شۆڕای سازماندەهی ناڕەزایەتی کرێکارانی پەیمانی نەوت، رۆژی ١٢ ی مانگی گوڵان ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردوە لەژێر ناونیشانی” ئاخرین هەواڵی مانگرتن چییە”. لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەبارەت بە بابەتە گرنگەکان قسە و باس کراوە. سەرەتا ئاماژە بە ژمارەیەک مەعلومولحاڵ کراوە کە لەژێر ناوی” کەمپەینی ١٤٠٢” کرێکارانی مانگرتو دەنێرن بۆلای” پەیمانکارانی بەناو، باش” کە دارودەستەی خۆیانن.
لە ڕوون کردنەوەی کرداری ئەم کەسانەدا لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە:” لەو ڕاستایەدا بە هەراو هوریا سەبارەت بە هێندێک قەرادادی فۆرماڵ کە گۆیا پەیمانکاران بارودۆخی هاوکارانی مانگرتویان قەبوڵ کردوە، هەوڵ ئەدەن تا ڕیزی مانگرتوان لاوان بکەن لە حاڵێکدا ئەم هەواڵانە ڕاست نین و تەنیا هەراوهوریایەکە و دەبێ سەبارەت بەم جۆرە شگردانە وشیار بین”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر پیلانی مەترسیدار تر و نووسراوە:” لە هەواڵەکاندا وتراوە کە ژمارەیەک لە پەیمانکاران لە پڕۆژەکانی تەوسعەیی پارسی جنوبی لە بواری نەوت دا بانگ کراون و دەستبەسەر کراون. بەپێی ئەم هەواڵە گۆیا ئەوە پەیمانکارانن کە بانگەوازی مانگرتنیان داوە و ئێستا بە پێی بەدوادا چوونێک کە لە لایەن سەربازانی گومناوی ئیمامی زەمانەوە ئاشکرا بووە بە بانگ کردن و دەستبەسەر کردن خەریکن بەری پێدەگرن”.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستکەوتون ئەو کەسانەی پەیمانکارانیان دەست بەسەر کردوە سەربە سپای پاسدارانن کە پشتیوانی بەشێکی بەهێز لە پەیمانکارانی سەربە قەرارگای خاتەم ئەنبیان. ئەم هێزە سەرکوتگەرە دەیەوێ لە مانگرتنی سەربەخۆ و ڕەوای کرێکاران سوو ئیستیفادە بکات و پەیمانکارانی سەربە رەقیبەکانی لە شیرکەتی نەوت وەدەر بنێ و خۆی بە تەواوی زاڵ بێت بەسەر( بێجگە لە ٦١ هەزار کرێکاری ڕەسمی) مابەقی ٢٠٥ هەزار کرێکاری شیرکەتی نەوتدا.
شۆڕای سازماندەهی ناڕەزایەتیەکان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەم ڕاستیە کردوە:” قەرارگای خاتەم ئەنبیا هەوڵ ئەدات تا بە وەلانانی پەیمانکاران هەموو بەساتی تاڵانچێتی لە نەوتدا خۆی بەڕێوەی بەرێت و لە بەرانبەریشدا ژمارەیەک لە پەیمانکاران هەوڵ ئەدەن خۆیان بە مانگرتنی ئێمە کرێکارانەوە بچەسپێنن تا پاشەکشە بە حەریفەکەیان بکەن.
ئێمە کرێکاران لە بەرانبەر هەردووی ئەم باندە مافیاییانەی تاڵانچێتیدا ڕادەوەستین و ئیزن نادەین کە پەیمانکارانی مشەخۆر مانگرتنەکەمان بکەنە دەست مایە بۆ خۆیان لەم کێشەیەدا. ڕاست داخوازیەکی لە مێژینەی ئێمە کرێکارانی نەوت لە ئاستی سەرتاسەریدا تێکەوە پێچرانی بەساتی پەیمانکاران بووە لە هەموو ناوەندە کرێکاریەکاندا و لەمڕۆشدا هەروا پێداگرین لەسەری.
شیاوی ئاماژەیە کە بێچگە لە کەسانی سەر بە قەرارگای خاتەم ئیسلاح خوازانی حکومەتی و ئوپوزسیۆنی ڕاستیش لە هەوڵدان تا مانگرتنی ئێستای کرێکاران بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بە لاڕیدا بەرن. هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی چالاکانی ئەسیلی کرێکاری بە وشیاری قوڵ و کارزانیەکی جێی تەحسینەوە تاکتیکەکان و کرداری نفوزیەکان و پەیمانکارانی قەرارگای خاتەم و باقی چڵکاوخۆرانیان لەقاو داوە تا پارێزگاری لە ئیسالەت و سەربەخۆیی مانگرتوان بکەن. ئەم هەڵسوڕاوانە لە یەکەم مانگرتنی گەورەی کرێکارانی نەوتیش کە لە مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ دا ڕوویدا بەشێکیان بەرەوڕووی وەها بورودۆخێک بوونەوە. ئەوان بەشێکی بەرین لە مانگرتوانیان لەنێو گەلێک لە ئاڵۆزیەکاندا بە شێوەیەک هیدایەت کرد کە کرێکاران دەستکەوتیان هەبوو. هەرچەند ژمارەیەک لە پەیمانکاران دواتر بەڵێنەکانیان شکاند.
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێستادا لە مانگرتنی کرێکارانی پڕۆژەیی و ئەرکان سالس ی نەوت لە ئارادایە. ئەم کرێکارە مانگرتوانە، کە بەردەوام بە ژمارەیانەوە زیاد دەبێت، لە پشتیوانی هەموو کرێکارانی نەوت، گاز و پیتروشیمی و بەشە پێشڕەوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بەهرەمەندن. پێویستە هەموو ژنان و پیاوانی کرێکار و جەماوەری ئازادی خواز ببنە پشتیوانی کرێکارانی مانگرتو. کرێکارانی مانگرتو لەم دەورەیەدا لەسەر دوو داخوازی هەنووکەیی پێیان داگرتوە کە بریتین لە زیاد کرانی حەقدەستی ٧٩ لەسەدی و ٢٠ ڕۆژ کار و ١٠ ڕۆژ پشوو. بەڵام هەڵسوڕاوانیان داخوازی دیکەی نەفگەرانیشیان هێناوەتەوە گۆڕێ کە بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی قەراردادی سەرجەم پەیمانکاران و کرانی قەراردادە کاتیەکان بە قەراردادی هەمیشەیی و ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزاڕەتی نەوت، دابین بوونی ئیمنی شوێنی کار، کۆتایی هێنان بە پادگانی کردنی فەزای کاریی، دابین بوونی ئیستانداردی جێی ڕەزامەندی لە شوێنی کار و ژیان و بێهداشت و هیتر.
مانگرتنی ئێستای نەفتەگەران خەباتێکە زۆر ئاڵۆز. بەڵام لەسەر ناوەرۆکی هاوسەنگی هێزی مەوجود بە قازانجی خەڵک و تێکۆشەرانی وشیار و هیدایەتگەرانی ئیمکانی سەرکەوتنی هەیە. بە سەرکەوتنی نیسبی و کامڵی ئەم مانگرتنە بزوتنەوەی عەداڵەت خوازی و خوازیاری ڕووخان ی، خەڵکی ئێران گەلێک هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە دەنێت.