کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاسەوارە وێرانگەرەکانی سیاسەتی نیئۆلیبڕاڵی لە ئێران

نزیکەی ٤ ساڵ و نیو لەوەپێش حەسەن ڕووحانی لە حاڵێکدا چووە سەر کورسی سەرۆک کۆماریی ڕژیمی ئیسلامیی کە خەڵک لە ئاسەوار و دواهاتەکانی قەیرانی ئابووری، تەوەڕوم و گرانی، بێکاری بەرین، دابەزینی ئەرزشی ڕیاڵ، گەندەڵی ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر و هەژاری و فەلاکەتێک کە تەحریمە ئابوورییەکانیان بە هۆکاری توند بوونەوەی ئەزانی گەلێک توڕەبوون. خەڵک دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد، سپای پاسداران و ڕەوتی ئوسول گەرای پەیڕەوی بەیتی ڕێبەرییان بە هێمای سیاسەتە هێرشکارانەکان لە بەرانبەر ڕۆژئاوادا بە هۆکاری سەرەکی درێژەی بارودۆخی پێکهاتوو و توند بوونەوەی تەحریمە ئابوورییەکان دەزانی. حەسەن ڕووحانی لەو کاتەدا لە کەمپەینی تەبلیغاتی خۆیدا بە ڕەخنە گرتن لە سیاسەتی ئەتۆمی، جەختی لەسەر سیاسەتی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی گەمارۆکان، درێژەدان بە خوسوسی سازییەکان، ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی و گەشەی ئابووری لە ڕێگای سیاسەتی ئاشتی خوازانە و متمانە درووست کردن لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا، دەکردەوە. لەو کاتەدا ئەو وتەیەی ڕووحانی کە:” زۆر باشە با سانتریفیۆژە ئەتۆمییەکان بگەڕێن بە مەرجێک کە وڵات و ژیانی خەڵکیش هەڵسوڕێن”، لە ڕاستیدا قسەی دڵی ئەو دەنگدەرانە بوو کە لە ماجەراجویی و درێژەی سیاسەتە ئەتۆمییەکانی ڕژیم وەگیان هاتبوون. ڕووحانی فریوکارانە هەوڵیدا تا بە تارەتدانی سیاسەتە ئابووریە نیئۆلیبڕاڵییەکان، شێوازی بەرەوپێش بردنی وتووێژە ئەتۆمییەکان و تەحریمە ئابوورییەکان و خراپ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی بە هۆکاری سەرەکی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری خەڵک بناسێنێ. لەو کاتەدا ڕووحانی بە گەرموگوڕیەوە وەعدەی دا ” وەها کرانەوەیەکی ئابووری لە وڵاتدا درووست دەکەم کە ئەسڵەن خەڵک پێویستیان بەم ٤٥ هەزار تمەنە یارانەیە نەبێت.” بەڵام لەمڕۆدا دوای ٤ ساڵ و نێو، نە تەنیا سانتیفیوژە ئەتۆمییەکان لە گەڕدا نییە و ناخی ڕاکتۆڕەکانی بەرهەمهێنەری ئاوی قورسی ئەراک بێتۆن ڕێژی کراوە، بەڵکوو ئاستی بێکاری و هەژاری ئابووری چەرخی ژیانی خەڵکیشی زیاتر لە هەموو کاتێکیتر سست کردووە. ئێستا ئاستی تەوەڕوم ، هەژاری و بێکاری قەیرانی ژینگەیی و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان گەیشتۆتە جێگایەک کە نووسین لە بارەیانەوە بۆتە بابەتی ڕۆژانەی ڕۆژنامە حکومەتییەکان.

لە ” یاد داشتی ڕۆژی” ڕۆژنامەی کەیهان دا بە تاریخی چوارشەممە ١٠ ی مانگی خەزەڵوەر وێڕای وەبیر هێنانەوەی ئەو وەعدانەی ڕووحانی دابوونی هاتووە، ” ئێستا دەوڵەت بەبێ ئەوەیکە ئەو گشتە وەعدەیەی وەبیر بێتەوە، تەنیا کارخانەی بە بەرەوی وڵاتی وەکار خستووە و بەردەوام لە حاڵی بەرهەمهێنانی ئامار دایە. ئاماری ڕەخساندنی هەڵی کار موسبەت، ئاماری ڕەونەق و گەشە کردنی موسبەت، ئاماری هەناردە کردنی موسبەت، ئاماری تەوەڕومی لەخوارەوە و خۆلاسە هەموو شتێک لەسەر کاغەز گوڵ و بولبول دەکات. لەوانەی کە هەموو گرفتەکانیان بە دەستکەوت! لێکداوەتەوە و هەموو ناهەنجاریەکانیان وەک هەنجار پیشان ئەدا خەبەرێک نییە! هەرئەڵێی قەت لەم دنیایەدا نەبوون و قسەیەکیان نەکردووە کە بیانەوێ بەرپرسیاریەتەکەی قەبوڵ بکەن و کەمێک شەرم کردن لە خەڵک دایانبگرێت. ئێستا ئەگەر دۆلار لە سنوری ٤ هەزار تەمەنیش ترازاوە گرنگ نییە! هێشتا دەبێ بەسەری دەوڵەتی پێشوودا بکوتی کە لەو دەورەیەشدا دۆلار گران ببوو! ئەگەر ئیشتیغاڵ گەیشتۆتە جێگایەک کە لە لانیکەمە پێشبینی کراوەکانیش لە دواترە، گرنگ نییە! دەکرێت بە فۆتۆشاپ جەدوەل ونمودارەکەی دروست بکرێت!” ڕۆژنامەی “شەهروەندیش” لە سەروتاری ١٠ ی مانگی خەزەڵوەریدا بە وێنە و هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی ئاماژەی کردووە کە ” چلۆن بە سەدان هەزار منداڵ و تازەلاوی ئەم وڵاتە لە خزمەتگوزاری و ئاموزش یان بێبەشن یان دەبێ لە کەپرەکان و لەسەر زەوی و خۆڵ وخاک ئاموزش بدرێن و بارودۆخی ئیشتیغاڵ، مەسکەن، بێهداشت و خۆراکیشیان دەکرێ لەم بارودۆخەدا هەست پێبکرێت کە بە چ شێوەیەکە”. ڕۆژنامەی جیهانی سەنعەت لە ڕاپۆرتی سەرەکی ١٠ ی مانگی خەزەڵوەریدا نووسیویەتی:” ڕێژەی چڕی تەپوتۆز لە هێندێک لە شارستانەکانی خوزستان و ناوچە ڕۆژئاواییەکانی ئێران بە ڕادەیەک زیادی کردووە کە لە ئابادان گەیشتۆتە زیاتر لە ٣٠ بەرابەری ئاستی ئاسایی. لەم پێوەندەدا ژمارەیەک لە قوتابخانە و ناوەندە ئاموزشییەکان لە خوزستان، ئیلام و کوردستانیش دوێنێ داخران.”

ئەمانە تەنیا کۆشەیەک لەو بابەتانەی ڕۆژنامەکانی چاپی تاران بوون لە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ مانگی خەزەڵوەردا و بە هیچ شێوەیەک ئاستی ڕاستەقینەی بێکاری، هەژاری و ئەو بێ مافیانەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەسەر بنەماڵە کرێکاریەکان و زۆربەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە دەرناخەن. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئاستی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بارودۆخێکی خراپ کە داوێنگیری زۆربەی خەڵکی ئێران بووە، تەنیا بە خراپی بەڕێوەبردن، درێژە تەحریمەکان و یان کارشکێنی ئەم یان ئەو باڵی حکومەتی تەوزیح نادرێت. ئەو موسیبەتانەی کە ئەمڕۆ بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاوە ڕیشەی لە نیزامی سەرمایەداری حاکم دایە کە سیاسەتە نیئۆلیبڕالیستیەکانی دەوڵەتی ڕووحانی دەمامکی لە روخساری دزیوی هەڵماڵێوە. درێژەی ئەو خوسوسی سازیانەی کە بێکار سازی بەرینی کرێکارانی بەشوێنەوە بووە، ڕەواجی ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتری قەراردادە کارییە کورت ماوەکان و ” سپی ئیمزا”، بە یاسایی کردنی حەقدەستی سێ تا چوار جار لەخوار هێڵی هەژارییەوە، گۆڕینی قانونی کار لە بواری بەرژەوەندی پیشەسازی و خاوەنکاراندا دەستی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی زیاتر کردۆتەوە کە زیاتر بوونی چەوساندنەوەی کرێکارانی گەیاندۆتە ئەوپەڕی خۆی. ڕزگار کردنی شێرکەتەکانی کەرتی تایبەت لە قەید و بەند و مەحدودیەتی یاسایی بۆتە هۆی ئەوەی کە خاوەنکاران تا ئەو جێگایەی کە ئیمکانی هەیە ئاستی حەقدەستەکان بێننە خوارەوە و ماوەی زەمەنی کاری ڕۆژانە درێژتر بکەنەوە و تەنانەت حەقدەستی کرێکاران لە کاتی خۆیدا نەدەن. لەو بەشە لە شیرکەتەکانی بەرهەمهێناندا کە وەک مڵکی سپا و دەوڵەتن و لە کۆنترۆڵی ئەواندان، ئینزیبات و یاسا و ڕێسا و قانونی پادگانی زاڵە و هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەکی هەرچەند تاکە کەسیش سەبارەت بەم بارودۆخە بە دەرکردن و سەرکوتی توند وڵام ئەدرێتەوە. لەژێر کاریگەریی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکاندا بەردەوام بە ژمارەی ئەو بێکارانەوە کە زۆربەیان لاوانی ئامدەی کارن و هیوایەکیان بە دۆزینەوەی کار نییە، زیاد دەبێت. لە باقی ئاسەوارەکانی سیاسەتە نیئۆلیبڕالیستییەکان، بڕینی سوبسیدەکان و بڕینی هەزینە گشتییەکانە بۆ خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکانی وەک ئاموزش و پەروەرش، ئاموزشی باڵا، بێهداشت، دەرمان، مەسکەن، گواستنەوە و گەیاندنی گشتی و هیتر و وەرگرتنی هەزینەی ئەم کالایانەی خزمەتگوزاری بە شیوەی ڕاستەخۆ لە ئه‌ستۆ خەڵکە. لەژێر ئەم بارودۆخەدا پەرەسەندنی کاری منداڵان، زیاد بوونی ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر، زیاد بوونی لەشفرۆشی و گەلێک لە خەسارە کۆمەڵایەتییە پڕ ئێش و ئازارەکانی تر، بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژی هەژاری کۆمەڵگا لە چنگی خۆیدا گوشار ئەدات.

لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا، ڕەوتی ڕوو لە پەرەگرتنی ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی کرێکاران بە تایبەت لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێناندا، ناڕەزایەتی سەرتاسەری موعەلیمان و خانەنشین کراوەکان نیشانی ئەدات کە سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵییەکان، سەرکوتگەری و بەدوادا چوونەکان و گرتن و زیندانی کردنی هەموو ڕۆژی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری نە تەنیا چینی کرێکاری ئێرانی چاوترسێن نەکردوە، بەڵکوو هیوا بە گۆڕانی لە ناخی بزوتنەوەی کرێکاریدا گەشاەوەتر کردووە. ئەم خەبات و تێکۆشانانە لە هەمان حاڵدا کە ئەهرومێکی یەکلاکەرەوەن بۆ دەستەبەر بوونی ویست و داخوازیەکانی هەنوکەیی بزوتنەوەی کرێکاری، بەستێنی سەرەکی گەشەی ئاگاهی چینایەتی و سازمانیابی کرێکارانن بۆ نواندنی دەورو نەخش لە بەرەوڕوو بوونەوە چارەنووس سازەکانی داهاتودا. درێژەی بێ وەستانی خەباتی کرێکاران ئەو میکانیزمەیە کە رۆحیەی خەباتکارانە پەرە پێئەدات، باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە دەور ونەخشی چینی کرێکار ئاگادار دەکاتەوە و ئاسۆی ڕوونی شۆڕش و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-