کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوەندی قەیرانە وێرانگەرەکان و چرۆكانی شۆڕش

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆتە ناوەندی قەیرانە خوێناوییەکان لە ئاستی دنیادا. ئەو قەیرانانەی کە ئەگەر هەرکامەیان ڕیشەی لە بوارە مێژووییەکان و ئاڵوگۆڕەکانی هەمان کۆمەڵگادایە، بەڵام بەهۆی دخاڵەتگەری هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە تێک تەندراوە و ئاستێکی زۆر وێرانگەری بە خۆیەوە گرتووە. سوورییە وەک یەکێک لە کانونەکانی قەیران بە هۆی دخاڵەتگەری هێزە دەرەکییەکانەوە زیاتر لە هەمویان بۆتە قوربانی شەڕ و کوشتار و وێرانی. لە شەڕی نێوخۆی ئەم وڵاتەدا کە هێشتا لە کۆتایی خۆی نزیک نەبۆتەوە، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس، کە زیاتریان شارۆمەندانی ئاسایین گیانیان بەختکردووە و نزیکەی نیوە لە جەمعیەتە ٢٣ ملیۆنییەکەی بە ناچار ئاوارە بوون. یەمەن هاوکات لەنێو بڵێسەکانی ئاگری فیرقەیی و شەڕێکی بە تەواو مانا کە تێیدا سعودییەکان لە ڕێبەریی ئیئتیلافێکی کۆنە پەرستانەدا و بە پشتیوانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرین شارۆمەندانی ئەم وڵاتانە ئاگر باران دەکەن، دەسوتێ. لە لیبی ٦ ساڵ دوای ڕووخانی ڕژیمی قەزافی، بشێوی سیاسی هەروا سێبەری خستۆتە سەر ئەم وڵاتە. ئەم وڵاتە بۆتە مەیدانی تەڕاتێنی گوروپە تیرۆریستییەکان و قەیرانی ئاوارەیی ٣ ملیۆن و نیو لە جەمعیەتی ٦ ملیۆن دانیشتووانی لیبی. عێڕاق هێشتا لەو برینە قوڵانەی کە دیکتاتۆڕی سەدام خستویەتە سەر جەستەی، لە ئاسەوارەکانی لەشکر کێشی ئەمریکا بۆسەر ئەم وڵاتە، شەڕی شیعە و سوننی و لە شەڕی داعش بە تەواوی ڕزگاری نەبووە کە چۆتە نێو قەیرانێکی تازەوە. لە فەلەستین دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی ئیسڕائیل ئیمکانی دەست کەوتووە کە بە پەرەدان بە شارۆچکە یەهودی نشینەکان و بەرتەسک کردنەوەی زیاتری مەیدان لە خەڵک و تەواو کردنی دیواری جیاکەرەوە و گەمارۆدانی خەڵکی لێوارەی ڕۆژئاوا، خه‌ڵكی فەلەستینی زیاتر لە پێشوو خستۆتە ژێر گوشارەوە.

بەڵام بۆچی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆتە ناوەندی قەیرانە وێرانگەر و خوێناوییەكان؟

بۆچی ئەم ناوەندانەی قەیران بوونەتە گۆڕەپانی ڕقابەتی هێزە ناوچەییەکان؟ یەکێک لەو هۆکارە گەورانەی کە کاریگەری کردووه‌تە سەر ڕەوتی ئەم قەیرانانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەم ڕاستیەیە کە نەزمی سەرمایەدارانە و ئیمپڕیالیستی پێشوو کە ئەساسەن بە ڕێبەریی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا شکڵی گرتبوو وە زلهێزە جیهانییەکانی تر و هێزە ناوچەییەکان هەرکامەیان بە چەشنێک ملیان بۆدابوو، لە زیاتر لە دوو دەیە لەوە پێشەوە بەرەو لاواز بوون و سەرئەنجام بەرەو لێک هەڵوەشان چوو. دوای ١١ی سیپتامبر و لەشکرکێشی ئەمریکا بۆسەر ئەفغانستان جۆرج بووش بە هێنانە گۆڕی تەرحی خاوەرمیانەی گەورە و هەوڵدان بۆ شکڵدان بە نەزمێکی تازە لەم ناوچەیە لە ڕاستیدا دانی بەوەدا نا کە نەزمی ئیمپڕیالیستی ڕابردوو شکستی هێناوە و خەریکە لێک هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام ئه‌زموونه‌كانه‌ نیشانی داوە کە نە هێرش بۆسەر ئەفغانستان و نە لەشکرکێشی بۆسەر عێڕاق و ڕووخاندنی ڕژیمی سەدام و نە خستنە ژێر گوشاری دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک ڕیفۆڕم، نە تەنیا نەیتوانی شکڵ بداتە نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە، بەڵکوو لێک هەڵوەشانی نەزمی کۆنیشی خێراتر کرد.249

کاتێک کە ئەمریکا بە هێرش کردنەسەر ئەم وڵاتانە و بە قەدەر قودرەتی نیزامی نەیتوانی ئەمنییەت و نەزمی سیاسیی جێگیر بكات، هێزە ناوچەییەکان هەموویان بە ڕوونی بۆیان دەرکەوت کە ئەمریکا ئیتر ناتوانێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەزمی دڵخوازی خۆی جێگیر بكات. بە تایبەت دوای دەست پێکردنی ئاخێزە شۆڕشگێڕانەکان لە ناوچەکەدا و ئەوەی کە ئەمریکا نەیتوانی هاوپەیمانانی قەدیمی خۆی وەک ڕژیمی موبارەک لە میسر و بن عەلی لە تونێس لە ڕووخان ڕزگار بکات بۆ گشت هاوپەیمانە قەدیمییەکانی ئەمریکا ڕوون بۆوە کە لەوەبەدواوە دەبێ بە پشت بەستن بە زەرفییەتەکانی خۆیان حاکمییەت و مانەوەیان زەمانەت بکەن. ئەگەر لەمرۆدا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاوپەیمانانی قەدیمی ئەمریکا وەک پێشو بەبێ ئەملاو ئەولا پەیڕەوی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا ناکەن، بەم هۆکارە سادەیە کە توانایی ئەمریکا بەرەو کزی چووە و نەخشی ڕێبەرییەکەی لە ئاستی دنیا و ناوچەکەدا لاواز بووە. لە سوورییە هەموان بینیان کە ئێئتیلافی نێونەتەوەیی لەدژی داعش بە ڕێبەریی ئەمریکا، لە کۆتاییدا ئێبتیکاری عەمەلی دایەدەست رووسییە. لە گۆشە نیگای بەرژەوەندییەکانی حکومەتەکانی ئەم ناوچەیەوە، نیزامی نوێی خاوەرمیانە، تەنیا دەتوانێ لە ئاکامی هاوسەنگی هێزێکی نوێی نێوان هێزە ئیمپڕیالیستیەکان و بە تایبەت ئەمریکا و رووسییە و هێزەکانی مەوجوود لە ئاستی ناوچەکەدا شکڵ بگرێت. لەم قۆناغی گوزارەدا، سەرجەم هێزە سەرمایەداری و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە هەوڵ ئەدەن کە بە دخاڵەتگەری لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەکەدا و بە بوون بە بەشێکی ئەم قەیرانانە سەهمی زیاتر لە ئاڕایشی سیاسی داهاتووی ئەم ناوچەیەدا دەستەبەر بکەن.

یەکێک لە هۆکارە ئەساسیەکانی دیكه‌ کە کاریگەری خستۆتە سەر ڕەوتی ئەم قەیرانانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شکستی ئاخێزە شۆڕشگێڕانەکانە لە خاوەرمیانە و باکووری ئافریقا. لە مەودایەکی کورتدا پێنج ڕاپەڕینی جەماوەری و شۆڕشگێرانە لە ناوچەکەدا یەک لە دوای یەک بەرەوڕووی شکست بوونەوە. ئاخێزە شۆڕشگێڕانەکان لە وڵاتانی تونێس، میسر، سوورییە، لیبی و یەمەن کە بۆ باشتر کردنی بارودۆخی بەڕێچوونی ژیان و كرانه‌وه‌ی فه‌زایه‌كی دێمۆكراتیك له‌ کۆمەڵگادا هاتبوونە مەیدان شکستیان خوارد. لە جەریانی هەموو ئەم ئاخیزە سیاسیانەدا، جەمسەری شۆشگێرانە لە بەرانبەر دوو بەرەی دژی شۆڕشدا قەراری گرت. بەڵام سەرەڕای شکست هێنانی ئەم ئاخێزە جەماوەریانە و سەرەڕای دخاڵەتگەرییەکانی هێزە سەرمایەداریە جیهانی و ناوچەییەکان لە کانونەکانی قەیرانی ئەم ناوچەیەدا و ئەو کوشتار و سەرکوتگەریانەی کە خستیانە ڕێ تۆو و چرۆکانی بزوتنەوەیەکی پێشڕەو و ڕزگاری بەخش دەبیندرێن. ئەو ئاخێزە جەماوەریانە لە ناوچەکەدا ئەم گومانەی کە ڕژیمە دیکتاتۆڕەکانی بە ڕواڵەت سیکۆلار بۆ ڕەوایەتی دان بە خۆیان پەرەی پێ ئەدەن، کە گۆیا بێجگە لە بزوتنەوە کۆنەپەرستانە ئیسلامییە سیاسییەکان هیچ ئاڵترناتیوێکی دیکە لەبەر دەمیاندا نییە تێکداوە. چرۆکانی شۆڕش لە زەوی خاوەرمیانەدا تروکاون، لەبەر ئەوەی کە بوارەکانی شۆڕش لەنێو نەچوون، لەبەر ئەوەی هیچکام لەو داخوازیانەی کە خەڵک لە پێناوی دەستەبەر بوونیاندا خوێنیان ڕژایە سەر سەنگ فەڕشی شەقامەکان وڵام نەدراوەنەتەوە. ئەزمونی حکومەتی خۆبەڕێوەبەریی جەماوەری لە کوردستانی سوورییە بە قانون و یاسای پێشکەوتن خوازانە و ڕێکخستنی ئەڕتەشێکی جەماوەری بۆ دیفاع لەم دەستکەوتانە، ڕەوتی بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی کرێکاری و گەشەی بزوتنەوە ناڕزایه‌تییەکان لە ئێران لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، مانگرتنە کرێکارییەکان و جۆش و خورۆشی خەباتکارانە لە تورکییە، حەڕەکەتی بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی چەپ لە تونێس و وڵاتانی دیكه‌ بە گشتی زەرفییەتەکانی مەوجود لەم بارودۆخه‌ و له‌ نێو شه‌ڕ و قه‌یرانه‌كاندا پێشان ئه‌دات.