لەسەروبەندی کۆتایی هاتنی پشوی هاوینە و کرانەوەی مەدرەسەکانداین. ئەگەر بۆ قوتابیان بە لەبەرچاو گرتنی تەمەنیان، پێنانە نێو کلاسەکانی بانترەوە و بینینی دۆست و هاوکلاسی و هاوبازیەکانیان شور و شەوق و شادمانی پێکهێناوە، بۆ مامۆستایان سەرەتای ساڵێکی پڕ لە ئازاری دیكهیه بۆ دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ کۆمەڵێک گیروگرفتدا کە ئەم ساڵ و ساڵانی دیکەش بەرۆکیان دەگرێت.
لە خوارەوە بوونی ئاستی حەقدەستی مامۆستایان بە لەبەرچاو گرتنی تەوەڕوم و گرانی رۆژ لە رۆژ زیاتر، ژیانی جەماوەری مامۆستایانی ئێرانی هێناوەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. گەلێک لەوان بۆ دابین کردنی بەڕێچوونی بنەماڵەکانیان ناچارن دوای کۆتایی هاتنی کاری قوتابخانە، پیشەیەکی دیکەش بدۆزنەوە. بەم جۆرە چەندین کاتژمێر کاری تاقەت پروکێن نە تەنیا دەرفەتێکیان بۆ جێژ وەرگرتن لە کانونی گەرمی بنەماڵە بۆ ناهێڵێتەوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ كاریگهری له سەر ئەمری دەرس وتنەوەیان دادهنێ و بە ناچار کەیفیەتی دێنێتە خوارەوە.
شێوازی نا هاوئاهەنگی دانی حقوقەکان لە ئێران، مامۆستایانی بە بەراورد لەگەڵ باقی کارمەندانی دەوڵەتیدا بە کردەوە کردۆتە شارۆمەندی پلە دوو. بەم جۆرە پیشەی ئاموزگاری نە تەنیا ڕێزی لێ ناگیرێ، بەڵکوو دەکەوێتە بەر هەڵاواردن و سوکایەتی پێکرانیش. لەم ساڵانەی دواییدا خەباتی مامۆستایانی ئێران بۆ ئیسلاحی نیزامی هاوئاهەنگی دانی حەقدەستەکان، بە کردەوە ئاکامێکی نەبووە و وەعدە و بەڵێنەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتیش، هیچ شتێک نەبووە بێجگە لە فریوکاری بۆ دامرکاندنەوەی بەشێوەیەکی کاتیی ئاگری قین و توڕەیی مامۆستایان. هەزاران مامۆستای حەقۆلتەدریسی، بە قەراری دامەزراندنی کاتی بە کەمترین حەقدەست، ساڵانێک لە دوورکەوتووترین ناوچەکاندا خەریکی کارن. ئەوان تەنانەت لە هەبوونی دەفتەرچەی بیمەی دەرمانیش بێبەشن. بەشێکی بەرینیان کە بەهۆی کار کردن لە ناوچە دوورە دەستەکاندا، ناتوانن کارێکی دووهەم بدۆزنەوە، بە ناچاری مانگەکانی هاوین خەریکی کرێکاری و دژوار ترین کارەکان دەبن.
پشوی ئەوان، نە تەنیا بە واتای ئاسودەیی و دەرکردنی ماندویەتی ٩ مانگ کاری دەرس وتنەوەی بەردەوام نییە، بەڵکوو بە جەستەی ماندوەوە لە کاری تاقەت پڕوکێن ساڵی خوێندنی تازە دەست پێدەکەنەوە. ژەهری کۆنەپەرستی مەزهەبی ئاژین کراوەتە سیستمی ئاموزشی ئێرانەوە. ئەم سیستمە لە پێشڕەفتە زانستی و شێوازە ئیسلاح کراوە ئاموزشیەکان کە لە ئاستی دنیادا بەدی هاتون بێبەشە. ئامرازەکانی کۆمەک ئاموزشی لە قوتابخانە و دەبیرستانەکاندا کە هەم دەتوانن لە فێربوونی قوتابیاندا کاریگەر بن و هەم کەمێک لە ڕەنج و ئازاری مامۆستایان کەم بکەنەوە، لە ئاستێکی زۆر کەمدان. کلاسەکانی دەرس لانیکەم دوو بەرابەری زەرفیەتیان قوتابیان تێدا جێکراوە. ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان لە دێهات و شوێنە هەژار نشینەکان خاوەنی کلاسی شێدار، ژووری دیوار قەڵەشاو، سارد و بێ سوتەمەنی و بێ رووناکی کافین. گشت ئەم کەموکوڕیانە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بەردەوامی مامۆستایانی دڵسۆزن کە نایانەوێ داهاتوی قوتابیەکانیان بە فیڕۆ بچێت و ساڵەکانی تەمەنی لاوییان بەم شێوەیە نابوود بێت. شوێنە ئاموزشیەکان بە پۆلیسی کراون. ڕژیم بە بەسیج گیری و بەكرێگیراو پەروەری، ئەم شوێنانەی بەتوندی نائەمن کردوە. ژمارەیەک مامۆستای دڵسۆز و ناڕازی گیراون و زیندانی کراون، هەر ماوە جارێک بانگ دەکرێن بۆ ناوەندە ئەمنیەتیەکان و هەڕەشەیان لێ دەکرێت. ناڕەزایەتیی بە کۆمەڵ و کۆبوونەوەی مامۆستایان کە داخوازی بە تەواوەتی سینفی دێننە گۆڕێ، دەکەوێتەبەر هێرشی پۆلیس. لەگەڵ گشت ئەم دژواریانەدا کە مامۆستایان تەحەمولی دەکەن، ئەوەی کە جێگای هیوایە، ئەم ڕاستیەیە کە مامۆستایانی ئێران لە بەرانبەر ئەم جۆرە بارودۆخەدا تەسلیم نەبوون. ناڕەزایەتیی مامۆستایان لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام بەشێک لە حەرەکەتی زیندووی ئەم کۆمەڵگایە بووە. بەڵام مامۆستایانی ئێران خاوەنی تەشکیلاتێکی کارا، پێشڕەو و ڕادیکاڵ نین.” کانونی سینفی موعەلیمانی ئێران”، ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا کەم و زۆر ناڕەزایەتیی مامۆستایانی ڕیبەری کردووە، بەڵام بە داخەوە، چاوی لە هێزی گەورە و بەرینی ئەو مامۆستایانەی کە ئامادەن شێلگیرانە بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیان ببنە پاڵپشتی تەشکیلاتەکەیان و هاوتەریب لەگەڵی حەرەکەت بەکەن، نییە. بە گرتنە پێشی کۆمەڵێک سیاسەتی محافزەکارانە و حەرەکەت کردن لە چوارچێوەی ناکۆکی و کەلێنەکانی نێو باڵە حکومەتیەکاندا، هێزی چالاک و خەباتکاری موعەلیمانی بە کردەوە بە هەردەر داوە.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە داخوازی و داواکاری مامۆستایان جیا نییە لە ویست و داخوازی زۆربەی خەڵک لەم کۆمەڵگایەدا. لەم ڕوەوە خەباتی مامۆستایان خاوەنی پشتیوانی باقی توێژە ناڕازیەکانی نێو کۆمەڵگاشە. بێ گومان حەرەکەتی ناڕەزایەتیی موعەلیمان لە درێژەی ئەم خەباتەدا کە لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوەیان بردووە، لەمساڵی خوێندنیشدا بەردەوامی پێ ئەدەن. مامۆستایان لە خەباتی ڕەوای خۆیاندا بە تەنیا نین. بزوتنەوەی موعەلیمان لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری، خوێندکاری، بزوتنەوەی ژنانی یەکسانیخواز، خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و حەرەکەتی خەباتکارانەی باقی چین و توێژە ناڕازیەکانی کۆمەڵگەدا، خاوەنی دەردی هابەش، داخوازی هابەش و ئامانجی هاوبەشن. بزوتنەوەی مامۆستایان لە هاوڕێی و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشی پێشڕەو و ڕادیکاڵی ئەم بزوتنەوانەدا، هێزێکی گەورە و بەرینە کە ئەگەر بە دروستی ڕێبەری بکرێت، دەتوانێ ویست و داخوازیەکانی خۆی بەسەر ڕژیمی ئیسلامیدا بسەپێنێ.