کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگرتنی گشتی لە یۆنان

رۆژی هەینی ١٢ی ژانویە بەرابەر لەگەڵ ٢٢ی مانگی بەفرانبار، یۆنان جارێکی دیکە شاهیدی مانگرتنی گشتی دەیان هەزار کەس لە کارمەندان بوو. لە کاتێکەوە کە یونان لە ناخی قەیرانی دنیای سەرمایەداریدا بۆتە مەیدانی تاقیکردنەوەی سەرجەم سیاسەتە ڕیازەتییە ئابووریەکان لە ئوروپا، بەردەوام خەڵکی ناڕازیی ئەم وڵاتە و لە پێشیانەوە چینی کرێکار بە نزیک بە ٤٠ مانگرتنی گشتی بەرەنگاری ئەم هێرشانە بووتەوە. ئەمجاریش یەکێتی کرێکاری چەپی “پێ ئا ئێم ئای” لە بانگەوازێکدا نە تەنیا ئەندامانی یەکێتی، بەڵکوو هەموو ئەو خەڵکەی کە لە جەریانی سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری دیکتە کراو لە لایەن دامەزراوەی سیانەی سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ، بانکی جیهانی و بانکی ناوەندی ئوروپاوە فڕێدراونەتە ناخی کۆمەڵگاوە، بانگەواز کردووە کە لە رۆژی هەینیدا دەست بدەنە مانگرتنێکی گشتی. مانگرتنی ٢٤ کاتژمێری لە مێترۆکان و کەشتیە مسافیر بەریەکان نە تەنیا “ئاتێن” بەڵکوو زۆربەی شار و جەزیرەکانی یۆنانی ئیفلیج کرد. لە “تسالونیکی” دووهەمین شاری گەورەی یونان بەسەر گەورە ترین بینای مێژویی شارەوە لافیتێك هەڵواسرا بوو کە تێیدا نووسرابوو “دەوڵەت، یەکێتی ئوروپای سەرمایە دەست لە کۆڵ مافی مانگرتن بکەنەوە.” رۆژی دووشەممە کاربەدەستانی هێڵی ئاسمانیش بە مانگرتنەکەوە پەیوەست بوون. مانگرتنی گشتی دەربرینی وڵامێک بوو بە تەرحی نوێی دەوڵەتی یونان کە شاملی ٦٠ مادە لە ئاستی وڵام دانەوە بە چاوەڕوانیەکانی هەر سێ دامەزراوەکە ئامادە کرابوو. 18 1

ئەو سێ دامەزراوەیە ئەگەر ئامادەبن ئاخرین بەش لە یارمەتی ٢١٠ میلیارده‌کە بدەن بە یونان، به‌ومانایه‌ كه‌ لە ساڵی ٢٠١٠وە ٤ و نیو میلیارد یۆرۆ بخرێتە ئیختیار دەوڵەتی یۆنانەوە کە سیاسەتەکانی جێی سەرنجی ئەوان لە لایەن دەوڵەتی یۆنانەوە به‌ڕێوه‌ بچێت. لە ناوەندی ئەم تەرحە ٦٠ خاڵەی دەوڵەتی یوناندا، کەم کردنەوەی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لەوانە بۆ سێهەمین جار، کەم کردنەوەی حقوقی خانەنشین کراوان و کۆمەڵێک مەحدودیەتی تازە بۆ یەکێتیە کرێکاریەکان لە ڕاستای بەرگرتن لە مانگرتنە کرێکاریەکان بوو. هەرچەند کە دەوڵەتی یۆنان دەڵێ کە سەرەڕای ویستی خۆی ناچار بووە چالاکی یەکێتیە کرێکاریەکان بەرتەسک بکاتەوە، بەڵام کێ هەیە نەزانی کە بەرتەسک کرانەوەی مافی مانگرتنی کرێکاران لە خزمەت بۆرژوازی یونان دایە لە ڕاستای هێرشی بەرین کردنە سەر کارمەندان و حقوق بگیران لە داهاتوودا. تەرحی دیکەتە کراو لە لایەن ئەو سێ ناوەندەوە لە کاتژمێرەکانی کۆتایی شەوی یەکشەممە لە پاڕلمانی ئوروپا بە دەنگی هاوبەشی حیزبی بەناو چەپی سیریزا، حیزبی ناسیۆنالیستی یۆنان کە لە دەوڵەتی ئییتیلافیدا بەشدارە و حیزبی محافزەکاری دیموکراسی پەسند کرا. پەسند کرانی ئەم تەرحە لە مەجلیسدا بوو بە هۆی ئەوە کە مانگرتنی گشتی ٢٤ کاتژمێری کە رۆژی هەینی دەستی پێکردبوو لە رۆژی شەممەشدا بەردەوام بێت و ئەمجار کارمەندانی هێڵی ئاسمانی، پزیشکان، موعەلیمان و قازی دادگاکانیش پێیەوە پەیوەست بوون. لە درێژەی ئەم مانگرتنە گشتیەدا رۆژی چوار شەممە ٢٧ی مانگی بەفرانبار کرێکارانی ناڕازیی هێرشیان کردە سەر بینای وەزاڕەتی کار و داگیریان کرد و پلاکاردێکیان بە ناوەرۆکی ” پێشینیانی ئێمە بۆ مافی مانگرتن خوێنیان داوە” بە بیناکەدا هەڵواسی.

بە پەسند کرانی تەرحە نوێیەکە بارودۆخی یاسایی بۆ ئەوەی کە کرێکاران بتوانن دەست بدەنە مانگرتن وەها بەرتەسک بۆتەوە کە بە کردەوە توانایی بەرەنگاربوونەوەی کریکاران بە تایبەت گرینگترین ئامرازی بەرەنگار بوونەوەیان لە گەڵ سەرمایەداران واتە مانگرتنیان گەیاندۆتە کەم ترین ئاست. بەپێی ئەم تەرحە تازەیە لە کاتێکدا یەکێتیە کرێکاریەکان دەتوانن بانگەواز بۆ مانگرتن بکەن کە لە گشت پرسی پێوەندیدار بە بانگەوازدا ٥١ی له‌سه‌دی ئەندامه‌كانی هاوکات و لە شوێنی یەکەی کاریدا ئامادە بن. سروشتیە کە بۆ یەکێتیە کرێکاریەکان کە لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاو بوونەتەوە و ئەندامانیان لە شیفتی جۆراو جۆردا کار دەکەن، کۆکردنەوەی زۆرینەیان لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا بە کردەوە ئیمکان پەزیر نییە. بەر لەم تەرحە تەنیا بەشداری ٢٠ لەسەدی ئەندامان لە گشت پرسیەکدا بەس بوو تا یەکێتیە کرێکاریەکان بتوانن بانگەواز بۆ مانگرتن بکەن.

ئەوەی کە لە پرۆسەی ئەم تەرحە ڕیازەتیه‌ ئابووریدا لە ساڵی ٢٠١٠وە تا ئێستا لە یۆنان بەرەو پێش براوە، بێوێنە ترین هێرشە کە دامەزراوە ماڵیەکان و وڵاتانی زلهێزی یەکێتی ئەروپا وەک ئاڵمان، ڕێکیان خستوە. ئەوەی کە لەژێر ناوی یارمەتی ماڵی بۆ ڕزگار کردنی ئابووری نەخۆشی یۆنان دراوە لە ڕاستیدا شتێک بێجگە لە ڕزگار کردنی بانکە ئوروپاییەکان بە تایبەت لە ئاڵماندا هیچی تر نەبووە کە قەرزەی دەوڵەتی یۆنانیان لە ئیختیاردا بووە. لە ٢١٠ میلیارد یۆرۆی بەناو یارمەتیەک کە لە ئیختیار دەوڵەتی یۆناندا داندراوە زیاتر لە ١٨٠ میلیاردی بۆ درانەوەی سودی ئەو وامانە و بازخەریدی ئەوڕاقی قەرزەی دەوڵەتی یۆنان و بە زمانیکی تر زیاتر لە ١٨٠ میلیاردی بە بانکەکان و ناوەندە ماڵیەکان وڵاتانی زلهێزی ئوروپایی دراوەتەوە.

تەنزی مێژوویی ئەوەیە کە حیزبی سیریزا کە لە ناخی ناڕەزایەتیە ملیۆنیەکانی خەڵکی یۆنانەوە لەسەر شەقامەکان، مەیدان و کارخانەکان و لەناخی قەیرانی ئەم سەردەمەی سەرمایەداریدا و بە تایبەت ئاکامی فەلاکەتباری بۆ وڵاتانی پیشەسازی یەکێتی ئوروپا و لە دژایەتی لەگەڵ ئەم سیاسەتانەدا شکڵی گرت و بە دەسەڵات گەیشت، بووە بە بەرێوەبەری فەرمانە دیکتە کراوەکان لە لایەن بانکی جیهانی، سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ و بانگی ناوەندی ئوروپاوە. ئەمە هەڵبەت چارەنووسی تاڵی سەرجەم ئەو حێزبانەیە کە بەناو چەپن کە بە گومانی “ئینسانی” کردنی نیزامی بەڕبەڕیەتی سەرمایەداری لە کۆمەڵگەدا دەردەکەون و جەماوەری ملیۆنی خەڵک بە کوێرە ڕێی ڕیفۆڕمیستیدا دەبەن.

بی گومان مانگرتنی گشتی نەتەنیا لە یۆنان بەڵکوو لە هەر جێگایەکی جیهانی سەرمایەداری کە چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک هێرش دەکرێتە سەریان لە لایەن سەرمایەوە، یەکێک لە کاریگەرترین چەکەکان، بەڵام نابێ لەبیر بچیتەوە تا کاتێک کە ئەم ئوتوپییە بوونی هەیە کە گۆیا بەم بارودۆخە فەلاکەتبار و نابەسامانە کۆمەلایەتیەوە دەکرێ لە چوارچێوەی نەزمی سەرمایەداریدا کۆتایی بە نەهامەتیەکان بهێندرێت و ئاسۆیەکی واوەتر لەم کۆمەلگایە بەڕووی چینی کرێکار و جەماوەری خەلکدا بکرێتەوە، کەوایە شۆڕشی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک دەتوانن بەردەوام ببنە قوربانی تەوەهوماتی ڕیفۆرمیستی و لە پوتانسیەلی هەڵچوونیان کەم بکرێتەوە.

هاوکات نابێ لەبیر بکرێت کە بۆ سڕینەوەی تەوەهوماتی ڕیفۆڕمیستی دەبێ ئاڵترناتیوی تێپەڕ بوون لە کۆمەڵگای سەرمایەداری کە شیاوی دەست ڕاگەیشتن بێت بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵک، بخرێتە بەردەم کۆمەلگە. ئاساییە کە ئەم ئاڵترناتیوە ناتوانێ بە شێوەیەکی خود بەخودی و لە ناخی ناڕەزایەتیەکان، مانگرتن، داگیر کردنی مەیدان و یان یەکێتیە کرێکاریەکانەوە بێتەدی. ئەم ڕێکخستنە ئەم بەرنامەیە و ئەم ئاسۆیە پێویستی بە حوزوری کۆمەڵایەتی و بەهێزی حیزبی سیاسی پرۆلیتێرییە. ئەمەش هەمان ڕادە بۆ چینی کرێکار گرنگە کە بۆ ناڕەزایەتیی ئیستای برسیەکان لە ئێران و بزوتنەوەیەک کە بۆ کار، نان و ئازادی ڕژاوەتە سەر سەقامەکان.