شەپۆلێکی تازە لە گوشار و ئەزیەت و ئازاری ئەفغانستانییەکان بە ئامانجی دەرکردنیان لە لایەن وەزاڕەتی نێوخۆی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکردووە. وەزیری نێوخۆی ئێران وتویەتی کە لەم قۆناغەدا دەرکردنی ٨٠٠ هەزار پەنابەری ئەفغانستانیان لە دەستوری کاردا هەیە. سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی لەم بوارەدا بابەتێکی نوێ نییە. بەڵام ئەوەی کە تازەیە کەڵک وەرگرتنی ڕژیم لە منداڵانی ئەفغانستانییە بۆ دەرکردنی کەسوکاریان. ئەو ڕاپۆرتانەی كه لەم رۆژانەی دواییدا بڵاوکراونەتەوە باس لەوە دەکەن کە لە سەروبهندی نزیک بوونەوەی له ساڵی نوێی خوێندندا، منداڵانی ئەفغانستانی بوونەتە ئامانجی تەرحێکی دەژی ئینسانی. هەواڵنێریی بی بی سی لە ڕاپۆرتێکیدا لە تاران کە دوێنێ بڵاوی کردۆتەوە دەنووسێ، لە ١٥ی مانگی خهرمانانەوە تا ئێستا تەنیا لە ئوستانی مەرکەزیدا زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ بە ئامانجی دەرکرانیان لە ئێران گیراون”. ئەویکە منداڵانی ئەفغانستانی و ئەوانیتر کە بە هۆی هەژاری بنەماڵەکانیانەوە، بەناو خەریکی کار و کاسبین لە خیابانەکاندا، شیاوی جیاکرانەوە لەیەکتر نین. مەئمورەکانی ڕژیم هەموویان بە یەکەوە دەگرن و دوای دڵنیا بوون لە ناسنامەیان منداڵە گیراوە ئەفغانستانییەکان لە منداڵانی ئێرانی جیا دەکەنەوە و دەیانبەن بۆ ئۆردوگایەک لە دەرەوەی شاری وەرامین. ڕۆژنامەی شەهروەند لە ڕاپۆرتێکیدا لەم بارەیەوە نووسیویەتی کە دایکی هێندێک لەو منداڵانە بە ناسنامەوە لەبەردەم ئۆردوگاکەدا کۆبونەتەوە تا منداڵەکانیان وەربگرنەوە. نووسەری ئەم ڕۆژنامەیە لە نووسراوەکەیدا دەڵێ، ئوتوبووسێکی نارنجی ڕەنگی بینیوە کە منداڵانی کۆچبەری بەرەو سنووری ئەفغانستان بردووە و دایکێک بە گریانەوە خۆی هاویشتۆتە بەر ئوتوبوسەکە تا بتوانێ منداڵەکەی ڕزگار بکات. “حەبیبوڵڵا مەسعودی فەرید” جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێكخراوی كهم ئهندامان بۆ پاساو کردنی ئەم کردارە دژی ئینسانییە بە سایتی خەبەر ئانلاینی وتووە، “نابێ لە واژەی گرتنی منداڵان کەڵک وەربگیرێت، بەڵکوو لەم گەڵاڵەیەدا، دەیانهێنن تا ئاوڕێک لە باشتر بوونی بارودۆخی ژیانیان بدرێتەوە.” بەڵام ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمە درۆیەکی ئاشکرایە. ئەم منداڵانە دوای ڕوون بوونەوەی ناسنامەیان و دڵنیا بوون لە ئەفغانستانی بوونیان، ڕاستەوخۆ بەرەو سنووری ئەفغانستان دەبردرێن و لە نێو خاکی ئەو وڵاتەدا وێڵ دەکرێن، تا بەم جۆرە کەسوکاریان کە دوور لە چاوی مەئمورانی دەوڵەتی خەریکی کار و ژیانن، ناچار بن بەدوای منداڵەکانیاندا بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان.
بەڵام بارودۆخی ئەو منداڵانەی کەسوکاریان بە هەر چەرمەسەریەک بێت توانیویانە ئیجازەی مانەوەی کاتی وەربگرن و بەم ئیعتیبارەوە دەتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە، زۆر باشتر نییە. کرێکارێکی ئەفغانستانی کە ئیجازەی مانەوەی هەیە لەم بارەیەوە دەڵێ، “منداڵانی کۆچبەرانی ئەفغانستانی ئەگەر ئیقامەتی یاساییشیان هەبێت و بیانەوێ بخوێنن دەبێ هەزینەی خوێندنەکەیان لە سەرەتای ساڵەوە بدەن بە مەدرەسەکان. ئێستا ئەگەر بنەماڵەیەک منداڵدار بێت، کە بە شێوەی ئاسایی خاوەن چەند منداڵن، دەبێتە ڕەقەمێکی زۆر. دانی یهك دوو ملیۆن، بە جارێک بۆ کرێکارێکی کۆچبەری ئەفغانستانی ئەویش لەم ڕۆژانەدا زۆر قورسە. ئەو دەڵی لە ئێران توشی سەختی و دژاورییهكی زۆر هاتووە، بەڵام شوێنێک کە قەت لەبیر ناچێتەوە، ئەو جێگایەی کە بهڕێوهبهری قوتابخانەکە بەبەرچاوی کوڕەکەیەوە پێی وتبوو ئەفغانستانییەکان چیان لەدەرس خوێندن داوە، بڕۆن بێڵکاری خۆتان بکەن”.
ژمارەی منداڵانی ئەفغانستانی پەنابەر لە ئێران کە بێ ناسنامەن بە نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس بەراورد دەکرێت. بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ڕێكخراوی پهروهرده و بارهێنان لەم ژمارەیە تەنیا، نزیکەی ٥٠ هەزار کەسیان لە سەرجەم قوتابخانەکانی ئێراندا ناویان تۆمار کراوه. منداڵانی ئەفغانستانی لەگەڵ منداڵانی هاوچارەنووسیان لە ئێران، کە ئیمکانی چوون بۆ قوتابخانەیان نییە، لە خیابانی شارەکاندا سەرگەردان بەدوای دابین کردنی خۆراکی مەمرەو مەژی خۆیان و بنەماڵە داماو و چەوساوە و سوکایەتی پێکراوە کانیانەوەن.
کۆماری ئیسلامیی تەنانەت بەو منداڵانەی کە دایکیان ئێرانی و باوکیان ئەفغانستانییە ناسنامە نادات. کرێکارانی خاوەن ئیجازەی مانەوەش تەنیا بە دانی ڕشوە بۆ چوون بۆ ناوچە دیاریکراوەکان دەتوانن ئیجازە وەربگرن. ئەگەر کرێکارێکی خاوەن ئیجازە، لە ناوچەیەک کە بۆی دیاری کراوە بێکار بوو و بچێت بۆ ناوچەیەکی دیکە، منداڵەکانیان لە قوتابخانەی ئەو شوێنە تازەیە وەرناگیرێن و خۆشیان دەگرن. هێندێک لە کەسوکاری ئەم منداڵانە، کە چوونەتە ناوچە قەدەغە کراوەکان، هەر کاتێک خاوەنکار پێویستی پێیان نەماوە و ویستویەتی کرێ و مانگانە کەمەکەشیان نەدات و مافیان پێشێل بکات، کارێکی کردووە تا پۆلیس شناساییان بکات و بیانگرێت.
درێژەی دەرکردنی کۆچبەرانی ئەفغانستانی و توند بوونەوەی ئەم گوشارانە و بە شێوەیەکی ڕەگەزپەرستانە جوڵانەوە لەگەڵیان لە حاڵێکدا ڕوو دەدات کە زۆربەی هەرە زۆریان، ئەو کرێکار و زەحمەتکێشانەن کە ساڵانێکی دوور و درێژ لەژێر حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا لەم وڵاتە کاریان کردووە، ڕەنجیان کێشاوە و شان بە شانی هاوچارەنوسەکانیان لە ئێران چەوساونەتەوە و سەروەتیان بۆ سەرمایەداران بەرهەمهێناوە.
کرێکاران و خەڵکی وشیار و تێکۆشەری ئێران کە شایهتی ژیان و چارەنووسی تاڵی کۆچبەرانی چەوساوە و ئازار چەشتوی ئەفغانستانن، دەبێ لە هەر ڕێگایەکەوە بۆیان دەکرێت بۆ دەستەبەر بوونی مافە پێشێل کراوەکانی خۆیان و منداڵەکانیان لە هەوڵدا بن و ئەرکی ئینسانی خۆیان بەجێبێنن. بەرگرتن لە توند بوونەوەی گوشار بۆسەر کرێکارانی کۆچبەر و درووستکردنی ئاسانکاری بۆ ژیان و بەڕێچوونیان، تەنیا دەتوانێ بەرهەمی خەباتی هاوبەشی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە هەوپشتی لەگەڵ ئەواندا بێت.