2017-10-26 | ۱۳۹۶-۰۸-۰۴ بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری “نفتی ما” مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی لاستیکی پارس چووە دووهەمین حەفتەی خۆیەوە. ئەم کارخانەیە لە شاری سەنعەتی کاوە لە ١٠ کیلۆمتری ساوە هەڵکەوتووە. مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی لاستیکی پارس کە سازەندەی تایەی ماشێنی سەواری و بارییە و سەربە بانکی سەنعەت و مەعدەنە ئەمجار لە حاڵێکدا چووە نێو دووهەمین حەفتەی خۆیەوە کە کرێکارانی ئەم شیرکەتە پێشتر گەلێک جار بۆ دەست ڕاگەیشتن بە داخوازیەکانیان دەستیان دابووە دەربڕینی ناڕەزایەتیی. کرێکارانی ئەم شیرکەتە لە درێژەی هەوڵەکانیاندا ئەم جارە دژبە بێکارسازیە بەرینەکانی کرێکاران و لە ناڕەزایەتیی بە حقوقە نجومیەکانی مودیرانی ئەم شیرکەتە دەستیانداوەتە مانگرتن. بە پێی ڕاپۆرتەکان دوو کەس لە کرێکارانی ئەم شیرکەتە چەند رۆژ دوای دەرکرانیان لەسەر کار سهكتهیان كردووه و گیانیان لهدهستداوه. مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی لاستیکی پارس لە حاڵێکدا چۆتە نێو دووهەمین حەفتەی خۆیەوە کە لەم رۆژانەی دواییدا شاهیدی چەندین مانگرتن و کۆبوونەوەی کرێکاری لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی حەقدەستی دواخراو و خوسوسی سازیەکان بووین.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ئیلنا، کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی گواستنەوە و گەیاندنی نێونەتەوەیی کەنداوی فارس رۆژی دووشەممە یەکی مانگی خەزەڵوەر، لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی داخوازیە حقوقیەکانیان و لە ناڕەزایەتیی بە خوسوسی سازیەکان لەبەردەم بینای وەزاڕەتی تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی ڕژیم لە تاران کۆبوونەوە. بە وتەی کرێکارانی ئەم شیرکەتە “لە مانگی گوڵانی ٩٥دا کە مودیری شیرکەتی گواستنەوە و گەیاندنی نێونەتەوەیی کەنداوی فارس درایە دەست کەرتی تایبەت، درانی مەزایای وەک مافی ئیزافە کاری، بەهرەوەری و بیمەی تەکمیلی نزیکەی ١٢٠٠ کرێکاری شاغڵ لەم شیرکەتەدا بە تهئخیرهوه دراون”. لە پێشتریشدا هەواڵنێری ئیلنا، باسی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی نزیک بە یەک هەزار کەس لە کرێکارانی سەنعەتی، نیگابانەکانی دارستان و کۆمەڵێک لە کرێکارانی خانەنشین کراوی کارخانەی چێو و کاغەزی مازندەران لە رۆژی یەکشەممەدا لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی دوو مانگ حەقدەست لە ناوەندی ئەم کارخانەیەدا کردبوو. هاوکات هەواڵنێری ئیرانا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کۆبوونەوەی ٤٠٠ کەس لە کرێکارانی فازەکانی ١٥ و ١٦ی شیرکەتی موجتەمەعی گازی پارسی جنوبی کردبوو لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی حەقدەستەکانیان لە بەیانی رۆژی یەک شەممە ٣٠ مانگی ڕەزبەر. لە هەمانحاڵدا یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێرانیش باسی لە مانگرتنی ١٧٠ کرێکاری شیرکەتی شاخس؛ پەیمانکاری تەعمیر و پارێزگاری شیرکەتی فەراوەرشی پیتروشیمی بەندەر خومەینی لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی حقوقی پێوەندیدار بە دژواری کار و مافی خراپی ئاو و هەوا لە لایەن شیرکەتەوە لە رۆژەکانی شەممە و یەکشەممە کردووە. ماوەیەک لەو پێشیش کرێکارانی هێندێک لە یەکە پیشەسازیەکانی ئێران، وەک هپکۆ و ئازەرئابی ئەراک، پلی ئەکریل، بۆلبرینگ سازی، نەیشەکەری حەوت تەپە لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی حقوق و حەقدەستە دواخراوەکانیان دەستیان دابووە مانگرتن و ناڕەزایەتی.
ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە لەم ساڵانەی دواییدا کارخانە و ناوەندە گەورە کرێکاریەکان بوونەتە کانونە سەرەکیەکانی خەباتی کرێکارانی ئێران. ڕەوتی روو لە پەرەگرتنی ناڕەزایەتیی کرێکاری لە حاڵێکدایە کە بارودۆخی ئابووری ئێران گەلێک بەەرو خراپی چووە. درێژەی داخرانی کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، وەرشکست بوونی بانکەکان و دامەزراوە ماڵیەکان، هەڵاتنی سەرمایەکان و گەمارۆ تازە ئابووریەکان، دوورە دیمەنی بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ئابووری بۆ دەوڵەتی روحانی لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر لێڵ و تاریک کردوە. ڕەوتی بەرز بوونەوەی نرخی کاڵا ئەساسیەکانی جێی پێداویستی خەڵک و بێکار بوونی بە ملیۆن کەس، رۆژانە جەمعیەتێکی زیاتر بەرەو ژیان بەسەربردن لە ژێر هێڵێ هەژاریدا پاڵ پێوەئەنێت. بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنهرە دەوڵەتیەکان ئێستا ١٢ ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدان و زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەسیش لەژێر هێڵی هەژاری ڕێژەییدان. ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی باری قورسی قەیرانی سەرمایەداری ئێران و هەزینەی زۆری بەسەر پێوە ڕاگرتنی دامودەزگای پان و بەرینی ئیداری و سەرکوت و دەخاڵەت گەرییە نیزامیەکانی لە وڵاتانی سوریە، عێڕاق، یەمەن و ئەفغانستانی خستۆتە سەر شانی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگا. خەباتی روو لە گەشەی کرێکاران نیشانی ئەدات کە کرێکاران بە تایبەت لە ناوەندە گەورە کرێکاریەکاندا بە تەجروبە بۆیان دەرکەوتوە کە بۆ بەرەنگار بونەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابووریە هیچ ڕێگایەکیان بێجگە لە پەرەدان بە ناڕەزایەتیان لەبەردەمدا نییە. مانگرتنی دوو حەفتەیی کرێکارانی کارخانەی لاستیک سازی پارس و ناڕەزایەتی لە باقی ناوەندە گەورە کرێکاریەکان ئەو گرنگیەی هەیە کە لە درێژەی خۆیدا دەتوانێ جەماوەرێکی بەرینی ئەو کرێکارانەی کە لە کارگا چکۆلەکاندا خەریکی کارن و یان کرێکارانی بێکار، خانەنشین کراوان و پەرستاران و هیتر وەجوڵە بخات و بیانکێشێتە نێو ڕیزی خەباتێکی یەکگرتوانەوە.
لە کاتێکدا کە سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاریگەریەکانی ناڕەزایەتی کرێکاری لەم ناوەندانەدا بۆسەر بەشەکانی دیکەی بزوتنەوەی کرێکاری و بۆسەر فەزای سیاسی کۆمەڵگە ئاگادارن، بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتی کرێکارانیان لەم ناوەندانەدا کردۆتە ئامانجێکی گەورەی دەزگا ئیدئۆلۆژیک و سەرکوت گەرکانی ڕژیم. یەکێک لە گرنگ ترین ئەو ڕۆڵانەی کە وەزاڕەتی تەعاون و کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی ڕژیم لە بەرانبەر خۆی داناوە، بریتیە لە هیدایەت کردنی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان بەرەو ئاڕاستەی رێکخراوە دژی کرێکاری و زەردە دەوڵەتیەکان لەخزمەت چەنە لێدان لەسەر داخوازیە سینفیەکانی کرێکارانی شاغڵ لە چوار چێوەی تەسکی یاسا حکومەتیەکاندا.
لە بارودۆخی ئێستادا کە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی بەرەو پێش چوونی خۆی وەک رێکخراوی جەماوەری و چینایەتیە سەربەخۆکان لە دەوڵەت و ئەزمونی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی بێبەشە، پەرەدان بە ناڕەزایەتی ئێستا و بزوتنەوەی موتالباتی کرێکاران لە ڕێگای دەخاڵەتی چالاکانەی لەم خەباتەدا و لەقاودانی بەردەوامی سیاسەتەکان و ئەو پێشێل کاریانەی کە لە لایەن خاوەنکاران و دەوڵەتەوە لەدژی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار دەکرێت خاوەنی گرنگیەکی زۆرە. لە باروخۆخی ئێستادا دەبێ شێلگیرانە لەسەر گرنگی خەباتی ئێستای کرێکاران جەخت بکرێتەوە و بۆ هەر خەباتێک کە کرێکاران لە ئاستی وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان و یان داخوازییەکی هەرچند کەمیش کە بۆ باشتر بوونی ژیانیان بەرپای دەکەن و دەیهێننە گۆڕێ ئەرزش و بایەخ دابندرێت. ئەم خەباتە بە شێک لە مەوجودیەتی چینی کرێکارە و دەورێکی یەکلا کەرەوەیان لە گەشە و پەرەسەندنی وشیاری چینایەتی و کامڵ بوونی خەبات و رێکخراوی کرێکاراندا هەیە.