نیگەرانی دەست پێکردنەوەی ناڕەزایەتیی جهماوهری سەرتاپێی ڕژیمی داگرتووە. لە وڵام بەم نیگەرانییه گومان لهوهدا نییه كه کۆماری ئیسلامی توانایی هیچ ڕادەیەک لە باشتر کردنی ئاستی ژیانی خەڵکی نییە، به تایبهت ئێستا ئیتر ئامرازی فریودانی لەدەست داوە، ئەمجار ئیتر ئیسلاح خوازانی حکومەتیش لە مەیداندا نین تا گوشاری خەڵک بهرپرچ بدهنهوه، لە ئاوا بارودۆخێکدا کۆماری ئیسلامی، شمشیری لەدژی خەڵک لە کالان دەرکێشاوە و تەنیا شگردێک لەبەردەستی دایە بەکار هێنانی زۆر و سەرکوته. بەڵام ڕاوێژکارانی دوور ئەندێش تری ڕژیم هۆشدار ئەدەن، کە سەرکوت ئەگەرچی پێویستە، بەڵام جواب دهرهوه نییە و پێشبینی دەکەن کە رۆژانی توفانی تر لهڕێدایه.
ئاماژە بە چەند نمونە لەم هۆشدارانەی کە ئەم حەفتەیە لە زمان ڕاوێژکارانی ڕژیمەوە لە ئاستێکی عەلەنیدا بڵاو بوونەتهوە گەلێک ئاشکرایە. ڕۆژنامهی “ئاڕمان”ی چاپی تاران لە ژمارەی دوێنێیدا دەنووسێ: .
” هۆشداری ئەدەمە بەرپرسان کە ئەگەر لەبیری ڕێگا چارەدا نەبن ناڕەزایەتیەکان لە داهاتودا شێوازێکی بەرینتر بە خۆیانەوە دەگرن.”.
مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی دەوڵەتی روحانی لە کۆمەڵێک قسەی هۆشداری دەری لە سەفەر بۆ ئازەربایجانی غهربی، کە له رۆژنامەی جمهوری ئیسلامیدا گوزارش كراوه، دەڵێ:” بارودۆخەکە هەستیارە و دەبێ ناڕەزایەتیەکان و ئەو بابەتانەی کە بوونەتە هۆی ئەو جۆرە روداوانە چارەسەر بکرێن، ئەگینا ئامانجی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی دەستەبەر ئەبێت.”.
رۆژنامەی شەرق لە زمان یەکێک لە ڕاوێژکارانی بەناو ئیسلاح خوازی دەوڵەتەوە دەنووسێ: “لەوە زیاتر کات لەدەست مەدەن. ناوەندە ئەمنیەتیەکان، دەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە تەحلیلگەرانی حەوزە جۆراوجۆرەکان، بۆ دۆزینەوەی ڕیشەی ڕاستەقینەی هەڵسوکەوتی خەڵک لەم رۆژانەی دواییدا، دەست پێشخەر بن.”.
رۆژنامەی ئێران لە زمان “محەممەد ڕەزا تابش”ەوە دەنووسێ: “لە کۆمەڵگای ئێمەدا ناڕەزایەتیی سەبارەت بە بابەتی وەک بارودۆخی ئابووری، گەندەڵی لە دامودەزگا جۆراو جۆرەکاندا، نایەکسانی و شتی لەم بابەتە بوونی هەیە. مەترسی ئەوەیە ههیه کە ناڕەزایەتیەکان لهوه بترازێ و بکێشرێنە حەوزەکانی دیکەشەوە. لەبیرمان بێت کە هەڵچوونەکانی ئەم دواییە دیسانیش دەکرێ تێکرار ببنەوە و ئەم بابەتە گرنگە، ئهم دۆخه بەرپرسیاریەتی یەک بە یەکی ئێمە بۆ پاراستنی هێمنی وڵات دوو هێندە دەکات.”.
لەم رۆژانەدا قسە و باسی لەم جۆرە لە لایەن تەبلیغات چیەکان و دەست و پێوهندهكانی حکومەتیەوە، گەلێک بەرچاو دەکەون. ئەم قسانە و ئەم هۆشدارانە بە گشتی نیشانەی نیگەرانیەکی واقعیە کە سەرجەم سهرتاپێی ڕژیمی داگرتوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی هەوڵ ئەدات تا هەموو زەرفیەتەکانی ماشێنی سەرکوت و جەنایەتی پیشان بدات، بەڵام لە عەینی حاڵدا دەبێ لە مێژوەوە فێر بووبێت کە سهركوت و جهنایهت كردن ئاستێکی بەرتەسکی هەیە و ناکرێ بە پشت بەستن بهم ئامرازه بەر بە سێڵاوی خرۆشاوی جەماوەری وەگیان هاتوو بگریت. لەم روەوە بە دڵنیاییەوە دەکرێ بوترێت ئەم سیاسەتە مەحکوم بە شکستە، یان ڕەنگە باشتر بێت بڵێین کە پێویستە توشی شکستی یەکجارەکی بێت. .
ئەمجار دەبێ ئهم ئاخێزه جهماوهریه بە وشیاری و لێهاتویی و کاری بیر لێکراوە و بەرنامە بۆ داندراو بڕواته پێشهوه. ڕێكخرابوون لهئاستی جهماوهری وهك پێویستیهكی حاشا ههڵنهگر ئاوێتە بە ڕهچاوكردنی کۆمەڵێک هەنگاوی تاکتیکی و سیاسی وشیارانە، بەرەو پێش بردنی ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە کە ڕژیم بە هاسانی ئیمکانی مانۆڕ و چاوترسێن کردنی نییە، دەتوانێ لە گهشه سهندن و بەرینایی خۆیدا، ڕژیم بە چۆکدا بێنێ. کارناسانی ڕژیم کاتێک سەبارەت بە نیگەرانیەکانی خۆیان لەبارەی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ بواری تر دەدوێن، له ڕاستیدا ئەم نیگەرانیانە دەردەبڕن. لەم جۆرە ” بوارانە ” دایە کە سیاسەتەکانی ڕژیم کاریگەرییان نامێنێ. .
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە سەرەڕای كز بوونی ناڕەزایەتیە گشتیەکان، کۆماری ئیسلامی بە گشت باڵەکانیەوە مەترسی لەنێو چوونی لە بن گوێی خۆی هەست پێکردوە. ئاخێزی سەرتاسەری ئەم دواییە خەونوچکەی له سەرانی ڕژیمی پەڕاندوە. کۆماری ئیسلامی هەستی کردوە کە تەنیا بە لە مەیدان وەدەرنانی هەڵسوڕاون و پێشڕەوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان ناکرێ مانەوەی خۆیان زەمانەت بکەن. لەم ڕوەوە ئاستی سەرکوتی خۆیان بەرین تر دەکەنەوە. وتمان کە ئەم سیاسەتەی ڕژیم مەحکوم بە شکستە، ناسینی دەقیقی ئهم ڕاستیه سەرەتایەکە بۆ پوچەڵ کردنەوەی سیاسهتی سهركوتی ڕژیم. ههر بۆیه پێوستە ئامادەکاری بۆ ئەم شکستە بکرێت. ئامادەکاری بۆ ئەم کارە ههڵگرتنی ههنگاو به ههنگاو لە مەسیرێکدایه کە سهرئهنجام ماشێنی سەرکوتی ڕژیم ئیفلیج و ناكارامه دەکات. چینی کرێکار و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێران دەبێ خۆیان بۆ نەبەرد لەگەڵ دوژمنێکدا ئامادە بکەن، کە سازماندراوە و ئامرازه سەرەکیەکانی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە. سەرکەوتن لە وەها نەبەردێکدا پێویستی بە وشیاری، بە ڕێکخراو بوون، بە ڕێبەری و بە ئیستراتیژی روون هەیە. .
ئهگهر ئاخێزی جهماوهری هەڕەشە لە ڕژیم دەکات، ڕژیمێك كه بارودۆخێکی دژواری بەسەر ژیانیاندا سەپاندوە، ڕێگایەکی دیكهی بێجگە لە بەرەوڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاوا ڕژیمێك نهماوهتهوه، لە ئاوا بارودۆخێکی دژواردا زۆر سروشتیە کە کاردانەوەی ڕژیمیش هاو تەریب لەگەڵ ئاستی مەترسیەک بێت کە هەستی پێکردوە. بۆیه مەترسی لەم شێوەیە و لە ئاوا ئاستێکدا، لە لایەن هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و جەماوەری تێکۆشەرەوە، ڕێگا و شێوازی تایبەت بە خۆی دەخوازێ. دەبێ کارەکە لە جێگایەکەوە دەست پێ بکرێت کە سیاسەتی ترساندن و چاو سور کردنەوەی ڕژیم لەوێدا کارایی نییە. مانگرتنی کرێکاری له ناوهنده كرێكارییهكان مانگرتنی گشتی بەردەوام، ئهو جێگایانهن كه سێحری ڕژیم لە پەیڕەو کردنی سیاسەتی ترساندن و تۆقاندندا پوچەڵ دەکاتەوە.