کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگرتنی گشتی هێزەکانی دوژمن زەمین گیر و توانایی سەرکوتیان بەرتەسک دەکاتەوە

کۆماری ئیسلامی لە زمان وتەبێژی وەزاڕەتی نێوخۆی وڵاتەوە ڕایگەیاندوە کە لە ماوەی دەوڵەتی روحانیدا رۆژانە بەشێوەی مامناوەند ٣٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێران لە ئارادا بووە. ئاشکرایە کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی ئەو کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیانە لە شوێنە کرێکاریەکان بەڕێوەچوون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بۆ هیچکامیان ئیجازەی یاسایی دەرنەکراوە. لەبەر ئەوەی کە ئەم جۆرە مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتیانە، بە لای ڕژیمەوە حەرەکەتێکی پێچەوانەی یاسان. لە ماوەی ساڵەکانی دەسەڵاتداریەتی ئەم ڕژیمەدا گەلێک جار قانونی کار، قانونی ئەحزاب و تەشکیلاتەکان نووسراوە و تەبسەرە و ئیسلاحیەی جۆراو جۆری پێوە زیاد کراوە و یان لێی کەم کراوەتەوە، بەڵام لە هیچکام لە ڕەش نووسەکان و لە هیچکام لە دەقە پەسندکراوەکاندا تەنانەت بۆ جارێکیش باس لە وشەی مافی مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی ڕژیم و سیاسەتەکانی، نەکراوە. هەرئەڵێی ئەم حەرەکەتانە لە کۆمەڵگەی ئێراندا قەت بوونیان نەبووە. بەڵام سەرەڕای ئینکار و پەردەپۆش کردنی ڕژیم، لەم نێوانەدا مانگرتنە کرێکاریەکان مۆتەکەی بەردەوامی دەزگاکانی سەرکوتی ڕاستەوخۆ لە وەزاڕەتی ئیتلاعات و سپا، فەرماندار و ئوستاندارەکانەوە گرتویەتی تا ناوەندەکانی سەرکوتی نا ڕاستەوخۆی وەک رێکخراوە دژی کرێکاری و شۆڕاکانی ئیسلامی و تریبونەکانی نوێژی هەینی و هیتر بووە.

لەمرۆدا هێور بوونەوەی ناڕەزایەتیە خیابانیەکان دەتوانێ سەرەتای شەپۆلێک لە مانگرتنی کرێکاری و جەماوەری بەشوێنەوە بێت. ئەم ناڕەزایەتیانە دەتوانن ببنە بەستێنێکی گونجاو بۆ دروست بوونی رێکخراوە جەماوەریەکان لە شوێنی کار و ژیاندا. ئەم مانگرتنانە ئەگەر بێت و درێژەیان هەبێت و لایەنی سەرتاسەری بە خۆیانەوە بگرن، ڕژیمی حاکم ئیفلیج دەکات.14

جێگای بەتاڵی ئاخیزەکانی دوێنێی شەقامەکان تا دروست بوونی بارودۆخێک بۆ ئاخیزەکانی دواتر دەکرێ بە مانگرتنی بەردەوام لە ناوەندە کرێکاری و ئیداری و خوێندنگاکاندا پڕ بکرێتەوە. کرێکاران، کە ئاخێزەکانی ئەم رۆژانەی دوایی جەوهەری خواست و نیازەکانی ئەوانی دەردەخست، دەتوانن پێشرەوانی ئەو جۆرە حەرەکەتانە بن. مانگرتن و ناڕەزایەتی بەشێکی جیا نەکراوەیە لە مەوجودیەتی چینێک کە سەروەت و نێعمەتەکانی کەڵەکە کراو لەم کۆمەڵگایەدا بەرهەمی کار و ڕەنجی ئەوە. کرێیەک کە وەریدەگرێت لە سەرمایەداران تەنیا بەشی ژیانێکی مەمرە و مەژی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکات و تا بتوانن سبەی رۆژ دیسان بچنەوە سەر کار و دیسان بچەوسێەوە و سود بەرهەم بێنن. بەڵام کرێکاران لە بەرانبەر ئەم بارودۆخە زاڵمانەیەدا تەسلیم و بێ ئیرادە نین. ئەگەر سەرمایەداران و دەڵەتەکەیان هەموو هەوڵێكیان دەخەنە کار تا بە دانی حقدەستی کەمتر بە کرێکاران، بە خۆ بواردن لە ئەنجامی بەڵێنەکانیان بە کرێکاران، سودی خۆیان زیاتر بکەن، لە بەرانبەردا کرێكارانیش بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان مانگرتن وەک شێوازێکی کارا لەدژی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان بەکار دێنن.

دەست پێکی مانگرتنێکی ئامانجداری خەباتی کرێکاران وەک چینێک لەدژی نیزامی سەرمایەدارییە. لە بارودۆخێکدا کە لە ئێران بەشێکی زۆری ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە ئیختیار دەوڵەت و سپای پاسداران و ناوەندە جۆراو جۆرەکانی سەر بەوان دایە، ئەم خەباتە بە کردەوە کرێکاران و سەرجەم ڕژیم دەخاتە بەرانبەری یەک. لە جەریانی مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکاندا، کرێکاران فێری ئەوە دەبن کە چلۆن هێزی بە کۆمەڵی خۆیان لەم نەبەردەدا بەکار بێنن. کرێکاران فێر دەبن کە خەباتی بە تەنیایان لەگەڵ سەرمایەداران و ڕژیمەکەیان، بە هیچکوێ ناگات. کرێکاران لە جەریانی مانگرتندا لەژیر باری سوکایەتی پێکران لە لایەن خاوەنکارانی قازانج پەرستەوە پشت ڕاست دەکەنەوە و متمانە بەخۆیی و کەرامەتی ئینسانی خۆیان بە دەست دێننەوە. لەگەڵ دەست پێکردنی هەر مانگرتنێک خاوەنکاران هەست دەکەن کە مەیدانداریی ئەوان لەدژی کرێکارانی موزدی خەریکە لاوز دەبێت و ئەوان ئیتر حاکمان موتڵەقی چارەنووسی کرێکاران نین. کرێکارانیش بۆیان دەردەکەوێ کە ڕێگایەکیان بۆ رزگار بوون لە فەلاکەتێک کە سەرمایەداران بەسەریاندا سەپاندون هەیە و هیوا بە ڕزگار بوون لە پێگەی نەجات لە ژێردەستەیی لە وجودیاندا دەپشکوێ. کاردانەوەی دەوڵەت بەرانبەر بە کرێکاران فێریان دەکات کە بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئەم نەبەردە دەبێ ئاگاهانەتر، ڕێکخراوتر و ڕەزمەندە تر بێنە مەیدان.

بەڵام کرێکاران لەم نەبەردە چارەنووس سازەدا بە تەنیا نین. سەرجەم بێبەشان و ستەم دیتوانی کۆمەڵگە بەرە بەرە تێدەگەن کە بە ڕزگار بوونی چینی کرێکار ئەوانیش دەبنە خاوەنی ژیانێکی ئازادتر و ئاسودەتر. لەم روەوە خەبات و ناڕەزایەتی خۆیان بە خەباتی چینی کرێکارەوە گرێ ئەدەن.

مانگرتن، هێزی کرداری و مانۆڕی هێزە سەرکوتگەرەکانی دوژمن بەرتەسک دەکاتەوە و زەمین گیریان دەکات. لە جەریانی مانگرتندا خەڵکی تێکۆشەر لە ئاستێکی جەماوەری تردا هەست بە پێویستی ڕێکخراو بوون دەکەن. دەرفەت بە دەست دێنن تا خاڵە بەهێز و لاوازەکانی حەرەکەتی تا ئێستایان بناسن و ئەزمونی خۆیان بۆ خەباتێکی چارەنووس ساز لە داهاتوودا دەوڵەمەندتر بکەن.

کۆماری ئیسلامی لەگەڵ سپای پاسدارانی وەک گەورە ترین خاوەنکاری وڵات تا کاتێک کە بەرەو رووی ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاران نەبێتەوە، لەبەرانبەر هاتنە گۆڕی داواکاری کرێکاراندا خۆی کەڕ دەکات. بەڵام کاتێک کرێکاران پرۆسەی بەرهەمهێنان و سودپەرەستی ئەوانیان ڕاگرت، ئەوکاتەیە ترس لە گیانیان دەنیشێ و لێیان حاڵی دەبێت کە چۆن شوشەی تەمەنی نیزامەکەیان لە دەستی بیبەشان و خەڵکێکی هەژار دایە کە تا دوێنێ ئەوانیان کردبووە کۆیلەی خۆیان و سوکایەتیان پێ دەکردن.