کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئابووری مقاومەتی بە چاشنی موشەکەوە”، خواردنەوەی جامە ژەهرێک کە لە ڕێدایە

 

رۆژی یەکشەممە ٢٢ ی خاکەلێوە خامەنەیی لە دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرماندە پلە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان، باسی لە پێویستی بەرز کردنەوەی توانای عەمەلیاتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کرد.
بەشوێن جەخت کردنەوەکانی خامنەیی لە هەمان رۆژدا کولیاتی لایەحەی بوجەی ساڵی ١٣٩٥ لە لایەن مەجلیسەوە پەسند کرا. بەپێی ناوەرۆکی ئەم لایەحەیە بە ڕێژەی ١٥ لەسەد بوجەی نیزامی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردو زیادی کردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە پێی ئەو ئامارە ڕەسمیانەی بڵاو کراونەتەوە زیاتر لە ٤٠ لەسەد لە جەمعیەتی ئێران لەژێر هێڵی هژاریدا دەژین. بوجەی بێهداشت و دەرمان و ئاموزش و پەروەرش کەمتر بۆتەوە.

کاتێک کە خامنەیی لە لوتکەی تەحریمە ئابووریەکاندا لە دژی بەرنامەی هەستەیی کۆماری ئیسلامی باسی لە ” ئابووری مقاومەتی” دەکرد، گەلێک لە کارناسان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە ئێرانیش وەک کورەی شومالی، دەبێتە وڵاتێک کە بە دەوری خۆیدا دیواری کێشاوە و تەنیا بەشوێن بەرنامەی موشەکی و ئەتۆمیەوە دەبێت. بەڵام کۆماری ئیسلامی نەیتوانی ئەم بارودۆخە درێژە پێبدات. هێشتا چەند ساڵیک بەسەر ئیدیعای ” ئابووری مقاوەمەتیدا” تێنەپەڕیبوو کە تەحریمەکان بە چەشنیک پشتی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانیان شکاند کە “ڕەهبەر نەرمشی قارەمانانەی” لە درێژەدان بە بەرنامەی ئەتۆمی بە باشتر زانی. ئێستا کە پاشەکشەی ئەتۆمی یان هەمان بەرجام گەیشتۆتە ئاستی بە کردەوە دەرهاتن، رێبەر دیسان فیلەکەی یادی هێندستانی کردوە و ساڵی ٩٥ ی وەک ساڵی ” ئابووری مقاومەتی، کردەوە و عەمەل” دیاری کردوە و هاوکات بوجەی نیزامیشی بە ڕادەیەکی بەرچاو زیاد کردوە. دەوڵەتی رۆحانیش وەک بەریوەبەری فەرمانەکانی خامنەیی لەم بارەیەوە دەڵێ:” لەمساڵدا لە چوارچێوەی هیدایەت و پشتیوانی رێبەردا دەجوڵێتەوە.691
بەڵام ئەگەر دەوڵەتی ڕۆحانی ئەسڵی ئابووری مقاومەتی قەبوڵ دەکات واتاکەی ئەوەیە کە دەوڵەت بەڕواڵەت رێگایەکی تری نییە بێجگە لە پشت بەستن بە سەرچاوەی ماڵی نێوخۆ، لەوانە وەرگرتنی ماڵیات و داهاتی نەوت. بوجەی ساڵی نوێ لەسەر بنەمای هەر بەرمیلێک نەوت ٤٠ دۆلار حیساب کراوە و نەوتی ئێرانیش بە کردەوە بە بەرمیلی کەمتر لە ٣٠ دۆلار دفرۆشرێت. سەبارەت بە ماڵیاتیش ئایا وەلی فەقیە ئامادەیە دامەزراوە و بونیادە گەورە ئابووریەکانی وەک ئۆستانی قودسی ڕەزەوی، بونیادە وردو درشتەکانی ژێر چاودێری خۆی کە تمەنێک ماڵیات بە دەوڵەت نادەن بە شێوەی یاسایی ناچار بە دانی ماڵیات بکات تا دەوڵەت بتوانێ ئابووری مقاومەتی بەرەو پێش بەرێت؟ ئایا خامنەیی و سپای پاسداران ئامادەن کۆنترۆڵی شەبەکە بەرینە ئابووریەکانی ژیر کۆنترۆڵیان بدەنە دەست دەوڵەت، تا دوڵەت بتوانێ” لە ڕاستای هیدایەت و پشتیوانی ڕێبەردا حەرەکەت بکات؟” دیارە وڵامەکەی مەنفیە. ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی و رۆحانی، هەردوکیان هەم بوجەی کاروباری نیزامی و ئەمنەیەتی لە نێوخۆی وڵاتدا و هەم هەزینەی کەڵانی دخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندە سەرەکێەکانی قەیرانی ناوچەییدا لە گیرفانی خەڵک و لە سفرەی بێ ڕەونەقی کرێکاران دابین دەکەن. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە گەلێک لە پێش ئەرقامی ڕاگەیەندراو لە بوجەی دەوڵەتدا لە بوجەی خزمەتگوزاری گشتی دادەشکێندرێت تا بوجەی زیادکراوی نیزامی دابین بکرێت. کەوایە تەکلیفی ئەو وەعدە و بەڵێنانەی کە دەوڵەتی رۆحانی بە خەڵکی داوە چی بەسەردێت؟

ئەگەر قەبوڵی بکەین کە لەگەڵ بەرز بوونەوەی هێدی، بەڵام بەرە بەرەی ڕێژەی هناردە کردنی نەوتی ئێران لە ساڵای داهاتودا و زیاد بوونی کەمی نرخی نەوت، ئابووری ئێران گەشەی مەنفی خۆی قەرەبو بکاتەوە، کە هەڵبەت تەنانەت کارناسانی نێوخۆ سەبارەت بەمە خۆشبین نین، بێگومان بەم ڕێژەی گەشەیەوە ناکرێ هیوایەک بۆ دروست بوونی کار و پیشە و کەم بوونەوەی بێکاری هەبێت. تەنیا هیوای دەوڵەتی رۆحانی ئەوەیە کە درگاکانی ئابووری ئێران بەرووی سەرمایە دەرەکیەکاندا بکرێتەوە کە ئەویش لەگەڵ سیاسەتی ” ڕێبەر” دا سەبارەت بە زیاد بوونی بوجەی نیزامی و بەرز کردنەوەی توانایی موشەکیدا، کە رۆحانیش خۆی بە بەڕێوەبەری دەزانێ، نایەتەوە.

چاو گێڕانێک بەسەر وتەی کارناسانی خودی ڕژیمدا لەم قۆناغە کورتەدا نیشانی ئەدات کە سیاسەتی ” هەم موشەک و هەم سازش و تەعامول” بە هیچ کوێیەک ناگات. ئابووریەک کە موشەک هاوێشتن پشتیوانەکەی بێت، واتە هاتنەدەر لە چاڵی بەرنامەی ئەتۆمی و بەسەرەوە کەوتنەنێو چاڵاوی ” ئابووری مقاوەمەتیەوە”. ئابووریەک کە مافیای مەلا و نیزامیەکان ددانیان بۆ تیژ کردوە.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی پێیوایە ئێستا کە قەیرانی ئەتۆمی ناوەتە پشت سەر، گۆیا دەتوانێ بە خەیاڵی ئاسودە بوجەی نیزامی خۆی زیاد بکات و دەست بداتە هاوێشتنی موشەک. بەڵام ئەزمونی دوو جامە ژەهری شەڕ لەگەڵ عێڕاق و بەرنامەی هەستەیی دەبێ ناوبراوی بەم ئاکامە گەیاندبێت کە ” ئابووری مقاومەتی بە چاشنی موشەکەوە” ناچار بە خواردنەوەی جامێک ژەهری دیکە دەکات و جارێکی تر هەموو ئەو سەرمایە ماڵی و ئینسانیانەی کە سەرفی هاوێشتنی موشەک کراوە بە فیرۆ دەڕوات. بەڵام ئایا کۆمەڵگای ئێران بونیەی تەحەمول کردنی ئەم خۆ بە زل زانیە ماجەراجویانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێت؟ دیاردەکان دەریدەخەن کە ئەم ڕژیمە لە هەڵسەنگاندنی ڕێژەی تەحەمول و مل کەچ بوونی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێراندا، توشی هەڵەی محاسباتی بووە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-