کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک بە بۆنەی رۆژی جیهانیی خۆراک

رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٢٤ی ڕەزبەر “رۆژی جیهانیی خۆراک” و یان لە ڕاستیدا “رۆژی جیهانیی برسێتی”یە. ٤٨ ساڵ بەسەر کاتێکدا تێدەپەڕێت کە وەها رۆژێک ناو نراوە. هەموو ساڵێک لە سەرودەمی نزیک بوونەوەی ئەم رۆژەدا گەلێک ئاماری هەژێنەر بڵاو دەبێتەوە. گشت ئەوانەی کە سەبەبکاری ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارەن، وەک دەکەشیشەکانی و یان واعیزانی سەر مینبەر، دەست دەکەن بە وڕێنە و تەرح و گەڵاڵەی درێژماوە بۆ لەبەین بردنی ئەم کارەساتە گەورەیە ڕادەگەیەنن. کاتێک کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا دەرکەوت کە زیاتر لە ٨٣٢ ملیۆن کەس لە خەڵکی دنیا خۆراکی کافی و تەواویان دەست ناکەوێ، گەلێک کۆبوونەوە و ئیجلاسی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون و بەشدارانی، تەعهودیان دا کە ئەم ڕەقەمە لە ساڵی ٢٠١٥ دا کەم بکەنەوە بۆ نیوە و لە ساڵێ ٣٠٣٠دا خاتیمەی پێ بێنن. کاتێک کە لە ساڵی ٢٠١٦ سازمانی خۆراک و کەشاوەرزی سەربە ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە ٨١٥ ملیۆن کەس هەروا لە خۆراکی کافی بێبەشن، بێ کاریگەر بوونی ئەو تەعەهودانە ئاشکرا بوو.
کاتێک کە ژینگەی ئینسانەکان دەکەوێتەبەر هێرشی وەحشیانەی پاوانخوازیی نێونەتەوەیی، کاتێک کە کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت رۆژانە ئاستی بەرینتر دەبێتەوە، کاتێک کە تاڵانی سەرچاوە سروشتیەکان وڵاتانی دواکەوتوو دەبێتە بابەتێکی باو، کاتێک کە بە ملیۆن ئینسان لە ئاکامی شەڕە نیابەتی، قەومی و مەزهەبیەکاندا لە ماڵ و حاڵیان هەڵدەکەندرێن و ئاخرین تواناییەکانیان دەخەنە ئەو هەنگاوانەوە کە هەر ئانوسات توانایی هەڵێنانەوەیان نامێنێ و ئەوەی شکی دەبەن بە کۆڵیەوە دەگرن، کەوابێ چۆن دەبێ باوەڕ بکرێت ئەوانەی کە براوە ڕاستەقینەکانی ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارەن، ڕێگا چارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەساتە پێشکەش بکەن؟.
ئامارەکان گەلێک ڕوونتر لەوەن کە بکرێت لە پاڵیانەوە بەبێ دڵەڕاوکێ تێپەڕی. گومان دەکرێت ئەگەر ڕێگا چارەیەک بۆ بەرگرتن لە نابوود بوونی ژینگە نەدۆزرێتەوە، ڕەنگە لە ساڵی ٣٠٣٠ زاینیدا بەرابەری ٥ تا ٣٠ لەسەد لە بەروبومی کشتوکاڵی کەم بێتەوە و لە ئاکامدا نزیک بە ١٠٠ ملیۆن ئینسانی دیكه‌ بەرەو هەژاری پاڵپێوە بندرێن. لەبەر ئەوەی کە لافاو، باهۆز و وەشکەساڵی گرینگترین هۆکارێکن کە بارودۆخی سروشتی ژیانی خەڵک تێک ئەدات. لە جەریانی هەرکام لەم بەڵا سروشتیانەدا زەویە کشتوکاڵیەکان و بە تایبەت مەزرای دەغڵودان و ئاژەڵداری لەنێو دەچن. کاتێک کە تەنیا یەکێتی ئوروپا ساڵانە ٥٥ میلیارد یۆرۆ واتە بڕی ٤٠ لەسەدی بودجەی ئەم یەکێتیە بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی تەرخان ئەکات و ئەم بەرهەمە کشتوکاڵیانە بۆ وڵاتانی دەوروبەر هەناردە دەکات، کەشاوەرزی لەم وڵاتانەدا کە توانایی ڕقابەتیان لەگەڵ بەرهەمی هەناردە کراودا نییە لە نێو دەچێت. بەم جۆرە گەلێک سروشتیە کە هەموو رۆژێک کۆمەڵێکی زۆر لە ئینسانەکان لە دەست ڕاگەیشتن بە خۆراکی پێویست بێبەش بن.246
ئەو ئامارانەی بەدەستەوەن نیشانی ئەدەن کە هەر ٣ کەس لە ٤ کەسی برسیەکانی دنیا کەشاوەرزانی بچوک، ئاژەڵداران و کرێکارانی کەرتی کشتوکاڵین. زۆرترین ڕەقەمی ئەم برسیانە ژنانی کەشاوەرزن کە دەبێ نانی خۆیان و بنەماڵەکانیشیان دابین بکەن. ئامارێکی دیکە نیشانی ئەدات کە لە هەر ٩ کەس لە جەمعیەتی دنیا کەسێک بە برسیەتی سەر ئەنێتەوە. مەرگ و میری سەرچاوەگرتوو لە برسیەتی زیاتر لە مەرگ و میری سەرچاوە گرتوو لە کۆمەڵێک نەخۆشی وەک ئایدز، مالاڕیا و سیلە. لە ١٦٠ ملیۆن منداڵی ژێر ٥ ساڵ تەمەن لە دنیادا بە هۆی ئەوەیکە خۆراکی تەواوی نییە چکۆلە ترن لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆیان. نیوەیان لە ئاسیا و یەک لەسەر سێیان لە ئافریقادا دەژین. نیوەی مردنەکانی ٦ ملیۆن منداڵ لە ساڵدا سەرچاوە گرتو لە نەبوونی خۆراکی کافییە.
سازمانی ناحکومی ئاکسفام لە ساڵی ٢٠١٦دا لیستێکی ٨ کەسی لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی دنیا بڵاو کردەوە. بەپێی ئەو لیستە سەروەتی ئەم ٨ کەسە یەکسانە بە ٤٢٦ میلیارد و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار واتە زیاتر لە سەروەتی ٥٠ لەسەد لە خەڵکی دنیا. بە پێی بۆچوونی دامەزراوەی “بەرنامەی خۆراکی جیهانی”، ئەوەندە بەسە رۆژانە ٢ سێنت تەرخان بکرێت بۆ یەک وەعدە غەزا بە ویتامینی پێویستەوە و بدرێت بەو خوێندكارانه‌ی بە دەست بێ خۆراکیەوە ئازار دەکێشن. یان ئەگەر بێت و تەنیا یەک لەسەدی ماڵیاتی ئەم ٨ کەسە دەوڵەمەندە وەربگیرێت بە هاسانی دەکرێت کۆتایی بەم دۆخە کارەساتبارە بهێندرێت.
لە کۆبونەوەی سەرانی ٢٠ وڵاتدا لە مانگی ژوئه‌نی ئەمساڵ لە هامبۆرگی ئاڵمان، بەشداران تەعەهودیاندا کە بۆ باشتر کردنی ئابووری قارەی ئه‌فریقا هاوکاری پێشکەش بکەن. لەم پێوەندیەدا تەرحی “یەکجێ لەگەڵ ئافریقا” لەسەر بنەمای سەرمایەگوزاری لە وڵاتانی ئه‌فریقاییدا ئامادە کرا. لە ناوەندی ئەم گەڵاڵەیەدا هیرشی سەرمایەکانی رۆژئاوا بۆسەر قارەی ئه‌فریقا، پەرەسەندنی خوسوسی سازی و خێرا تر کردنی تاڵان و بڕۆی سەرچاوە سروشتیەکانی ئەم قارەیە دیاری کراوە. مەگەر غەیری ئەوەیە کە تەرخان کردنی بەشێکی گەورە لە زەویە کشتوکاڵیەکانی ئه‌فریقا بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی گازۆئیل و ئاسەوارەکەشی لەبەین چوونی بەشێکی زۆری بەروبومی کشتوکاڵی ئەم قاڕەیە و بەرز بوونەوەی نرخی گەنم و باقی دانەوێڵەکانی دیکە و توشی هەژاری کردنی زیاتری خەڵک بووە.
با چاوێکیش بە ئامارە ڕەسمیەکان لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بگێڕێن. لە کۆتایی ساڵی ٩٥دا زیاتر لە ١١ لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری تەواودا بوون. ٧٠ لەسەد لە خانەنشینانی وڵات لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ژووری بازرگانی تاران لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێ تەنانەت ئەگەر ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئامار وەک بنەما وەرگرین ٤٠ ملیۆن تمەن مەودای نێوان دەهەکی یەکەم و دەهەکی دەیەمە. نوێنەرێکی مەجلیسی ڕژیم لە ئیسفەهان دەڵی ئاماری منداڵانی کار لە ئێران لە نیوان ٣ تا ٧ ملیۆن کەس دایە.
گشت ئەمانە بەشێک لە ڕواڵەتی کۆمەڵگایەک نیشان ئەدەن کە هاوکات هەواڵی بە میلیارد تمەن ئیختیلاسی تێدا بڵاو دەبێتەوە. کاتێک کە ئاشکرا بوو ١٧٥٠ میلیارد تمەن خراوەتە حێسابە شەخسیەکانی سەرۆکی قوەی قەزاییەوە کە بەهرەکەی لە مانگدا یەکسانە بە ٢٠ میلیارد تمەن و لە ساڵدا دەکاتە ٢٥٠ میلیارد تمەن ئەو بە بێشەرمی تەواوەوە ڕایگەیاند کە ئەم حێسابە شەخسی نییە و بەناوی ڕێبەرییە. تەنیا بە کەڵک وەرگرتن لەم پارەیە دەکرێ مانگانە سەد هەزار تمەن بدرێت بە ٢٠٠ هەزار منداڵ کە بە جێگای توانەوە لەژێر گوشاری کاردا، بچن بۆ قوتابخانە.
له‌ ڕاستیدا ڕێگا چارە سەرمایەدارانەکان بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەساتە گەورە ئینسانیە هیچ شتێک نابێت بێجگە لە سەقامگیر تر کردنی ئەم بارودۆخە. ئەگەر قەرارە کۆتایی بەم بارودۆخە بهێندرێت، تەنیا لە ڕێگای خەبات و تێکۆشان بۆ روخاندنی نیزامێکدا دەستەبەر دەبێت کە هەژاری و برسیەتی یەکێک لە ئاکامی کردارەکانیەتی.