کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر، خەسارێکی کۆمەڵایەتی کە ڕژیم سەبەبکاریەتی

عارف وەهاب زادە مودیری گشتی ستادی فەرهەنگی خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر، لە ڕاپۆرتێکدا کە دوێنێ لە ڕێگای “ئیلنا” هەواڵنیری ڕەسمی کۆماری ئیسلامیەوە کە لە ستادی ناوەندی مازندەرانەوە بڵاو کرایەوە، وێڕای کۆمەڵێک وڕێنەی بێ ناەرۆک سەبارەت بە هەنگاوی بەناو بریسکەداری دەزگایەک کە خۆی بەرپرسیەتی، ئیعتیڕافی کرد کە: “دەوڵەت بۆ خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر هیچ بەرنامەیەکی نییە و بە داخەوە دەزگای ئیجرایی بە هۆی نەبوونی پێکهاتەیەکی دیاریکراو دەوری خۆی سەبارەت بە ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەری لەبەرچاو نەگرتوە.” دوکتور وەهاب زادە کە بەم شێوەیە بە زمانێکی موهەندیسی سەبارەت بە دەور و نەخشی دەزگا دەوڵەتیەکان لە خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر بێ هیوایی خۆی دەردەبڕێت، لە ڕاستیدا بە ئانقەست لەبیری دەباتەوە کە مەسەلەکە بە هیچ شێوەیەک لەبەرچاو نەگرتنی نەخشی دەزگا ئیجراییەکان نییە، بە پێچەوانە ئەم دەزگایانە نیشانیانداوە کە دەوری خۆیان لە پەرەدان بە مادەی موخەدر چالاکانە نواندوە و بەم ئیعتیبارەوە خۆیان هۆکاری سەرەکی پەرەگرتنی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەرن.

گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر لە ئێران لەوپەڕی خۆی دایە. ئەم ڕاستیە هەموو کەس دەیزانێ و بە روونی دەیبینێ. بەڵام ئامارەکان وێنایەکی به ئێش و ئازارتر لەم واقعیەتە تاڵە پیشان ئەدەن. ئەو ئامارانەی کە هەر جارناجارێک لە زمان بەرپرسانی حکومەتیەوە دەبیسترێن ژمارەی گیرۆدەبوانی وڵات بە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس و ئاماری نا ڕەسمیش بە زیاتر لە شەش ملیۆن کەس دەزانن. ئەگەر مامناوەندی ئەندامانی بنەماڵەیەکی ئێرانی بە پێنج کەس لەبەرچاو بگرین کەوایە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەس لە جەمعیەتی وڵات گیرۆدەی گرفتی ئیعتیاد و ئاسەوارەکانین لە بنەماڵە و لە کۆمەڵگەدا. لەسەر بنەمای ئەم ئامارانە نە تەنیا ژمارەی سەرجەم گیرۆدەبوان زیادیکردوە بەڵکوو تەمەنی ئیعتیاد لەنێو لاوان و تازە لاواندا گەلێک دابەزیوە و گەیشتۆتە کەمتر لە ١٤ ساڵ. بەپێی ئەم ئامارانە رۆژانە نزیک بە ٥٠٠ کەس بە ژمارەی سەرجەم گیرۆدەبوانەوە زیاد دەبێت و ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ تۆن مادەی هۆشبەر لە ئاستی وڵاتدا بەکاردێت.212

یەکێک لەو بابەتانەی جێگای هۆشداری دانە لە ئێران، دابەزینی تەمەنی گیرۆدەبوون به مادە هۆشبەرەکانە. سەرچاوە ئاگادارەکان لە نێوخۆی وڵاتدا بەم دواییانە لە ڕاپۆرتەکانیاندا وتویانە کە تەمەنی ئیعتیاد لە ئێران هاتۆتە خوار تەمەنی ١٣ ساڵیەوە و نزیکەی یەک ملیۆن لە گیرۆدەبووان بە مادەی هۆشبەر لەژێر تەمەنی ١٩ ساڵیدان. خەڵک سەبارەت بە پەرەگرتنی ئاستی ئیعتیاد لەنێو لاواندا گەلێک نیگەرانن. یەکێک لە بابەتەکانی جێی هۆشداریدانی تر چوونی ئینسانە بێ هیوا و بێ داهاتوەکان، بە تایبەت لاوانە، بەرەو مادەی هۆشبەری سەنعەتی وەک شیشە.

شیشە مادەیەکی هۆشبەری شیمیاییە کە لە نیوخۆی ئێراندا بەرهەم دێت. کارگاکانی بەرهەمهێنانی شیشە، نە تەنیا ئەم مادەیە بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک هەرزان بۆ مەسرەفی نێوخۆیی، بەرهەم دێنن، بەڵکوو بۆ دەرەوەشی هەناردە دەکەن. خاوەنانی ئەو کارگایانە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتیوانی دەکرێن. ئەوان بە دانی ڕشوەی کەڵان، توجاڕەتی جەنایەتکارانەی خۆیان بەبێ هیچ کۆسپ و بەربەستێک ئەنجام ئەدەن.

کارناسێک سەبارەت بە ئاسەوارەکانی مادەی هۆشبەری شیشە دەنووسێت:” دوای چەند جار بەکارهێنانی شیشە کەسی بەکارهێنەر تووشی گوشارێکی توندی ڕەوانی بێ چارەسەر دەبێت کە تەنیا لە ڕێگای مەسرەفی ئەو مادەیەوە دەتوانێ کەمێک هێور بێتەوە، لەوە بەدواوەوە ئیتر تێپەڕ کردنی هەر چرکەیەک لە ژیان بەبێ مەسرەفی شیشە بۆ کەسەکە دبێتە کابوسێکی گەورە، بەبێ مەسرەف ناتوانێ تەنانەت قسەش بکات، ناتوانێ بەڕێدا بڕوات، نایەوێ بخەوێ و تەنانەت ڕەنگە نەیەوێ بە زیندویش بمێنێ، کەوایە ناچارە مەسرەف بکات و هەرچی زەمان تێپەڕدەبێت تەحەمولی لە بەرانبەر مەسرەفی ئەو مادەیەدا زیاتر دەبێت و ئەویش ناچارە مادەی زیاتر بەکاربێنێ و هەرچی زیاتریش مەسرەف بکات کاتی لەنێو چوونی خودی بەکارهینەر نزیکتر دەکاتەوە.”

کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ لە پەرەدان بە گیرۆدەبووندا دەورێکی چالاکی هەیە. ئەم ڕژیمە وەک حکومەتێکی ئیستبدادی، خزمەگوزاری نیزامی سەرمایەداری و هەم وەک گەورەترین خاوەن کار لە ئێران، هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی بێکاری، هەژاری، نا ئەمنی کۆمەڵایەتی، نەبوونی ئەمنیەتی سیاسی و بێ هیوایی سەبارەت بە داهاتوو لە کۆمەڵگادایە و ئەم موسیبەتانە لە بوارە سەرەکیەکانی پەرەگرتنی گیرۆدە بوون به مادەی هۆشبەر لە ئێراندان. لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە ساڵانێک لەوە پێشەوە دەستیان لە کاری توجارەتی مادەی هۆشبەردا هەبووە و هەیە. ئەم دوو دەزگا دەوڵەتیەش لە هاسان کاری و گواستنەوەی مه‌وادی موخەدێر لە سنورەکانی رۆژهەڵاتەوە بەرەو سنورەکانی رۆژئاوا و باشور و هەم لە بڵاو کردنەوەی لە نێوخۆی وڵاتدا دەوریان هەیە. نەخشی سپای پاسداران و وەزاڕەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە بڵاو کردنەوەی بەرین و هەرزانی مادەی هۆشبەردا لە کوردستان ناسراوە و حاشای لێ ناکرێت.

خەبات لەدژی گیرۆدە بوون، وەک توجاڕەتێکی پڕ سود و قازانج بۆ قاچاغچیانی گەورە و هەروەها ئامرازێکی سەرکوت لە دەست ڕژیمدا، لە گرەوی خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی و نیزامێک دایە کە ئەم ڕژیمە پارێزەریەتی. لەم مەسیرەدا دەبێ ڕژیم ناچار بکرێت تا بە جێگای بەکار هێنانی بودجەی وڵات لە خزمەت سەرکوتی مادی و مەعنەوی خەڵک و یان دزینی، پوڵەکان لە خزمەت بە باشتر بوونی ژیانی خەڵکدا سەرف بکات. خەبات لەدژی سەرمایەداری، خەبات لەدژی ڕژیم و خەبات بۆ باشتر بوونی دۆخی ژیان، ئاڵقەکانی زنجیری خەباتیکن. بەهێز کردنی ئەم خەباتە دەتوانێ لە دڵەکاندا هیوا بە گۆڕینی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە زیندویی بهێڵێتەوە و دیمەنگایەکی رۆشن و هیوابەخش بەڕووی خەڵک بە تایبەت لاواندا بکاتەوە. ئەوان لەسەر بەستێنی ئەم دیمەنگا هیوابەخشە ئەو بوارە ئەبیننەوە کە بە جێگای تەسلیم بوون لە بەرانبەر ناهەمواریەکاندا، ڕێگای خەبات و تێکۆشان و لەنێو بردنی هۆکارەکانی گیرۆدەبوون و نەک پەنابردنە بەر ئیعتیاد و نابوودی خۆیان هەڵبژێرن.