دوای روخانی ڕژیمی دیکتاتۆڕی سەدام حسێن لە عێڕاق ئێستا ١٥ ساڵە کە مناسبەت و بۆنەی ئەربەعین یان چلەی کوژرانی ئیمامی سێهەمی شیعەکان لە کەربەلا بۆتە مەیدانی قودرەتنمایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەمساڵیش ناوەندە جۆراوجۆرەکانی سەربە بەیتی ڕێبەری و بەسیج و سپای پاسداران لە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا تەبلیغاتیەکانی حکومەت، هەموو تواناییەکانیان بۆ بەسیج کردنی هەرچی زیاتری خەڵک بۆ بەشداری کردن لە ڕێپێوانی ئەربەعین و ئەم نمایشە سیاسیە خستە کار.
پێکهێنانی ستادێک بەناوی ستادی ئەربەعین و تەرخانکردنی دەیان ملیۆن دۆلار بودجە بۆی و دروستکردنی شوێنی حەوانەوە و خواردنی بە خۆڕایی لە مەسیری ڕێپێواندا و بڵاو کردنەوەی ئاو و خواردنەوە و خۆراکی بە خۆڕایی لە نێویاندا، ئەویش لە بارودۆخێکدا کە ئاستی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری ژیانی توێژی هەژاری لە کۆمەڵگادا گەیاندۆتە ئاستێکی تەحەمول نەکراو، سەرجەمی ئەمانە قەرارە لە خزمەت ئامانجی نێوخۆیی و ناوچەیی کۆماری ئیسلامیدا بن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕاستای ئەم ئامانجەیدا و لەسەر بەستێنی توند بوونەوەی قەیرانی سیاسی و جەنگی لە خاوەرمیانەدا لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا هەوڵی داوە تا بە پەرەدان بە تەفرەقەی مەزهەبی و بە پشت بەستن بە شیعەگەری لە وڵاتانی جۆراو جۆردا و پشتیوانی هەمە لایەنە لێیان، پێگەی خۆی لە کێشە ناوچەییەکاندا بەهێز بکات. لە ڕەچاو کردنی ئەم ستراتیژیەدا، لوبنان، سوریە، یەمەن، عێڕاق و ئەفغانستان بە بیانوی جۆراو جۆر بونەتە شوێنی تەڕاتێنی سپای قودسی سپای پاسدارانی ڕژیم. لەم نێوانەدا عێڕاق بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ئاڵوگۆڕانەی تێیپەڕاندوە و زۆری شیعەکان تێیدا بۆ ڕژیم خاوەنی گرنگیەکی ئیستراتیژیکە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر ئەو جۆرەی کە لە شکڵدان بە سازمانی سیاسی –نیزامی حیزبۆڵڵادا لە لوبنان لە ساڵی ١٩٨٠ بە ئامانجی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ نفوزی رۆژئاوا و دامەزراندنی حکومەتێکی ئیسلامی لەو وڵاتەدا دورێکی یەکلا کەرەوەی گێڕاوە، لە عێڕاقیش بە دامەزراندن و پشتیوانی لە گروپە سیاسی- نیزامیە شیعە عێڕاقیەکانی وەک مەجلیسی ئەعلای ئیسلامی عێڕاق یان سپای بەدر، هەوڵیدا تا ئیمکانات و پێداویستیەکانی دخاڵەتی دواتری خۆی لەم وڵاتەدا فەراهەم بکات، لەشکرکێشی ئەمریکا بۆسەر عێڕاق و روخاندنی سەدام حسێن و باڵادەست بوونی شیعەکان لە حکومەتدا، ڕژیمی ئیسلامی ئێرانی خستە مەوقعیەتێکی باشترەوە بۆ بەدوادا چوونی نەخشە و پیلانەکانی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی دخاڵەتگەریەکانیدا لە عێڕاق بە ڕێکخستنی میلیشیای نیزامی حەشدی شەعبی حوزوری نیزامی خۆیشی دابین کرد. حەشدی شەعبی بە بوون بە پیادە نیزامی عەمەلیاتی ئاسمانی ئەمریکا لە شەڕی وەرگرتنەوەی شاری موسڵ لە داعش و دواتر بە گێڕانی دەورێک لە لەشکرکێشی بۆسەر کوردستان لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٧دا پێگەی خۆی لە ساختاری دەسەڵاتی سیاسی لە عێڕاقدا بەهێز کرد. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەروەها لەژێر هیدایەتی سپای قودسی سپای پاسداراندا و بە یارمەتی کەسانی سەر بە خۆی سەرمایە گوزاریەکی کەڵانی لە نەجەف، کەربەلا، سامڕا و کازمین کردوە و بە سەدان ئوتێل، ناوەندی بازرگانی و دەستە و دایەرەی مەزهەبی لە شارە مەزهەبیەکانی عێڕاقدا خستۆتە ڕێ.
بەڵام سەرەڕای هەمو ئەم هەوڵانە لەژێر کاریگەری ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکاندا و ڕەوتی روو لە پەرەگرتنی مانگرتنی کرێکاری و ناڕهزایهتیی جەماوەری لە ئێران، زەنگی مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامی لە عێڕاقیش لێدراوە. تەنانەت لەنێو مەرجەعیەتی مەزهەبی لە حەوزەی نەجەف دژایەتی لەگەڵ سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی و دخاڵەتگەریە سیاسی و نیزامیەکانی لە عێڕاق زیاتر بووە. لەنێو ئەحزاب و هێزە سیاسیەکانی شیعەشدا جەخت لەسەر هۆویەتی عێڕاقی و ناسیۆنالیستی زیاتر لە ڕابردوو دەگاتە بەر گوێ. نەفرەت و بێزاری گشتی لە دخاڵەتگەریەکانی کۆماری ئیسلامی لەنێو جەماوەری ئازارچەشتوی خەڵکی عێراقدا زیاتر لەهەر کاتێکی تر پەرەی سەندوە. نزیکەی ٢ مانگ لەوە پێش بوو کە خۆپیشاندەرانی توڕە لە بەسرە بە دانی دروشم لەدژی دخاڵەت گەریەکانی کۆماری ئیسلامی کۆنسولگەری ڕژیمیان دایەبەر هێرش و ئاگریان تێبەردا. بەر لەویش چەند جار دەفتەری ئەحزابی سەربە ڕژیمی ئیسلامی دراوەتە بەر هێرش. لەم ئاڵوگۆڕانەدا لە عێڕاق و شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دژبە دخاڵەت گەریەکانی کۆماری ئیسلامی خۆی کۆسپێکی گەورەیە بۆ ڕژیم کە لەسەر تەفرەقەی مەزهەبی و هێزی شیعە بۆ بەدواداچونی نەخشە و پیلانە ستراتیژیکەکانی لە ناوچەکەدا زۆری حیساب کردوە. لەم روەوە یەکێک لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە سازماندانی ڕێپێوانی ئەربەعین و ئەو هەزینەیەی کە سەرفی کردوە نۆژەن کردنەوە و داپۆشینی پێگەی لاوازیەتی لە عێڕاق.
یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ڕژیم ئەوەیە کە لە بەرانبەر مەراسمی حەجدا کە لەژێر کۆنترۆڵی عەرەبستانی سعودی ڕەقیبە ناوچەییەکەی دایە، مەراسمی ئەربەعین وەک هێمای بە هێز بوونی شیعە و نیشانەی تواناییەکانی خۆی لە “دنیای ئیسلام”دا بناسێنێ. کۆماری ئیسلامی لەم ڕاستایەدا و بۆ بەدواداچونی ئامانجە ناوچەییەکانی هەوڵ ئەدات تا لە ڕێگای سپای قودس و نفوزێکەوە کە بەسەر حەشدی شەعبیدا هەیەتی، ئیبتیکاری عەمەلی کۆنترۆڵی مەراسمی ئەربەعین بگرێتە دەست و لەم مەوقعیەتە لە ڕاستای ئامانجە سیاسی و نیزامیەکانیدا کەڵک لە عێڕاق و لە ناوچەکە وەربگرێت و لەو وەک پاڵپشتێک بۆ درێژەی چالاکیە نیزامی و سیاسیەکانی گروپە شیعەکانی سەربە خۆی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا کەڵک وەربگرێت.
بەڵام ڕەنگە گرنترین ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخستنی ڕێپیوانی ئەربەعین و هەراهوریای بێ وێنە سەبارەت بەو، سەر وتار نووسی رۆژنامەی کەیهان رۆژی یەکشەممە ٦ی مانگی خەزەڵوەر رۆژێک پێش تر ئاماژەی بەم مەڕاسمە کردوە. نووسەری ئەو وتارەی رۆژ لەژێر ناونیشانی”قەرارگای پیادەگانی پۆڵاین” حەرەکەتی ئەربەعینی بە ڕێپێوانی عەواملی ڕژیم لە ٩ی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩دا بەراورد کردوە و نووسیویەتی: “بێ هۆ نەبوو کە میللەتی عاشوڕایی ئێمە بەخێرایی دوای جەنایەتی فیتنە گەران لە عاشوڕای ساڵی ٨٨ دا و بێ ڕیزی کردن بە ساحەتی حەزرەتی سەید و شوهەدا، لە حەماسەی گەورەی ٩ی بەفرانباردا، باسیان لە سەرانی فیتنە کرد و هاواریان کرد “نەعلەت لە دوژمنانی حسێن”. ئەم لەعنەت کردنە، جەوهەرەی هەمان لەبەیک یا حسێنە. ئەو خەیانەت و جەنایەتە گەورەیە شاملی گوزەری زەمان نابێت؛ لەبەر ئەوەی فیتنە مەترسی هێڵی سوری ئیلاهیە.”
بەم جۆرە ڕێپێوانی ئەربەعین لە هەمانحاڵدا دەتوانێ کاردانەوەیەک بێت لە بەرانبەر دواهاتەکانی ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار ١٣٩٦ کە لەو ماوەیەدا جەماوەری ئازا چەشتوو و توڕە لە بارودۆخی زاڵ بەسەر وڵاتدا بەدانی دروشمی” ئیسلاح تەڵەب ئوسولگەرا ئیتر تەواوە ماجەرا”، و” مەرگ بۆ دیکتاتۆڕ”، “مەرگ بۆ خامنەیی” لە هێڵە سورەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێپەڕین و لە ئاستێکی جەماوەریدا نا ڕەوا بوونی کۆماری ئیسلامیان بە دنیا ناساند.