاتر بەدەست دێنن. پێبەست کردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانە بۆ کۆمەڵەی گشتی پێکهێنەران و زاڵکردنی ئیرادەی گشتی تیایدا، لەلایەکەوە ڕەمزی ڕادیاکاڵ مانەوەی ئەو ڕێکخراوانەیە و لەلایەکی ترەوە جۆرێک ڕاهێنانە بۆ دەسەڵاتی جەماەری لە داهاتوودا.

کۆمەڵە، کوردستان و هەڵسەنگاندنی لایەنگیری و ئەرکەکان

١_ بێکاری کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکان، کوردستانی لە بارودۆخێکی دژواردا راگرتووە، بەجۆرێک کە بەشێکی بەرچاو لە کرێکاران ناچارن بۆ دابین کردنی لانیکەمی پێداویستی بنەماڵەکانیان، پەنا ببەنەبەر دەستفرۆشی و بەکەمترین داهات دژوارترین هەل و مەرجەکان تەحەمول بکەن وە یان ڕووبکەنە کار و پیشەگەلێکی پڕمەترسی وەک کۆڵبەری لەسەر سنوورەکان. پەراوێزنشینی و گەڕەکە هەژار نشینەکان زۆر بەخێرایی پەرەیان ئەستاندووە، تەنانەت زۆرکەس لە ناوەندی شارەکانیشەوە بەهۆی گرانی و لەسەرەوە بوونی کرێی خانوو ڕوویان لە پەراوێزی شار و دێهاتەکانی دەوروبەری شارەکان کردووە. پەراوێزی شارەکان  لە کەمترین ئیمکاناتی شاریی و خۆشگوزەرانی بەهرەمەندن و تەنانەت ئەو چواردیوارییەی کە ژیانی تێدا بەسەر دەبەن بەردەوام لەبەر مەترسی پەلامار و  هەڕەشەی ڕووخاندنی لەلایەن پەئموورانی شارەدارییەکاندان. پەراوێزی شارەکان بوون بە چەق و ناوەندی سەرهەڵدان و  پەرەسەندنی گەلێک دیاردە و زیانی کۆمەڵایەتی ئازاربەخش. لەدوایین بودجەی دەوڵەتدا کە رادەستی مەجلیس کراوە، بەڕەسمی و زۆر بەئاشکرا ناوچە هەژار و بێبەشکراوەکان و لەوانە پارێزگا کوردنشینەکانی بەشی ڕۆژئاوای وڵات پشتگوێ خراون.

٢_  کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی هەژار و بێبەش لەسەراسەرری ئێران بەرژەوەندی و ئازاری هاوبەشیان هەیە. لەم ڕووەوە سەرەڕای تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای کوردستان، هاوپشتی و هاوخەباتی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ستەم دیتووی کوردستان لەگەڵ جەماوەری هاوچارەنووسی خۆی لەسەراسەری ئێران گەلێک پێویستە. کوردستانی شۆڕشگێڕ بە پشت بەستن بە پتر لە چوار دەیە خەبات و خۆڕاگری لەبەرانبەر ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و بوونی هێزێکی بەتوانا و ڕێکخراوی چەپ و کۆمۆنیست، کە کۆمەڵە ( ڕێكخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بەستێنی سەرکییەتی، خاوەنی گەلێک ئەزموون و پۆتانسییەلە بۆ پاڵپشتی و بەهێزکردنی خەباتی مافخوازانەی سەراسەری لە دژی ڕژیم. پێویستە تەواوی ئەو ئەزموون و پۆتانسییەلە شێلگیرانە بەکار بهێندرێن.

٣_ کۆمەڵە وەک ڕێكخراوێکی چەپ و کۆمۆنیستی، خوازیاری یەکگرتوویی هەرچی زیاتر و بەربڵاوتری نێوان هێزەکان و جەماوەری خەڵکی هاوچارەنووسە. لەم ڕوويوە هەر کرێکارێکی چەوساوەی کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆ و سبەی هاوچینەکانی خۆی ئاشنایە، هەر ژنێکی ئازادیخوازی کە لە ئاست هەڵاواردن و نا یەکسانییەکاندا سەری دانەنەواندووە، هەر زەحمەتکێشێکی بێبەشی کە بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئازاد و ئاسوودە بە مافی خۆی دەزانێ، هەر هونەرمەندێکی دەروەستی کە خۆی لە ئاست ڕەنج و ئازارەکانی کۆمەڵگادا بە بەرپرس دەزانێ، هەر نووسەر و ڕۆشنبیرێکی کە پێنووسەکەی لە دژی ستەمکار و لە خزمەت بێبەشاندایە، هەر مرۆڤێکی ستەم دیتووی کە سووکاتی و هەڵاواردنی سەرچاوەگرتوو لە ستەمی نەتەوایەتی قەبووڵ ناکات، هەر کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕی کە کەڵکەڵەی گۆڕینی زاڵمانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای لەسەردایە، هەر لاوێکی پڕجۆش و خرۆش و شەیدای ژیان کە ئاوات و ئامانجەکانی لاوێتی خۆی لە دەرەوەی قەفەسەکانی سەرکوتی ڕژیم و لە جیهانێکی ئازاد و یەکساندا بەدی دەکات، دەتوانێت جێگە و پێگەی شیاوی خۆی لە ناو یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی، یان لە یەکگرتووییەکی خەباتگێڕانە لەگەڵ ئەم ڕەوتەدا بدۆزێتەوە. کۆمەڵە دەبێ شێلگیرانە بەستێنی سیاسەتی یەکگرتوویی و هاوئاهەنگ کردنی ئەم هێزانە بڕەخسێنێت.بۆ ئەم مەبەستە هەڵدان بۆ ڕاکێشانی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای هێڵێکی تاکتیکی ڕوون گەلێک پێویستە. نابێت ئیزن بدرێت ڕژیم لە جیاوازییە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان بەمەبەستی درووستکردنی ناکۆکی و کەلێن خستنەناو لایەنەکان کەڵک وەربگرێت.

٤_ دەور و نەخشی کۆمەڵە وەک پشتیوان و داکۆکیکاری خەباتی خەڵکی کورد لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان، هاوکاری و هەماهەنگی پێویست لە نێوان هێزە سیاسی و ڕێکخرا و دامەزراوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی پووچوڵکردنەوەی سەرجەم ئەو نەخشە و پیلانگێڕییانەی کە لەلایەن دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە لە دژی ئەم خەباتە لە ئارادایە، بۆتە پێویستییەکی هەنووکەیی و حاشاهەڵنەگر. بۆ ئەم مەبەستە جێبەجێ کردن و بە کردەیی دەرهێنانی شێلگیرانەی بڕیارنامەی پەسەندکراوی ئەم کۆنگرەیە سەبارەت بە مەسەلەی کورد وەک بابەتێکی ناوچەیی، وڵامێکە بەم پێویستییە.

٥_ کۆمەڵە لە هەموو بوارەکانی خەباتی ستەملێکراوانی کۆمەڵگادا خۆی بە بەشدار و بەرپرس دەزانێت. کۆمەڵە ڕەوتێکە کە پشت بەستووە  بە زانستی سەردەمیانەی خۆی و سسیالیزم و مارکسیزم  وەک زانستێک چاو لێدەکات کە بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت پێویستی بە خۆ نوێکردنەوە هەیە و  بۆ گەیشتن بە راستییەکان لە بەڵگەی زانستی، لۆژیکی و ئەو چالاکییە زانستییانەی پێوەندی راسەوخۆیان بە ژیانی مادی کۆمەڵگاوە هەیە،  بە ورەیەکی بەرزی خەباتکارانەوە کەڵک وەردەگرێت. کۆمەڵە ڕەوتێکە کە یەکگرتوویی و پێوەندییە ناوخۆییەکانی لەسەر بنەمای فرە چەشنی بیر و ڕا و  کرداری یەکگرتووانە دابین دەبێ بوونی جیاوازی بیر و ڕا لەناو ڕیزەکانی خۆیدا بە ئەمرێكی سروشتی دەزانێت.

٦_ سەرەڕای پەرەسەندن و  بەربڵاوی نەخۆشی کۆڤید ١٩، خەڵکی کوردستان بەپێی سوننەتێکی جێکەوتووی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژە سەخت و دژوارەکاندا و هەروەها لە کاتی رووداو و موسیبەتە سروشتییەکاندا بەخێرایی دامەزراوە مەدەنییەکان پێکدەهێنن و تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بە هانای یەکترەوە دەچن و دامەزراوەگەلێکی پێویست بۆ ئەم مەبەستە پێکدەهێنن. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەر هەوڵ و کۆششێکی سەرکوتگەرانە نەیتوانیوە بەر بە پێكهاتن و شکڵ گرتنی ئەو دامەزراوە مەدەنیانە بگرێت. هەنگاوگەلێکی لەم چەشنە لە درێژەی هەر ئەو سوننەتانەدایە کە کۆمەڵە لە کۆمەڵگەی کوردستان و ئێراندا ڕەواجی پێداوە. لەم ڕووەوە  هەوڵ بۆ جێ خستنی ئەم سوننەتانە بەبێ ڕاوەستان ئەرکی کۆمەڵە و بە تایبەتی تر هەڵسووڕاوانی ناوخۆیە.

٧_  بەهێز کردنی جێگە و پێگەی کۆمەڵە لە ڕێبەرایەتی خەبات لە دژی ستەمی نەتەوایەتی بە پشت بەشتن بە ” بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمییەتی جەماوەری”،”ستڕاتێژی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی کوردستان” و پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە کاری بۆ دەکرێت. لەم پێوەندییەدا بەشداری چالاکانەتر لە باس و دیالۆگە سیاسی و نەزەرییەکان لەسەر داهاتووی کوردستان، خەبات و ململانێی نەزەری لەگەل ئەو ڕوانگە و بۆچوونانەی کە نە تەنیا هیچ یارمەتییەک بە چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی وەک گرفتێکی کۆمەڵایەتی ناگەیەنێت، بەڵکوو ستەمی نەتەوایەتی جێگیرتر دەکات بۆ هەمیشە دەیهێڵێتەوە. بانگەشە بۆ ڕێگاچارەی کۆمۆنیستەکان و کردنی بە هوشیاری و شعووری زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، یەکێکە لە ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵە.

٨_ ڕاکێشانی هاوکاری سەرجەم ئەو هەڵسووڕاوە چەپ و کۆمۆنیستانەی ناوەوە و دەوەوەی وڵات کە دەیانهەوێت لە تواناییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا دەور و نەخشێکیان هەبێت و ئێستا ئەندامی هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی دیاریکراو نین، بانگهێشتی کەسایەتی و کۆڕ و کۆمەڵە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان بۆ پەیوەست بوون یان هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵە، پەرەپێدان بە ئاستی پێوەندییەکان لەگەڵ کەسایەتی و لایەنەکانی پێشڕەو و جێگە موتمانەی خەڵک، بە تایبەت لەناو کوردستان، لەدەرەوەی چوارچێوەی حیزبی و ڕێکخراوەیی، یەکێکی ترە لە سەرەکی ترین کار و ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵە. لەبەرچاو گرتنی تێبینی، ڕەخنە و پێشنیارەکانی ئەوان لە خزمەت بە کۆمەڵگا و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، پێکهێنان و فەراهەم کردنی ئیمکانات و بەستێنی پێویست بۆ ئەوەی کە ئەو جۆرە کەسانە بتوانن وزە و تواناییەکانی خۆیان لە ئاستێکی بەربڵاوتردا بخەنەگەڕ، پەرپێدان بە تەشکیلاتی حیزبی بە تایبەت لەناو کارگا و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و ناوەندە کرێکارییەکان، بردنەسەرەوەی ئاستی تواناییەکانی تەشکیلات بۆ ڕاکێشانی لاوانی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستی هەڵسووڕاو لە زانستگەکان، لەناو ڕیزی مامۆستایان و ناوەندە فەرهەنگییە پێشکەوتوو و پێشڕەوەکان، پەرەپێدان بە نوێنەرایەتییەکانی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، کەڵک وەرگرتنی درووست و پێویست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامادەیی پێویست بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر چەشنە پێشهاتێکی نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراو لە ناوەوەی وڵات و تەنانەت لە کوردستانی عێراقیش، لە زومرەی ئەو بوارانەن کە لە ئەگەری نواندنی دەور و نەخشی چالاک تێیاندا کۆمەک دەکات بە مەسەلەی یەکگرتوویی هێزی چەپ.

٩_ تەشکیلات عەلەنی کۆمەڵە لە کوردستانی عێراق یەکێکی ترە لە مەیدانە هەرە گرنگەکانی کار چالاکی ئۆرگانە تەشکیلاتییەانی کۆمەڵە. پاراستن و بەهێز کردنی ئەم ناوەندە بەردەوام یەکێک لە ئەولەوییتەکانی ئێمە لە قۆناغە جیاوازەکاندا بووە. هاوکات لەگەڵ ئەەوی کە لەسەر پێویستی پاراستنی ڕوالەتی چەکادریی کۆمەڵە و پەرەپێدان و بەهێز کردنی بەپێی پیویست، پێداگری دەکەین، بەڵام لە هەمانکاتدا جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە ئیتر لەمێژە کوردستانی عێراق وەک پشتی جبهەی کار و چالاکی نیزامی ئێمە نایەتە ئەژمار. ئەو حیزب و لایەنانەی کە لە دیاریکردنی ستڕاتێژی نیزامی خۆیاندا ئەم ڕاستییەیان لەبەرچاو نەگرتووە، نە تەنیا هیچ ئاکامێکی باشیان لێوەرنەگرتووە بەڵکوو هەم بۆخۆیان زیانیان بەرکەوتووە و هەمیش ئەو ئیمکانەیان بۆ ڕژیم خوڵقاندووە تا لە ناو بەشیک لە جەماوەری خەڵکی کوردستاندا تۆوی بێ هیوایی بچێنێت و کاریگەریی نیگەتیڤ لەسەر ورەی خەڵک دابنێت.

١٠_ پێویستە بازنەی هاوکاری و چالاکییەکانی کۆمەڵە لە کوردستان، لە ئاستی ناوچەکە و لە دەرەوەی وڵاتیش لەسەر بنەمای نەخشەڕێگا و هەڵسەنگاندنی کۆمەڵە بەو جۆرەی کە لە بڕیارنامەی مەسەلەی کورد  وەک تەوەرێکی ناوچەیی ئاماژەی پێکراوە، پەرەی پێبدرێت. پێویستە کۆمڵە بە بەهێز کردنی جێگە و پێگەی خۆی لە ڕێبەریی بزوتنەوەی خەبات بۆ لابردنی ستەمەمی نەتەوایەتی لە کوردستانی ئێران، وەک هێزێکی بەرپرس لە ڕەوتی خەبات و کەمکردنەوەی ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی ناوچەکانی تری کوردستانیشدا کاریگەری خۆی هەبێت. پێویستە کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە دابەشکردنی کار و ئەرکە ناوخۆییەکانی لەم پێوەندییەدا ئەم ئەرکە وەک یەکێک لە مێحوەرەکانی کار و چالاکی خۆی بزانێ و لەم بوارەدا هەوڵی چالاکانەتر بدات.

دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان لە هەرچوار پارچەی کوردستان سەرەڕای هەر ناکۆکی و جیاوازییەکی بەرژەوەندیخوازانە کە لەگەڵ یەکتر هەیانە، بە ڕەچاو کردنی گەلێک پلان و نەخشەی ئاڵۆز بەردەوام لەدژی خەڵکی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان خەریکی پیلانگێڕین. پێشڕەوی هەرچی زیاتری ئەرتەشی تورکییە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی خۆجێیی کوردستان و چاوپۆشی کردنی بە ئاشکرای دەوڵەتی عێراق لە ئاست ئەو داگیرکارییانە، جێگیر کردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر سنوورەکان و تۆپبارانکردنی چەند ناوچەیەکی کوردستانی عێراق و هوەروەها بوونی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئێران و تورکییە لە ئاسمانی کوردستانی عێراق، هەمووی ئەمانە بەشێکن لە پیلانگێڕیییە بەردەوامە ناوچەییەکان لە دژی جەماوەری خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان.

یەکگرتوو کردنی خەڵکی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە مەبەستی پووچوڵکردنەوەی ئەو پیلانگێڕیانە یەکێە لە ئەولەوییەتەکانی کار و چالاکی کۆمەڵە. کۆمەڵە لە هەرچەشنە هەوڵێکی راستگۆیانە و سادقانەی دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی لەم پێناوەدا پشتیوانی دەکا و چالاکانە بۆ بە سەرەنجام گەیاندنی تێدەکۆشێت.

 

پەسەندکراوەی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی

ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی

 

بابەتی پەیوەندیدار

پەیامی کۆنگرەی ۱٨ کۆمەڵە بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان

-

پەیامی کۆنگرەی ۱۸ کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی

-

پەیامی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بۆ کرێکارانی ئێران

-

بڕیارنامە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی كورد وەک مەسەلەیەکی هه‌رێمی

-

بڕیارنامە سەبارەت بە پێویستی یەکگرتووی چەپ لە کوردستان

-

بڕیارنامەی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە سەبارەت بە خەباتی یەکگرتووانەی مامۆستایان

-