هەروەک پێش بینی دەکرا ، دوژمنانی سەرسەختی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، نەخشەکانیان لەدژی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی، بە کردەوە دەرهێنا. لە کەس شاراوە نەبوو کە کۆبوونەوە یەک لە داوی یەکەکانی نوێنەرانی دەوڵەتانی ئێران و عێڕاق و تورکییە و تەنانەت ڕژیمی مەفلوکی بەشار ئەسەد، سەرئەنجام دەبوو بە ئاکامی عەمەلی بگات. نەخشە و پیلانە هاوبەشەکە قۆناغ بە قۆناغ بە کردەوە دەرهات. سەرەتا ڕێگا ئاسمانییەکانیان وەک ئاگادار کردنەوەی سەرەتایی داخست. دواتر مانۆڕی نیزامیی هاوبەشیان لە نزیک خاڵە سنورییەکان لە ئێران و تورکییە بەڕێوەبرد. بە شوێنیدا گەمارۆی ئابووری کۆنترۆڵ کراو و بەرتەسکیان داسەپاند، تا لە قۆناغی داواتردا و ئەگەر پێویست بکات کامڵی بکەن. هاوکات ئێقداماتی حوقوقی و ئیداریان لەدژی ئەشخاسی حەقیقی لە پۆستەکانی حکومەتی فێدڕاڵدا گرتە پێش و لەوانە خوازیاری لادانی پارێزگاری کەرکووک بوون.
لە بەرانبەر گشت ئەم کردارە زەمان بەندی کراو و دەقیقانەدا، ڕێبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام وەعدەیان بە خەڵک ئەدا، کە ئەم گوشارانە کاتین و گۆیا ئەوان بیریان لە هەموو شتێک کردۆتەوە و بۆ هەرکام لەم کردارانەی دەوڵەتان، بەدیلی گونجاویان ئامادە کردووە. تەنانەت کاتێک کار گەیشتە لەشکر کێشی هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی بۆسەر کوردستان، دیسان خۆش خەیاڵی درێژە کێشا و هەڕەشەی هێزەکانی دەوڵەتی عێراق کە لە نزیک ناوچە جێ ناکۆکەکان دامەزرابوون دەستی پێکرد و هێرش کردنیان ئەگەرێکی نزیک بوو، بە جیدی وەرنەگرت. بۆ چەندین ڕۆژ ڕای گشتی خەڵکی کوردستانیان بەم وەعدە ناڕەسمیانەوە خەریک کرد، کە گۆیا ئەمریکا هۆشداری داوەتە دەوڵەتی عێراق کە نابێ هیچ شەڕێک لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات. بەڵام هەر وەک بینیمان، ئەڕتەشی ئەمریکا نەتەنیا هیچ کۆسپێکی بۆ هێرشی هێزە عێڕاقییەکان درووست نەکرد، بەڵكوو بە کردەوە ئەوانی بۆ ئیجرا و بە کردەوە دەرهێنان و کامڵ کردنی پیلانەکانیان هاندا. دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا بە ڕوونی وتی، ” ئێمە ئاگامان لەو شەڕ و ئاژاوەیە هەیە، بەڵام لایەنگری لە هیچکامیان ناکەین.”
بێ خەیاڵی و ئامادە نەبوون بۆ بەرگری گەیشتە جێگایەک کە کاتێک شەڕ دەستی پێکرد و لە هێندێک ناوچە خۆڕاگری لە بەرانبەر هێزەکانی دەوڵەتی عێراقدا کرا، بەرپرسانی مەیدانی بەرەکان ئەیانوت لە کەمتر لە دوو کاتژمێردا موهیماتیان تەواو بووە لە حاڵێکدا هیچ سیستمێکی لۆجێستیکی و تەداروکاتیش بۆ دابین کردنی موهیماتی هێزە دەرگیرەکان بوونی نەبوو.
وڕێ نەکردنی فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە، تەنیا چەند کاتژمێرێک بەر لە بەجێهێشتنی سەنگەرەکان و پاشهکشەی بە پەلە، نموونەیەکی زیندوە لە فریوکاری و یاری کردن بە گیانی ئەو هێزانەی لە هێڵی پێشەوەی بەرەی شەڕدا بوون، و بەفەڕزی خۆڕاگری سەنگەری گرتبوو. هەروەها یاری کردن بوو بە هەستی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت خەڵکی شاری کەرکووک، کە چاوەڕێی خۆڕاگری و سەرکەوتنیان لەواندا درووست کردبوو.
زۆر لە پێش ترەوە ئاشکرا بوو کە بە دامرکانەوەی شەڕ لەگەڵ داعش، دەوڵەتی عێڕاق دەکەوێتە بیری وەرگرتنەوەی گشت ئەو ناوچانەی کە لە ئاکامی هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا لێیان کشابۆوە و لەوانە دەست بەسەردا گرتنەوەی سەرلە نوێی مەیدانە نەوتییەکان. ئاکامی گشتپرسی بۆ دەوڵەتی عێڕاق دەرفەتێکی فەراهەم کرد تا ئەم کارە بە هاسانی زیاتر و بە دەستەبەر کردنی هاوکاری دەوڵەتانی ئێران و تورکییە و تەئیدی دەوڵەتی ئەمریکا و لە بێدەنگی دەوڵەتانی ئۆرووپاییدا ئەنجام بدات. لە حاڵێکدا گشتپرسی بۆ دەوڵەتی ناوەندی دەرفەتێکی زێڕین بوو، تا نەخشەکانی زووتر بەکردەوە دەربێنێ، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بە واتای ئەوە نەبوو کە شور و شەوقی ڕۆژەکانی گشتپرسی بکاتە وزیەک بۆ خۆڕاگری. ئەوان لەم بوارەدا لەگەڵ خەڵکی کوردستان روو ڕاست نەبوون. ئەوان لە کۆبونەوەکانی پشتی پەردەیاندا نەخشەی پاشەکشەیان لە بەرانبەر داخوازیەکانی دەوڵەتی عێڕاقدا دەکێشا، بەڵام ڕاستییەکەیان لە خەڵک دەشاردەوە.
ئەوەی کە دوێنێ لە کەرکووک و دووزخورماتوو و ناوچەکانی دیكهی دەوروبەری کەرکووک روویدا، لە چاوەڕوانی باقی ناوچەکانی کێشە لەسەریش دایە لە خانەقین و موخموور و شەنگاڵ. لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر بەشی ڕژیمی ئێڕان لەم پیلانە هاوبەشەدا ئاشکرایە و ڕاستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگای هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە دابین دەبێت، دەبێ چاوەڕوانی سەهمی دەوڵەتی تورکییەش بین لەم پیلانە هاوئاهەنگ و ڕیکخراوەدا.
وادیارە کە ڕێبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای مەتڕەح بوونی یەکەم هەڕەشەکان و کرداری سەرەتایی دەوڵەتی ناوەندی و گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران و تورکییە لەبیری کۆمەڵێک سازش و پاشەکشە دا بوون. بەڵام لەم بارەیەوە یەکەم، نەتەنیا ڕاستیەکانیان لە خەڵک دەشاردەوە، بەڵکوو زانیاری نا ڕاستیشیان بە پێچەوانەی ئەوەیش بە خەڵک ئەدا. دووهەم، بۆ پاشەکشەی جێی سەرنجیشیان بەرنامەیەکی هەنگاو بە هەنگاوی روونیشیان نەبوو، بە شێوەیەک کە پاشەکشە نەبێتە ڕاکردن و دەوڵەتی عێڕاق و ڕژیمی ئیران نەچنە نێو ئەو کەلێنانەوە کە لە ڕێبەریی ئەحزابی حاکمدا بەدی هاتوون.
ئێمە لەپێشتردا وتبومان، دەوڵەتێک کە لە بەغدا لەسەر کارە دەسەڵات خواز تر و پاوان خواز تر لەوەیە کە بە هاسانی ڕازی بێت بە لەت بوونی عێڕاق، لەم ڕوەوە هەڕەرشەکانی دەوڵەتی عێڕاق دەبێ بە جیدی بزانرێت. دەوڵەتی عێراق بەبێ یارمەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی تورکییەش توانایی گوشار هێنانی بۆسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە بە کار هێنانی زۆر و لەشکر کێشی بۆسەر کوردستان یەکێک لەو ئامرازانەیە. وتبومان کە ئەوان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی لە ئاکامی هێرشی داعشدا لە دەستیان دابوو، شەڕدەکەن.
لەگەڵ گشت ئەمانەدا، هەڵسەنگاندنی ئێمە سەبارەت بە ماهیەتی هێزە دەسەڵاتدارەکان لە کوردستانی عێڕاق و ڕەخنەمان لێیان لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم قەیرانەی دواییدا، بە هیچ شێوەیەک ئێمە لە ڕیزی خەڵکی ئازادیخواز و ماف تەڵەب لە کوردستانی عێڕاق جیا ناکەتەوە. ئێمە هەوڵەکانی دەوڵەتی عێڕاق بۆ دەست بەسەردا گرتنەوەی ناڕەوای بەسەر هەر بەشێک لە کوردستانی عێڕاق دا مەحکووم دەکەین. وەک سیاسەتێکی گشتی ئێمە داوا لە خەڵکی کورستانی ئێران دەکەین لە هەر ڕێگایەکەوە بۆیان دەکرێت، پشتیوانی لە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانی عێڕاق بکەن و خۆشمان وەک رێکخراوەیەکی دیاری کراو ،واتە کۆمەڵە بەردەوام بەشێک دەبین لەم پشتیوانییە.