کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حەشدی شەعبی زەنگی شەڕ لە کوردستان لێ ئەدات

رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی مانگی ڕەزبەر جێگری وەزاڕەتی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هێزە عێڕاقیەکان و حەشدی شەعبی لە نزیک سەنگەره‌كانی هێزی پێشمەرگە لە شەنگاڵ و باکوری موسڵ و باشوری کەرکووک کۆبونەتەوە و هێندێک جوڵەی گوماناویان ئەنجام داوە.” رۆژی پێشتریشی شوڕای ئەمنیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوو بە ڕای گشتی لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی کە “هێزە عێڕاقیەکان لەگەڵ حەشدی شەعبی لە باکوری موسڵ و باشور و رۆژئاوای کەرکۆکەوە لە هەوڵی ئەنجامدانی هێرشێکی بەریندان بۆسەر ئەم شارە.” هاوکات دەوڵەتی تورکیەش دەستی داوەتە جوڵە و بەهێز کردنی هێزەکانی لە باشوری شەنگاڵ و سەر سنوری خاپور لە باکوری کوردستانی عێراق.

نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم حەرەکەتانە بەشوێن فەرمانی حەیدەر عه‌بادی سەرۆک وەزیران بۆ ئیجرای قەراری پاڕله‌مانی عێڕاق بەڕێوەدەچێت. رۆژی ٥ی مانگی ڕەزبەر واتە دوو رۆژ دوای بەڕێوەچوونی گشت پرسی لە کوردستان، پاڕلمانی عێراق بە قەرارێک حەیدەر عه‌بادی فەرماندەی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی ڕاسپارد، فەرمانی جێگیر بوونی هێزە چەکدارەکان لە هێندێک ناوچەی کوردستان، کە بە قەوڵی خۆیان کێشەی لەسەرە، دەر بکات. ئەم ناوچانە بەشێکن لە کوردستان کە داعش لە ساڵی ١٣٩٣دا داگیری کردبوون. بەڵام زۆری پێنەچوو کە هێزەکانی پێشمەرگە بە شەڕ و دەرگیری نیزامی ئەم ناوچانەیان لە داعش سەندەوە و تێیاناد جێگیر بوون. 244

بەشوێن دەرکەوتنی ئەنجامی گشت پرسی و لە دژایەتی لەگەڵیدا، دەوڵەتی عێڕاق لە هاوکاری لەگەڵ تورکیە و کۆماری ئیسلامیدا، بە ئامانجی خستنە ژێر گوشاری هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک هەنگاوی هەڵخڕێنەر و شەڕ ئەنگێزانەیان هەڵگرتووە. کۆبوونەوەی هێزە عێڕاقیەکان و حەشدی شەعبی ژێر پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە دەوروبەری کەرکووک لە درێژەی ئەم هەنگاوانەدا دێت. بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتون، شەوی هەینی ٢١ی مانگی ڕەزبەر ئەڕتەشی عێڕاق و حەشدی شەعبی هێزی زۆرتریان ڕەوانەی ناوچەی “بەشیر و تازە”، هەڵکەوتوو لە چەند کیلۆمیتری باشوری کەرکووک کردووە کە خەریکی دروست کردنی سەنگەر و خۆ قایم کردنن. هەواڵنێریی رۆتێرز لە زمان کاربەدەستانی عێڕاقیەوە ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەم جوڵاندنی هێزە خەبات لەدژی داعشە. ئەوە له ‌حاڵێکدایە کە شەڕ لەگەڵ داعش لەو ناوچەیەدا تەقریبەن کۆتایی هاتووە و ئیتر مەوزوعیەتی نییە. عه‌بادیش لە پاساوی ئەم کردارەدا کە کەوتۆتەبەر ناڕەزایەتیی گەلێک لایەن، فێڵبازانە ڕایگەیاندوە کە “هێزە چەکدارەکان لەدژی خەڵکی کوردستان بەکار ناهێنین بەڵکوو فەرمانمان پێ کردوون تا بچنە کەرکووک و بیرە نەوتەکان و پێگەی ئاسمانی ئەوێ بخەنەوە ژێر دەستی خۆیان.” کەریم نوری فەرماندەی حەشدی شەعبیش لە وتووێژێکیدا ڕایگەیاند کە کەرکوک بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم نییە. ئێمە قەبوڵی ناکەین خراپکاران ئەوێ داگیر بکەن. ئێمە ئەوێ وەردەگرینەوە و ئامادەین گیانیشمانی لەپێناودا بدەین. حەشدی شەعبی مافی هەیە بۆهەر جێگایەکی عێڕاق بچێت و ئێستا ئێمە لەوێ جێگیر دەبین. ئێمە یەکپارچەیی خاکی عێڕاق دەپارێزین و کەس مافی ئەوەی نییە بەرمان پێبگرێت.” وتەکانی عه‌بادی و کەریم نوری بۆ خەڵکی کوردستان ئاشنان. سەدام حۆسینیش هێرش بۆسەر کوردستان و ئەنجامدانی جەنایەتی ئەنفال و بۆمبارانی شیمیایی لەژێر ناوی دیفاع لە خەڵکی “شیمالی خۆشەویستی” و ڕزگار کردنی خەڵک لە دەست “خراپکاران” واتە هێزی پێشمەرگەدا ئەنجام ئەدا. بەم جۆرە لە ئاوا بارودۆخێکدا کۆکردنەوە و مۆڵدانی هێز و تەحریکاتی ئەڕتەش و حەشدی شەعبی و ئێقدامات و قسەی هەڵخڕێنەر و هەڕەشەئامیزی عه‌بادی و کەسانی وەک كه‌ریم نوری ناکرێ بێجگە لە ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی خەڵکی کوردستان بە هیچ شتێکی دیکە لێک بدرێتەوە.

لە بەرانبەردا هێندێک لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕایانگەیاندبوو هێندێک ناوچە لە کوردستاندا کە بە شەڕ لەگەڵ داعش و قوربانیدان لێی ئەستێندراوەتەوە چۆڵ ناکەن. فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش کە کۆنترۆڵی کەرکووکیان لە ئیختیار دایە، لە وڵامدانەوە بە هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی ڕایانگەیاندوە “هەر ئەوجۆرەی کە توانیویانە داعش شکست پێبێنن هەر دەستدرێژی کارێکی تریش کە نیەتی هێرش بۆسەر کەرکووک هەبێت، شکست پێدێنن. حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوادارە حزوری ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەر بەهێرش بۆسەر کوردستان بگرێت. چەند رۆژ لەوە پێش پارتی دیموکراتی کوردستانی عێڕاق، داوای لە ئەمریکا کردبوو کە بە دخاڵەتی خۆی بەربە تەجروبەی کارەساتباری شکستی کوردەکان لە ساڵی ١٩٧٥ دا بگرێت. هەر لەم پێوەندەدا رۆژی چوار شەممە سەفیری پێشوی ئەمریکا لە عێراق ئامانجی حزوری ئێستای “قاسم سولەیمانی” لە عێڕاقی سازماندان و ڕیکخستنی حەشدی شەعبی و ئیجرای نەخشەی هێرش بۆسەر کەرکووک باس دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات دەستێوەردان بکات و بەر بە روودانی شەڕ بگرێت. لەگەڵ ئەوەدا رۆژی پێنج شەممە “سەربەست لزگین” جێگری وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆنسولی ئەمریکا لە کورستان وێرای ئاگادار کردنەوەی لە بارودۆخی هێڵەکانی تەماسی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە عێڕاقیەکان، داوا لە ئەمریکا دەکات بە دخاڵەتی خۆی بەر بە روودانی شەڕ بگرێت.

ئاشکرایە کە دەوڵەتی عێڕاق بە دۆخێکی نابەسامانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرچاوە گرتوو لە چەندین ساڵ شەڕ و خوێنرشتن و داگیرکاری ئەمریکا و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی و بە پشت بەستن بە هێزی ماندوو و بێتوانای نیزامیەکی هەیەتی، بەبێ پشتیوانی تورکیە و کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئەم جۆرە هەڕەشانە بە کردەوە دەربێنێ. کۆکردنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و دەوڵەتی عێراق لە دەوروبەری که‌رکووک و جیگیر بوونی هێزەکانی تورکیە لە باکوری هەرێمی کوردستان بەرهەمی هاوکاری و دیدارە هاوبەشەکانی نیزامی و ئەمنیەتی سێ لایەنەی تورکیە، عێڕاق و کۆماری ئیسلامییە، بەشوێن گشت پرسی سەربەخۆیی کوردستاندا. بە لەبەرچاو گرتنی پێگەی ستراتیژیک و بە سەرنجدان لە زەخیرەی گەورەی نەوت و گازێک کە له‌ كه‌ركووك بوونی هەیە و جۆرارۆر بوونی نەتەوەیی ومەزهەبی لە نێو دانیشتوانەکەیدا، کەرکوک چاوی تەماعی دەوڵەت و هێزە ناوچەییەکانی لەسەرە. بەم جۆرە ئەگەر بێت و شەڕێک لەم ناوچەیەدا رووبدات، لایەنەکانی شەڕ تەنیا حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە نابن. لەم حاڵەتە وەحشەتناکەدا، که‌رکووک دەبێتە مەیدانێکی دیکە بۆ ڕقابەت و کێشمەکێش و شەڕ و حیساب لەیەک دەرکردنی سیاسی دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەمریکا و چارەنووسێکی باشتری لە موسڵ و حەڵەب نابێت.

پوچەڵ کردنەوە و توشی شکست کردنی ئەم پیلانانە و ڕزگار بوون لە شەڕ و پیلانەکانی دیكه‌ی دوژمنان تەنیا بە عزم و ئیرادەی جەماوەری خەڵکی ئازادیخواز و تێکۆشەر بە تایبەت لە عێڕاق و کوردستان مومکین دەبێت کە یەکگرتوانە و هەدەفمەند و ڕێکخراو دەست بدەنە خەباتێکی شێلگیر و لێبڕاوانە بۆ دیفاع لە ئەمنیەت، ژیان و بەرژەوەندیەکانیان.