کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت ته‌په‌

ئەو هەواڵانەی گەیشتون باس لەوە دەکەن کە لە جەریانی سێهەم رۆژی مانگرتن و کۆبونەوەی زیاتر لە یەک هەزار کرێکاری شاغڵ و خانەنشینی موجتەمەعی هه‌فت تەپە لەگەڵ بنەماڵەکانیان، هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم بە هێرش کردنە سەر ناڕازییان، دەستیاندایە تەقەکردنی هەوایی. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە تەقەی هەوایی مەئمورانی ئینتیزامی ڕژیمیش بەری بە درێژەی کۆبونەوەی کرێکاران و بنەماڵەکانیان نەگرتووە. کرێکارانی شاغڵ، خانەنشین و نەیبوڕی نەیشەکەری هه‌فت تەپە لە رۆژی یەکشەممە ١٤ی مانگی جۆزەردانەوە مانیان گرتووه‌. ئەم کرێکارانە کە حەقدەستی مانگەکانی خاکەلێوە و گوڵانی ئەمساڵیان و پاداشی ٩٤ و ٩٥یان پێنه‌دراوه‌، خوازیاری درانی هه‌قده‌سته‌كانیانن. نەدرانی حەقی بیمەی ئەوان بە سازمانی تەئمینی ئیجتماعی بۆتە هۆی ئەوەیکە ئەم سازمانە خۆی لە نوێ کردنەوەی دەفتەرچەی بیمەی کرێکارەکان بوێرێت. ئەم کرێکارانە هەروەها سەبارەت بە فەزای پادگانی و ئەمنیەتی کارخانە ناڕازین و دەڵێن بەدوای هەر ناڕەزایەتی دەربڕینێکی هێمنیشدا هێزە ئینتیزامیەکان دەست دەکەن بە دروست کردنی ترس و تۆقاندن لەنێو کرێکاراندا.کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی شیرکەتی نەیشەکەری هه‌فت تەپە پێشینەیەکی خەباتکارانەی دوور و درێژیان لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیان هەیە. “سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە” لە زومرەی ئەو ناوەندە کرێکارییە ڕەزمەندانەیە کە گەلێک ئەزمونی بەنرخیان لە دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ سەرمایەداران بۆ دەستەبەر کردنی مافی تەشەکول بە گەنجینەی تەجوروبیاتی چینی کرێکاری ئێرانەوە زیاد کردووە. بەڵام خەباتی کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە بە گشت ڕەزمەندەگی و پەیگیریەکانیەوە تا ئێستا نەیتوانیوە لانیکەمی داخوازیەکانی بەسەر مودیرانی شیرکەتدا داسەپێنێ. ئاشکرایە کە سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت، مودیرانی ناوەندە دەوڵەتیەکان و بەڕێوەبەرانی دامەزراوە ئابوورییە گەورەکانی سپای پاسداران، هەرچی لە تواناییاندا هەبێت بۆ دەستەبەر کردنی سودی زۆرتر و چەوساندنەوەی زیاتری کرێکاران دەیخەنەکار و تەنیا لە کاتێکدا ئامادەن داخوازی کرێکاران قەبوڵ بکەن کە ببینن کەڵەکە کردنی سود و قازانجیان لە ئاکامی گوشاری خەباتی کرێکاراندا کەوتۆتە مەترسیەوە. ئەگەر ئەم گوشارە کرێکارییە بە ئەندازەی کافی بەهێز نەبێت، سەرمایەداران بە وەعدە و وەعید و فریو یان بە سەرکوت لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە. بەڵام گوشاری کرێکاران لە کاتێکدا کاریگەر دەبێت کە خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ یەکتردا هاوئاهەنگ بکرێن. ئەگەر جۆگەلە پڕژوبڵاوەکانی ئەم نەبەردە بگەنەوە یەکتر دەبنە روبارێکی خورۆشاو کە ترسی ڕاستەقینە دەخاتە دڵی سەرمایەداران و دەوڵەتەوە.141

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا شاهیدی دەیان حاڵەت لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری پڕژوبڵاو بوین. بەڵام نا هاوکاتی و نا هاوئاهەنگی و نەبوونی پێوەندییان بەیەکەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت و خاوەنکاران لە لایەن ئەم حەرەکەتە کرێکاریانەوە هەست بە گوشارێکی جیدی نەکەن. لەگەڵ ئەویکە کرێکاران لە هەموو نمونەکانی ئەم مانگانەی دواییدا داخوازی جیدی و گرینگیان لە بواری زیاد کرانی حەقدەست و بیمە کۆمەڵایەتیەکان و هیتردا هێناوەتە گۆڕێ، بەشێوەیەک کە تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کە زیاتر داخوازیەکان دیفاعی و سنوردار لە ئاستی وەرگرتنی حقوقی دواخراو یان دانەخرانی کارخانەکان و شتی لەم بابەتەدا دەهاتنە گۆڕێ، پێشڕەوتریشن، بەڵام لە پێوەندی خەباتکارانە لەگەڵ یەکتردا نین، خاوەنکاران بە شێوازی تایبەت بە خۆیان دەتوانن ئەوانە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە و ئەم خەباتە پڕژوبڵاو و بێ پێوەندیە بە یەکەوە، کەمتر توانیویانە داخوازیەکانیان بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتدا بسەپێنن.

تا ئەو جێگایەی کە بە جەماوەری کرێکاران دەگەرێتەوە، لە بەرانبەر بارودۆخێکی دژوار و فەلاکەتباری ئابووریدا کە بەرەوڕوویان بۆتەوە سەریان نەوی نەکردووە و بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لەم بارەیەوە چالاکترین بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی پێشڕەو لەم قۆناغەدایە، لە ڕاستیدا ئەوان کارێک کە پێویستە، ئەنجامی ئەدەن. ئەوان کە لە لوتکە و ڕێبەری حەرەکەتە ناوچەییەکانی کرێکاراندان، بۆ سەرخستنی خەباتێکی کرێکاری ناوچەیی پێویستیان بە پێوەند کردن و بەستنەوەیەتی بە خەباتی بەشەکانی دیكه‌وه‌.

پەرەپێدانی پێوەندی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری بەشە جۆراوجۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لەگەڵ یەکتردا، بە شێوەیەک کە بتوانێ خەباتی کرێکاران لە ئاستگەلی هەرچێ بەرینتردا بەیەکەوە ببەستنەوە، هەم سەرەتای دەستپێکی ئیجادی تەشەکولە بە هێزە کرێکاریەکانە و هەم ڕێگا بۆ سەرتاسەری بوونەوەی ئەم خەباتە خۆشتر دەکات. دەستپێکی وەها ڕەوتێک، وەک ئاڵوگۆڕێک لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا بە حیساب دێت و تۆڕی پێوەندی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی کرێکاریشە کە دەبێتە بوار خۆشکەری وەها ئاڵوگۆڕێک. ئەوە خەباتی یەکگرتوانە و سەرتاسەری کرێکارانە کە چینی سەرمایەدار و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هێرش کردنە سەر کار و ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران وادار بە پاشەکشە دەکات، فەزای خەباتکارانە لە گشت کۆمەڵگادا بەهێز دەکات و هێز و هیواش دەبەخشێتە باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە.