بابەتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتە مۆسیقیەکان هەروا لە ئاستی سەرەوەی حکومەتدا بابەتی قسە و باس و مشتومڕە. ئەم بابەتە نە تەنیا مۆری شەرمەزاری و ڕیسوایی بە نێوچاوانی کاربەدەستانی باڵی بناژۆخوازەوە ناوە، بەڵکو لە هەماحاڵدا نمونەیەکی ئاشکراش لە بێ نرخی و ترسەنۆکی باڵی ناسراو بە میانەڕەو و ئیسلاح خواز لە دەزگای دەوڵەتیدا پیشان ئەدات. باس و خواسی گەرم لەم بارەیەوە لە مەشهەد و ئوستانی خۆراسانی ڕەزەوی هەروا لە ئارادایە. مودیر کوللی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئەم ئوستانە باس لە بەڕێوەچوونی جەلەساتی هاوبەش لەگەڵ مەڕجعە دینیەکان لە مەشهەد دەکات و دەڵێ :” ڕوانگەکانمان لەم بارەیەوە، لەیەک نزیک بۆتەوە و بۆ ئیجرا و بەڕێوەچوونی مۆسیقای فۆلکلۆر و ناوچەیی خەریکی وتووێژین لەگەڵ عالمەکان. مۆسیقای ناوچەیی و مقام دەتوانێ لە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشدا لەیەتر نزیکمان بکاتەوە. وادیارە دوور نمایەکی زۆر باش لەم بوارەدا بوونی هەیە و مۆسیقای ناوچەیی و مقام خاڵی هاوبەشی گشت ئەو کەسانەیە کە باوڕیان بە فەرهەنگی ئێرانی و ئیسلامی هەیە.” بەم جۆرە سەرجەم هەراو هوریاکانی روحانی لەدەورەی هەڵبژاردندا بۆ کۆکردنەوەی دەنگی بەشێک لە لاوان ئاکامەکەی ئەوە بووە کە کاربەدەستانی لە مەشهەد، لە وتووێژ لەگەڵ بە ناو عالمەکان لەم ئاکامە نزیک بۆنەتەوە کە ڕەنگە ئاغایان ڕازی بن بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی مۆسیقی فۆلکلۆر و ناوچەیی. عەباس ساڵحی، وەزیری فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامیش نمونەیەکی دیکەیە لە ئەندامانی دەوڵەتی روحانی کە لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵیدا دوێنێ کە هەواڵنێریی “ئیسن”ا بڵاوی کردەوە، ترسەنۆکی خۆی لە دەربڕینی مەبەستەکانی، بە ئاشکرایی نیشان ئەدات و ئەڵێ:” ئەگەر یاساش سەبارەت بە مەجازبوونی کۆنسێرتی کۆسیقا خراپ بێت، دیسان دەبێ وڵات هەر بە یاسا بەڕێوەببرێت و قانونی خراپ، لە بێ قانونی باشترە. لەم یەک مانگەدا، گەلێک نیشانەی روون دەرکەوتون و هیوادارم بگەینە کۆدەنگی.” ئەمرۆ لە زەمینەی کێشمە کێشی فەرهەنگیدا ئێران بۆتە گۆڕەپانێکی نەبەردی ڕاستەقینەی نێوان ڕژیم و زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە بە تایبەت لاوان.
قەدەغە بوونی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی مۆسیقی بە هەر ئامانجێک بەڕێوەبچێت، ڕژیم لە بەرانبەرکێ لەگەڵیدا توشی شکست دەبێت. ئەگەر ئامانجی قودرەت نمایی و ترساندنی لاوانە کە تەجروبەی خودی ڕژیم لەم بوارەدا نیشانی داوە، لاوان جاوترسێنی ئەم جۆرە حەرەکەتانەی ڕژیم نابن. ئەگەر مەبەست چەسپاندنی فەرهەنگێکی ئیسلامییە کە خۆدی ڕژیمیش شکست خواردنی لەم بوارەدا زۆر بە ڕاشکاوی ڕەد ناکاتەوە.
مێژووی ٣٨ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەریدەخات کە هەوڵەکانی ئەم ڕژیمە لە گشت بوارە فەرهەنگی و ئاموزشیەکاندا بەرەو رووی شکست بۆتەوە. بەریان بە ویدۆ گرت، هێشتا داخی شکستەکەی بەسەر دڵیانەوە مابوو کە ماهوارە هات. بۆ کۆکرنەوەی دیشی ماهوارەکان لەشکرکێشی دەکەن، خەڵک چەند کاتژمێر دواتر سەرلەنوێ دایدەمزرێننەوە. لە بەرەنگار بوونەوەی ماهوارەدا ناکام بوون کە ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە سەریان هەڵدا. زانستی مرۆڤایەتیان لە ناوەرۆکی دەرسی زانکۆکان لابرد، کتێبە زانستیەکان لەم بوارەدا تیراژیان بەرز بوویەوە. فیلمسازانی پێشکەوتن خوازیان زیندانی کرد، فیلمی زیاتر و بە سەرکەوتنی بەرچاوتر لە فستیواڵە جیهانیەکاندا دەرکەوتن.
ڕژیم و کاربەدەستانی کۆنەپەرستی لە ماوەی نزیک بە ٤ دەیە حاکمیەتدا هەرچی لە توانایاندا بووە بەکاریان هێناوە تا باوەڕ، ئەخلاق، هەڵسوکەوتی خەڵک بە سازماندانی هەموو جۆرە ئۆرگانێکی بڵاوکەرەوەی خورافە و بە زەبری هەموو جۆرە دەزگایەکی سەرکوت و ئیختیناق، والێبکەن کە خۆیان دەیانەوێ. حەوزە ئاخوندیەکانیان لە هەموو جێگایەک پەرەپێدا تا خورافە بەرهەمبێنن و بڵاوی بکەنەوە. وەزاڕەتی ئیتلاعات و ئیڕشادیان ڕیکخست تا هەموو شتێک بپشکنن و بەر بە بڵاو بوونەوەی ئەفکاری پێشکەوتن خوازانە بگرن. گەشتەکانی ساراللە و دەستەی لیباس شەخسییان سازماندا تا لە کۆڵان و شەقامەکاندا بکەونە گیانی ژنان و کچان، باتۆمیان بەسەردا بەرز بکەنەوە و تێزاب بکەن بە دەموچاویاندا و گشت ئەو شتانەی بەحاڵ بۆنی مرۆڤایەتی و شارستانیەتی پێوە دیارە لەنێو بەرن.
ئەوان زیندان و ئەشکەنجەگاکانیان لە شەریف ترین و شایستە ترین ئینسانەکان ئاخنی و داری ئێعدامیان چەقاند و کومونیستەکان و تێکۆشەران و ناڕازیانیان کوشت. بەناو شۆڕشی فەرهەنگییان وەڕێخست، درسەکانی عولومی ئینسانییان لە زانکۆکاندا لابرد، لە حەوزە ئاخوندیەکان، ملایان نارد بۆ مەدرەسەکان، کتێبی دەرسی منداڵانی ٨ و ٩ ساڵەیان لەسەر بنەمای جنسیەتیان لێک جیا کردوە، زانکۆکانیان کردە ژنانە و پیاوانە تا خەڵک وادار بە مل کەچ بوون و تەسلیم بکەن. بەڵام بینیمان ئاکامەکەی چی بوو؟
ئەگەرچی لاوانی ئێران لە سەرەتایی ترین دەرفەتەکان بۆ چیژ وەرگرتن لە دەورانی لاوی و گەشە کردنی تواناییەکانیان بێبەشن، بەڵام لە بەرانبەردا تەسلیمی بارودۆخی مەوجود نەبوون و کۆنەپەرستی حاکم نەیتوانیوە ئەوان لە چوارچێوەی یاسا و سوننەتە دواکەوتووکاندا دیل بکات. ئاگری ئەم خۆڕاگرییە لە هەزار و یەک دەربیجەوە سەری کێشاوەتە دەرێ. کۆماری ئیسلامی بە خەرج کردنی بوجەیەکی کەڵان، بە بەکارهێنانی توندترین شێوەکانی سەرکوت، بە پەرەدان بە سوننەتەکانی پیاوسالارانە، نەیتوانیوە ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی بەسەر لاوانی ئێراندا بسەپێنێ.
ئەم ڕاستیە ئیتر وەک ئەسڵێکی لێهاتوە کە دیکتاتۆڕەکان و کۆنەپەرستان نە تەنیا دەرس لە ئەزموونی ژیانی خۆشیان وەرناگرن ،بەڵکوو هەر ئەو جۆرەی کە گەلێک جار بینیومانە، سەرئەنجام سەری خۆیان لەسەر پێداگری و کەللە ڕەقی لە بەرانبەر گەشە و کامڵ بوونی ڕاستیە سەرسەختە کۆمەڵایەتیەکاندا دادەنێن.