کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چالاکانە پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بکەین

زیاتر لە مانگێک بەسەر مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دا تێدەپەڕیت. ئەم زیندانیە سیاسیانە کە ژمارەیان زیاتر لە ٥٠ کەس ڕاگەیەندراوە لە رۆژی ٨ی مانگی گەلاوێژەوە تا ئێستا لە ناڕەزایەتیی بە ڕەچاو نەکرانی مافە سەرەتاییەکانیان لە لایەن ڕژیمەوە، دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن. مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی دوای ئەوە دەستی پێکرد کە بەرەبەیانی ٨ی مانگی گەلاوێژ، گاردی تایبەتی زیندانی ڕەجایی شار، بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێش وەخت، بە زۆر و کرداری توندوتیژانە زیندانیەکانیان گواستەوە بۆ جێگایەک کە لە پێشدا لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە ئامادە کرابوو. لە جەریانی ئەم گواستنەوەیەدا تەنانەت ئیجازەیان پێنەدان کەلوپەلە سەخسیەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بەرن. بەپێی ڕاپۆرتەکان سەرجەم مەنفەزەکانی ئەم بەندە ئەمنیەتیە وەک پەنجێرەکان جۆشکاری کراون و داپۆشراون. ئەم بەندانە هیچ تەهویەیەکی هەوایان تێدا نییە و بە هۆی ئیجازە نەدان بۆ بردنی ئەو دەزگایانەی زیندانیەکان خۆیان کڕیبویانن و ئاویان پێ دەپاڵاوتن ئێستا دەستیان بە ئاوی پاک ڕاناگات. لەم شوێنەدا دەزگای گوێگرتن لە قسەکردن و کوێرکەرەوەی پێوەندی تەلەفونی و ئینترنێتی داندراوە. چەندین دووربینی مەداربەستەیان تەنانەت لە حەمام و ده‌ستشوویه‌كاندا جێگیر کردوە و تایبەتی ترین مەسایلی شەخسی زیندانیەکانیش خراوەتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریەوە. لەم زیندانەدا تەنانەت جێگایەک بۆ گۆڕینی لیباس بوونی نییە کە لە دیدی دوربیندا نەبێت. لە ڕاستیدا هیچ حەریمێکی شەخسی بۆ ئەوان شیاوی تەسەوەر کردن نییە. زیندانیانی سیاسی لە ناڕەزایەتیی بەم بارودۆخە نامرۆڤانەیە دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن.

لەنێو مانگرتواندا ڕەزا شەهابی و محەممەد نەزەری وێڕای ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی نامرۆڤانەی نێو زیندان خوازیاری پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی حوقوقی پەروەندەکانیانن. ڕەزا شەهابی کرێکاری زیندانی ئەندامی سەندیکای شێركه‌ت واحید لە رۆژی ١٨ی مانگی گەلاوێژەوە و لە سەرەتای چوونی بۆ زیندانی ڕەجایی شار دوای ئەوەی کە واحیدی ئیجرایی ئەحکامی زیندانی پێ ڕاگەیاند کە سەرجەم مەرەخەسیە پزیشکیەکانی وەک غەیبەت بۆی حیساب کراوە و مەحکومەیەتی زیندانی بوونی ٩٦٨ رۆژ بەردەوام دەبێت، لە ناڕەزایەتیی بەم کردارە نا یاساییەی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی ڕژیم مانی لە خواردن گرت. داخوازیەکانی بە سەرنجدان بە کۆتایی هاتنی دەورەی مەحکومیەت، ئازاد بوونی بێ شەرت و مەرجە لە زیندانە. 209

بە پێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی مانگرتن لە خواردنی درێژماوە و بارودۆخی گەلێک نا مرۆڤانەی نێو زیندان دۆخی سڵامەتی ژمارەیەک لە زیندانیانی مانگرتو بەرەو خراپی چووە و بۆ بێهداری زیندان ڕەوانە کراون. سەرچاوەیەکی ئاگادر لە ئاخرین بارودۆخی زیندانیانی ئەم ساڵۆنە بە هەواڵنێری هێرانای ڕاگەیاندوە کە: “تەنیا کولێرێک کە ئەویش لە لایەن خودی زیندانیەکانەوە دابین کراوە لە وەها بەندێکی گەورە و پڕ لە جەمعیەتدا کار دەکات کە بەکردەوە هیچ کاریگەریەکی لە کەم کردنەوەی پلەی گەرما و وشکی بندەکەدا نییە. زیندانیەکان خاوەنی تەختی کافی نین و دەستیان بە ئاوی خاوێن ڕاناگات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە “بە گشتی حاڵی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بە ساڵاچونەوە ئازار دەکێشن گونجاو نییە. دەرمانی بەشێک لە زیندانیەکان هێشتا بە ڕێکوپێکی بۆیان دابین نەکراوەتەوە و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ نەخۆشەکان لە کەمترین ئاست دایە.” کاربەدەستانی ڕژیم وێڕای داسەپاندنی ئەم بێبەشیانە و بارودۆخێکی نا مرۆڤانە و وێڕای بەرگرتن لە پێوەندی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزه‌ره‌كانیان، ملاقاتی زیندانیانی سیاسیشیان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکانیان گەلێک سنوردار کردوە.

گۆمانی تێدا نییە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی ئەم بارودۆخە دژی ئینسانیە بەسەر زیندانیانی سیاسیدا، بە سوکایەتی و بێڕیزی پێکردنیان و بە گێچەڵ پێ کردن و پەروەندە سازی، پڕشوبڵاو کردنی زیندانیان و بە گۆشەگیر کردنیان لە سلولی تاکە کەسیدا و بێبەش کردنیان لە ئیمکاناتی پزشیکی و دەرمانی و بڕینی پێوەندی زیندانیان لەگەڵ دەرەوەی زیندان دەیەوێ کەشی ترساندن و توقاندنی نێو به‌ندكراوان بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی زیندان و نێو کۆمەڵگا. بەڵام مانگرتن لە خواردن و خەباتی یەکگرتوانەی زیندانیانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و شەپۆلی پشتیوانی لەم زیندانیانە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەست ڕاگەیشتن بەم ئامانجەی ناکام هێشتۆتەوە. زیندانیانی سیاسی بە خەباتی یەکگرتوانەی خۆیان وەرەی خۆڕاگری و هاوپشتی خەباتکارانەیان گواستۆتە بۆ دەرەوەی زیندان.

بێ گومان مانگرتن لە خواردن و خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە بەرانبەر جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامیدا، دەرخەری شورشگێری شیاوی ستایشە. بەڵام بۆ پارێزه‌رانی گیان و سڵامەتی و مافی زیندانیان و بۆ بەرگرتن لە لاواز بوونی جەستەیی و بەرەو مەرگی بە شێنەیی چوونی زیندانیەکان دەبێ تاکتیکی خەباتکارانەی کاریگەر تر بگیرێتەبەر. باشترین شێوەی دیفاع لە زیندانیانی سیاسی، خەباتی خەڵکی ئازادیخواز و ناڕازیە کە لە دەرەوەی زیندانەکان دەکەوێتە ڕێ. مەحدودیەتەکان و بارودۆخی نامرۆڤانەی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی خەبات و خۆڕاگری زیندانیان توشی گەلێک بەربەست دەکات. ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامی لە رووی داماویەوە چوار دیواری زیندان و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ زیندانیانی بێ دیفاعی کردۆتە مەیدانی هێز نواندنی خۆی. ئەم قودرەت نماییە دژی ئینسانیەی دەبێ بە هێزی خەباتی جەماوەری لە دەرەوەی زیندان ڕیسوا بکرێت و توشی شکست بێت. دیفاع لە ئاڕمان و ئامانجێک کە بۆ دەستەبەر بوونیان کەوتونەتە زیندان، لە پلەی یەکەمدا ئەرکی هەموو ئینسانێکی تینوی ئازادیە کە لە دەرەوەی زیندانەکاندان.

شکڵ و شێوەی جۆراو جۆری خەبات و بەڕێوەچوونی کۆبونەوەی ناڕەزایەتیی لە دەرەوەی زیندان بە درووشمی زیندانی سیاسی دەبێ بەبێ شەڕت و مەرج ئازاد بکرێت ئەو شێواز و مەسیرەیە کە دەتوانێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی و ڕەچاو کردنی مافەکانیان بخاتە ژێر گوشارەوە. دیفاع لە ئازادی زیندانیانی سیاسی بە واتای دیفاعە لە ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسی و دیفاعە لە ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی. سەرجەم حیزب و سازمانەکانی بزوتنەوەی چەپ و کومونیستی ئێران و هەموو ئەو هێزانەی کە دیفاع لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران بە ئەرکی خۆیان دەزانن، پێویستە بە ڕێکخستنی کارزارە سیاسی و تەبلیغیەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ دیفاع لە زیندانیانی سیاسی، ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ دابین کردنی مافەکانی زیندانیانی سیاسی و ئازاد کردنیان بخەنە ژێر گوشارەوە.