رۆژی سێشەممە ٢٣ی مانگی جۆزەردان و رۆژێک دوای “رۆژی جیهانی خەبات لەدژی کاری منداڵان” لە وەزاڕەتی تەعاون، کار و ڕیفاهی ڕژیم لە تاران، چوارەمین جەلەسەی بەناو “شوڕای ڕیکخستنی منداڵانی کار و خیابانی”بەڕێوەچوو. لەم کۆبونەوەیەدا کە کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی ئەو وەزاڕەتە و کەسانی دیکە بەناوی نوێنەری ناوەندەکانی دیفاع لە مافی منداڵان ئامادە بوون، ڕایاگەیەندرا ١٣٦ هەزار منداڵی بێبەش لە خوێندن لە ئێراندا شناسایی کراون. لەم جەلەسەیەدا ئەحمەد میدەری جێگری ڕیفاهی کۆمەڵایەتی ئەو وەزاڕەتخانەیە هۆکاری بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە منداڵانی بێبەش لە خوێندنی ” دروست بوونی حاشیەی شاری ١٠ تا ١٢ ملیۆنی لە وڵاتدا و گۆڕانی جەمعیەتی شاری” ناوبرد و وتی ” ئەم بابەتە کۆمەڵیک ئاسەواری لە وڵاتدا بەشوێنەوە بووە. ئەو وتی ” لە کۆتاییدا دوای ٨ ساڵ ڕاوەستان، لە ساڵی ٩٥دا دەوڵەتی تەدبیر، کەوتە بیری ڕیکخستنی منداڵانی کار و خیابانی کە بە یارمەتی وەزارەتی ئاموزش و پەروەرش ئەوان بناسینەوە تا وێنایەکی روون لە هۆکاری نەچوونە قوتابخانەیان بدرێت بە دەستەوە.”
ئەم کاربەدەستەی وەزاڕەتی کاری ڕژیم نەیوت کە دوای “ناسینەوە و وێناکردنێکی روون”، دەوڵەت چ بەرنامەیەکی بۆ ڕزگار بوونی ئەو منداڵانە لە ژیانێکی دژاور کە ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی بۆی فەراهەم کردون، دەبێت. نەیوت ئەم ١٣٦ هەزار منداڵەی کە وەزارەتی ئاموزش و پەرەوەرشی ڕژیم “کۆدی میللی” ناوەتە ئیختیاریانەوە تەنیا بەشێکی کەمە لەو منداڵانەی کە بەهۆی بارودۆخی نابەسامانی ئابووری بنەماڵەکانیانەوە ناچار بە دەست هەڵگرتن لە خوێندن و روو لهكار كردن لە ئاستی شاری تاراندا بوون. نەیوت ئەم ئامارە ئەو بە ملیۆن منداڵە ناگرێتەوە کە لە ئاستی سەرتاسەریدا لە سایەی نیزامی ئیسلامیدا قەت رۆژێک چوونە قوتابخانەیان بە خۆیانەوە نەبینیوە. شاملی ئەو سەدان هەزار منداڵە کۆچبەرە نابێت کە کۆدی میللی ئەم نیزامەیان نییە تا هیچ ئیدارە و وەزارەتخانەیەک لییان باخەبەر بێت.
کۆماری ئیسلامی بۆ لابردنی گرفتی منداڵانی کار نەتەنیا تا ئێستا کارێکی ئەنجام نەداوە بەڵکو ساڵانێکە بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی بە دانی ئامار و ئەرقامی نا روون و درۆینە، ژمارەی منداڵانی کار و خیابانی گەلێک کەمتر لەوەی هەیە، نیشان ئەدات. لەگەڵ ئەوەدا بوونی دیاردەی منداڵانی کار لە ئێران بە لێکدانەوە و هۆکاری بە لاڕێدابەری وەک پەرەسەندنی حاشیە نشینی و گۆڕانی جەمعیەتی شاری تەوزیح ئەدەن و روون دەکەنەوە. ساڵانێکە ڕاگەیەنەر و کاربەدەستانی ڕژیم ئەم منداڵە بێبەشانە بە هەتیو و بێ سەرپەرست دەناسێنێن و بە تاوانبار کردنیان بە هەبوونی پێشینەی گزی کاری ئەوان دەبەستێتەوە بە کرداری باندە مافیاییەکانەوە. بەرپرسانی ڕژیم ساڵانێکە زۆربەی ئەم منداڵانە سەر بەو بنەماڵانە دەناسێنێن کە کەسوکاریان گیرۆدەی مادەی هۆشبەرن. یان لە باشترین حاڵەتدا بنەماڵەی ئەو منداڵانە خەتابار دەکات کە گۆیا بەخاتری تەماح و زێدەخوازی منداڵەکانیان وادار بە کارکردن دەکەن. ” سازمانی ئامار و سەرژمێری کۆماری ئیسلامی” بێ شەرمانە ڕایگەیاندبوو کە ٣٠ لەسەدی ئەم منداڵانە خاوەنی پێشینەی مەحکومهتن لە بێدادگاکانی ڕژیمی ئیسلامیدا و ٤٠ لەسەدیشیان خاوەنی کەسوکاری کەم سەواد و نەخوێندەوارن. ئەوەیە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی دەوڵەت لەم دیاردە شەرماوەرەی نیزامی سەرمایەداری. کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نە تەنیا هەنگاوێکی جیدی بۆ لابردنی گرفتی منداڵان ئەنجام نەداوە، بەڵکوو هەڵسوڕاوان و ئەو ناوەندانەش کە دیفاع لە مافەکانی منداڵان دەکەن لەژێر هەڕەشەی بەدوادا چوون و زیندان و ئەشکەنجەدان. هەر ئێستا ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوان لەبەر دیفاع لە مافی منداڵان لە زیندانەکانی ڕژیمدان.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن ناوەندە سەربەخۆکانی لایەنگری مافەکانی منداڵانی کارەوە دراون، ژمارەی ئەو منداڵانە بە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس بەراورد دەکرێت. زۆربەی ئەم منداڵانە کە لە تەمەنی ٥ تا ١٥ ساڵیدان، منداڵی ئەو بنەماڵە کرێکاری و زەحمەمتکێشانەن کە بە هۆی هەژاری و بێکاریی کەسوکاریانەوە و بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەکەیان ناچارن بەجێگای یاری و چوون بۆ قوتابخانە و خەریکی فێربوون و گەشەدان بە تواناییەکانیان بن کە مافێکی سروشتی هەر منداڵیکە، خەریکی کاری دژاور و تاقەت پروکێن دەبن و نەمامی تەمەنیان لەژێر باری کاردا دەپڕوکێت. ناچارن شەو و رۆژ لە مەیدان و شەقامی شارەکان خەریکی باربەری، خاوێن کردنەوەی شوشەی ماشێنەکان، فرۆشتنی سیگار ، دەستماڵ کاغەزی، کیسەی نایلۆن و بنێشت بن تا پۆڵێک بۆ تێر کردنی زگی خۆیان بەدەست بێنن. لە دۆزەخێکدا کە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم نەونەمامانەی بەدی هێناوە گەلێک لەوانەشی کە تەنانەت خاوەنی کۆدی میللی ئیسلامین و لە وڵاتێکدا دەژین کە خاوەنی سەرچاوەی زۆری نەوت و گاز و سەرچاوەی دیکەی سروشتیە، خواردنی رۆژانەیان لە شوێنەکانی کۆکرنەوەی زبڵ و خۆڵ دابین دەکەن. ئەمە پەڵەیەکی شەرمەزاریی دیكهیه بە داوێنی ئەم ڕژیمە دژی ئینسانیەوە. ژیان و دەستەبەر کردنی خۆراک لە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵی شارەکان مەترسیەکی زۆر دەخاتەسەر سڵامەتی ئەو منداڵە بێبەشانە. بەپێی ڕاپۆرتی یەکێک لە ناوەندەکانی سەربە ڕژیم لە توێژینەوەیەکدا کە لە بارەی ٦٠٠ منداڵی کۆکەرەوەی زبڵ کراوە زیاتر لە ٥٠ لەسەدیان لە ناوەندەکانی کۆکردنەوەی زبڵ و زبڵدانەکاندا دەژین. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها باس لە بوونی ئاسەواری برینی سەرچاوە گرتوو لە پێوەدانی مێش و مەگەز و مێروی دیكهی سەر زبڵەکان لەکاتی خەوی ئەم منداڵانەدا بە جەستەیانەوە دەکات و باسی بڵاو بوونەوەی نەخۆشیەکانی وەک تاعون، تیفوس، پژمین، هیپاتیت و ئایدزی کردوە.
دیاردەی منداڵانی کار و خیابانی یەکێک لە دیاردە باوەکانی نیزامی سەرمایەدارییە لە زۆربەی وڵاتاندا. ئەم کۆیلە چکۆلانە لە بێبەش ترین و بێ ماف ترین توێژی کۆمەڵگان. هەرزان ترین هێزی کارن کە وەحشیانە لە لایەن سەرمایەدارانی دڵ ڕەقەوە دەچەوسێنەوە. ئەوان هەم لەلایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕژیمەوە و هەم لە لایەن کهسانی منداڵ ئازار و بی ئەخلاقەوە سوکایەتیان پێدەکرێت. بەڵام هێزی دیفاع لە خۆیانیان نییە. بێ گومان ئاسەوارە نەرنیەکانی رۆحی و جەستەیی ئەم ستەم و چەوساندنەوەیە بۆ هەمیشە بەسەر ژیانی ئەوانەوه دەمینێتەوە. ئەوە ئەو بارودۆخە دۆزەخەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆیانی دروست کردوە.
دابین بوونی سەرپەنا و خۆراک و پۆشاک بۆ منداڵانی کار و خیابانی دهبێ ئەرک و ئەولەویەتی هەر دەوڵەتێک بێت. دابین کردنی هەزینەکانی ژیانی ئەم منداڵانە لە ساڵدا بۆ کۆماری ئیسلامی کەمترە لە دابین کردنی هەزینەی مانگێکی حیزبۆڵای لوبنان کە ڕژیم لەوانی دریغ دەکات. ئەم بارودۆخە دەبێ بگۆڕدرێت. بەڵام منداڵان خۆیان ناتوانن ئەم کارە بکەن. گۆڕینی ئەم بارودۆخە لە گرەوی خەباتێکی یەکگرتوانەی جەماوەری خەڵکدایە بۆ روخاندنی ئەم ڕژیمە دژی بەشەری و سەرمایەدارییە ئیسلامیە.