کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەڕی تازەی یەکێتیی ئورووپا لەدژی پەنابەران

ڕۆژی ٢ی مانگی ئووت، مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئیتالیا پێشنیاری دەوڵەت سەبارەت بە ناردنی کەشتی جەنگی بۆ لێوارەکانی لیبی به‌مه‌به‌ستی پێشگرتن بە وەڕێکەوتنی پەنابەران بەرەو ئۆرووپا پەسند کرد.

ئەم پەسند کراوە هەنگاوێکی نوێیە کە دەوڵەتی ئیتالیا بە نوێنەرایەتی یەکێتیی ئورووپا بۆ پارێزگاری کردن لە قەڵای ئورووپا دەینێت. سەرەڕای ڕێككه‌وتنێك کە دووساڵ لەمه‌وبه‌ر لە نێوان سەرانی یەکێتیی ئۆرووپادا ئەنجامدرابوو، تا ساڵی ٢٠١٧ سەد و شەست هەزار کەس لەو پەنابەرانەی کە لە کەمپەکانی دوورگه‌ کەنارئاوییەکانی ئیتالیا و یۆنان جێگیرن، لە وڵاتانی ئۆرووپاییدا قەبوڵ بکرێن كه‌ تا ئێستا ژەمارەیەکی کەمتر لە ١٠ هەزار کەس قەبوڵ کراون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە تەنیا لە حەفتەی یەکەمی مانگی ئووتی ئەمساڵدا ١١٠ هەزار کەس پەنابەر هاتونەتە ئۆرووپاوە.

ڕێك نه‌كه‌وتنی یەکێتیی ئۆرووپا سەبارەت بە گرتنەبه‌ری سیاسەتێکی یەکدەست بۆ وڵامدانەوە بە قەیرانی پەنابەریی، وڵاتانی ناوەندی ئۆرووپا وەک ئاڵمان، فەڕانسە و ئیتالیای ناچار کردووە کە بکەونە بیری تەرح و نەخشەیەکی تازەوە، کە بتوانێ بەر بە حەرەکەتی پەنابەران بگرێت لە وڵاتانی خۆیانەوە واتە لێوارەکانی لیبی کۆنترۆڵ بکات و دایانبخات. چەندین چاوپێکەوتنی سەرانی ئەم سێ وڵاتە لەگەڵ کاربەدەستانی لیبی و وڵاتانی جیرانی وەک چاد، نیجێریە و سنێگال نەیانتوانیوە تا ئێستا وڵامدەرەوەی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان لە لایەن یەکێتیی ئۆرووپاوە بن. ئێستا بەپێی ڕێككه‌وتنێك کە لە نێوان دەوڵەتی ئیتالیا و سەرۆک وەزیرانی لیبی دا ئەنجامدراوه‌، دەوڵەتی ئیتالیا کەشتییە جەنگییەکانی، هێلی کوپتێر و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی لە ئاوەکانی لێواری لیبی دادەمەزرێنێ. ئەوان ڕایانگەیاندوە کە ئامانجیان خەبات لەدژی بەناو ئەو قاچاقچیانەیە کە حەڕەکەتی پەنابەران لە لێوارەکانی لیبیەوە بە ڕێگای دەریای مەدیتەرانەدا بەرەو سنووری ئیتالیا ڕێکدەخەن. بەڵام ئەم کردارە لە ڕاستیدا ڕاگەیاندنی شەڕە لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی کە بۆ ڕزگار کردنی گیانیان و بە هیوای گەیشتن بە داهاتویەکی باشتر هەست و نیستی خۆیان بەکۆڵدا ئەدەن و خۆیان ئەدەنە دەست قاچاخچیەکان و شەپۆلە خورۆشاوەکانی دەریای مەدیتەرانە.

دەوڵەتی ئیتالیا هاوکات کۆمەڵێک یاساو ڕێسای بۆ کەشتییەکانی ئەو سازمان و ڕێکخراوە غەیرە دەوڵەتیانەی کە بە دەریای مەدیتەرانەدا هاتوچۆیان دەکرد و دەچوون بە هانای پەنابەرانەوە، پەسند کرد. گوشارەکانی سەرچاوە گرتوو لەم یاسا و ڕێسایانەوە دەبێ کارەکانیان بە تەواوی سنووردار و تەنانەت ڕاشبگرێت. ئەم ڕێکخراوانە وەزیفەیانە ئەم مەحدودیەتانە ڕەچاو بکەن دەنا ڕزگار کردنی پەنابەران لە لایەن ئەوانەوە وەک هاوکاری لەگەڵ بەناو قاچاخچییەکان بە حیساب دێت. ژمارەیەک لەم سازمانانە بەم ئیستدلالەی کە ئەم یاسا و ڕێسایانە پێشێل کردنی بە ئاشکرای کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانە لە بابەت ڕزگار کردنی ئینسانەکان لە ئاوە ئازادەکاندا، لە واژۆکردنی ئەم به‌ڵێننامەیە خۆیان پاراستووە. ڕاگرتنی کەشتییەکی ڕزگار کەری ئاڵمانی لە ڕۆژی ٤ ی مانگی ئووت بە بیانوی هاوکاری کردن لەگەڵ قاچاخچییەکان و پێكهێنانی پەروەندە لە دادستانی ئیتالیا، یەکەم هێرشی دەوڵەتی ئیتالیاییە بۆسەر ئەم ڕێكخراوانه‌ دوای واژۆکردنی قەراردادە تازەکان. وتەبێژی کانونی پزیشکانی بێ سنوور بە توندی تاوانی هاوکاری لەگەڵ قاچاخچییەکانی ڕەد کردەوە. ئەو ڕایگەیاند کە ئەمساڵ زیاتر لە ٢ هەزار کەس لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا نوقم بوون. ئەو دەوڵەتەکانی تاوانبار بە کەم کاری لە پێوەند لەگەڵ ڕزگار کردنی پەنابەران کرد و سیاسەتی ئەم دەوڵەتانەی بە هۆکاری سەرەکیی گەرم بوونی بازاڕی قاچاقچییەکان ناوبرد. لەبەر ئەوەی کە سیاسەتی قەبوڵ کردنی پەنابەرانی یەکێتیی ئۆرووپا بە کردەوە ڕێگای هەموو جۆرە کۆچێکی یاسایی بەرەو ئۆرووپای داخستوە. ئەو ڕایگەیاند کە ئێمە بەرەوڕووی تڕاژیدیەکی بەرینی ئیسانی بوینەتەوە و یەکێتیی ئورووپا بە هێرش کردنەسەر ڕێكخراوه‌کانی ڕزگاکەری پەنابەران لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا، ئادرەسی بە هەڵە ئەدەن. ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش قەرار دادی هاوبەشی ئیتالیا و لیبی بە توندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ئەم قەراردادە ڕێگا بۆ کەشتییە جەنگییەکانی ئیتالیا بۆ گێڕانەوەی پەنابەران بۆ لیبی بە جێگای ڕزگار کردنیان خۆش دەکات.193

لەگەڵ ئەوەدا دەبێ لەبیرمان بێت کە لە دوای ڕووخانی ده‌وڵه‌تی قەزافیی لە لیبی، دەوڵەتێک بوونی نییە. وێڕای جەریاناتی تیرۆریستی داعش و ئەلشەباب کە لەم وڵاتە وەک پشتی جەبهەی خۆیان کەڵک وەردەگرن، لانیکەم دەکرێ بڵێین کە لە لیبی سێ دەوڵەت بوونی هەیە کە بۆ دەست ڕاگەیشتن بە دەسەڵات لەدژی یەکیتر له‌شه‌ڕدان. ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دەوڵەتی فەیاز سەراج وەک دەوڵەتی یاسایی بە ڕەسمیەت دەناسێ و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە چوارچێوەی دەسەڵاتی لە تریپولی پێته‌خت واوەتر ناچێت.

هەر لەبەر ئەم هۆیە سەرۆکی پارلمانی لیبی کە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا جێگیرە بە توندی ڕەخنەی لە بەستنی ئەم قەراردادە گرتووە و ڕایگەیاندوە کە سیراج هیچ چەشنە مەشروعییەتێکی یاسایی بۆ بەستنی وەها قەراردادێک کە حاکمیەتی لیبی پێشێل دەکات، نییە و لەگەڵ ئەم ژنڕاڵە “خەلیفە هه‌فتر” کە خۆی وەک فەرماندەی ” ئەڕتەشی لیبی” دەناسێنێ هەڕەشەی کرد کە کەشتییە ئیتالیاییەکان لە کەنارئاوەکانی لیبی ڕادەگرێت. ئەو فەرمانی بە هێزی دەریایی لیبی داوە کە بەر بە هاتنی ئەو کەشتیانەی بەبێ ئیجازە دێنە ئاوەکانی لیبیەوە بگرن. بەم پێیە زۆر دژوار نییە کە پێت وابێ لەم بێسەرەو بەرەییەدا ئەوە پەنابەرانن کە دەبنە قوربانیی. یەکێتیی ئۆرووپاش بڕی ٤٦ میلیۆن یۆرۆی بۆ مۆدێڕنیزە و تەیار کردنی هێزی دەریایی لیبی بە پێشکەوتو ترین دەزگا و ئامێرەکان تەرخان کردووە. ئەم هێزانە دەبێ بتوانن بەلەمەکان بەر لە حەرەکەت شناسایی بکەن، لەنێویان بەرن و پەنابەرەکان بگێڕنەوە بۆ کەمپەکانیان لە لیبی. ئەو کەمپانەی کە وەزیری دەرەوەی ئاڵمان کاتێک لە مانگی ژوئێنی ئەمساڵدا سەردانی یەکێکیانی کرد؛ دۆخی زاڵ بەسه‌ریدای ” وەحشەتناک” وەسف کرد و ئەویه‌ی وەک ” زینداێکی پڕ ترس و خۆف” ناوبرد. جێگایەک کە بە قەولی ئەو ” بازه‌رگانیی مۆدێڕنی کۆیلەتی” تێدا بەڕێوەدەچێت. و ئێستا قەرارە کە پەنابەران بەر لە دەرچوون لە لێوارەکانی لیبی بگیرێن و بگڕێندرێنەوە بۆ ئەم زیندانانە مەترسیدارانە. و هەڵبەت هەموو ئەم کردارانەی سەرانی یەکێتیی ئۆرووپا بێ شەرمانە ناوی ” ئەرزشی بەشەر دۆستانەی ئۆرووپایی”، ” ڕزگار کردنی پەنابەران” و ” خەبات لەدژی قاچاخچییەکان” ی لێنراوە. ڕەنگە ئەم کردارە جەنایەتکارانەیە بۆ ماوەیەکی کورت کارساز بێت و قەڵای ئۆرووپا بە داگیر نەکراوی بێڵێتەوە، بەڵام کام ساویلکە هەیە نەزانێ کۆچی ئینسانەکان و بەجێهێشتنی وڵات و ماڵ و حاڵیان و خۆ خستنەبەر هەموو موسیبەت و مەترسیەک و دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ شەپۆلە خرۆشاوەکانی لێوارەکانی ئۆرووپا بەشێک لە کارکردی نیزامێکی نامرۆڤانەیە کە سەروەتی ٨ کەس لەوان زیاترە لە سەروەتی نیوەی جەمعیەتی دنیایه‌ کۆتایی هێنان بە موسیبەتەکانی دنیای ئەمرۆ لەوانە کۆتایی هێنان بە قەیرانی کۆچبەری لە گرەوی کۆتایی هێنان بەم نیزامەی کۆیلەتی نوێدایە.