ئەمرۆ یازدەی سێپتامبر بەرابەر لەگەڵ٢٠ ی مانگی خهرمانان ساڵیادی ڕووداوێکە کە ئەمریکا و دنیای توشی سەرسوڕمان کرد و بوو بە خاڵێکی گەورەی وەرچەرخان لە سیاسەتە جیهانییەکانی دەوڵەتی ئەمریکادا. ١٦ ساڵ لەمهوبهر لە وەها ڕۆژێکدا ” نیۆیۆرک” لەرزیەوە و کارەساتێکی گەورە تێیدا ڕوویدا کە بوو بەهۆی مردنی هەزاران ئینسان. کارەساتی گەورەی ئەو ڕۆژە، لە ڕیزی گەورەترین کارەساتەکانی دنیادا تۆمار کراوە.
بەرەبەیانی ١١ سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١، دوو فرۆکەی مسافیر هەڵگر بە مەودای تەقریبەن ١٥ دەقه یەک لە دوای یەکدا خۆیان بە تاوەری دوانەی ناوەندی توجاڕەتی جیهانی لە شاری نیۆیۆرکدا کێشا. لە ئاکامی ئەم ڕووداوەدا، سەرجەم مسافیرەکان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکە کە لە بیناکاندا ئامادە بوون، کوژران. هەردو تاوهرهكه، دوای دو کاتژمێر بەتەواوی وێران بوون و خەسارەتێکی زۆریشیان بە بیناکانی دەور و بەریان گەیاند. فرۆکەی سێیەم نزیک بە ٣٠ دەقه دوای فرۆکەی دوهەم خۆی بە بینای پێنتاگۆن، ناوەندی وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا کێشا. فرۆکەی چوارەمیش کە بەشێک بوو لەم پیلانە تیرۆریستییە، لە ویلایەتی پێنسیلوانیا، بەبێ خۆکێشان بە جێگایەکدا خرایە خوارێ. بەڕواڵەت ئەو کەسانەی فرۆکەکەیان فڕاندبوو دەیانویست بەرەو شاری واشنگتۆنی بەرن. هیچکام لە مسافیرەکانی ئەم چوار فرۆکەیە بە زیندویی نەمان. کوژراوەکانی ئەم ڕووداوانە بەگشتی نزیکەی ٣ هەزار کەس بوون. ١٦ ساڵ دوای ڕووداوەکانی ١١ ی سێپتامبر هێشتا چەند گۆشەیەک لەم نەخشە تیرۆریستییە بێ وێنەیە لە مێژووی دنیادا ڕوون نەبۆتەوە. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەسەدان جڵد کتێب و وتار سەبارەت بەم ڕووداوە و کاریگەیەکانی لەسەر دنیا نووسراوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا باس لە ڕاپۆرتێکی ٢٨ لاپەڕەیی لەبارەی نەخشی دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی لە ڕووداوەکانی ١١ی سێپتامبردا دەکرێت و دەوڵەتی ئامریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی خۆی، کۆمەڵێک ڕاستی لەم بارەیەوە لە ڕای گشتی دەشارێتەوە.
١١ی سێپتامبر سەرەتای زنجیرەیەک دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی نیزامی ئەمریکا لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی دنیادا بوو. بەڵام ئەم دخاڵەتانە لە ناوچە قەیراناوییەکانی دنیادا، نەبوونە هۆی سەقامگیر بوونی بارودۆخێکی سیاسیی. ئیدیعاهایهكی وەک، ” دەستێوەردانی بەشەر دۆستانە”، ” دێمۆکراسی لە خاوەرمیانەی گەورەدا”، ” لەنێو بردنی چەکە کۆمەڵ کوژەکان”، ” شەڕ لەدژی تیرۆریزم”، بەگشتی ئەمانە کە وەک پاساوی هێرشی ئەمریکا بۆسەر وڵاتانی جۆراو جۆر لە لایەن بڵندگۆ تەبلیغاتییەکانی ئەمریکاوە باس دەکران، زۆر زوو، وەک بڵقی سەر ئاویان لێهات. دخاڵەتە نیزامی و سیاسییەکانی ئەمریکا لە هیچ جێگایەکی دنیا و لەوانە لە وڵاتی عێڕاق و ئەفغانستان، نە تەنیا ئەمنییەت و سەقامگیر بوونی دێمۆکراسیان، لەگەڵ خۆیان نەهێنا، نە تەنیا نەبوونە هۆی لەنێو چوونی تیرۆریزم، بەڵکوو ناکۆکی و ڕووبەڕوو بوونەوە محەللی و ناوچەییەکانیشیان زیاتر کرد و بوارە عەینیەکانی گەشە کردنی ڕەوتە تیرۆریستییەکانی خۆش تر کرد.
١٦ ساڵ دوای هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئەفغانستان، تاڵهبان هێشتا کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ئەم وڵاتەی بەدەستەوەیە و قسە کردن سەبارەت بە سازش لەگەڵ ئەم ڕەوتە دژی ئینسانیە لە ئارادایە. ڕووداوی ١١ی سێپتامبر دەوڵەتی ئەمریکای وادار کرد کە هەم حوزورێکی بەهێزی لە بواری نیزامییەوە لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا هەبێت و هەم بە ئەنجام دانی هێندێک ڕێفۆڕمی ئابووری و سیاسی، لەژێر ناوی ” تەرحی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە” ڕژیمە دەسەڵاتدارەکانی ئەو ناوچەیە لە بەرانبەر ئەگەری هەر مەترسیەکدا بیمە بکات. بەڵام ناکامی لە دەستەبەر کردنی بەشێکی گەورە لە ئامانجەکانی لەشکرکێشی بۆسەر ئەفغانستان و عێڕاق و ڕوودانی ئاخێزە جەماوەرییەکان لە ناوچەکەدا، دەرفەتی بەدوادا چوونی ئەم تەرحەی لە دەوڵەتی ئەمریکا سەندەوە و چەند دەوڵەتێکی هاوپەیمانی ئەمریکاشی لە ناوچەکادا یەک لەدوای یەک ڕووخاند.
داگیر کرانی وڵاتی عێراق لە لایەن ئەڕتەشی ئەمریکاوە پێشی بەوە گرت کە خەباتی خەڵک بۆ ڕزگار بوون لە چنگ دیکتاتۆڕی سەدام پرۆسەی سروشتی خۆی بپێوێ. شەڕی مەزهەبی شیعە و سونه گیانی سەدان هەزار کەسی ئەستاند. كارهساتی سەرچاوە گرتوو لە داگیرکاری ئەمریکاوە، خۆڕاگریەکی کۆنەپەرستانەی لە بەرانبەریدا بەدی هێنا. لایەنگرانی ڕژیمی بەعسی پێشو و ئیسلامگەرا توندڕەوەکان مێحوەری ئەم خۆڕاگریەیان پێکهێنا. ئێستا ١٤ ساڵ دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆسەر عێڕاق و داگیر کردنی، هێشتا چارەنووسی سیاسی ئەم وڵاتە ڕوون نییە.
دەرکەوتنی دیاردەیەکی تاسەرئێسقان کۆنەپەرستانە بەناوی ” داعش” بەرهەمی دخاڵەتە ئیمپڕیالیستییەکانە لەم ناوچەیەدا. ئەگەر ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی زەمانێک کەڵکیان لە تاڵهبان و گروپە کۆنەپەرستە جیهادییەکان وەردەگرت بۆ دەرپەڕاندنی هێزەکانی یەکێتیی سۆڤیەت، هەر ئەم ڕەوتانە دواتر بوونە کۆسپ و گرفت لەسەر ڕێی ئیجرای پرۆژە تاڵانگەرانەکانیان. سوورییە بوو بە ناوەندی ڕقابەتی جیهانی و ناوچەیی و سەدان هەزار کەسی تێدا کوژرا، بەمیلیۆن کەس ئاوارە و وڵاتەکەش بوو بە وێرانە. سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سوورییە نەتەنیا ئارامشی بۆ ناوچەکە نەگیڕاوەتەوە، بەڵکوو بارودۆخی ئەم وڵاتەی گەلێک ئاڵۆزتر کردووە.
ڕووداوی ١١ی سێپتامبر لە هەمان حاڵدا کە کارەساتێکی ئینسانی بوو، دەستپێکی دەورانێکی نوێش بوو لە مناسباتی نێونەتەوەیی و سیاسەتی جیهانیدا. یازدەی سێپتامبر کۆتایی بە قۆناغێکی دەساڵەی بۆشایی ڕێبەریی بەسەر دنیای دوای شەڕی سارد و لێک هەڵوەشانەەی یەکێتی سۆڤویەتدا هێنا. یازدەی سێپتامبر ئەو دەرفەت و بیانوەی بە دەوڵەتی ئامریکا دا کە ئەگەر بەهۆی دابەزینی تواناییە ئابوورییەکەیەوە نەیتوانیبوو ڕێبەریی خۆی بەسەر دنیای دوای شەڕی سارد دا دابین بکات، ئەمجارە بە پشت بەستن بە قەدەر قودرەتی نیزامی ئامانجەکانی بەدیبێنێ. بەڵام هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ درووستکردنی ” نیزامێکی نوێی جیهانی” بە داسەپاندنی هێژمونی خۆی بەسەر دەوڵەتانی گەورەی سەرمایەداری و وڵاتانی سەرمایەداری ” جیهانی سێیەم” دا، بە پشت بەستن بە توانایی نیزامی ناکام مایەوە. هێزە ناوچەییەکان سیاسەتی مل کەچ بوونی بێ ئەملا و ئەولایان لە سیاسەتەکانی ئەمریکا وەلانا. چەند جەمسەری بوونی ئاڕایشی جیهانی سەرمایەداری بەشوێن ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ دا سەقامگیر بوو.