کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەیانیەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێستا و مەوقعیەتی ئاخێزی جەماوەری (بەشی دووهەم و کۆتایی)

لەم رۆژانەدا کە هاواری دروشمی مەرگ بۆ روحانی، مەرگ بۆ خامنەیی، سەرانی ڕژیمی سەر شۆڕ و ترساندوە، لە ترامپەوە گرتویەتی، تا وەلیعەهدی عەرەبستان، تا سەڵەتەنەت تەڵەب و هێزە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێران فریوکارانە بەردی دیفاع لە ئاخێزی جەماەری لە سینگ ئەدەن. ئەم ‌هێزانە بە یارمەتی ڕاگەیاندنە گشتیەکانیان، بە دروستکردنی ژووری فکر و ستادی تەبلیغاتی لە ” بی بی سی” و شەبەکەکانی تری وەک ئەو، بە گەورە کردنەوەی دروشمە بەلاڕیدا بر و حاشیەییەکان، هەوڵ ئەدەن تا سێبەر بخەنە سەر ماهیەتی چینایەتی و شۆڕشگێڕانەی ئەم بزوتنەوەیە. گومان لەوەدا نییە کە پێ بە پێی بەرەپێش چوونی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری هەوڵی زلهێزە ئیمپڕیالیستیەکان و هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییەکان بۆ ئاڵترناتیوسازی و بە لاڕێدا بردنی خەباتی خەڵک توندتر دەبێتەوە. لەوێوە کە پشت بەستن بە دخاڵەتی ئەمریکا و هێزە رۆژئاواییەکان بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆیان و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەسەرەوە کۆڵەکەی سەرەکی ستراتیژی سیاسی ئەحزاب و هێزەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژواییە، نابێ ئەم مەترسیە دەستی کەم بگیرێت. بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم مەترسیە هەوڵدان بۆ دابینکردنی ڕێبەریی چینی کرێکار و بزوتنەوەی کومونیستی بەسەر ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانە و جەماوەریەدا گرینگیەکی چارە نووس سازی هەیە. دەبێ لە دەرفەت و هاوسەنگی هێز کە بە قازانجی بەرەی خەباتی خەڵک گۆڕاوە لە ئاستی هەوڵدان بەم باتە بنەڕەتیەوە ئەوپەڕی بەهرەبەرداری بکرێت.7 5

بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم مەترسیانە و دابین کردنی ڕێبەرییەکی سۆسیالیستی بەسەر ئاخێزی شۆڕشگێرانەی جەماوەردا، هەوڵسوڕاون و هێزە کۆمۆنیستەکان لەباری عەینیەوە لە مەوقعیەتێکی گونجاوتردان لەچاو هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییەکان. لەبەر ئەوەی کە بەشوێن هەمان داواکاری و ئامانجەوەن کە بارودۆخی عەینی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش ئەوانی خستۆتە دەستوری خەباتی رۆژانە و ئاخێزی سەرتاسەری جەماوەرییەوە. سەرجەم داواکاریە ئابووری، ڕیفاهی و ئازادیخوازانەکان کە کرێکاران، ژنان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆ دەستەبەر کردنیان ڕاپەڕیوەن بە شێوەی مێژوویی بەشێک لە هۆویەتی خەباتکارانە و سیاسی کۆمۆنیستەکانی پێکهێناوە. دەستەبەر بوونی شێڵگیرانەی ئەم داخوازیانە بەبێ هێرش کردنەسەر مالیکیەتی خوسوسی و پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی ئابووری و سیاسی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، بەبێ دروست بوونی میکانیزمێک لە شێوەی شوڕاکان کە دخاڵەتی ڕاستەخۆی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دابین بکات، بەکردەوە دەرنایەن. ئەم حوکمە لە باوەڕی ئیدئۆلۆژی کومونیستیەکانەوە سەرچاوە ناگرێط، بەڵکو یاسامەندی عەینی بزوتنەوەی چینایەتیش هەر ئەمەمان پێ ئەڵێت. ئەم پێویستیە بە روخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و گۆڕان لە پێکهاتەی ئابووری و سیاسی دایە کە پێویستیەکی حەیاتی سازمانیابی چینی کرێکار و دابین بوونی ڕێبەریەکەی بەسەر ئاخێزی سەرتاسەری و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێرانی دا خستۆتە مێحوەری ستراتیژی سیاسی و چالاکی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەرک و ڕیسالەتێکی گرنگ کە لەم قۆناغەدا کەوتۆتە ئەستۆی دەبێ هەموو زەرفیەتەکانی خۆی لە خزمەت درێژەی ئاخێزی سەرتاسەری خەڵکی ئێراندا و یارمەتی بە هەڵخراندنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەرچی جەماوەریتر کردنەوەی ئەم ئاخێزە سەرتاسەریە بەکار بێنێ. لەم بارودۆخەدا و لە ڕاستای ئەو هەڵسەنگاندنانەی سەرەوە، سەرجەم ئۆرگانە تەبلیغاتیەکان و ئیعتیبار و زەرفیەتە تەشکیلاتیەکانی حیزب، دەبێ لەخزمەت درێژە و بەهێز بوونی ئاخێزی سەرتاسەری و شۆڕشگێڕانەی جەماوەردا بەکار بەهێندرێت. لە هەمانحاڵدا لەم دەورەیەدا یەکێک لە ئەرکە بەردەوامەکانمان ڕاکێشانی سەرنجی کرێکارانی پێشڕەو و سۆسیالیستە بەرەو ستراتیژی و سیاسەت و تاکتیکەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و پەرەدان بە رێکخستنەکانی حیزبی لەنێو کرێکاران و خەباتکارانی سیاسی دایه. لە ئەگەری پەیوەست نەبوونی ڕێبەران و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری بە چالاکی سیاسی حیزبیەوە، ئەو نیگەرانیە بوونی هەیە کە بزوتنەوەی چینی کرێکار نەتوانێ مۆری چینایەتی خۆی لە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی ئێستا بدات.

لە کوردستان حوزوری یەکپارچەی خەڵک لە گۆڕەپانی ئەم ئاخێزە سەرتاسەریەدا و لەژێر ڕێبەری کۆمەڵەدا بە تاکتیک و هەنگاوی حیساب بۆکراو و هێنانەگۆڕی داخوازی و دروشمی ڕێکخەرانە و هەڵخرێنەر دەتوانێ دەوری پێشڕەوانە و حاشا هەڵنەگری لە درێژەی ئەم ئاخێزە سەرتاسەریەدا و سەرکەوتنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا مسۆگەر بکات. لە کوردستان بە لەبەرچاو گرتنی نفوز و ئیعتیباری جەماوەری کۆمەڵە و لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە تەیفێکی بەرین لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و خەباتکارانی سیاسی کە لە جەریانی چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا بەیەکەوە ئاشنا بوون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بە یەکەوە پەیوەستن، کۆمەڵە وەک بەشێک لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە پشت بەستن بەم تۆڕە لە کادرەکان نەتەنیا دەتوانێ زەرفیەتەکانی موجود لە بزوتنەوەی کوردستاندا لەدژی ڕژیمی ئیسلامی رێک بخات ، بەڵکو دەوری نموونەیەکی پێشڕەو و ڕادیکاڵ لە ڕاستای ئاڕاستە کردنی بزوتنەوەی سەرتاسەریدا بنوێنێ.

لەم بارودۆخەدا و بە سەرنجدان لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان لە ئێران و لە حاڵێکدا کە ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی توانایەکانی سەرکوتی خۆی بەکار هێناوە تا شەپۆلی ئاخێزە سەرتاسەریە جەماوەریەکان کۆنترۆڵ بکات و هێزە جۆراوجۆرەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی لە هەوڵدان کە ئە بزوتنەوەم لە ڕاستای ئەمانجەکانیدا بە لاڕێدا بەرن، هاوکاری هێزەکانی ئێستا لە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئێراندا بە ئامانجی بەهێزکردن و درێژەی ئەم ئاخێزە سەراسەریە بۆتە پێویستیەکی سیاسی و عەمەلی. هاوکاری هێزەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بێ گومان بواری گونجاوتر بۆ هاوکاری و یەکێتی کرداری گرایشاتی جۆراوجۆری چەپ لەنێو خۆی کۆمەڵگادا فەراهەم دەکات. لە دەرەوەی وڵات ڕیکخستنی کەمپەینی سیاسی و تەبلیغی بەرین بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی ڕای گشتی و سازمان و ناوەندەکانی پێشکەوتنخواز لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێراندا جێگای بایخ و گرنگیەکی زۆرە. رێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە لەبەرچاو گرتنی بەرینایی تەشکیلاتیەکی کە هەیەتی و بە سەرنجدان لە پێگەیەکی تایبەت کە بۆ پێکهێنانی هاوئاهەنگی و ڕاکێشانی هاوکاری ئەم هێزانە هەیەتی، دەتوانێ دەورێکی یەکلاکەورەوەی لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم بابەتەدا هەبێت.

بەڕێز بێت یادی گیان به‌ختکردوانی ئاخێزی سەرتاسەری خەڵکی ئێران

بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٣ی بەفرانباری ١٣٩٦

٣ی ژانویەی ٢٠١٨