کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی ئیسلامی لە ڕووبه‌ڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕیزی لێک هەڵپێکراوی خەباتی خەڵکی چەوساوە، توانایی بەرەنگار بوونەوەی نابێت

حەفتەیەک لە دەست پێکردنی شەپۆلی نوێی خەباتی خەڵکی چەوساوە، ستەم دیتو و بێبەش لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و به‌رابه‌ری و به‌هره‌مه‌ند بوون له‌ ژیانێکی باشتر تێپەڕێوە. شور و شەوقی خەباتێکی ڕزگاری بەخش لەدژی نا دادپەروەری و ستەم، لەدژی گەندەڵی و هەژاری و بێبەشی، سەرتاسەری کۆمەڵگای داگرتوە. خەڵکی زیاتر لە ٥٠ شاری ئێران، هاوکات هاتنە مەیدان تا مافە سەرەتاییه‌كانی خۆیان لە گەرووی ئەم ڕژیمە دەربکێشن. لە زۆربه‌ی شارەکان ڕژیم تەنیا بە حکومەتێکی نیزامی ڕانەگەیەندراو و داگیر کردنی شەقامەکان له‌ هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كان به‌ نیازی به‌رگرتن به‌ په‌ره‌سه‌ندنی شه‌پۆلی ئاخێزی جه‌ماوه‌ره‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئامادە کاریانەش، په‌یتا په‌یتا هەواڵی پەیوەست بوونی بەشێکی زۆرتر له‌ خەڵکی ناڕازیی بە ڕیزی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە دەگاتە گوێ. لە هەمانحاڵدا هه‌واڵه‌كان باس لەوەدەکەن کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش هەوڵ ئەدات تا بەرە بەرە توانایی و ئیمکاناتی سەرکوتی لەدژی خەباتی روو لە گەشەی جەماوەری وەگیان هاتوو بەکار بێنێ. ناوەندەکانی سەربە ڕژیم خۆیان باسی گیان لەدەستدانی لانیکەم ٢١ کەس و بریندار بوونی دەیان کەس و گرتنی زیاتر لە هەزار کەس لە جەریانی هێرش كردنه‌سه‌ر ڕیزی خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن.2

به‌ڵام ئەمرۆ جەماوەری خەڵکێک کە قینی پۆنگ خواردوی ٣٨ ساڵەیان لە حاکمیەتی سەرتاسەر جەنایەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەردەبڕن، بە سیاسەتی سەرکوت و گرتن و زیندانی کردن پاشەکشەیان پێناکرێت. ئەگەر دوژمن شێوازی جۆراوجۆری سه‌ركوت بۆ خامۆش کردنی بڵێسەی ئاگری قینی پۆنگ خواردوی خەڵک بەکار دێنێ، بێگومان خەڵکیش ڕێگای جیاوازیان بۆ درێژەی خەبات بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ئامانجە ڕەوا و ماف خوازانەکانی خۆیان تاوتوێ ده‌كه‌ن.

توانایی سەرکوتی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا لە ئێران، لەمرۆدا تەنیا بە وەجوڵە کەوتنی هێزی ملیۆنی ئینسانە چەوساوە و ستەم لێکراو لەبەین ده‌چێت، هێزی به‌رینی جه‌ماوه‌ری ده‌توانێ هه‌ر پلانێك پوچه‌ڵ كاته‌وه‌، هێزێك كه‌ له‌ سێڵاوێکی بناغە هەڵتەکێن به‌ پشت به‌ستن به‌ بوێری و وشیاری ئینسانه‌كانه‌وه‌ سەرچاوە دەگرێت، لە ئاسۆدا دەرکەوتوە. ئەمە ئه‌و ڕاستیەیه‌ کە دڕندە خۆیی سەرانی ڕژیم بۆ دیفاع له‌ نیزامی سته‌م و نابه‌رابه‌ری و بێ مافی توندتر ده‌كاته‌وه‌. بەڵام ئەزمونی تاریخی لە هەموو دنیادا و لەوانە ئەزمونی ئەم خەڵکە لە ئێرانیش نیشانیداوە کە سەرەرای هەر هەوراز و نشیوێک کە ئەم بزوتنەوەیە تێی پەڕێنێت، له‌ ڕاستیدا تیری هاوێژراو ئیتر ناگەڕێتەوە بۆ کەوان. مێژووی خەباتی ئەم خەڵکە لە ماوەی یەک سەد ساڵی دواییدا نیشانی داوە کە کارکردی ئەم جۆره‌ له‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ له‌ سه‌ر بناغه‌ی زوڵم و زۆر و ناعه‌داڵه‌تی بەرتەسکە و ناتوانێ بەر به‌ لافاوی خورۆشاوی جەماوەری وەگیان هاتوو بگرێت. ڕژیم به‌ هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه‌، هەموو رۆژێ زیاتر بە زەلکاوێکدا کە خۆی بەدی هێناوە دەڕواتە خوارێ. ڕژیمێک کە بۆ ترساندنی خەڵکی ڕاپەڕیو، شارۆمەندانی بێ دیفاع دەکوژێت و گوێ ناداتە ئه‌و داوا ڕه‌وا و به‌رحه‌قانه‌ كه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كاندا هاوار ده‌كرێ، بێ گومان بە درێژە کێشانی ناڕەزایەتیی خەڵک له‌ سەر شەقامەکان لە چوارچێوەی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان، بزوتنەوەی کرێکاری، ژنان، لاوان، بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان، بە مانگرتنە سەرتاسەریەکان و بەکار هێنانی تاکتیکی جۆراوجۆر ناکام و زەمین گیر ده‌كردرێت. خەڵکێک کە بەهۆی نەبوونی ئازادی فەعالیەتی ئەحزابی سیاسی، لەمرۆدا بەبێ ڕێبەری و بەبێ ستراتیژی روون لە خیابانەکاندا دژی ده‌سه‌ڵات خەریکی دەربڕینی قین و توڕەیی خۆیەتی زیاتر لە هەمیشە هەست بە بۆشاییه‌ك له‌ نه‌بوونی ئه‌ڵتراناتیو و ڕێبه‌ری خۆی ده‌كات. ئه‌م زه‌عفه‌ له‌ درێژه‌ی ئه‌م ڕه‌ه‌وته‌ سه‌رئه‌نجام پڕ ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌مه‌یش ته‌نها ڕێگایه‌تی، ڕێگایه‌ك كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌بێ بۆ پێكهێنانی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ گه‌ڕه‌ك و شار و شوێنه‌كان و هیتر به‌ردی بناغه‌ی دابمه‌زرێ.

ئەوەیکە خەڵک هاوار دەکەن: “ئیسڵاح تەڵەب، ئوسولگەرا، ئیتر تەواو بوو مەجەرا”، ئەوەیکە ئیتر ئه‌ڵڵاوئەکبەر لە هیچ سەربانێک نابیستریت، ئەوەیکە خەڵکی بوێر و ماف خواز لە بەرانبەر دوژمنی سەرتا پا چەکداردا سینگی کردۆتر قەڵغان، هەموو ئەمانە نیشانی ئەدەن کە هاوسەنگی هێزی نێوان خەڵک و ڕژیم بە قازانجی خەڵک گۆڕاوە. ئەگەرچی ئەم ئاڵوگۆرە هێشتا لەو ئاستەدا نییە کە خەڵک ئەو ئیمکانەیان هەبێت کە هێرشی خۆیان بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، دەست پێبکەن. بەڵام لە هەمانحاڵدا نەبینی ئەم ئاڵوگۆڕانە و کەڵک وەرنەگرتن لە مەوقعیەتێک کە بە دەست هاتووە، ئەو ئیمکانە بە دوژمن ئەدات کە تا بەسەر شپرزەیی ڕیزەکانیدا زاڵ بێت و بەرەی خەباتی خەڵکی ئازادیخواز پاشەکشە پێبکات. ئێرە مەیدانی کردار و مەیدانی نواندنی رۆڵی هێزە چەپ و کومونیستەکانە، مەیدانی کرداریی ڕێبەرانی خاوەن نفوز و کارزانە، کە لە ناوخۆی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکاندا پەروەردە بوون. لێرەدا دروشم و داخوازیەک تەرح دەکرێت کە ناوەرۆکی یاسای سبەی رۆژی ئەم کۆمەڵگایە پێکدێنێ. لێرەدا شیوازی دیموکراتیک ژیانی خەڵک و خەباتێک ئەزمون دەکرێت، کە شێوازی بەرزی لە سبەی رۆژدا دەبێتە نۆڕمی ئاسایی ژیان لەم کۆمەڵگایەدا. لێرەدا و لە دەروونی ئەم حەرەکەتەی ئیستادا، بانترین ئاست له‌ شێوازی هاوپشتی و ئینسان دۆستی بناغەی بۆ دائەندرێت.

ئەگەر ڕژیم هەموو رۆژێک هیزی سەرکوتگەری زیاتر بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی شەپۆلی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانە بێنێتە مەیدان، لە بەرەی خەڵکیشدا، نیشانەکانی جەماوەری بوونەوەی هەرچی زیاتری ئەم خەباتە و پەرەسەندنی شپۆلی شۆڕشگێڕانەی دەبیندرێت. ڕژیمی ئیسلامی لە ئەگەری بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕیزی پتەوی جەماوەری خەڵکی ستەم دیتودا توانایی خۆراگری نابێت. لەم دەورەیەدا دەکرێ هەنگاو بە هەنگاو قۆناغی باڵای شۆڕشگێرانە کامڵ بێت، دەورەیەک کە تێیدا نە خەڵک بوونی ئەم رژیمە تەحەمول دەکات و نە ئەم ڕژیمە توانایی حکومەت کردنی بەسەر ئەم خەڵکەدا ئەبێت.