ڕۆژی یەکشەممە ٤ی مانگی گوڵان، “لەیلا ئیبراهیم نادری” خەڵکی شاری پیرانشار کە حەوتووی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا و هاوکات “گوڵاڵە مورادی” بەندکراوی سیاسی خەڵکی شاری پیرانشار دوای یەک ساڵ و ٧ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی هەمان زیندان ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، “لەیلا ئیبراهیم نادری” شەوی شەممە ٢٧ی مانگی خاکەلێوە هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی عومەر ئیبراهیم نادری، شەهرام بۆرکە و ناسر حوسێنی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پیرانشار دەستبەسەر و “گوڵاڵە مورادی” ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی “مەتین بەزازی” ١٤ ساڵە و “تاهیر بەزازی” ٢١ ساڵە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ ورمێ گوازرانەوە. بەپێی زانیاریەکان، ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە بە هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراون.