کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ترساندنی خەڵک، ئامانجی ڕژیم لە شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی جارێکی دیکە ڕووی کردۆتەوە پەرەدان بە ئێعدام کردنی به‌ندكراوان. دوو حەفتە لەمه‌وبه‌ریش ڕێكخراوی بەناو مافی مرۆڤی ئێران کە ناوەندێکی دەوڵەتییە، دانی بەوە دانا کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ١٠٠ حاڵەت ئێعدام لە زیندانەکانی ڕژیمدا بەڕێوەچووە. گۆیا زۆربەی ئەم ئێعدامانە لە پێوەند لەگەڵ ماددەی هۆشبەردا بوون. ئامار و داتاکانی ڕژیمیش لەم بارەیەوە هیچ چەشنە ئیعتیبارێکی نییە و ڕەنگە ئاماری ئێعدامەکان لەوەش زیاتر بێت. پێویسته‌ ئاماژه‌ بكرێك کە قوەی قەزاییەی ڕژیم سەبارەت بە هیچ کام لەوان زانیارییەکی بڵاو نەکردۆتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە مانگی پوشپەڕی ڕابردوو، کوموسیۆنی قەزایی و حوقوقی مەجلیسی ئیسلامیی داوای لە قوەی قەزاییە کردبوو تا کۆتایی هاتنی تاوتوێ کردنی گەڵاڵەی “ئیسلاحی قانونی خەبات لەدژی ماددەی هۆشبەر”، سەبارەت بە ئێعدام کرانی ٥٣٠٠ زیندانی مەحکووم بە ئێعدام لە پێوەند لەگەڵ ماددەی هۆشبەردا دەست ڕابگرێت. هەڵبەت قوەی قەزاییە گرینگییەکی بەم داخوازییە نەداوە.

ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی مانگی گەلاوێژ هەواڵنێریی هێرانا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد لەم ڕۆژەدا لەگەڵ ئێعدام کرانی تازه‌لاوێك لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوە لە زینداندا ڕاگیراوه‌، ١٢ کەسی دیکەش لە بیرجەند و بابۆل ئێعدام کراون. ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیاندنێکدا وتی ئێعدامی ئەم لاوە كه‌ ناوی عەلی ڕەزا تاجیکی بووە، بە بێ شەرمانە و پێشێل کردنی یاسا نێونەتەوەییەکان و بە نیشانەی نەفرەتی کاربەدەستانی ڕژیم لە مافی منداڵان وەسف کرد کە دان پێدانانی ئەم لاوە لەژێر ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازاردا وەرگیراوە و هیچ ئیعتیبارێکی نییە. دوو رۆژ بەرلەوەش ڕژیمی ئیسلامیی چوار به‌ندكراوی دیكه‌ لە ئەهواز، ورمێ، ئیڵام و ئیسفەهان ئێعدام کرد و ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش دوو کەسی دیكه‌یان لە زیندانەکانی زاهیدان و زەنجان و کەسێکیشیان لە فەرۆخ شاری چوارمحاڵ و بەختیاری بە بەرچاوی خەڵکەوە ئێعدام کرد.196

سزای ئێعدام وەک ئامرازێک بۆ ترساندن و وەحشەتی خەڵک، لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە لە لایەن ئەم ڕژیمەوە بەکار براوە. ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە به‌ندكراوانی سیاسیی و هەروەها به‌ندكراوانی تاوانە نا سیاسییەکان، وەک گرەوگان لە سیا چالەکانیدا ڕادەگرێت و هەرکاتێک بە پێویستی زانی لە ئێعدام کردنیان بۆ ئامانجی سیاسیی و پێكهێنانی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا کەڵک وەردەگرێت. بۆ ڕژیم گرنگ نییە زیندانی تاوانی ئەنجامداوە یان نا، دادگایی کراوە یان نا، چەند ساڵ بە حاڵی بوون لە تاوانەکەی و یان بەبێ ئەو بە بەڵگە و پەروەندە یان بە بێ سەند لە زینداندا ماوەتەوە و یان تەنانەت مەحکوم بە زیندان کراوە و ماوەیەکی لە مەحکومیەتەکەشی بەسەر بردووە. ڕژیم هەر کاتێک بە پێویستی زانی بە شێوەی تاكه‌كه‌سی یان بە کۆمەڵ لە ئەستاندنی گیانی زیندانییەکان بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجە دژی ئینسانییەکانی کەڵک وەردەگرێت. کوشتاری سیستماتیکی بەرەیەک لە لاوانی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ لە دەیەی ٦٠دا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەم شێوەیە بەڕێوەچوو. ئەم ڕژیمە لە هەمان سەرەتاوە نیشانیدا کە چ زەرفیەتێکی بەرزی لە کوشتار و جەنایەتدا هەیە. لە ساڵی ١٣٦٠ کۆماری ئیسلامیی بە ئامانجی بە ئاکام گەیاندنی سەرکوتی شۆڕش هەزاران کەس لە لاوانی خەباتکاری بە فەرمانی خومەینی لە زیندانەکاندا کۆمەڵکوژ کرد. ناوی ١١ هەزار کەس لەوان تا ئێستا لە لایەن ناوەندە مافی مرۆڤییەکان و بنەماڵەکانیانەوە کۆکراوەتەوە. لە سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧دا و حەفتەیەک دوای ٢٧ ی مانگی پوشپەڕ کە خومەینی جامە ژەهرەکەی شکستی شەڕی کۆنەپەرستانەی ٨ ساڵەی ئێران و عیڕاقی نۆشی، بە ئامانجی پێكهێنانی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا و بەرگرتن لە ناڕەزایەتیی خەڵک بە ئاکام و ئاسەوارەکانی ئەم شەڕە وەحشیانە و وێرانگەرە، دیسانیش پەنای بردەوە بەر شگردی کوشتاری به‌ندكراوانی سیاسیی و لانیکەم ٤ هەزار کەسی دیکەی لە لاوان لە ڕێگای بەردەوام بوونی حاکمیەتە جەنایەت کارانەکەیدا ئێعدام کرد. ڕژیمی ئیسلامیی تا ئێستا شوێنی ناشتنی ئەوانی بە بنەماڵەکانیان پیشان نەداوە و بەردەوام هێرشی کردووه‌تە سەر هەموو جۆرە ڕێوڕه‌سمێكی پرسە و سەرەخۆشی ئەم ئازیزانە. خەڵکی ئێران ئەم کوشتارانە سەرەڕای هەوڵی ڕێفۆرم خوازان و باقی کاربەدەستانی ڕژیم بۆ لەبیر بردنەوەی ئەم جەنایەتە، نه‌ فرامۆشی ئه‌كه‌ن و نه‌ ده‌ی به‌خشن.

لەم دوو مانگەی دوایشدا پەرە گرتنی شەپۆلی ئێعدامی به‌ندكراوان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ئامانجی خولقاندنی کەشی ترس و تۆقاندن لە نێو خەڵکدا بەڕێوەچووە. لە دۆخێکدا کە قەیرانی ئابووری ڕژیم نە تەنیا کۆتایی نەهاتووه‌، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر بووه‌تەوە، لە دۆخێکدا، کە هەژاری و بێکاری ژیانی بە میلیۆن کەسی لەخەڵکی ئێران خستۆتە نەهامەتییەوە، لە حاڵێکدا کە هەزینەکانی ژیان بە شێوەیەکی سەرسوڕ هێنەر بەرز دەبنەوە و لانیکەمی حەقدەستەکان چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری دایە، هەواڵی زیاد بوونی ٣٥ لەسەدی نرخی نانی وشک و خاڵی نیگەرانی لای بنەماڵە کرێکارییەکان و خەڵکی زەحمەتکێش زەیاتر کردووە، وڵام و کاردانەوەی ڕژیمی ئیسلامیی بە بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە بۆ خەڵکی بەدی هێناوە، پەرەدان بە ئێعدام لە زیندانەکاندا و بە بەر چاوی خەڵکەوەیە بۆ بەرگرتن لە ئاخێز و ناڕەزایەتیی جەماوەری.

بەڵام ئەوە تەنیا بارودۆخی نابەسامانی نێوخۆیی نییە کە بۆتە هۆی وەحشەتی ڕژیم لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خەڵکی وەگیان هاتوو. بەڵکوو هەڕەشەی زلهێزه‌كانی سەرمایەداری بۆ کۆنترۆڵ کردنی زێدەرۆیی و دخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامیی لە بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، فاکتۆڕێکی دیکەیە کە ڕژیمی سەرلەنوێ خستۆتەوە بیری کەڵک وەرگرتن لە ئێعدام و بێبەش کردنی زیندانیانی بێ دیفاع لە مافی ژیان وەک کردارێکی پێشگیرانە لە بەرانبەر مەترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خەڵک تا نیشانیان بدات کە هێشتا زەرفییەتەکانی ئەم جۆرە جەنایەتانەی لەدەست نەداوە.

لەگەڵ ئەوەشدا بۆ جەماوەری خەڵکی ستەم دیتوی ئێڕان ڕێگایەک بێجگە لە دەرێژەدان بە ناڕەزایەتی، یەکگرتن و خۆ ڕێکخستن لە بەرانبەر ڕژیمدا بۆ ڕزگار کردنی گیانی به‌ندكراوانی سیاسیی بوونی نییە. نابێ ڕێگه‌ بدرێت ڕژیم بە هەراو هوریا و بڵاو کردنەوەی درۆ و بە هەڵخڕاندنی هەستی خەڵک لەدژی کەسی ئێعدامی لەژێر ناوی ئەوەی کە ئەو کەسە قاتڵ، دەستدرێژی کار یان موعتادە دەست بداتە ئێعدام کردنی به‌ندكراوان. دەبێ هەوڵبدرێت مەیدانی نمایشەکانی ئێعدام لە زیندانەکاندا و بە بەرچاوی خەڵکەوە ببنە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی لەدژی خودی ڕژیم. خەڵکی شەریف و ئازادی خواز نابێ بینه‌ری کاتی مردن و گیاندانی ئینسانێک بن لە سەحنەیەکی پڕ لە شەرمەزاری ئێعدام کردندا. نابێ ڕێگه‌ بدەن ڕژیم بێدەنگ بوونیان بکاتە ئامرازی ترساندن و تۆقاندنی خۆیان و بەرەوپێش بردنی سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی. تا ئێستا زۆر جار ناڕەزایەتیی و دخاڵەتی خەڵکی تێکۆشەر و هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆتە هۆی ڕزگار بوونی گیانی زۆر ئینسان لە دەست جەللادانی ڕژیم. ناڕەزایەتی ڕێکخراوی جەماوەری خەڵک دەتوانێ ڕژیم لە ئیجرای ئەحکامی ئێعدامی به‌ندكراوانی بێ دیفاعدا وادار بە پاشەکشە بکات.