ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٨ی مانگی ڕه‌شه‌مه، خه‌ڵكی ئازادیخوازی قامیشلوو له ڕۆژئاوای كوردستان چوون به‌ده‌م هاتنی به‌هاره‌وه و مه‌راسمێكی گه‌وره‌یان به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆز به‌ڕێوه‌برد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، دانیشتووانی شاری قامیشلوو هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسمی نه‌ورۆز له ٢٣ شاری باكووری كوردستان هاتنی به‌هار و نه‌ورۆزی ئازادیان له ته‌واوی كوردانی جیهان پیرۆزبایی كرد و هیوایان خواست نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ بیێته هه‌وێنی ئازادی و ئاشتی و ئارامی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گه‌لانی بن ده‌ست به وره‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌وه به‌سه‌ر دیكتاتۆره‌كاندا سه‌ركه‌ون. به‌شداربووانی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه یه‌ك خوله‌ك بێده‌نگیان بۆ ڕێزلێنان له یادی گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و قوربانیانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیه و سوریه ڕاگرت و ده‌ستیان كرد به شایی و خۆشی و ئاگری نه‌ورۆزیان هه‌ڵگرساند.