کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

٤٣ هەزار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، لە ماوەی ٥ ساڵدا، کارنامەی خەڵکێک کە لە بەرانبەر ڕژیمدا سەریان نەوی نەکردوە

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری دەوڵەتی ئیرنا، ” سلێمان سامانی”، وتەبێژی وەزاڕەتی نێوخۆ، رۆژی شەممە ٢٣ ی مانگی بەفرانبار لە کۆبوونەوەیەکی خەبەریدا دانی بەوەدا ناوە کە لە سەرەتای دەوڵەتی یازدەهەمەوە تا ئێستا ٤٣ هەزار کۆبوونەوەی بەبێ ئیجازە لە سەرتاسەری وڵاتدا بەڕێوەچوون. بە هەڵسەنگاندنی ئەم ئامارەی کە وتەبێژی وەزاڕەتی نێوخۆ داویەتی، روون دەبێتەوە کە لە هەر رۆژێکی کاریی دەوڵەتی حەسەنی روحانیدا نزیکەی ٣٠ کۆبوونەوە بەڕێوەچوون. ئەم قسانە لە حاڵێکدا کراون کە کەمتر کەسێک نمونەیەکی وەهای پێشک دێت کە وەزاڕەتی نێوخۆ ئیجازەی بۆ ڕێپێوان و کۆبونەوە ناڕەزایەتیەکان دەرکردبێت. ئەم جۆرە ئامارانە لەگەڵ ئەوەدا کە گەلێک زیاتر لە هەواڵی بڵاو کراوە لە کاناڵە ڕەسمیەکان و یان لە سەرچاوە هەواڵیەکانی ئوپوزسیۆنەوەیە، بەڵام لە ڕاستیەوە نزیکە و نە تەنیا لە دەورەی دەوڵەتی روحانیدا بەڵکو لە کۆتایی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقیشدا بەردەوام هەر بەم شێوەیە بووە.12

بە سەرنجدان بەوەی کە وتەبێژی وەزاڕەتی نێوخۆ وەها ئامارێک بە نیشانەی بوونی دیموکراسی لە ئێراندا رادەگەیەنێت، یەکەم، بێ گومان مەڕاسمە فەرمایشی و دەوڵەتیەکانی بە حیساب نەهێناوە و دووهەم، وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆ سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی گیراون، ژمارەی ئێعدام کراوەکان، ژمارەی کەسانی لەسەر کار و خوێندن دەرکراو، ژمارەی ئەو جارانەی کە ئەم کۆبونەوانە کەوتونەتە بەر هێرش، ژمارەی ئەو کرێکارانەی شێلاق کاری کراون و حاڵەتەکانی هاوشێوەی تر، هیچ شتێک ناڵێت تا پەتەی دیموکراسیەکی ئیدیعای دەکات نەکەوێتە سەرئاو. بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا ئەو ڕاستیەی کە وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆ دانی پێدا ناوە، بۆ تێکۆشەرانی پێشڕەوی ڕێگای ڕزگاری لە دەست ڕژیمی ئیسلامی، لە کۆشە نیگایەکی دیکەوە شیاوی هەڵسەنگاندنە.

ئەم ئامارە نیشانی ئەدات کە زۆربەی خەڵکی ئێران و لە سەرویانەوە کرێکاران و ژنان و خەڵکی ستەم دیتو و بێبەش، سەرەڕای سەرکوت و گرتن و زیندانی کردنەکان، قەت ملیان بە بارودۆخی داسەپاو نەداوە و لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، بەپێی بیندراوە عەینیەکان و بە تایبەت بە پێی ئیعتیڕافی خودی ڕژیم، بەردەوام بۆ دەستەبەر بوونی مافە پێشێل کراوەکانیان خەبات و تێکۆشانیان کردوە و تەنانەت لە قوناغێکیشدا بوەتە ئاخێزێکی سەرتاسەری. واتە خەڵکی نارازی، ئەرکی خۆیان بە باشی ئەنجام داوە، ئەوان بە چەوسانەوە و بێدادی و ستەمگەری، ڕازی نەبوون. ئەوە پێشڕەوە شۆڕشگێڕەکان، ئەحزاب و سازمانە چەپ و کومونیستەکان، هەڵسوراوانی وشیاری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانن، کە ئەوانیش دەبێ ئەرکەکانیان بەباشی بە ئەنجام بگەیەنن. ئەوەندەیە ئەم هێزە واقعەن مەجودەی ئوپوزسیۆنی چەپ، لە خۆ بە زلزانی و خۆفریوی و تەنگ نەزەرییە سیکتاریستی و وەحدەت شکێنەکانی باو، دوور بکەوێتەوە، ئەوە ئاژین نەکەنە نێو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئێستاشەوە، کارنامەی خۆیان بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەوە جارێکی تر چاو لێبکنەوە و کەموکوڕیەکانی بناسن، ئیسلاحی بکەن تا لەم قوناغەشدا لە باری کارکردی ئەم هێزانەوە، بەشکم ئاکامێکی هیوا بەخش تر بدی بکەین.

کرێکاران بۆحقوقی ۆژانەیان خەبات دەکەن و دیکتاتۆڕەکانی حاکم، ئەوان ئەدەنە بەر هێرش، بەم جۆرە ڕژیم خۆی گۆڕەپانی خەباتی سیاسی بە رووی ئەواندا دەکاتەوە. ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاری لەم ساڵانەدا و دخاڵەت و بەرەو روو بوونەوەی هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لەگەڵ کرێکاران لە جەریانی ئەم خەباتەدا بزوتنەوەی کرێکاری ئێرانی بەتوندی سیاسی کردۆتەوە. کرێکاران لەم خەباتەدا نە تەنیا ماهیەتی سەرمایەدارانە بەڵکو ماهیەتی چینایەتی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی و یاساکانیشیان ناسیوە.

هەڵسوراوانی مەیدانە جۆراو جۆرە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان، لە یەکەم هەنگاودا، خۆیان لە بەرانبەر سەرجەم پێکهاتە و سیاسەت و ئیدئۆلۆژی ڕژیمدا دەبینن و سیاسی بوونی ماهیەتی حەرەکەتەکەیان دەناسن. ئەم راستیانە لە ماوەی چەند دەیەی دواییدا کۆمەڵێک سیمای کارلێهاتوو و پێشڕەوی پەروەدە کردوە کە ماتریاڵی ئینسانی شکڵ گرتنی ڕێبەرییەکی کارا، رۆشن بین و جێی متمانەی پێک دێنن. بەم جۆرە بەستێنیکی باش بۆ گەشەی هیزە کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکان بەدی هاتوە. دەکرێ هیوادار بوو و ئەزمونی شۆڕشە گەورەکانیش هەر ئەوە نیشان ئەدەن کە دەرێژەی خەباتی ئێستا، لە شێوەی جۆاراوجۆریدا لە خۆپیشاندانی خیابانیەوە تا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، تا مانگرتنە جەماوەری و سەرتاسەریەکان، دەرفەت دەرەخسێنێت بە چینی کرێکار و هێزە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان تا ڕێبەریی سیاسی و بەدیلی شۆڕشگێڕانەی خۆیان هەنگاو بە هەنگاو شکڵ پێبدەن.

ئەوەی کە لە رۆژانی ڕابردودا لە هاوئاهەنگ کردنی خەبات خەڵک لە شارە جۆراو جۆرەکاندا دەورێکی کاریگەری گێڕا، بەیەکەوە پێوەست بوونی ئەو خەباتە بوو لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، واتە بەکارهێنانی ئامرازی مۆدێڕن کە لەمرۆدا بە بەرەکەتی ئاڵوگۆڕی تێکنولۆژیەوە لەبەر دەستی هەموان دایە. لە نەبوونی رێکخراوە جەماوەریەکان و سەرکوتی توندی چالاکی حیزبیدا، بەیەکەوە پەوەست بوونی هەڵسوراوانانی پشڕەو و هاوئاهەنگی دروشمەکان لەم ڕێگایەوە دەکرێ، بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری لە هەڵێنانەوەی هەنگاوەکانی دواتردا یارمەتی بدات.

ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی لاوان و خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەش، کە بە دەستی بەتاڵ لەبەرانبەر کۆنەپەرستی ئیسلامیدا سنگیان کردۆتە قەڵغان، ئەگەر هیوا بە ڕەزگار بوونی لە دڵی ئەم کۆمەلگایەیدا زیندوو کردۆتەوە، خاڵی لاوازی ئەو هێزانەش کە ئەم بزوتنەوەیە لە ناوەرۆکی راستەقینەی خۆیدا هی ئەوانە، ئاشکرا کردوە. با بۆ چارەسەر کردنی ئەم خاڵە لاوازانە قوڵ هەڵماڵێن.