کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تڕامپ، بوودجەی نیزامیی ئەمریکا و کۆیلەداری نوێ

حەفتا وسێهەمین کۆبوونەوی ڕەسمی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دەرفەتێک بوو تا جارێکی دیکەش دنیا شایه‌تی ئەو مەترسیانە بێت کە ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا بە نیزامیگەری و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر وڵاتانی دیكه‌، بەرەوڕووی دنیای دەکاتەوە. ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا و سیاسەتە دەست درێژیکارانەکانی بەوشە و ڕستەگەلی وەک “ئاخێزی نەتەوە سەربەخۆ و دەوڵەمەندەکان، سەردەمی وڵات پەرستی و حاکمیەتی یاسا” دا دەربڕی. ئەو ڕایگەیاند کە ” ئەمریکا ئامادەیە و توانایی ئەوەی هەیە کە کۆره‌ی باکوور نابوود بکات” وتی کە “ئێران وڵاتی شەڕ بووە کە دژی دراوسێکانی بە تایبەت عەرەبستانی سعودی، تیرۆریزمی بە هێز کردووە و هەڕەشەیە لەسەر هەموو دنیا.” ئەو سەنەدی بەرجامی بە مایەی شەرمازاری ئەمریکا ناوبرد. ئەو ڕایگەیاند کە گەمارۆی ئابووری لەدژی کوبا درێژە پێ دەدات و لەدژی بە قەولی ئەو ” دیکتاتۆڕی سوسیالیستی”وێنێزۆئێلا هەنگاو دەنێ. ئەو ڕۆژێک پێشتریش لە مقەڕی نەتەوەیەکگرتوەکان گەڵاڵەیەکی بۆ درووست کردنی هێندێک ” ڕیفۆڕم” لە پێکهاتەی ئەم ڕێکخراوەدا بەبێ ئامادەبوونی ڕەقیبە سەرەکییەکانی لەوانە رووسییە و چین بە ژمارەیەک لە وڵاتان مۆر کردبوو. لە خۆڕا نییە کە رووسییە خێرا کاردانەوەی پیشاندا و ئەو کۆبوونەوەی بە “ئیئتیلافێکی پشتی پەردە” ناوبرد. قسەکانی ترامپ لەم کۆبوونەوەیەدا جارێکی دیكه‌ بیرەوەری لەشکر کێشی ئەمریکای بۆسەر یوگوسلاوی، عێڕاق، لیبی و سوورییەی بەبێ ڕەزامەندی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووکان زیندوو کردەوە.

وڕێنە و لەفازیەکانی دەستپێکی سوخەنڕانی ترامپ سەبارەت بە ” ڕێزگرتن لە مافی حاکمییەت” و ” سەربوخۆیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان” پەردەیەکی دیکە بوو کە دەبوو بەسەر هەڵوێستی شەڕ خوازانەیدا بکێشرێت. بۆ ئەوەی کە بزانین ئەم هەڕەشانە تا چ ڕادەیەک دەتوانێ جیدی بن، ئەوەندە بەسە چاوێک بەوەدا بخشێنین کە تەنیا ڕۆژێک پێشتر لە واشنگتۆن و نیۆیۆرک ڕوویدا بوو. مەجلیسی سەنای ئەمریکا ڕۆژێک پێشتر بوودجەی نیزامی ئەو وڵاتەی بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە بڕی ٧٠٠ میلیارد دۆلار پەسند کردبوو. ئەم ڕەقەمە پازدە لەسەد زیاترە لە بوودجەی نیزامی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦ و شەش لەسەد زیاترە لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٧ یه‌. ئەم بوودجەیە تەنیا شاملی بەرهەمهینانی فرۆکە جەنگییەکانی ” ئێف شازده‌” و ناوە تازەکان، مۆدێرنیزە کردنی توانایی ئەتۆمی ٦٠٠ میلیارد دۆلار هەزینەی ئەو شەڕانە نەکراوە کە لە ئارادان. هاوکات لەم بوودجەیە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتییە نیزامی و ئەمنییەتییەکان بۆ ئۆکراین، ناردنی ٣ هەزار سەربازی نوێ بۆ ئەفغانستان و زیاد کردنی ئەو هێزانەی ئەمریکا کە لەوێ جێگیرن بۆ ١١ هەزار کەس لەم وڵاتەدا، تەرخان کردنی سەد ملیۆن دۆلار بۆ زیاد بوونی توانایی بەرەنگار بوونەوەی وڵاتانی باڵتیک لەگەڵ دەخاڵەت گەریەکانی رووسیەش دەگرێتەوە. لەگەڵ ئەوە دەوڵەتی ئیسڕائیل وێڕای وەرگرتنی یارمەتی نیزامی ساڵانە بە شێوەی مامناوەندی ٣ میلیارد و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار، بڕی ٧٠٥ ملیۆن دۆلاریش بۆ گەڵاڵەیەکی هاوبەشی بەرگری کردن لە هێرشی موشەکی وەردەگرێت. بۆ بەرەنگار بوونەوەی مەترسییەکانی کۆره‌ی باکووریی خاون چەکی ئەتۆمیش، ڕەقەمێکی ٨ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پەرەدان بە سامانی موشەکیی ئەمریکا جێگیر لە حەوزەی پاسیفیک تەرخان دەکرێت.229

تراژیدی گەورە ئەوەیە کە ئەم بوودجە سەرسوڕ هێنەرە نیزامیە و ئوسولەن زیاد بوونی بوودجەی نیزامی زۆربەی وڵاتانی دنیا و تەرخان کرانی هەزاران ملیارد دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە دنیا لە ئاگری شەڕی نیابەتی، ناوچەیی، قەومی و مەزهەبیدا دەسوتێت،نزیک بە یەک میلیارد کەس لە دانیشتیوانی دەنیا لە هەژاری و برسیەتیدان. لە بارودۆخێكدا ئەنجام ئەدرێت کە تەنیا لە سێ وڵاتی سودان، سومالی و یەمەن زیاتر لە ٢٠ ملیۆن ئینسان لەسەرەمەرگی سەرچاوەگرتوو لە برسیەتیدان.

تراژیدی گەورە لەوێدایە کە ڕاست هەر ئەو ڕۆژەی ترامپ لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا، لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان باسی لە شەڕ و نابوودی دەکرد، “ڕێكخراوی جیهانی کار” ی سەربە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس لە جەمعیەتی دنیا قوربانی ” کۆیلەتی مۆدێڕن”ن. ئەم ڕاپۆرتە ڕاست لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی کاری ئیجلاسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا خرایە روو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەو جەماوەرە ملیۆنییە بە پێچوانەی ئارەزووی خۆیان لە کارخانەکان، لە پڕۆژەکانی بیناسازیدا، لە مەزراکان، لە کەشتییەکانی ماسی گرتندا بە توندی دەوچەوسێنەوە. پازدە ملیۆنیان ناچار بە هاوسەگیری دەکرێن. حەفتا ویەک لەسەدیان ژنن و نزیک بە یەک لەسەر سێیان منداڵن. ڕێكخراوی جیهانی کار لەم ڕاپۆرتەی خۆیدا دەڵێ کە ١٥٢ ملیۆن منداڵ لە تەمەنەکانی نێوان ٥ تا ٧ ساڵی نان هێنەرەی بنەماڵەکانیانن. ٧٢ ملیۆن لەم منداڵانە لە قارەی ئافریقا، ٦٢ ملیۆنیان لە ئاسیا و حەوزەی پاسیفیک، ١٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسیان لە قاڕەی ئەمریکا و ٥ ملیۆن و نیویان لە ئۆرووپا و ئاسیای مەرکەزیدا دەژین. بەپێی ئەم ئامارە یەک لەسەر سێی منداڵانی کار لە نێوان ٥ تا ١٤ ساڵیدا ناچنە قوتابخانە. دوو لەسەر سێی تازەلاوانی نێوان ١٥ تا ١٧ ساڵی زیاتر لە ٤٣ کاتژمێر لە حەفتەدا کاری تاقەت پڕوکێن دەکەن. هەم شەڕ خوازییەکانی ترامپ و هەم ئەم تراژیدیە مەترسیدارە وێنای دنیایەکە کە نەزمی سەرمایەداری ڕێکیخستوە. تەرخانکردنی هەزاران میلیارد دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی چەکی مەرگبار لە خزمەت سود پرستی کۆمپانیا گەورە تەسلیحاتیەکاندا ، لایەنێکی ئەم نەزمە سەرمایەدارانەیە و هەژاری قوربانیکردنی یەک ملیارد ئینسان و شەڕ و کۆیلەتی مۆدێڕنیش لایەنێکی دیکەی. نابێ لەبیر بچێتەوە کە کوتانی دەهۆڵی شەڕ، ڕقابەتی هێزە ئیمپڕیالیستیەکان و شەڕ و کێشەی هێزە ناوچەییەکان بە دوور لە هەموو تەبلیغاتەکانی مێدیای بۆرژوایی کە سەبارەت بە ئاشتی جیهانی، بەرگرتن لە وڵاتی کۆره‌ی ئەتۆمی، خەبات لەدژی تیرۆریزم بەگشتی، ئەو چەکانەن کە دەبێ لە فریوکارییەکی گشتیدا خەڵکی دنیا قانع بکات کە پێویستە بە بارودۆخی فەلاکەتباری ئێستا ڕازی بن و چارەنووسی خۆیان بدەنە دەستی ئەوانەی کە ترس و خۆفی زاڵ بەسەر دنیای ئەمرۆیاندا بەدی هێناوە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دنیای پڕ لە ئاڵۆزی ئێستا چارەنووسی هەتاهەتایی بەشەر نییە. دەکرێ و دەبێ بۆ دروست کردنی دنیایەکی دیكه‌ کە ئاسۆی ڕزگاربوونی بە تەواوەتی ئینسان پێشان ئەدات، خەبات بکرێت.