ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی خهرمانان، وەزیرانی دەرەوەی سێ دەوڵەتی عێڕاق، تورکییە و کۆماری ئیسلامیی لە پەڕاوێزی کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیاندا، بۆ دژیەتی کردن لەگەڵ گشتپرسی سەربوخۆیی کوردستانی عێڕاق کە بڕیاروایه ڕۆژی سێی مانگی ڕەزبەر بهرابهر لهگهڵ ٢٥ی مانگی سێپتامبر بەڕێوەبچێت، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە. ئەوان لە بەیانییە هاوبەشەکەیاندا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە کوردستانی عێڕاق، لەسەر پێویستی ئەنجامدانی کۆمەڵێک کرداری هاوبەش بۆ دژایەتی کردن لهگهڵ ئهم تهوهره ڕێككهوتن. لەو بەیانیەدا لەسەر پێویستی گرتنەپێشی کرداری هاوئاهەنگ و ڕێکخراو بۆ هەڵوەشاندنەوەی گشتپرسیەکە جەخت کراوەتەوە. ئەوان یەکێک لە هۆکارەکانی دەرکردنی ڕاگەیاندنە هاوبەشەکەیان لە دژایەتی کردن لەگەڵ گشت پرسیدا، ” کەوتنە مەترسی دەستکەوت و هەوڵەکانی عێڕاق لە ڕاستای خەبات لەدژی داعش” ڕاگەیاندوە. لە هەمانحاڵدا سەرلەنوێ بە بیانوی ” کەوتنە مەترسی سەقامگیری و ئەمنییەتی سنوورەکانیان”، لە باری سەدەمە دیتنی یەکپارچەیی ئەرزی و وەحەدەتی سیاسی عێڕاق” یشەوە نیگەرانیان دەربڕیوە.
هەڵبەت ئەوە تەنیا وەزیرانی دەرەوەی ئەم سێ وڵاتە نین کە لە سەروبهندی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا کەوتونەتە بیری پیلان گێڕان و بەرنامە داڕشتن بۆ بەرگرتن لێی و تێکدانی. باقی ڕێبەران و بەرپرسان و فەرماندەکانی ئەم دەوڵەتانە لە خامنەیی و ئهردۆغان و عیبادیەوە بیگەرە تا کاربەدەستانی خوارەوەی ئەم دەوڵەتانە لە چەند مانگ لەوە پێشەوە لە هەر دەرفەت و بۆنەیەکدا دەژایەتی و دوژمنایەتی خۆیان لەگەڵ مافی هەڵبژاردن و گشتپرسی خەڵکی کوردستان دەربڕیوە. ئێستا نۆبەی وەزیر و فەرماندە سەرکوتگەرە نیزامییەکانی ئەم دەوڵەتانەیە کە بە هەڕەشە و گەڵاڵە ڕێژی بۆ کرداری نیزامی بێنە مەیدان و خەڵکی کوردستان لە مافی سروشتی و ئینسانی خۆیان کە دەیان ساڵە خەباتی بۆدەکەن، بێبەش بکەن.
ئەم دەوڵەتانە لە بارودۆخێکدا ” چڕ بوونەوە لەسەر خەبات لەدژی داعش و سەقامگیری ناوچەکە” دەکەنە بیانوی دژایەتی کردن لەگەڵ گشتپرسی کورستانی عێڕاق کە خۆیان هەرکامەیان وەک یارمەتیدەری شکڵ گرتنی داعش و درێژەی حەیات و بەرەوپێش چوونی کردارە جەنایەتکارانەکانی ئەم گروپە ئیسلامییە دەور و نەخشێکی بنەڕەتییان هەبووە. رێکەوتنی ئەم دەوڵەتانە لە دژایەتی لەگەڵ گشتپرسی هەرێمی کورستانی عێڕاق بە بیانوی تێکچوونی سەقامگیری سنوورەکان لە حاڵێکدا بە ئەنجام دەگات کە هەم کۆماری ئیسلامیی، هەم دەوڵەتی تورکییە خۆیان لە دەستێوەردان و ههڵگیرساندنی شهڕ لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەشدار بوون. بە یەکەوە لە ڕقابەتدا بوون و بوونەتە هۆی پەرەسەندنی شەڕ و خوێنڕێژی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئەم سێ دەوڵەتە دراوسێ ئیسلامییە کە لە دژایەتی و دوژمانیەتی کردن لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کورستان، هاوبیر و یەک کردارن، لە گەلێک حاڵەتدا لەسەر زێدەخوازی و تەوسعە تەڵەبی و سەهەم خوازی لە کێشمەکێشە ناوچەییەکاندا ناکۆکیان بووە و دژایەتیان لەگەڵ یەک هەیە. دخاڵەتی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی لە گشت بوارەکانی حەیات و حاکمیەتی خەڵکی عێڕاقدا، لە درێژەدان بە شەڕ و کوشتار و خوێن ڕشتن لەم وڵاتەدا لە کەس شاراوە نییە. لەشکر کێشی و دەخاڵەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بۆسەر عێڕاق و سوورییەش هەر بەو شێوە. کەوابێ پێکهاتنی ئەم سێ دەوڵەتە لە دژایەتی کردن لەگەڵ مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان لە عێڕاق و بەڕێوەچوونی گشتپرسی تەنیا دەکرێ بە کردار و ئەفکاری شۆوینیستی و دیکتاتۆڕانەی ئەم دەوڵەتانە و دوژمنایەتیان لەگەڵ ئازادی و مافە ئینسانییەکانی خەڵک کورد، تهوزیح بدرێت و ڕوون بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هەڵوێستی دژایەتی زل هێزە سەرمایەدارییەکان لەوانە ئەمریکا، یەکێتیی ئۆرووپا، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەگەڵ مافی دێمۆکراتیکی خەڵکی کوردستان لە بەڕێوەبردنی گشتپرسیدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان خۆی، جارێکی دیكه پەردەی لەسەر ڕواڵەتی ڕیاکارانەی ” پشتیوانی لە مافی مرۆڤ”یان لە ڕوو هەڵدماڵی. ئەوان جارێکی دیکە نیشانیاندا کە داکۆکی بەڕواڵەتیان لە مافەکانی مرۆڤ و دێمۆکراسیەک کە ئیدیعای دەکەن فریوکارانەیە و ئامانج و ڕیسالەتی ئەم ئیدیعایانە هیچ شتێک نییە بێجگە لە دابین کردنی بەرژەوەنییەکانی خۆیان لەم ناوچەیەدا. لەسەر ئەم بنەما سروشتییەیە ئەمریکا و باقی دەوڵەتانی سەرمایەداری قەت ئامادە نین بە خاتری ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەست لە بەرژەوەندیە گەورە ئابوورییەکانیان لە ئێران، تورکییە، عێڕاق و بیست وڵاتی دیکەی عەرەبی هەڵبگرن. ئەوان خوازیاری ئەوەن کە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها هێزی چەکداریان تەنیا وەک ئامرازێک لە خزمەت دابین بوونی بەرژەوەندیەکانی ئەواندابن. تەنیا شتێک کە ئەوان بیری لێ ناکەنەوە، ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستانە. ئەو حیزب و ڕەوت و کەسایەتیانەی کە هەوڵ ئەدەن ئەمریکا و باقی هێزە گەورە محەللی و ناوچەییەکان بە” هاوپەیمان، دۆست و پشتیوانی خەڵکی کوردستان” پیشانبدەن خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵکەوە و بەدوای دابین بوونی قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوەن، کە لەگەڵ قازانج وبەرژەوەندیە واقعیەکانی خەڵکی زۆر لێکراوی کوردستاندا بێگانەیە. دابین بوونی مافەکانی خەڵکی کوردستان تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی خەباتی خۆیان و پشتیوانی ئینسان و هێزە ئازادی خوازەکان لە ناوچەکە و سەرتاسەری دنیادا مومکین دەبێت.