کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حەرەکەتی نمادینی “کچەکەی شەقامی شۆڕش” پەرەدەستێنێ

رۆژی دووشەممە ٩ی مانگی ڕێبەندان، شەش ژن لە تاران و چەند شوێنی دیکەی ئێران بە چوونە سەر سەکۆکان و لە حاڵیکدا کە رووسەریەکانیان لە سەریان لابردبوو و وەک ئاڵا دەیانشەکاندنەوە، حەرەکەتی ویدا مۆوەحدی، ژنی ناسراو بە “کچەکەی سەقامی شۆڕش”یان درێژە پێدا. ئەم حەرەکەتە وەک هێمای دژایەتی لەگەڵ حیجابی ئیسلامی دەنگدانەوەی جیهانی بووە. ئەگەرچی لە جەریانی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباردا، ژنان حزورێکی بەرچاو و کاریگەریان لە خۆپیشاندانەکاندا هەبوو، بەڵام داواکاری و داخوازیەکانی تایبەت بە ژنان چووە ژێر سێبەری دروشمە ئابووریەکانەوە و حزورێکی پڕ ڕەنگی نەبوو. سەرئەنجام لەدرێژەی ئەم خەباتەدا، حیجابی ئیسلامیش کە بەردەوام یەکێک لە کێشەکانی رۆژانەی ژنان و ڕژیم بووە، وەک هێمایەک لە سوکایەتی، بێ مافی و نایەکسانی، درایە بەر هێرش.27

لە ماوەی نزیک بە چوار دەیە ئیجباری بوونی حیجاب لە ئێران، هەزاران ژن گیراون و هەڕەشەیان لێکراوە یان دەرفەتی کار و خوێندنیان بەهۆی نافەرمانی لە بواری حیجابدا لەدەست داوە. بەپێی تەبسەرەی مادەی ٦٣٨ی یاسای مۆجازاتی ئیسلامی، ئەگەر بێت و ژنێک لە شوێنی گشتیدا بەبێ حیجاب دەربکەوێ، قازی دەتوانێ لە نێوان ١٠ رۆژ تا ٢ مانگ زیندانی بۆ دیاری بکات یان ٥ تا ٥٠ هەزار تمەن جەریمەی نەغدی بکات. یاسای ئیسلامی نەتەنیا حیجاب بەڵکوو هەموو بوارەکانی ژیانی ژنانی گرتۆتەوە. ئەم یاسایە وەسیلەیەکە بۆ پۆلیسی کردنی فەزای کۆمەڵگە، یەکێکە لە ئامرازەکانی سەرکوت و بە پشت بەستن بەوان جەنایەتکارانە ترین و ئازاردەر ترین کردارەکان لەدژی ژنان ئەنجام دراوە.

کۆماری ئیسلامی لە هەمان سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە بە پشت بەستن بە باوەڕە مەزهەبیەکان و سۆنەتی باوکسالارانە، چۆتە شەڕی خەڵکی پێشکەوتن خواز و لە پێشیانەوە ژنان. لە ڕاستیدا ئەم مەیدانە یەکێک لە مەیدانەکانی شەڕی نێوان خەڵکی پێشکەوتو لەگەڵ نەخش ئافەرینی زیاتری ژناندا بووە. کۆماری ئیسلامی لەم مەیدانەدا، هەموو ئیمکاناتی ماڵی، قەزایی، ئیجرایی، یاسایی، ئینتیزامی، ئیتلاعاتی، ئیدئۆلۆژیکی، توانایی ڕەسانەیی، تەبلیغاتی مەزهەبی، زیندان، ئەشکەنجە و هیتری بەکار هێناوە.

حیجابی ئیجباری، جیاوازی ڕەگەزی لە خوێندنگاکان و کۆمەڵگەدا، بەڕێوەبردنی مەڕاسمی کۆنەپەرستانەی تەکلیف بۆ منداڵانی دەبستانی، هاوسەرگیری یاسایی کچانی ٩ ساڵ تەمەن، و هیتر، قەدەغە و بێبەش کردنی ژنان لە گەلێک لە چالاکیە کۆماڵایەتی و وەرزشیەکان، بێبەش کردنی ژنان لە مافی سەرپەرستی کردنی مندالان دوای جیابونەوە و گەلێک حاڵەتی تر لەدژی ژنان، کە هیچ شکڵ و هیچ ئەندازەیەکی لە هیچ جێگایەکی دنیا نەتەنیا شیاوی تەحەمول کردن نییە بەڵکو مایەی شەرمساریشە.

لەگەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی حکومەتی لەم بارەیەوە بەردەوام لەگەڵ خۆڕاگری بەشیکی بەرین لە ژنانی کۆمەڵگە بەرەو روو بوون، بەڵام ناتوانن دەست بەرداری ئەم سیاسەتە بن، لەبەر ئەوەی بەبێ ئامرازی حیجاب، یەکیک لە کۆڵەکەکانی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی درز دەبات. ئامانجی داسەپاندنی حیجاب گەلێک واوەتر لە ناچار کردنی ژنان بە داپۆشینی سەریانه‌. داسەپاندنی حیجاب ڕێگایەکە بۆ پێشێل کردنی سەرەتایی ترین مافە ئینسانیەکانی نیوەی کۆمەڵگە، ئامرازێکە بۆ دیسان بەرهەمهێنانەوە و پەرەدان بە فەرهەنگی پیاوسالاری، ڕێگایەکە بۆ خانە نشین کردنی تەیفێکی بەرین لە ژنان، بیانویەکە بۆ هێرش کردنەسەر سیکۆلاریزم، و لە کۆتاییدا ئامرازێکی سیاسی بووە بۆ دروست کردنی کەشی ئیختیناق و سەرکوت لە کۆمەڵگادا.

کۆماری ئیسلامی لەماوەی ئەم ٣٩ سالەدا زۆر هەوڵی داوە تا ژنان خانەنشین، ملکەچ، بێ ماف و بێدەنگ بکات. هەموو جۆرە تەرحێکی بۆ داڕشتون. کتێب و کلاسیانی لە ئاستی جۆراو جۆردا لەسەر بنەمای جنسیەت جیاکردۆتەوە. ئاخوند و پاسداری ناردۆتە قوتابخانەکان تا خورافە و زۆر هاوێتەی یەکتر بەکار بێنن. هەموو یاسایەکی دژی ژن و دژی ئینسانی لەژێر ناوی جۆراو جۆردا بەسەریاندا سەپاندوە. هەوڵیدا بە بیانوی جۆراو جۆر و پیاوسالارانە پەسند، ئەوان لە شوێنەکانی ژیان، کۆمەڵایەتی، زانستی، هونەری و وەرزشی دوور بخاتەوە. لەنێو خودی ژناندا، موڕەوج و ئاخوندی تەربیەت کرد تا بتوانێ تەرح و نەخشەکانی پیادە بکات. گشت ئەمانەی کرد، بەڵام بێجگە لە زەبر و زۆر و سەرکوت نەیتوانی لەم بوارەدا کارێک بەڕێتە پێش.

توند کردنەوەی گوشار لەسەر ژنان بە بیانوی ڕیعایەت نەکردنی حیجاب، ئەگەرچی ڕیشەی لە ئیدئۆلۆژی و باوەرەکانی ئەم ڕژیمەدایە، بەڵام لەمرۆدا ئەساسەن وەک شگردێکی سیاسی نە تەنیا لەدژی ژنان بەڵکو لەدژی سەرجەم کۆمەڵگە بەکار دێت. کێشمەکێش لەسەر حیجابی ژنان لە هەردوو لاوە، هەم لە لایەن ڕژیم و هەم لە لایەن جەماوەری ژنانەوە نەبەردێکە کە ئاست و ئەنگیزەکانی لە خودی بابەتی حیجاب واوەترە. بابەتی حیجاب لە لایەن ڕژیمەوە ئامرازێکە بۆ قودرەتنمایی لە سەر شەقامەکان، توند کردنەوەی ئیختیناق و سەرکوت، چاوترسێن کردنی سەرجەم کۆمەڵگە و لایەن ژنانیشەوە نەبەردێکە، هەوڵێکی نمادینە بۆ دەرچوون لە پێگەیەکی سوکایەتی ئامێز و ژێردەستە کە ئەم ڕژیمە بەسریدا سەپاندون. ئەم ڕاستیەیە کە ئەهمیەتی سیاسی و کۆماڵایەتی حەرەکەتی نمادین و بوێرانەی ” کچەکەی شەقامی شۆڕش” ، کە ئێستا بەربڵاو تریش بۆتەوە، نێشان ئەدات.