2017-12-31| ۱۳۹۶-۱۰-۱۰ یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی خۆپیشاندان و ناڕازەیەتیەکانی ئەم رۆژانەی دوایی لە شارەکانی ئێران، حوزوری بەرینی ژنانە. رۆژێک بەر لە بەرپا بوونی خۆپیشاندان لە مهشههد و چهند شاری پارێزگای خۆراسان کە بەخێرایی پەرەی سەند و سەرتاسەری بوو، ڕژیم كه ئەڵێی بۆنی روودانی ئاڵوگۆڕی گهورهتر بەرلوتی کەوتبوو، دەستی دایە پاشەکشەیەکی بە پەلە و ئاشکرا، لە بەرانبەر ژناندا، تا بەڵکو بەر بە روودانی ئەوەی کە پێش بینیان کردبوو بگرن، بەڵام ئەم پاشەکشەیە تائێستا فریای ڕژیمی نەكهوت و زیاتر باهۆزەکە هەڵیکردبێ.
رۆژی چوار شەممە ٦ مانگی بەفرانبار حسێن ڕەحیمی فەرماندەی هێزی ئینتیزامی تاران لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ” جێژنوارەی تاران “شاری ئەمن” وێڕای تاریف کردنی پوچ و بێ ناوەرۆک لە ئاستی بەرزی ئەمنیەتی تاران کە گۆیا بە بەراورد لەگەڵ پێتەختی وڵاتانی ئوروپاییش لە بارودۆخێکی باشتر دایە، وتی :” لەمە بەدواوە ژنان بە هۆی بەد حیجابی ناگیرێن و لەدژیان پەروەندەش پێکنایەت. بەڵکو بۆ کەسانی بەد حیجاب کلاسی ئاموزشی لەبەرچاو گیراوە تا هەڵسوکەوتیان ئیسلاح بکرێت. “ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە لەسەر بنەمای ئەفکاری کۆنەپەرستانە و دژی ژن هەوڵیداوە تا ژنان وەک ڕەگەزی ژێر دەستە و ئامرازی بەهرە کێشی جنسی پیاوان، لە ناوەرۆکی ئینسانی و مافه سهرهتاییهكانی خۆیان بێبهشیان بکات و بیانترنجێنێتە کۆشەی ماڵەوە. کەسانی سەر بە ڕژیم بە دەستوری خومەینی و باقی ڕێبەران و کاربەدەستانی كۆنهپهرهستی ڕژیم بە دروشمی ” یان رووسەری یان توسەری” هێرشیان دەکردە سهر ژنان و ئەوانیان بە دزێو ترین لەحن ئازار و ئەزیەت ئەدا. لەو کاتەوە تا ئێستاش بە فەتواکانی مەڕاجعی تەقلیدی وشک مێشكی مەزهەبی و پەسند کردنی یاسای دژی ژن، هەڵاواردنی ڕەگەزی لە دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکان لە مەجلیسی شورای ئیسلامیدا، ژنان و کچانیان لە خوێندن لە زۆرێک لە ڕشتەکان و لە گەلێک ئیمکاناتی کۆمەڵایەتی بێبەش کردوە. بەردەوام ژنانی ناڕازی و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی رزگاری ژنانیان گرتوە و زیندانی کردوە. کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بە پەسند کردنی تەرحە کۆنەپەرستانەکانی وەک ” ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر”، ” عیفاف و حجاب”، ” پشتیوانی لە ئامرانی بە مەعروف و ناهایان لە مونکەر” و هیتر، گۆپاڵ بەدەستانی پاسدار و بەسیج و حیزبۆڵاهی لهشهقام و كۆڵانی شارهكان دەخاتە گیانی ژنان. تێزاب دەکات بە دەموچاویاندا و تەنانەت دەیان کوژێت. هەر ئەم حەفتەی پێشو بوو کە ئیمام جومعەی کۆنەپەرستی ئیسفەهان ئەمجار ڕایگهیاند كه حیزبۆڵاییهكان بۆ دیفاع لە بنەماکانی ئیسلامی لە ئەسیدی تراو بۆ پڕژاندنی بە دەموچاوی ژنانی بەد حیجابدا کەڵک وەربگرن.
بەڵام ماوەیەک لەوەپێش باقر ئولفەت جێگری قوەی قەزاییە ئیعتیڕافی بەم شکستەی سیاسەت و هەوڵەکانی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ ژناندا کرد و وتی:” بە پێچەوانەی ئەوەی بەرپرسان سەبارەت بە بەدحیجابی و ناهەنجاری ئەخلاقی دەیڵێن، تەرحی تەوسعەی فەرهەنگی عیفاف و حیجاب کە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٢ دا پەسند کرا لە لایەن شورای باڵای شۆڕشی فەرهەنگیەوە و مقامی ڕێبەریش پهسهندی كرد، نە تەنیا ئاکامێکی نەبووە بەڵکو ئێستا لە بارودۆخێکداین کە لە بەد حیجابی چوون بەرەو بێ حێجابیدان.”
بەڵام بۆچی کۆماری ئیسلامی لەم بارودۆخەدا وەها بڕیارێکی داوە؟ دەرکردنی ئەو قەرارەی سەرەوە سەبارەت بە نەگرتن و پەروەندە بۆ پێک نەهێنان بۆ ژنانی بە قەولی ئەوان ” بەد حێجاب”، بە واتای بەدیهاتنی ئاڵوگۆڕ لە ماهیەتی ڕژیم و قەبوڵ کردنی شکستی تەرحە سەدەی نێوەڕاستیەکان و سیاسەتە دژی ژنان له بنهمای فیكری ڕژیم نییە. یاساکانی پڕ لە هەڵاواردنی ڕهگهزی سەبارەت بە ژنان لە قانونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیدا هەڵنەوەشاونەتەوە و بەرپرسانی ئهم ڕژیمهش ئێستاش جەختیان لەسەر دەکەنەوە. زارا ئایەتوڵاهی سەرۆکی شوڕای فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی ژنان لە ” شوڕای باڵای فەرهەنگی” ڕژیم، ٤ ی مانگی بەفرانبار لە دژایەتی تەنانەت لەگەڵ لایەحەی هاکەزایی دەوڵەت بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ توندوتیژی، ئەم جۆرە لایەحانەی بە زیادی زانی و لەو یاسایانەی كه لهدهستووردا و بە وتەی ئەو بنەمای ئیسلامیان هەیە دیفاعی کرد و وتی ” لە نیزامی ئیسلامی ئێمەدا پیاوانی بنەماڵە بەرپرسی پشتیوانی لە ژنانن نەک یاسا”. خامنەییش پێشتر لە وتارێكدا ڕایگەیاندبوو کە:” ئەولەویەت بۆ ژنان، ماڵەوەیە نەک کار لە دەرەوەی ماڵ. باسەکانی وەک حیجابی ئیجباری و ئیختیاری کۆمەڵێک باسی لادرانن و لە کۆماری ئیسلامیدا جێگایان نییە.” نەزەری مەکارمی شیرازی یەکێک لە مەراجعی تەقلید لە پێوەند لەگەڵ حیجابدا هەروایە:” لە وڵاتدا زۆربەی هەرە زۆری ژنان لایەنگری حیجابن و کەمینەیەک لە ژنان دەبێ خۆیان لەگەڵ بارەدۆخەکە بگونجێنن.”
لەگەڵ ئەوەدا ژنان و پیاوانی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەب لە بەرانبەر سیاسەتە سەرکوت گەرانەکانی ڕژیمدا قەت تەسلیم نەبوون و بە ناڕەزایەتی و خۆراگری پەیگیری رۆژانە و ژێرپێ خستنی یاسا کۆنەپەرستانەکانی ڕژیم، لە ماف و کەرامەتی ئینسانی ژنان دیفاع دەکەن و داغی شکستی گەڵاڵە و سیاسەتە دژی ئینسانیەکان و دژی ژن له كۆماری ئیسلامیی ناوە بە دڵی ڕێبەران و بەرپرسانی ئهم تاقمهوه. کەوایە نیگەرانی لە پەرەسەندنی خەباتی بزوتنەوەی ژنان لە بارودۆخی ئێستادا یەکێک لە هۆکارەکانی دەرکرانی وەها قەرارێکە لە لایەن ڕژیمەوە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکیەکان قەبوڵ کردنی ئەو شکستە و دەرکردنی قەرار لە لایەن ڕژیمەوە نیگەرانییە لە پەرە ئەستاندنی ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. خامنەیی و باقی کاربەدەستانی ورد و درشتی ڕژیمی ئیسلامی دەزانن شوشەی تەمەنی نیزامەکەیان درزی بردوە. دەبینن کە ناڕەزایەتی روو لە پەرەسەندنی کرێکاران، موعەلیمان، خوێندکاران، خانەنشینان و باقی توێژەکانی کۆمەڵگە، کێشراونەتە سەر شەقامەکان و رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر گەروی سەرانی کۆماری ئیسلامی دەگوشن. دەزانن کە لەگەڵ بارودۆخێکی ئابووری شپرز كە بەرۆکیانی گرتوە ڕێگا چارەیەکیان بۆ چارەسەر کردن و سڕینەوەی هەژاری و برسیەتی لە ژیانی جەماوەری خەڵک بە خێرایی نییە. دەزانن وێڕای پێکهاتەی دزی و گەندەڵی كه پێی گرتووه، بهجۆرێك هەموو تانوپۆکانی حکومەتەکەیانی تەنیوە، و وێڕای بوونی قەیرانێکی هەمە لایەنەی سیاسی، ئابووری، نێونەتەوەیی، وڵام دانەوە و دەستەبەر کردنی نیاز و پێداویستیەکانی جەماوەری خەڵکی وەگیان هاتوو بۆ ڕژیم بەهیچ شێوەیەک مومکین نییە.
ژنانی ئازادی خواز و تێکۆشەر لە ماوەی چوار دەیە خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی، بۆیان دەرکەوتوە کە تەنیا بە هێزی خەباتی خۆیان و لە هاوڕێیەتی لەگەڵ باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و بە بەشداری بەرین ترین جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش دەتوانن باری قورسی دهسهڵاتی ئهم ڕژیمه ستهمكاره لە کۆڵ خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە ههڵگرن.