کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگی گەلاوێژ، ساڵرۆژی دەستپێکی یەکێک لە خوێناوی ترین و جەنایەتکارانە ترین کردارەکانی ڕژیم

مانگی گەلاوێژ، ساڵرۆژی دەستپێکی یەکێک لە خوێناوی ترین و جەنایەتکارانە ترین کردارەکانی ڕژیمی ئیسلامییە لە ئێران. کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە یەکەم رۆژەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ دا دەستی پێکرد و لە ماوەی مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رماناندا درێژەی کێشا. گەلێک لەو قوربانیانە، دەورەی مەحکومیەتیان تەواو کردبوو وە لە چاوەڕوانی ئازاد کران دا بوون. هۆکاری گیرانی زۆربەیان هێشتا روون نەکرابۆوە و لە چاوەڕوانی بەناو تەفهیمی ئیتیهامدا بوون. لە دەرەوەی زیندانەکان رووداوێکی گەورە روویدابوو. شەڕی وێرانگەری ئێران و عێڕاق بە ئاستێکی بەرین لە تەلەفاتی ئینسانی و خەسارات و زەرەر و زیانی گەورەی ئابووری و ماڵییەوە کە ببووە هۆی وێران بوونی گەلێک لە شار و شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی هەردوولا، بە شکستی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هاتبوو. خومەینی کەسێک کە لە سەرەتادا شەڕی بە نێعمەتی ئیلاهی ناو ده‌برد قه‌بووڵی شكست له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ خوارنه‌وه‌ی جامێك ژه‌هر شوبهاند.

په‌تی سێداره‌ دامه‌زرا و زیندانیانی ئاڕمانخواز بە وتنەوەی ” نا” بۆ جەللادان بە دارەوە هەڵواسران و مۆری شەرمەزارییەکی مێژووییان بە نێوچاوانی قاتڵان و بکوژانیانەوە نا. هەزاران زیندانی تێکۆشەر و خۆڕاگر داری ئێعدامیان ماچ کرد، بەڵام لە بەرانبەر جەنایەتکارانی ئیسلامیدا سەری تەسلیم بوونیان دانەنەواند. هەواڵی ئەم جەنایەتە لە ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و رۆژنامەکاندا بڵاو نەکرایەوە. خومەینی و شاگردەکانی پێیانوابوو کە قوفڵی هەمیشەیی ئیستبدادیان لە زاری کۆمەڵگا داوە. پەیکەری قوربانیەکانیان بە دزیەوە لە خاوەرانی تاران، دارۆلڕحمەی شیراز، باغی ڕەزوانی ئیسفەهان، حەوشەی دادگای شۆڕشی سنە و دەیان شوێنیتردا شاردەوە. گۆڕستانەکانی ئەم ئازیزانەیان ناو نا لەعنەت ئاوا تا بە خەیاڵی خاوی خۆیان خەڵکی ئازادی خواز خۆیانیان لێ بە دوور بگرن. ئەو گۆڕستانانەی کە بە خێرایی بوونە گۆڕستانی ئازیزانی هەرگیز لەبیر نەکراو و بە دڵنیاییەوە لە داهاتویەکی نە زۆر دووردا دەبنە ژوانگەی ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاری بەشەریەت.

ئەگەرچی ئه‌وكات هەواڵی پێوەندیدار بەم جەنایەتە لە هیچ جێگایەک بڵاو نەکرایەوە، بەڵام ئه‌مڕۆكه‌ سەرانی کۆماری ئیسلامی بە شانازییەوە باسی ئەم جەنایەتە دەکەن. ” ئەحمەد خاتەمی”، ئیمام جومعەی کاتی تاران وتویەتی: دەبوو ئه‌و کەسانەی کە بە فەرمانی خومەینی هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسییان لە ساڵی ١٣٦٧ دا ئێعدام کرد، خه‌ڵات بكرێن.182

لە جەریانی تەبلیغاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا، بە بۆنەی کاندید بوونی ئیبڕاهیم ڕەئیسیەوە وەک ڕەقیبی روحانی، بابەتی کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧، جارو بارە و بە شێوەی نا ڕاستەوخۆ دەهاتە گۆڕێ. رەئیسی یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ بوو کە بەپێی فەتوای خومەینی لە مەودای مانگەکانی گەلاوێژ و خه‌رماناندا، کرابووە مەئمور کە چارەنووسی ئێعدام کرانی هەزاران زیندانی سیاسی لە ئەشکەنجەگاکانی کۆماری ئیسلامیدا یەکلایی بکاتەوە، ئەندامێکی دیكه‌ی هەمان هەیئەت، وەزیری کابینەی حەسەن روحانی بوو. بەم جۆرە چوار ئەندامی هەیئەتی مەرگ بریتی بوون لە: حسێنعەلی نەییری، “حاکمی شەرع”، مورتەزا ئیشراقی “دادستان”، ئیبڕاهیم ڕەئیسی “جێگری دادستان” و مستەفا پور محەممەدی “نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات”.

زۆری پێنەچوو کە هەواڵی ئەم جەنایەتە گەورە و وەحشیانەیە لە ئێران و لە دەرەوەی وڵات بڵاو بۆوە. خەڵکی ئێران کە کەم کەم خەریک بوون جەستەی ماندوو و هیلاکیان لەژێر داروپەردوی شەڕی وێرانەگەری ئێران و عێڕاق دەردەکێشا زانیان کە چ کارەساتێک لەدژی ئازیزانیان ئه‌نجام دراوه‌. ژمارەیەکی کەم لە هاو خەباتانی قوربانیانی جەنایەتی هاوینی ٦٧ کە لەو کوشتارە بە کۆمەڵە بە سالمی ڕزگاریان بوو لە بیرەوەریەکانیاندا چەند گۆشەیەک لە دەڕندە خۆیی جەللادانی زیندانبان و مەزلومیەتی زیندانیانی بەندکراو و بێ دیفاعیان بۆ ڕای گشتی گێڕاوەتەوە. بەڵام هێشتا ئەمە هەموو ڕاستیەکە نییە. هێشتا بەشێکی گەورەی ئەم جەنایەتە لە زەینی خەڵک شاراوەیە. تارمایی ئەم رووداوە بەسەر سەری گشت عاملان و ئامرانی زیندو و مردوی ئەم رووداوەدا، دەسوڕیتەوە. ئەوان لە داوەری کردن و مجازات ڕزگاریان نابێت.

له‌ ڕاستی دا کە داسی مەرگی ئەم ڕژیمە لە زیندانەکاندا لە تەواوی ٣٨ ساڵی ڕابروودا قەت لە جوڵە نەوێستاوە. لەم ماوەیەدا لە پاڵ بەساتی سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و خەڵتانی خوێن کردنی هەر ناڕەزایەتیەک و دەنگێکی ئازادی خوازانەدا، سزای ئێعدامیان وەک توندوتیژیەکی ئاگاهانە و ڕێکخراو بۆ نابوود کردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازیانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی ئەم نیزامە زاڵامنەیەی سەرمایەداری، لە خزمەت خوڵقاندنی فەزای ترس و نیگەرانی و بێدەنگی و مل کەچ کردن لە کۆمەڵگادا خستۆتە گەڕ. سزای ئێعدام وەک جەنایەتێکی سازماندراو لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا یەکێک لە پایەکانی حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ ترساندنی خەڵک. کۆماری ئیسلامی مانەوەی خۆی لەسەر سەرکوت دامەزراندوە بەڵام ئەگەر سەرکوت لە قۆناغێکدا هەنگاوێک پاشەکشەی خەڵی بەشوێنەوە بێت، بوارە عەینیەکانی هەڵچوونی قین و توڕەیی جەماوەر زیاتر و خێراتر دەکات.

گۆمانی تێدا نییە کە سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە به‌رده‌م خەڵکی ئازار چەشتوی ئێراندا دادگایی دەکرێن، ڕازی سەر بە مۆری ئەو جەنایەتە بێ ئەژمارانەی ئەنجامیان داون زیاتر ئاشکرا دەبن و سزای شایستەی خۆیان وەردەگرن. گیانبەخت کردوانی کوشتاری بەکۆمەڵی ساڵی ٦٧ و باقی گیانبەخت کردوانی ڕێگای ڕزگاری بەشەریەت قەت لەبیر ناچنەوە.