هەموو جۆرێک لە کاری منداڵان لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا شتێكی ئاساییه. ئامارە نا ڕەسمیەکان باس لە بوونی زیاتر لە ٨ ملیۆن منداڵی کار له ئێران دەکەن. کار لە کارگا چکۆلە سەنعەتیەکاندا، کار لە کورەخانەکان، جوجەكهشیهكان، مەزراکان، کارگاکانی قاڵی بافی، له بهردهس تاجرانی بازاڕ، دەستفرۆشی، واکس كردن و هیتر، لە زومرەی ئەو كارانهن کە هەرکامەو بەش بەحاڵی خۆی سیمای دژی ئینسانی ئەم دیاردەیە پیشان ئەدات. ڕژیمی ئێران بە داسهپاندنی حەقدەستی چوار بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا، بە کردەوە خانهوادهكان ناچار دەکات تا بۆ دابین کردنی لانیکەمی پێداویستییهكانی ژیانیان، منداڵەکانیان ڕەوانەی بازاڕی کار بکەن. لە هەمانحاڵدا بە کردەوە ئیمکان بە خاوەن کار ئەدات تا هەرچەندێک دەتوانن منداڵان دابمەزرێنن و بە هەر ڕادەیەک ئەیانەوێ بیانچهوسێننهوه.
لە نێو ئەو کارانەدا کە بە ملیۆن منداڵ لە ئێران پێەوە خەریکن، گەڕان بەنێو زبڵدانەکاندا و جیاکردنەوەی زبڵ لە شارە گەورەکانی ئێران و لەوانە لە تاران یەکێک لە ئازاردەر ترین دیاردهكانی کاری منداڵانه. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنیری ئیلنا لە شارێکی وەک تاران رۆژانە ٩ هەزار تۆن زبڵ بەرهەمدێت. لەم نێوانەدا تەنیا ٣ لەسەد لە زبڵەکان لە جێدا جیا کراونەتەوە و مابەقی جیا کردنەوەیان لە ئەستۆی منداڵانێکە کە لە نێویاندا لە منداڵی ٦ ساڵەوە تا ١٨ ساڵە دهبینرێت. جیاکردنەوەی زبڵ لە هەر ناوچەیەک دراوەتە پەیمانکارێک کە لەگەڵ شارەداریەکانی ئەو ناوچانه قەراردادیان هەیە.
رۆژنامەی ” ئارمانێ ئێمروز” چاپی تاران بە تاریخی سێ شەممە ٤ی مانگی گوڵان ڕاپۆرتێکی دڵتهزێنی لەم بارەیەوە هەیە، ئەم رۆژنامەیە دەنوسێت: “ههر ئەوەندە کافیە، گەشتێک بەنێو خیابانەکانی پایتەخت دا بكرێت تا ژیانی ئەم منداڵانە ببینی کە چلۆن بەسەر سەتڵی زبڵەکاندا نوشتاونەتەو. ئەوە تەنیا بەشێک لە ژیانی ئەو منداڵانەیە، ئەوان ههموو ڕۆژێك له بهیانی زوو تا درهنگانێك زبڵ جیا دەکەنەوە و دوایش شهوانه له لە شەقامەکاندا خەریکی کۆکردنەوەی زبڵ دهبن. ئەو منداڵانەی كه بەنێو زبڵدانەکاندا دەگەڕێن بە شێوەی مام ناوەند ٦٠ کیلۆگرەم زبڵ کۆدەکەنەوە و زۆربەیان لە کارگاکانی جیاکردنەوەی زبڵدا شوێنی خەوتنیان هەیە و هەر لەوێدا دەژین. ئهم كارگایانه، خاوەنی هیچ ئیمکاناتێکی بێهداشتی نین، لهوێ زۆرجار منداڵان لەبەردهم مەترسی هەموو جۆرە سوئیستیفادەیەکی جنسیشدان و خراپترین جۆری ژیان له تهمهنی منداڵیدا ئەزمون دەکەن. ئەم گاراژانه کۆمەڵێک کەپری بەبێ سەرویسی بێهداشتین و منداڵانێک کە زبڵ كۆدهكهنهوه له شوێنێكی پڕ له جڕوجانهوردا دهژین.
هەواڵنیری ئیلناش لە ڕاپۆرتێکدا کە دوێنێ لە سایتە هەواڵیەکاندا بڵاو بۆتەوە، لەگەڵ یەکیک لەم منداڵانە وتوویژی کردوە کە بیستنی ویژدانی هەموو ئینسانێکی شەریف ئازاد ئەدات: “عەزیز کە تەنیا ١٢ ساڵیەتی، یەکێک لەو منداڵەیە کە خەریکی کاری کۆکردنەوە و جیا کردنەوەی زبڵە. ئهم ههواڵنێرییه دهڵێ ئەوم کاتژمێر ١٠ شەو لە خیابانی بەهەشتی بینی، مانگێکە کە خەریکی کۆکردنەوەی زبڵە و جیایان دەکاتەوە و شەوانە لە گاراژی قاسم ئاوادا لە کەپرێکدا بەبێ هیچ جۆرە ئیمکاناتێکی بێهداشتی بەسەر دەبات. عەزیز سەبارەت بە بارودۆخی کارەکەی دەڵێ: کاتژمێر ١٠ لەخەو هەڵدەستم و لە کاتژمێر ١١ی بەیانیەوە تا ١٢ شەو بەدوای باردا دەگەڕێین. ١٢ی شەو ماشێن دەمانهێنێتەوە بۆ گاراژ، تا کاتژمێر ٦ی بەیانی دەبێ بەخەبەر بین و بارەکان خاوێن بکەینەوە. تەنیا ٦ تا ١٠ی بەیانی دەتوانین بخەوین دوایی نەهار دەخۆین و سەرلەنوێ دەچینەوە بۆ دۆزینەوەی بار. ئەم کوڕە ١٢ ساڵانە کە هیچ بەشێکی لە ژیانی وەک ژیانی منداڵانی ئاسایی ناچێ، رۆژانە نزیک بە ١٩ کاتژمێر کار دەکات و مانگانە ٣٠٠ تا ٤٠٠ هەزار تمەن حەقدەست وەردەگرێت، لە دەرس و خوێندن و یاری کردن خەبەریک نییە و ژیانی لەنێو زبڵەکاندا کۆرت بۆتەوە.”
ڕۆژنامهی ئیعتیماد لە ڕاپۆرتێک لەم بارەیەوە دەنووسێ: “ماوەیەک لەوە پێش یەکێک لەو کامیۆنانەی کە منداڵانی زبڵ جیاکەرەوەی لە تارانە هێنابوو بۆ کارێژ وەرگەڕا، سەرجەم مندالەکان سەدەمەیان بینی، پشت و دەست و پێیان شکا و ئێستا لەنێو گاراژهكاندا لە جێدا کەوتون، منداڵەکان هیچ بەڵگەیەکی پیناسیان پێ نییە، ئەگەریش یەکێک لە مندالەکان لە تەسادوفێکدا بکوژرێت، هیچ کەس نازانێت، تەنیا بۆ ماوەیەک هەموان سەبارەت بە منداڵێکی ون بوو قسە دەکەن و دواتر هەموو شتێکیان لەبیر دەچێتەوە”.
لەم بازاڕهدا كه قازانج پهرهستی قسهی تا ئاخر دهكات هیچ شتێک بەنرختر لە کرێکاری هەرزان نییە کە لە دژوار ترین بارودۆخدا کار دەکەن و نازانن یان ناتوانن لە هیچکوێ سكاڵا بكهن و كهسیش فریایان ناكهوێ. ئەو منداڵانەی کە بژیوی بنەمالەکەیان بە کاری ئەوانەوە گرێدراوە، لەترسی بێکار بوون دەنگیان دەرنایەت و بەم هۆیەشەوەیە کە پەیمانکاران پێیان باشە بە هەر نرخێک بووە منداڵانی زبڵ کۆکەرەوە وەک کرێکار بپارێزن. بەم جۆرە شارەداری نە تەنیا بۆ کۆکردنەوەی ئەم زبڵانە لە گیرفانی خەڵک خەرج دەکات، بەڵکوو ئیمکان ئەدات بە تۆڕی مافیایی کۆکردنەوەی زبڵەکان بە بێگاری کردن بە منداڵان، سودی کەڵان دەستەبەر بکەن.
لە كۆمهڵگهیهكدا کە زۆربەی خەڵکەکەی لەژیر هێڵی هەژاریدا دەژین و لە هەر ٣ کەسی ئامادەی کار کەسێک بێکاره، دیاره دەبێ منداڵانی کرێکاران و باقی توێژی هەژاری کۆمەڵگە بێبەش لە سەرەتایی ترین ئیمکانات، ئاوا بێ بهزهییانه دونیای ئارهزوهكانیان له ژێر پێی قازانج پهرهستیدا پاماڵ بكرێ.
ئەوە گۆشەیەک لە سیمای ژیان لە وڵاتێک دایە کە لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سروشتی دانیشتووه. لە وڵاتێکدا کە تێیدا بە ملیۆن ئینسانی کرێکار، رۆژانە سهروهت و نێعمەت بەرهەم دێنن و خۆیان لە حاسڵی کارەکەیان بێگانەن، لە وەها وڵاتێکدا بە سەدان هەزار لە منداڵان ناچارن نانی رۆژانەی بنەمالەکانیان لە جیاکردنەوەی زبڵ و زبڵدانەکاندا دابین بکەن. بەڵام ئەوەی کە ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا روو ئەدات چارەنووسیکی چار هەڵنەگر نییە بۆ ئەو منداڵانە. ئەم بارودۆخە دەکرێت و دەبێ بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە و ڕزگار کردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە وەها چارەنووسێک هیچ ڕێگایەک بێجگە لە دەست دانە دەستی یەکتر و خەبات کردن لەدژی ڕژیمێک و مۆناسباتێك کە منداڵانی بێتاوان بەم شێوەیە بیڕەحمانە لە مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانیان بێبەش دەکات، نییە.