کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئازادیخواز و ماف تەڵەبی عەفرین هەموو هەوڵێک بخەینەگەڕ

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو بوونەتەوە بەدوای هێرشی ئاسمانی چڕ و بۆمبارانی عەفرین لە لایەن فرۆکەکانی تورکیەوە لە رۆژی شەممە ٢٠ ژانویە، ئەڕتەشی ئەم وڵاتە هێرشی زەمینی خۆی دەست پێکردوە. بە وتەی وتەبێژی ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” بەهۆی بۆمبارانەکانەوە لانیکەم لە رۆژی شەممەدا ٩ کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان کەسیش بریندار بوون کە زیاتریان کەسانی غەیرە نیزامین. کاربەدەستانی فاشیستی دەوڵەتی تورکیە ئامانج لەم دەست درێژیە ئاشکرایە دەرهێنانی شاری عەفرینە لەژێر کۆنترۆڵی سیستمی خۆ بەڕێوەبەری کانتۆنەکان و یەکینەکانی پاراستنی گەلی ڕاگەیاندوە.

لە حاڵێکدا کە سنوری ئاسمانی ئەو ناوچەیە لەژێر نفوزی هێزی ئاسمانی روسیەدایە و تەنانەت هێزی ئاسمانی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا لە هاوئاهەنگی لەگەڵ روسیەدا دەجوڵێتەوە و لە لایەکی دیکەوە چەند یەکە لە سەربازانی روسی لە عەفرین جیگیرن، و هیزەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە، هێرشی نیزامی دەوڵەتی تورکیە ناکرێ بەبێ ڕەزامەندی روسیە و تەئیدی ناڕاستەوخۆی ئەمریکاش بەڕێوەچوو بێت. ئەمریکا کە بۆ پەرەسەندنی نفوزی روسیە و ڕژیمی ئیسلامی ئێران دروستکردنی پێگەی نیزامی لە کوردستانی سوریەی لە دەستوری کاردایە، هەوڵ ئەدات لە مناسباتی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی کوردستانی سوریە بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجە ستیراتیژیکەکانی کەڵک وەربگرێت.20

هێرشی نیزامی دەوڵەتی تورکیە و هێزە کۆنەپەرسەتەکانی سەربەو بۆسەر عەفرین و کوشتاری خەڵکی ئەو ناچەیە، جارێکی تر نیشانیدا کە دەوڵەتی تورکیە بۆ دەرچوون لەو قەیرانانەی بەرۆکیان گرتوە هەروا خەریکی شەڕ ئەنگێزی و قەیران دروستکردنە لە دەرەوەی سنورەکانی و توند کردنەوەی فەزای سەرکوت لەنێو خۆی تورکیەدا. لە ڕاستیدا دوای ئەوەی کە رەوتی روو لە گەشەی ئابووری تورکیە کە وەک ئەستێرەی بەختی ” حێزبی داد و گەشە” ناودەبرا رووی لە کز بوون کردوە و ناکامیە سیاسیەکانی دەوڵەتی تورکیە لە ئاستی ناوچەکەدا بۆ هەموان ئاشکرا بوو، ئەردۆغان بە شکست لە هەڵبژاردنی مانگی ژوئێنی ٢٠١٥ و بە سەرکەوتنی حیزبی دیموکراتیکی گەلان یەکێک لە قوڵ ترین قەیرانە سیاسیەکانی دەورانی حاکمیەتی خۆی تەجروبە کرد. “ئاک پارتی” دوای ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی پێش وەختی مانگی نوامبری ٢٠١٥ دا نەیتوانی ئەم شکستەی قەرەبوو بکاتەوە هەوڵیدا تا بە درێژەدان بە سیاسەتی میلیتاریستی لەدژی خەڵکی کوردستانی تورکیە و سەرئەنجام عەمەلیاتی نیزامی لەدەرەوەی سنورەکان ئەو قەیرانە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە. لە راستیدا دەستدرێژەی و میلیتاریزم لەدژی خەلکی کوردستان، توند بوونەوەی سەرکوت و هێرش بۆسەر ئازادییە دیموکراتیکەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا، شەڕی فەرهەنگی بۆ بە ئیسلامی کردنی زیاتری یاسا مەدەنیەکان، وەرچەرخانی سیاسەت لە گۆڕینی ڕژیمی سوریەوە بەرەو بەناو خەبات لەدژی تیرۆریزم، ساتوسەودا لەگەڵ ئوروپا لەسەر قەیرانی پەنابەری و پەرەدان بە عەمەلیاتی نیزامی لەدژی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی سوریە، ڕێگا چارەی ئەردۆغان بووە بۆ دەرچوون لەم قیرانانە. ئەردۆغان لە ئاوا بارودۆخێکدا دەرفەتێک کە کودتای بێ ئاکامی ساڵ و نیوێک لەوە پێش بۆی فەراهەم کرد تا بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی دەسەڵاتی هەرجی زیاتر بگرێتە دەست، ئیئتیلافە دەرونیەکانی حکومەت بە قازانجی خۆی نۆژەن بکاتەوە و ئەو سەنگەرانەی بۆ نەیارانی ماون لە ڕاگەیەنەرەکاندا، لە دەزگای ئیداری، ناوەندە ئاکادیمیەکان و بزوتنەوەی مافخوازانەی کوردستان بداتە بەرهێرش. دەوڵەتی ئاکپارتی ئیستا لە بارودۆخێکدا کە هەستی کردوە گیان وەبەر هاتنەوەی دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سوریە بە واتای زالبوونی سەرلەنوێی ئەو بەسەر ناوچەکانی کوردستان و داگیر کردنەوەیاندا نییە و کوردستانی سوریە ناگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی ٢٠١١، خۆی دەست بەکار بووە.

روون و ئاشکرایە کە خەڵکی سوریە هێشتا لە دۆزەخی شەڕێکی نێو خۆیی کە ڕژیمی جەنایەتکاری حاکم و دەوڵەت و هێزە کۆنەپەرستەکان وەک روسیە، کۆماری ئیسلامی، حیزب اللە، ئەمریکا، عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی و داعش و ئەوانیتر بەرپایان کردوە ڕزگاری نەبووە، هێرشی نیزامی دەوڵەتی تورکیە بۆسەر عەفرین و هەڵگیرسانی شەڕ و خوێن ڕشتنێکی تازە لە کوردستانی سوریە باردۆخی کارەساتباری ئێستا ئالۆز تر دەکات. سەرەڕای ئەمانە گومانی تێدا نییە کە خەڵکی ستەم دیتوی کانتۆنی عەفرین و کوردستانی سوریە بە پشت بەستن بە وشیاری سیاسی و ئەزمونێک هەیانە و بۆ دیفاع لەو دەستکەوتە بە نرخانەی کە بوونەتە خاوەنی و بە دوور لە هەر چەشنە گومان و تەوەهومێک بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، عەفرین دەکەنە یەک پارچە خۆراگری و لە خۆبردوویی لە بەرانبەر هێرشی فاشیستی دەوڵەتی تورکیەدا. لەم دۆخەدا پشتیوانی و پشتگیری خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز لە تورکیە و سوریە و سەرجەم ناوچەکە و ئینسانە پێشکەوتن خوازەکان لە سەرتاسەری دنیا، دەبیتە هۆی ئەوەی کە عەفرینیش وەک کۆبانی لەم ئەزمونە مێژووییە سەربەرز بیتە دەرێ. ئەگەر دەوڵەتی ئەمریکا و هێزە ئوروپاییەکان لە بەرانبەر هێرشی ئاشکرای دەوڵەتی تورکیە بۆسەر عەفرین و کوشتاری خەڵکی ئەم ناوچەیە بێدەنگن، تا بەڵکو ئەم ئەندامەی ناتۆ و هاوپەیمانی ستراتیژیکیان لە ڕێگای شەڕئەنگێزیەوە لە سەرگەردانی و گێژاوی قەیرانەکان رزگاری بێت، بۆ بەشەریەتی ئازادیخواز و یەکاسانی تەڵەب لە وڵاتانی ناوچەکە و سەرتاسەری دنیا گرنگ و حەیاتیە کە عەفرین لە بەرانبەر هێرشی میلیتاریستی دەوڵەتی ئاک پارتیدا بە تەنیا نەهێڵنەوە و بۆ پشتیوانی کردن لە خۆراگری خەڵکی عەفرین لە بەرانبەر ئەم هێرشە نیزامیەدا هەموو هەوڵێکیان بخەنەگەڕ.