کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

بزوتنەوەی ژنان خاوەنی ئاسۆیەکی گەشە بۆ داهاتوی “بۆ پێشوازی لە ٨ ی مارس رۆژی جیهانی ژن”

 

ن: سەعید ئەمانی

خەبات و تێكۆشانی ژنان لە گۆڕەپانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، چ لە ئاستی دنیادا و چ لە ئێران و لەم ساڵانەی دوایشدا لە كوردستان ڕوون و بەرچاوە و ئەم هەڵدان و گەشە بەردەوامە ئەندێشەییە لە ئاستێكدایە كە ژن لە مەیدانی خەباتدا تەنانەت گەیشتۆتە ئاستی ڕێبەری شۆڕشیش. ڕۆزا لوگزامبورگ نموونەیەكی گەلێك بەرچاوی ڕێبەرانی ژنە لە ئاستی نێونەتەوەییدا. ئەم تێكۆشەرە كومونیستە و باقی خەباتكارانی ژن لەوانە كلارازتكین داكۆكیكاری شێلگیری ئاڕمان و ئارەزوه شۆڕشگێڕانەكانی جەماوەری زۆرلێكراو و وەگیان هاتوو بوون. بە بێ ترس و دوو دڵی پێیان ناوەتە بواری خەباتی بەردەوام لە دژی زوڵم و ستەم و بێ عەداڵەتی سەردەمەكەیانەوە و تا ئاخرین ساتەكانی ژیانیان لە خەبات‌ و بەرخودان بۆ دەستەبەر كردنی ئازادی و بەرابەری بۆ گشت مرۆڤایەتی نەوێستاون.

‌  دەور و تەئسیری ئەم ژنە خەباتكارانە لە ئاستێكدا بووە كاتێك كلارا زتكین لە ساڵی ١٩١٠، وەك ژنێكی هەڵسوڕاو لە بواری دابین كردنی مافەكانی ژن، شۆڕشگێر و بەرابەری خوازی ئاڵمانی، لە كۆنگرەی نێو نەتەوەیی ژناندا پێشنیار دەكات ڕۆژی ٨ ی مارس بكرێتە ڕۆژی جیهانی ژن، لەلایەن كۆنگرەوە گرنگیەكی زۆری پێدەدرێ و دوای ساڵێك قسەوباس لەسەركردن پێشنیارەكەی پەسەند دەكرێ و ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژی جیهانی ژن هەموو ساڵێك لەلایەن ژنان و پیاوانی بەرابەری خوازی دنیاوە، لە ئاستێكی بەرین و بە شكۆیەكی تایبەتیەوە، یادی دەكرێتەوە.

نموونەیەكی تری ژنانی چالاك و خەباتكار ئەلكساندەر كۆلنتاییە. كۆلنتای لە ساڵی ١٨٩٠ پەیوەندی كردووە بە پارتی كرێكارانی سۆسیالیست دیموكراتی روسیەوە و هەڵسوڕاو بووە لە بزوتنەوەی ژنانی سۆسیالیستی دنیادا. ساڵی ١٩١٧ بووە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بلشویكەكان.

ئەم تێكۆشەرانە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی تیغی قین و نەفرەتی كوێرانەی دەسەڵاتداران و پارێزەرانی نەزمی كۆنەپەرەستانەی ئایینی، پیاو سالار و سەرمایەدا بوون. ڕۆزالوگزامبۆرگ خەباتكاری هەڵكەوتە و بەرابەری خواز دوای ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆر لەلایەن مەئموران و ئەشكەنجەگەرانی سۆسیال دیموكراسی ئاڵمانەوە فڕێدرایە نێو ڕوبارێكەوە.

ئەزمون و دەسكەوتی خەباتی ژنان بە درێژایی مێژووی خۆی‌ لە كۆمەڵگادا گەرای خستووە و بەرهەمەكەی حوزوری بەسەدان و هەزاران ژنی تێكۆشەر و بەرابەری خوازە لە مەیدانی خەبات و بەربەرەكانی كردن لە بەرانبەر زوڵم و زۆرداریدا و هەوڵ و تێكۆشانە بۆ دەستەبەر كردنی مافە ڕەوا و زەوتكراوەكانی ژن وەك نیوەی كۆمەڵ.

بە تێپەڕبوونی زەمەن و بەرینتر بوونەوەی هەرچی زیاتری دەسەڵاتی نیزامی سەرمایەداری و گەشە كردنی كەرەسەی وەبەرهێنان كە ئاكامەكەی زێدە خوازی بێ سنووری بەدەست هێنانی بەهرەی زیاتر و كەڵەكه كردنی زۆر و زۆرتری سەرمایەیە لە لایەن خاوەن سەرمایەکانەوە و چەوساندنەوە و بێ ماف كردنی هەرچی زیاتری چینی كرێكار‌ بە ژن و پیاوەوە، وە ئێستا قەیرانی ئابووری جیهانیش بۆتە سەرباری، ئەركی تێكۆشەرانی بواری هەوڵدان بۆ دابین كردنی مافی یەکسان بۆ هەموو مرۆڤەكان بەگشتی و بۆ ژنان بە تایبەتی قورستر لە ڕابردوو كردووه. چون ژن هەم وەك كرێكار لەلایەن سەرمایەدارانەوە دەچەوسێتەوە هەم وەك ژنیش لەلایەن كۆمەڵگای ئایینی و پیاو سالارەوە.

چەوساندنەوەی دوو لایەنەی ژنان دیاردەیەكی كۆمەڵگای چینایەتیە و لە سەردەمی ئێمەدا وەك دیاردەیەكی زاتی كۆمەڵگای سەرمایەداری چاوی لێ دەكرێ. ژن لە ماڵەوە، لە ناوەندی كڕین و فرۆشتنی هێزی كار، لە شوێنی ژیان و بە شێوەی گشتی لە كۆمەڵگادا، واتە لە كۆمەڵگای سەرمایەداری دایە كە دەكەوێتە ژێرباری وەحشیانەی هەموو هەڵاواردن و زوڵم و بێ مافیەكەوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە نێوان ژن و پیاو لەم كۆمەڵگایەدا بەشێك لە خسڵەت و ئاكاری ڕۆژانەی بەدەست هێنانی زیاتری سودی سەرمایە و یەكێك لە پێداویستیە حقوقی، مەدەنی و كۆمەڵایەتیەكانیەتی.

نیزامی سەرمایەداری نە دەیەوێت و نە دەشتوانێ لەمڕۆدا كار بۆ گشت تاكەكانی كۆمەڵ بە ژن و بە پیاوەوە دابین بكات بۆیە بە هەموو جۆر و شێوەیەک، وەك پەنابردنەبەر خورافاتی ئایینی و تاریف و پیاهەڵدان بە داوێنی پڕ لە مێهر و عتوفەتی دایك و بەسود بوونی بۆ پەروەردەی سالمی منداڵ و هیتر، نیوەی كۆمەڵ واتە ژنان هاندەدات بە جێی ئەوەی لە ماڵ بێنەدەر و خوازیاری كار بن، تا لەم ڕێگایەوە مافە زەوتكراوەكانیان بەدەست بێنن، لە ماڵەوە بمێننەوە و ئەركی بێ كرێ و بێ حەقدەستی منداڵ بەخێوكردن بگرنە ئەستۆ كە سودی بۆ دنیا و ئاخیرەتیان هەیە!! و قازانجی نیزامی سەرمایەداریشی تێدایە.

شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بەردەوام و بە چەشنێكی بێ ئەملا و ئەولا ئۆردوی بەرینی بێكارانی وەك لەشکرێكی پاشكەوتكراوی كار لەگەڵ خۆی كێش كردووه. ئەم لەشکرە بەرینە كە ژومارەی ئەندامەكانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا واوەتر لە چەند ملیۆنە و تەنانەت لە سنوری ملیاردیش تێدەپەرێ تەنیا لە كرێكارانی بێكاركراوی كارخانە و نێوەندە بەرهەمهێنەرەكان پێكنایەت، بەڵكو جەماوەری بەرینی ژنانی ماڵەوەی وڵاتانی دنیاش بەشێكی شاراوە، یان، ژێر زەمینی ئەو ئۆردووە بەردەوام ڕوو لە زیاد بوونەن‌ لە پانتایی ئیمپراتۆری سەرمایەدا. لە ماڵدا مانەوە و ماڵداری ژنان، بەردەوامی و تەنانەت پەرەگرتنی كاری ناوماڵ لە كۆمەڵگای سەرمایەداریدا كاردانەوەی ڕاستەوخۆی دژایەتی زاتی سەرمایە و میكانیسمی سروشتی ئەم شێوە لە بەرهەمهێنانە بۆ بەهرەكێشی زیاتر لە كاری سەراسەر بەخۆڕایی سەدان ملیۆن فرۆشیاری هێزی كار. ئەم لە ماڵ مانەوە و ماڵداریە لە وڵاتانی پێشكەوتوو تری سەرمایەداریدا بە پێی پێداویستیە سروشتیەكانی پڕۆسەی كەڵەكە كردنی سەرمایە و لەژێر زەخت و گوشاری بزوتنەوەی  كرێكاریدا تا ڕادەیەك كەمترە لە وڵاتانی كاپیتالیستی ئاسیایی، ئامریكای لاتین و ئافریقا. بەڵام، تەنانەت لە پێشكەوتوو ترینی ئەو وڵاتانەش لەگەڵ ڕودانی هەر قەیرانێكدا سەرمایەداری نوێنەرانی ڕاست و چەپی خۆی هەر لە محافزە كارەوە بیگرە تا دەگاتە لیبڕاڵ و سۆسیال دیموكراتی لە ناكاو دەریایەك فرمێسك بۆ مناڵان هەڵدەڕێژن! سەبارەت بە ڕوونكردنەوەی گرینگی داوێنی پڕ لە مێهری دایك بۆ مناڵ. لە بەرهەمی دەست ڕەنجی كرێكاران و زەحمەتكێشان كاردیناڵ و قەشە و ئاخوند و پسپۆری پەروەردەی كۆمەڵایەتی بەكرێ دەگرن تا بیسەلمێنن كە باوەشی دایك لە باخچەی مناڵان باشتره بۆ هەڵدان و گەشەی فكری مناڵ و كار لە دەرەوەی ماڵ زیانبەخشە بۆ دایكان .

لە لایەكی دیكەشەوە بەرەی فیمینیزمی ئیسلامی و لیبڕاڵەکان لەژێر پەردەی ڕێكخراو گەلی جۆراوجۆردا خەریكی خوڵكردنە چاوی بەرەی سوسیالیست و ڕادیكاڵی بزوتنەوەی ژنانن و دەیانەوێ بەلاڕێیدا بەرن و لەغاوی بگرنە دەست خۆیان. بەڵام گیانبازی و فیداکاری ژنان لە کوردستان ئەو ڕاستیەی سەلماندوە کە ئیتر ژن کۆیلە و دیلی نیزامی دواکەوتوی پیاوسالاری مەزهەبی و سەرمایەداری نییە و خاوەنی رۆڵێکی یەکسانە لەگەڵ هاوسەنگەرانی پیاویدا لە ڕیزی خەباتی ڕیکخراوێکی وەک و کۆمەڵە و باقی ڕێکخراوە چەپ و ڕادیکاڵ پێشکەوتن خوازەکان، و  ئەمەش ورەیەکی تایبەتی بەخشێوەتە هەڵسوراوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی ژنان لە ئاستی ناوچەکە.  سەرەڕای هەموو ئەم كەند و كۆسپانە، ئیستا ئێمە شاهیدی گەشە و بەرەو پێش چوونی بزووتنەوەی ژنان لە ئاستی ئێران و كوردستان و ناوچەكەداین و دەبینین ئەم بزوتنەوەیە شێلگیر و شەفافتر لە پێشوو پێداگری لەسەر داواكاریە ڕەواكانی دەكات، لە ناوەڕۆكدا ڕادیكاڵتر و سۆسیالیستی تر بۆتەوە.  ئەگەر چاوێک لە ئاخێز و شۆڕشێک بکەین، زیاتر بە پێشەنگایەتی ژنان، کە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە بەناوی شۆڕشی ژینا و لەژێر دروشمی سەرەکی” ژن، ژیان، ئازادی” دا سەرتاپای کۆمەڵگای ئێرانی دارگرتوە، و گاریگەری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش بووە، بە ڕوونی دەبینین کە ژنان تا چ ئاستێک جێ پێی خۆیان لە نێو کۆمەڵدا قایم و پتەو کردوە. پێشەنگایەتی ئەوان لەم شۆڕشەدا بە دنیای سەلماندوە کە ژن خاوەنی ئەو توانایی و لێهاتویییەیە کە دەکرێ چارەنووسی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای پێ بسپێردری.

خەباتی ئەم بەشە لە ژنان و پشتیوانی شێلگیری پێشڕەو ترین بەشی تێکۆشەرانی ژن لێیان بزوتنەوەی ژنانی بردۆتە فاز و ئاستێکی بەرز ترەوە و ئەم بزوتنەوەی کردوەتە خاوەنی ئاسۆیەکی گەش بۆ داهاتوی.

پێویسته بە هەست كردن بەو ڕاستیانەی‌ باسكران و لەژێر کاریگەریاندا بە گوڕوتین تر لە ساڵانی پێشوو بچین بەرەو هەرچی بەرین و بەشكۆتر بەڕێوەبردنی ساڵڕۆژی ٨ ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنەوە.

****

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-

خەڵاتی مافی مرۆڤی ئورووپا بۆ ژینا سەرکەوتنێکی دیکە بۆ شۆڕشی ژن؛ ژیان؛ ئازادی

-

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

-