کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێراوی کۆنگرەی ١٧(بەشی دووهەم)

پلینۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە شێوەیەکی تایبەت چووە سەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کوردستانی ئێران. لەم بوارەدا حەرەکەتەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی، لەوانە ناڕەزایەتی خەڵکی شارەکان لەدژی کوشتاری کۆڵبەران، پشتیوانی لە ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی عێڕاق، نیشاندانی هاوپشتی کەم وێنە لە جەریانی بومەلەرزەی ئوستانی کرماشان، پشتیوانی لە کرێکارانی زیندانی، کاردانەوەی ئینساندۆستانە دژ به دەرکردنی بریاری ئێعدام، ی دایەبەر هەڵسەنگاندن و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی عەمەلکەردی کۆمەڵەی لەم بوارانەدا خستە روو.4

بە سەرنجدان لە بارودۆخی تازە، پلینۆم لەسەر ئەم هێڵانەی خوارەوە وەک سیاسەت و خەت و مەشی کۆمەڵە لە دەورەی داهاتوودا جەختی کردەوە:

یەکەم: پەرەدان بە چالاکی لە گشت بوارەکان لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان، لەم بوارەدا جەختکرایەوە کە ئەگەرچی سیاسەتی ڕیکخستنی حیزبی ئێمە لە شوێنەکانی کار و ژیان لەسەر بنەمای ئاکسیۆنە کاتی و زوو تێپەڕەکان نییە، بەڵام دەزانین کە بە بەشداری کردن لەم ناڕەزایەتیانەدا کە رۆژانە لە ئارادان، پێشڕەوان ئاموزش دەبینن، ئەزمون بەدەست دێنن و نفوزی خۆیان و لە ئاکامدا پێگەی کۆمەڵە لە نێو جەماوەری خەڵکدا پەرە پێئەدەن. لەم روەوە دیسانیش جەخت کرایەوە کە بە دەرکی دروست لە سیاسەتەکانمان لە بواری کاری عەلەنی و کاری نهێنیدا، هاوڕێیانمان لە ڕێبەری و هێدایەتکردنی ئەم حەرەکەتانەدا چالاک بن و لە وەها ڕەوتێکدا تەشکیلاتی حیزبی بەهێز و پتەو بکرێت. لە بواری ئاکسیۆن و حەرەکەتە ناڕەزایەتیەکان لە کوردستانیشدا پلینوم جەختیکردەوە کە: وێڕای ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان، بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر بوونیان هەیە کە زەرفیەتی هێنانە مەیدانی جەماوەرێکی بەرینیان هەیە. رووداوەکانی ئەم دواییە لە کوردستانی عێڕاق، دیفاع لە بزوتنەوەی رۆژئاوا، ناڕەیەتی لەدژی کوشتاری کۆڵبەران، دژایەتی کردن لەگەڵ بریار و بەرێوە چوونی ئێعدام، دیفاع لە زیندانیانی سیاسی، بۆنە ناوچەیی و جیهانیەکان، بەشێک لەو خاڵانە بوون کە لەم مانگانەی دواییدا ناوەرۆکی حەرەکەتە بەرینەکان لە کوردستان بوون. کۆمەڵە نابێ لە هیچ مەودایەک لەم مەیدانانەدا، بۆشاییەک بەجێبێلێت. لەم بوارانەدا کۆمەڵێک ڕێنمایی و ئاڕاستەی دیاریکراو خرایە دەستوری کاری کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و کۆمیتەی ڕێکخستنی تشکیلاتی نهێنی لە نێوخۆی کوردستاندا. لەوانە لەسەر بەدوادا چوونی سیاسەتەکانمان لە هاوکاری و یەکێتی کرداری خەباتکارانە، لەگەڵ هێز و کەسانی تێکۆشەری سەربەخۆ، لە بواری ویست و داخوازییە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان، لە خەباتی هاوبەش لەدژی کۆماری ئیسلامی و بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی رێکخستنی جەماوەری و سەمەر بەخش بوونی ناڕەزایەتیەکان جەختکرایەوە. هاوڕێیانمان دەبێ نمونەی هەوڵی ڕاستگۆیانە بن بۆ دروستکردنی یەکیەتی خەباتکارانە و هاوکاری لە خاڵە هاوبەشەکاندا لەگەڵ ئەو هێز و سیما ناسراوە ناوچەییانەدا. لەم ڕاستایەدا لە ڕەخنە گرتن و رۆشنگەریشدا دەبێ لە بەکار هێنانی زمانی زبر و تەفرەقە و دووبەرەکی دروستکەر کە ئەمری هاوکاریەکان دژوار دەکات، خۆ بپارێزن.

دووهەم: بە سەرنجدان لە بارودۆخی گشتی ناوچەکە، پاراستنی سیمای کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی سیاسی شۆرشگێڕ بە باسکی چەکدارەوە زۆر گرنگە. روداوەکانی ئەم مانگانەی دوایی لە کوردستانی عێراق نیشانی داوە کە بۆ زەمانەت کردنی ئیدامەکاری لەم بوارەدا دەبێ بەرنامەیەکی عەمەلی و قۆناغ بەندی کراو و رۆشنمان هەبێت تا کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لەسەر ئەو بنەمایە کارەکانی بەرێتە پێشێ. هاوکاری لەگەڵ ئەحزابی سیاسی خاوەن هێزی چەکدار لە کوردستان لە چوار چێوەی بریارنامەی پەسند کراوی کۆنگرەی ١٧ ی کۆمەڵە، بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەگەری بارودۆخی نەخوازراو دەتوانێ یەکێک لە خاڵەکانی ئەم بەرنامەیە بێت. سێهەم: بازنەی هاوکاری و جالاکیەکانی کۆمەڵە لە ئاست کوردستان ، ناوچەکە و لە دەرەوەی وڵات، لەسەر بنەمای نەخشە عەمەل و ئەرزیابی کۆمەڵە، پەسەندکراوی ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەی ١٧ دەبێ رەچاو بکرێن و پەرەیان پێبدرێت. کۆمەڵە دەبێ بە پتەو کردنی پێگەی خۆی لە ڕێبەریی بزوتنەوەی سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتیدا لە کوردستانی ئێران، وەک هێزێکی بەرپرسیار لە ڕەوتی خەبات و لە کەم کردنەوەی ڕەنج وئازارەکانی خەڵک لە بەشکانی دیکەی کوردستانیشدا، کاریگەری هەبێت. نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات لەم بوارەدا دەبێ کاریگەرتر و چالاکانەتر بجوڵێتەوە. کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە دابەش کردنی کار و ئەرکە نیوخۆییەکانیدا لەم بوارەدا دەبێ ئەم ئەرکانە وەک یەکێک لە مێحوەرەکانی فەعالیەتی خۆی بزانێ و لەم بوارەدا چالاکانە تر بجوڵێتەوە.