کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەست پێکردنی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لەدژی ئیجلاسی سەرانی وڵاتانی گرووپی جی٢٠

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ دەنگی ئاڵمان، حەفتەیەکی دیكه‌ سەرانی وڵاتانی ئەندامی گرووپی جی ٢٠، پێکهاتوو لە ٢٠ وڵاتی ئابووری گەورەی دونیا دەچنە هامبوورگ تا لە ڕۆژەکانی ٧ و ٨ی مانگی ژوئه‌ن دا لە کۆبونەوەی ساڵانەی ئەم گرووپەدا لە ئاڵمان بەشداری بکەن. بەڵام بەرلەوەی کە سەرانی گرووپی جی ٢٠ بەرەو ئەو شارە بکەونەڕێ پۆلیس ئەرک و مەئمورییەتەکانی خۆی دەست پێکردووە. ساڵ و نیوێکە کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئاڵمان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دابین کردنی ئەمنییەتی ئەم کۆبوونەوەیە. بە وتەی سەرۆکی پۆلیسی هامبوورگ، ئەم ڕووداوە لە مێژووی ئەم شارەدا بێ وێنەیە. نزیکەی ٢٠ هەزار مەئمووری پۆلیس ئامادەی پاراستنی ئەم کۆبوونەوەیەن. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بە هەزاران ماشێنی خزمەتگوزاری، ماشێنی پۆلیس، ١٧ هێلیکوپتێڕ، ٦٢ ئەسپ، ٢١٣ سەگ و ژمارەیەکی زۆر نەردە و بەربەست بۆ داخستنی ڕێگاکان ئامادە کراون. هەروەها سەدان پۆلیسی تایبەت و غەواسیش لە مەئمورییەتەکەدا بەشدارن. لە هولەند و “ئوتڕیش”یش یەکە تایبەتەکان ئەرکی دابین کردنی ئەمنییەتیان بۆ سەرانی وڵاتان و هەزاران ئەندامی هەیئەتە نێردراوەکان لە شارەکاندا دەخرێتە ئەستۆ. بێجگە لەوە، پێویستە مەئمورەکان ئامادەیی بەرەنگار بوونەوەیان لەگەڵ ئەگەری هێرشی ئیسلامییه‌كاندا هەبێت. یەکەکانی دژی تیرۆریش لەم مەئمورییەتەدا حوزووریان هه‌یه‌.164

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی مانگی ژوئییە لە یەکەم خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیدا لەدژی کۆبونەوەی سەرانی گرووپی جی ٢٠ لە هامبوورگ زیاتر لە ١٠ هەزار کەس بەشداریان کرد. خۆپیشاندەران وڵامی ئەرێنیان بە بانگەوازی سەندیکاکان، ڕیکخراوەکانی لایەنگری ژینگە و هێندێک حیزب دابۆوە، قەرارە ڕۆژێک بەر لەم کۆبوونەوەیە خۆپیشاندانێکی گەورە لە لایەن هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکانەوە بە درووشمی ” جی ٢٠ بەخێر هاتی بۆ جەهەنەم” بەڕێوە بچێت. لەم پێوەندەدا حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیانراوێكه‌وه‌ پشتیوانی خۆی لەم خۆپیشاندانە ڕاگەیاندوە. لەم ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هاتووە:

” ئەوانەی کە لەم ئیجلاسەدا کۆدەبنەوە بەرچاوترین نوێنەرانی ئەو سیستمەن کە هەرج ومەرج بشێوی زاڵ بەسەر ئەم دنیایەیاندا سازمانداوە. هەرچەند کە ئەوان دەڵێن بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ قەیرانەکانی ئێستا کۆدەبنەوە، بەڵام له‌ڕاستیدا ئەوان نوێنەرانی نەزمێکی سەرمایەدارین کە بەدی هێنەری گشت قەیرانەکانی ئەم سەردەمەیە.

ڕکابەریی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی، ڕکابەریی هێزە ناوچەییەکان، شەڕە نیابەتی قەومی و ئاینییه‌کان، سەرهەڵدانی جەریاناتی تاسەر ئێسقان کۆنەپەره‌ستی مەزهەبی، توخمە سەرەکییەکانی پێکهێنەری ئەم بشێویە گشتییەن. ئەم بارودۆخە کاریگەریی وێرانگەری خۆی لەسەر ژیانی بە ملیۆن ئینسان داناوە و ئەوانی بە قوڵایی نەهامەتیەکاندا بردۆتە خوارێ. ئەوان پێبنێنە هەر جێگایەک بێ نەزمی درووست دەکەن. ترامپ یان پوتین، مێرکل یان مه‌کرۆن، ئه‌ردۆغان یان شای سعوودیە و گشت ئەوانەی کە لە ئیجلاسەکەدا بەشدارن، هەر ئەوانەن کە هەموو جێگایەکی دنیایان کردووه‌تە مەیدانی ڕه‌كابه‌ری خۆیان. هەر ئەوانەن کە قەیرانەکانی خۆیان دەخەنە سەر شانی توێژی خوارەوەی کۆمەڵگا.

ئەوان هەموو ساڵێک بوددجە نیزامی و ئەمنییەتییەکانیان زیاد دەکەن ئەویش لە بارودۆخێکدا کە نزیک بە یەک میلیاڕد لە خەڵکی دونیا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. چەکە نێردراوەکانیان بۆ ناوچە قەیران لێدراوەکانی دونیا، ئاکامەکەی کوژرانی بە هەزاران کەس و ئاوارە بوونی بە ملیۆن کەس لە خەڵکی ئەم ناوچانە بووە. ئەوان بە تاڵان کردنی سەرچاوەی سروشتی وڵاتانی دەوروبەر، گۆڕینی شێوەی بەهرەبەرادری لە زەویە کشتوکاڵییەکان لە خزمەت ئینحساراتی گەورەی جیهانیدا، ژینگەی تەواوی بەشەریەتیان بەرەو نابوودی بردووە. ئەوان بەرپرسیاری سەرەکیی کارەساتی گەورەی پەنابەرین. ئەم شەپۆلە گەورە ئینسانییە کە لە شوێنی لە دایکەبوونیان هەڵکەندراون، قوربانیانی بشێوی حاکم بەسەر دونیای ئەمرۆدان. ئەم هەرج و مەرجە سەرجەم هێزە کۆنەپەره‌ستەکانی هێناوەتە مەیدان. هەموو ڕێگا چارەسەرە پێشکەش کراوەکان لە لایەن بازیگەرانی ئەم بشێویەوە خۆی دەبێتە هۆکاری پەرەسەندنی و ناسەقامگیری زیاتر.

لەم نێوانەدا ئه‌فریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاشکراترین نمونەی ئەم ڕەوتە گشتییەن. ناردنی سەدان هەزار کەس هێزی نیزامی ناتۆ بۆ ئەفغانستان، عێڕاق، سوورییە، لیبی، سوودان، سومالی و هاتنی ڕووسیە بۆ مەیدانی ئەم کێشمەکێشانە نە تەنیا کەمترین سەقامگیری لەم وڵاتانەدا بەدی نەهێناوە، بەڵکوو ئەم وڵاتانەی کردووه‌تە مەیدانی خوێناوی ڕقابەتی زلهێزە ئیمپڕیالیستی و ناوچەییەکان. شەڕە نیابەتی، قەومی و مەزهەبیەکان بەگشتی شیرازەکانی ئەم کۆمەڵگایانەیان لێک هەڵوەشاندوە. ئەوەندە بەسە کە سەرانی ڕژیمی کۆنەپەره‌ستی ئیسلامیی ئێرانیش لەم ئیجلاسەدا ئامادە بن تا سەرجەم یاریکەرانی جەنایەتکاری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بچنە پاڵ یەکتر.

لە ناخی گشت ئەم ڕکابەری و شەڕە نیابەتیانەدا و لە غیابی بارودۆخی بەدیلێکی شۆڕشگێڕی سوسیالیستیدا، بزوتنەوەیەکی کۆنەپەره‌ستی جیهانیی ـــ ئیسلامیی سەری هەڵداوە کە ئەگەرچی لە ناوچەکە و لە وڵاتانی جۆراوجۆردا بە ناوی جیاوازەوە دەردەکەون، بەڵام خاوەنی جەوهەرێکی وەک یەکن و وەک یەک هەڵسوکەوت دەکەن. ئەمانە وڵامی ڕەوتێکی کۆنەپەره‌ست بە تەرحی نوێی ئیمپڕیالیستی لە ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دایە.

نابێ بێڵین کە بە ملیۆن کەس لە خەڵکی دونیا ببنە قوربانی ڕقابەتی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی، هێزە کۆنەپەره‌ستە ناوچەییەکان و ڕەوتی تا سەر ئێسقان کۆنەپەره‌ستی ئیسلامی. نابێ بێڵین کە ئیجلاسی جی ٢٠ و گشت ئەوانەی کە پاسداری نەزمی سەرمایەدارین دونیا بگەیەننە لێواری هەڵدێر. تەنیا خۆڕاگری و خەباتی ملیۆنی خەڵک ئەم تواناییەی هەیە کە خاڵ و نوقتەی کۆتایی بنێتە بەردەم بەڕبەڕیەتی سەرمایەداری. بێ گومان ناڕەزایەتییەکانمان لەدژی گرووپی جی ٢٠ بەشێک لەم خەباتە جیهانیەیە.
دوایین وتاری رۆژ

په‌یام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان