کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بە توند تر کردنەوەی کەشی ئەمنیەتی شارەکان ناکرێ خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکرێت

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی هاتوون، بەدوای توندتر بوونەوەی فەزای ئەمنیەتی لە شاری بانە، شاری سنەش رۆژی چوار شەممە ١٥ ی مانگی خرمانان لە لایەن هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیمەوە بە توندی میلیتاریزە و ئەمنیەتی کرابۆوە. ئەم ڕاپۆرتانە باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی ترس لە پەرەگرتنی ناڕەزایەتی خەڵک، ژمارەیەکی زۆر لە مەئموران و هێزە لیباس شەخسیەکانی لە ئاستی شاردا بە تایبەت لە دەوروبەری ئوستانداری و فەرمانداری و هەروەها شوێنە قەرەباڵغەکانی شار وەک خیابانی شەشەمی بەهەمەن، شەقامی سیروس و مەیدانی ئێقباڵ جێگیر کردوە و سەبارەت بە هەرجۆرە کۆبوونەوەیەک هۆشداری داوە و هەڕەشەی لە خەڵک کردوە. ئەم کردارانەی هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم بەدوای ئەوەدا دێت کە چاوەڕوان دەکرا رۆژی چوارشەممە خەڵکی سنە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خەڵکی شاری بانە لەدژی کوشتاری کۆڵبەرەکان دەست بدەنە رێپێوان. بەم حاڵەشەوە هەڵسوڕاوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە شاری سنە بە بڵاو کردنەوەی بانگەواز ڕایانگەیاندوە کە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شاری بانە و ناڕەزایەتی بە کوشتنی کۆڵبەران، رۆژی پێنجشەممە دەست ئەدەنە ڕێپێوانی گشتی. هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم لە حاڵێکدا کەش و فەزای شاری سنەیان ئەمنیەتی کردەوە کە خەڵکی شاری مەریوانیش هەروا لەژێر ڕێوشوێنی حکومەتێکی نیزامی ڕانگەیەندراودان. هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە دەوروبەری ئیدارە دەوڵەتیەکان، گەڕەک و شوێنەکانی ناوەندی شاردا جێگیر کراون و لە ترسی پەرەگرتنی ناڕەزایەتی خەڵک بڵاوە بە کۆبوونەوەی چەند کەسیش دەکەن. 215

ئەم کردارانەی ڕژیم و توند بوونەوەی فەزای سەرکوت لە شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سنە و ئامادەکاری پێویست بۆ دروست کردنی وەها فەزایەک لە شارەکانی دیکەی کوردستان نیشانی ئەدات کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر چ دەریایەک لە نەفرەت و بێزاری گشتیدا خەریکە درێژە بە حاکمیەتی ئەدات. سەران و کاربەدەستانی ئەم ڕژیمە زۆر باش دەزانن کە ئەو داخوازییە ڕەوایانەی کە خەڵکی بانە بۆ دەستەبەر بوونیان ڕاپەڕیون، داخوازی و خواستی قەلبی سەرجەم خەڵکی مافخواز و تێکۆشەری کوردستان و هەموو ئازادیخوازان لە سەرتاسەری ئێران دایە. ئەو داخوازیانەی کە خەڵکی شاری بانە بۆ دەستەبەر بوونیان خستە مانگرتنی گشتیەوە و ڕژانە سەر شەقامەکان لە زومرەی پایەیی ترین مافی هەموو ئینسانێکە. داخوازی ناساندن، دادگایی و سزا دانی ئامران و عاملانی کوشتنی کۆڵبەرەکان و ڕەخسادنی هەلی کار و یان بیمەی بێکاری بۆیان، خواستی کۆتایی هێنان بە فەزای ئەمنیەتی لە شارەکانی کوردستان، داخوازی لادان و مجازاتی فەرمانداری شار بەهۆی دەور و نەخشێک کە لە کوشتاری کۆڵبەران و بە توندوتیژی کێشانی ناڕەزایەتی خەڵکدا بوویەتی، داخوازی ئازاد کرانی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتی بەو جەنایەتە گیراون و ڕەوانەی زیندان کراون، ئەمانە بەگشتی ئەو داخوازیانەن کە ڕیشەیان لەو دەرد و ئازار و بێبەشیانەداشیە کە ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردودا بە زەبری زۆر و سەرکوت بەسەر خەڵکی کوردستانیدا سەپاندوە.

بارودۆخی سەخت و دژواری زەحمەتکێشانی کۆڵبەری مەرزی و کوشتاری کۆڵبەرەکان بەشێک لە ئاسەوارەکانی سیاسەتی شۆوینیستی کۆماری ئیسلامی لەدژی خەڵکی کوردستانە کە لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردودا بە پشت بەستن بە میلیتاریزە کردنی ئەم ناوچەیە و پەیڕەو کردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە بە کردەوە جێبەجێ کراوە. دوو ساڵ لەوەپێش خەڵکی شاری سەردەشت بە دەربڕینی قین و توڕەیی و ناڕەزایەتی لەدژی کوشتاری زەحمەتکێشانی سەرسنور کە بوو بە هۆی کوژرانی یەکێک لە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، هۆشداریان دایە کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان سەبارەت بە دەرێژەدان بەم جەنایەتانە. بەڵام کۆماری ئیسلامی وەک گشت ڕژیمە جەنایەت پیشەکان دەرس لەم ئەزمونانە وەرناگرێت. ئەمجارە مانگرتن و ناڕەزایەتی خەڵکی تێکۆشەری شاری بانە گۆشەیەکی دیکەی لە زەرفیەتەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و هەڵچوونی قین و توڕەیی جەماوەر لەدژی جەنایەتەکانی ڕژیم بەرانبەر بە کۆڵبەرانی زەحمەتکێشی هێنایە سەر شانۆی سیاسی کوردستان. ئەم جۆرە هۆشدار و ناڕەزایەتیانە نیشانی ئەدات کە کۆڵبەرەکان ئەم ئینسانە شەریف و ستەم دیتوانە خاوەنی پشتیوانی و هاودڵی خەڵکی کوردستانن و پشتگوێ خستنی داخوازیە ڕەواکانی خەڵک بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گەلێک گران تەواو دەبێت.

مانگرتن و ناڕەزایەتی خەڵکی شاری بانە کە گەلێک شانۆی پڕشکؤی لە عەزمی تێکۆشان و خەباتکارانەی لەدژی زوڵم و زۆر تێدا پیشاندرا و دەربڕینی پشتیوانی خەڵکی شارەکانی دیکە لەم ناڕەزایەتیانە نیشانی ئەدات کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە هەمان شێوازی ڕابردو درێژە بە جەنایەتەکانی لەدژی خەڵکی کوردستان بدات. مانگرتن و ناڕەزایەتی خەڵکی خەباتکاری شاری بانە کە گۆشەیەک لە هێزی بزوێنەری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی خورۆشاند و کردارەکانی ڕژیم بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتیانە بۆ شارەکانی تری کوردستان، جەخت لەسەر ئەو پێویستیە دەکاتەوە کە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و تێکۆشەرانی سیاسی لە شارەکانی کوردستان بۆ کاردانەوە و دژ کردەوەی لەکاتی خۆیدا لە بەرانبەر ئەم جۆرە رووداوانەدا کە لە داهاتوشدا تێکرار دەبنەوە، پێویستە ئامادەگی لازم لە ڕیزەکانیاندا بەدیبێنن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا بزوتنەوەی کرێکاری لە کوردستان لە ڕێگای خەبات بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانی، خۆڕاگری ژنان لەدژی سیاسەتی دژبە ژنی ڕژیم، خەباتی لاوان بەرانبەر بێ مافیە تاکە کەسی و کۆمەڵایەتیەکان، خەبات دژی وێران کردنی ژینگە، ناڕەزایەتی لەدژی سزای ئێعدام، ناڕەزایەتی دژبە نائەمنی جادەکان و هیتر گەلێک ڕێبەر و هەڵسوڕاوی پەروەردە و هێناوەتە پێشەوەی سەحنەی خەباتی عەلەنی و ئاشکرا لە کوردستان، کە پێوەندی و هاوئاهەنگی بە کردەوەی ئەم سیما ناسراوانە، دەتوانێ ئامادەیی کاردانەوەی خێرا و لەکاتی خۆیدا لە بەرانبەر ئەم رووداوانەدا بەرزتر بکاتەوە و پێشڕەوی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان زەمانەت بکات.