رۆژی چوارشەممە ١٥ ی مانگی خرمانان کوموسیۆنی توێژینەوەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یەکەم جار بەرپرسیاریەتی هێرشی شیمیایی بۆسەر خان شیخونی لە ئوستانی ئیدلیب لە مانگی ئاوریلی ڕابردودا خستە ئەستۆی دەوڵەتی سوریە. کارناسانی سازمانی ملەل بۆمبارانی شیمیایی خەڵکی خان شیخونیان بە گازی سارین کە بەهۆیەوە لانیکەم ٨٣ کەس گیانیان بەختکرد، وەک جەنایەتی جەنگی و لە ڕاستیدا جەنایەت لەدژی بەشەریەت ناوبرد. لە حاڵێکدا دەوڵەتی ئاڵمان هەمان کات کۆماری ئیسلامی و روسیەی بە خەتابار و بکەری ئەم جەنایەتە ناساندبوو، ڕژیمی ئێران دەغەڵکارانە ئەوی مەحکوم کرد و وای نیشاندا کە ئەم مادە شیمیاییە لە ئەنباری گروپە ئوپوزسیۆنەکاندا بووە و بەهۆی بۆمبارانی سوریەوە لە هەوادا بڵاو بۆتەوە. لە ڕاپۆرتی کوموسیۆنی توێژینەوەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەروەها هاتووە کە لەگەڵ خان شیخون خەڵکی غەیرە نیزامی لە ناوچەکانی دیکەی سوریەش کە لەدەست نەیاراندا بووە کەوتونەتە بەر هێرشی شیمیایی دەوڵەتی بەشار ئەسەد.
بەڵام جەنایەتی جەنگی لە سوریە لەدژی خەڵکی بێ دیفاع تەنیا لە بەکار هاتنی چەکی شیمیاییدا سنوردار نابێتەوە و تەنیا ڕژیمی سوریە و کۆماری ئیسلامی نین کە رۆژانە ئەم جۆرە جەنایەتە ئەنجام ئەدەن. بۆمبارانەکانی ڕژیمی سوریە بە بەرمیلی پڕ لە مادەی تەقەمەنی کە هەرکامیان ناوچەیەک تەختی زەوی دەکات و لە هەموو شار و شارۆچکەکان گەلێک جار بەکارهاتوە کەمتر نەبوون لە جانایەتێک کە لە خان شیخون بە بۆمبی شیمیایی ئەنجام درا. کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک لەلایەن گروپەکانی داعش و بەرەی نوسرەو و ئەڕتەشی ئازاد و باقی گروپ و دەستە و تاقمە تیرۆریستیە ئیسلامەکانیشەوە دەبێ وەک جەنایەتی جەنگی بە ئەژمار بێن. بۆمبارانە شیمیاییە مەترسیدارەکانی فرۆکەکانی روسیە و ئیئتیلاف بە ڕێبەریی ئەمریکا کە بە بەکارهێنان و ئازمایش کردنی تازەترین تێکنولۆژی نیزامی رۆژانە بەسەر خەڵکی ستەم دیتوی سوریەدا دەبارێ هەروەها بەشێک لە جەنایەتی جەنگی بە حیساب بێن. کوموسیۆنی توێژینەوەی سازمانی ملەل لە بەرانبەر گشت ئەم جەنایەتانەدا بێدەنگی هەڵبژاردووە. ناوەندە مافی مرۆڤە نێونەتەوەییەکان تەنیا کاتێک کە مەسڵەحەتی سیاسی هێزە ئیمپڕیالیستیەکان بخوازێت، هێندێک حاڵەت لە پێشێل بوونی مافەکانی مرۆڤ لێرە و لەوێ ئاشکرا دەکەن.
لەگەڵ پێشڕەویەکانی ئەم دواییەی ئەڕتەشی سوریە کە بە هاوکاری روسیە و کۆماری ئیسلامی و حیزب اللە لە بەرەکانی شەڕدا بەدەستی هێناوە، باقی دەوڵەتە دەرگیرەکانی شەڕ لە ئەمریکاوە گرتویەتی تا دەوڵەتانی ناوچەکە ( تورکیە، کۆماری ئیسلامی، عەرەستانی سعودی و قەتەر) هەرکامەو بە شێوەیەک لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنی مەوقعیەتی خۆیان لە سوریە و پەیگیریکردنی تەرح و پیلانەکانیان. دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بەردەوام درێژە بە لەشکرکێشی و تۆپباران کردنی کوردستانی سوریە و بەهێزکردنی گروپەکانی تروریستەکانی سەر بە خۆی دەدات. ئەم دەوڵەتە وێڕای هەوڵدان بۆ شکست پێهێنانی خەباتی خەڵکی کوردستانی سوریە لە ڕاستای پەیڕەو کردنی حاکمیەتی خۆیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی خەبات و تێکۆشانیان، دەیەوێ سەهمی خۆی لە سفرەیەک کە هێزە سەرمایەداریەکان لە خوێنی خەڵکی شەڕ لێدراو و ستەم دیتوی سوریە ڕایانخستوە، بەدەست بێنێ.
کۆماری ئیسلامی و حیزب اللەی لوبنانیش بە چوونی بە ئاشکرایان بۆ نێو معامەلە لەگەڵ داعش و بەرەی نوسرە نیشانیاندا کە لەبەر درێژە کێشانی حوزوری جەنایەتکارانەیان لە سوریە و دوژمانیەتی لەگەڵ خەڵک، خاوەنی هیچ پڕەنسیپێکی ئینسانی و ئەخلاقی نین. سەرەڕای تەبلیغاتی درۆینەی کۆماری ئیسلامی لەدژی داعش، ئەم دەوڵەتە بەردەوام لەگەڵ ئەم گروپە وەحشیەدا لە پێوەندی دابووە. معامەلەی ٢٦ ی مانگی ئوتی کۆماری ئیسلامی و حیزب اللە لەگەڵ داعش بۆ ڕزگار کردنی ٦٠٠ کەس لە کەسانی سەر بە داعش لە بەرەکانی شەڕ لە بەرزاییەکانی قەلەمون لەسەر سنوری سوریە و لوبنان و گواستنەوەیان بۆ دەیرەزور بە ئامانجی بەکارهێنانیان لەشەڕەکانی داهاتوودا لەسەر سنوری عێڕاق و سوریە ماهیەتی جەنایەتکارانە و ڕواڵەتی ڕێسوای کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی دنیا ئاشکرا کرد.
دەربڕینی بەداخەوەبوونی جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیم لە مەرگی ٨٥ کەس لە ئەفرادی داعش بە هۆی هێرشی ئاسمانی فرۆکەکانی ئیئتیلاف بە ڕێبەریی ئەمریکا بۆسەر کاروانی داعش کە بەرەو دەیرەزور دەچوون، نیشانەی هاودڵی ڕژیمە لەگەڵ گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان لەوانە داعش کە هەرکامە و بە شێوەیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لە پێوەندیدان. هاوکاری و ساتوسەودای کۆماری ئیسلامی و حیزب اللە لەگەڵ گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکان بابەتێکی تازە نییە. ئەوان پێشتریش لە حەڵەب سەودایەکی لەم جۆرەیان لەگەڵ بەرەی نوسرە و بە هەزینەی قەتەر ئەنجام دابوو.
پیلان و معامەلەی ڕژیمەکانی کۆماری ئیسلامی، تورکیە، عەرەبستان و قەتەر لە دژایەتی کردن لەگەڵ بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی سوریە و سەرجەم ناوچەکەدایە. شەش ساڵ بەسەر بڵێسەدار بوونی شەڕی سوریەدا تێدەپەڕێت. شەڕێک کە هەموو ئوستانەکانی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە. خەباتێکی ڕەوا کە جەماوەری خەڵی زۆرلێکراوی سوریە شەش ساڵ و نیو لەوەپێش لەدژی ڕژیمی دیکتاتۆڕی بەعس لەم وڵاتەدا دەستیان پێکرد، دوای چەند مانگ بە دەستێوەردانی هێزە سەرمایەداریەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و بە هاوکاری گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان توشی شکست هات. بەرهەمی دخاڵەت و جەنایەتی جەنگی سەرجەم لایەنەکانی دەرگیر لەم شەڕدا بۆ خەڵکی سوریە تا ئێستا نیو ملیۆن کوژراو و زیاتر لە دە ملیۆن ئاوارە و وێران بوونی زۆربەی شار و دێهاتەکانی سوریە بووە. وادیارە ئەم شەڕە بە شکستی داعش و باقی گروپە تیرۆریستیە وابەستەی کۆتایی نایەت.
حوزوری درێژ ماوەی ئەمریکا و روسیە و هاوپەیمانەکانیان لە سوریە بە واتای درێژە کێشانی شەڕ و کوشتار و زەوتکردنی ژیان و ئاسایش و ئەمنیەت لە خەڵکە. لە ئاوا بارودۆخێکدا تەنیا ڕێگای ڕزگار بوونی خەڵک لە دۆزەخێک کە بۆ خەڵکی سوریە بەدی هێندراوە کورت کرانەوەی دەستی ئەم جەنایەتکارانەیە لە سەر چارەنووسی خەڵکێک کە بە خەباتی یەکگرتوانە و یەکپارچەی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز لە دەرەوەی سوریە نەبێت ئیمکانی نییە.