کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی زه‌ره‌مه‌ندان لە شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی ئێران

لە یەک مانگی ڕابردوودا خەڵک لە زۆربەی شارەکانی ئێران چه‌ندین کۆبونەوەی ناڕەزایەتیان لەژێر ناوی “کۆبونەوەی زه‌ره‌رمه‌ندان” به‌ڕێوه‌بردووه‌. ئەم کۆبوونەوانە لە ناڕەزایەتیی بە تاڵان و دزینی پارەکانیان کە لە بانکدا دایاننابوو لە لایەن دامەزراوە ئیعتیباریەکانەوە ئەنجام دراون. ئەم بەناو دامەزراوە ماڵی و ئیعتیباریانە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ژماره‌یان زیاد ده‌كات و بە ناوەکانی وەک دامەزراوەی ” کاسپیه‌ن، میزان، کەوسەر، ئەلبۆرزی ئێرانییەکان، سامێنه‌الحۆجەج و هیتر” دا دەرکەوتون. ئەم بونگایانە لە لایەن سەرمایەدارانی ڕانت خۆرەوە و بە هاوکاری و به‌شداربوونی بەرپرسان و کاربەدەستانی دەوڵەتی بۆ سو ئیستیفادە کردن لە سەروەت و سامانی خەڵک پێك هاتوون. ئەم دامەزراوە دارایی و ئیعتیباریانەش وەک باقی ئیدارەکان، بانک و دامەزراوەکانی ڕژیم، نوقمی گەندەڵی بوون بە هۆی ئێختیلاس و دزی نجومی بەرپرسانەوە توانایی دانەوەی پوڵەکانی خەڵکیان نییە. هێندێک لەم دامەزراوانە دوای دزینی بە میلیاڕد تمەن لە سپۆردەکانی خەڵک بە ڕاگەیاندنی وەرشکست بوون دادەخرێن. دامەزراوەی ئیعتیباری سامێنه‌الحۆجەج یەکێک لەوانەیه‌. کارمەندانی ئەو دامەزراوەیە ئاشکرایان کردووە کە لە ئاکامی دزی و ئێختیلاسی مودیران و خاوەنانی ئەم دامەزراوەیە چاکالی سەرجەم لقه‌کانی ڕاگیراوە و ٢٧٠٠ کەس لە کارمەندەکانی بێکار کراون. ئەم کارمەندانەش ڕۆژی ٢٥ی مانگی گوڵان بۆ گەڕانەوە بۆسەر کار لە به‌رامبه‌ر بانکی ناوەندیدا کۆبونەوەی ناڕەزایەتیان به‌ڕێوه‌برد.

ئەم دامەزراوانە له‌ لایه‌ن بانکی ناوەندیه‌وه‌ ڕێگه‌یان پێ دراوه‌ و خەڵک بە ئیعتیباری ئەو بانکەوە پارەکانیان لەم شوێنانه‌ زەخیرە دەکەن. بەم هۆیەوە ” زه‌ره‌رمه‌ندان” داخوازییەکانیان بەرەوڕووی بانکی ناوەندیی ڕژیم کردۆتەوە و لە به‌رامبه‌ر ئەو بانکەدا کۆبونەوەی ناڕەزایەتییان به‌ڕێوه‌بردووه‌. به‌ هۆی ئه‌وه‌‌ کە لە حەوت هەشت مانگی ڕابردوودا دەوڵەت ئاوڕێکی لە داخوازی خەڵک سەبارەت بە گێڕانەوەی سپوردەکانیان نەداونەتەوە، ئەم ناڕەزایەتیانە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرەیسەندوە و کێشراوەتە شارەکانی دیكه‌ش. ئەو حەڕەکاتە ناڕەزایەتیانە لە به‌رامبه‌ر مەجلیسی شوڕای ئیسلامیش بەڕێوەدەچن و لە باقی شارەکانیش کۆبونەوە لە به‌رامبه‌ر ئوستانداری و فەرمانداریەکانی ڕژیم بەڕێوەچوون. هەرلەم پێوەندیەدا ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی جۆزەردان لە حەڕەکەتێکی هاوئاهەنگدا ژمارەیەک لە “زه‌ره‌رمه‌ندان” لە شارەکانی تاران، ئەردەبیل، خوڕه‌م ئاباد، ڕەشت، گورگان، بابول و زاهێدان لە به‌رامبه‌ر مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی دەستیاندایە کۆبونەوەی ناڕەزایەتی.135

لەم کۆبونەوانەدا خەڵکی توڕە له‌ڕێگه‌ی بەدەستەوە گرتنی چه‌ندین پلاکارد و وتنه‌وه‌ی درووشمی وەک ” کاسپین خەیانەتی کردووە، دەوڵەت پشتیوانی کردووە” دەوڵەتیان بە شەریکی تاوانی ئەم دامەزراوەیە زانیوە و بەرپرساریەتی لەبەین چوونی داراییەکانیان خستۆتە ئەستۆی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. کاردانەوەی ڕژیم لە بەرانبەر داخوازی سروشتی خەڵکدا، وەک هەمیشە واده‌ و به‌ڵێنی سەر خرمان یان هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان و لێدان و گرتنیان بووە. ڕووبه‌ڕوو بوونەوەی دەوڵەت لەگەڵ خەڵک، ئەم بابەتەی کردووتە مەسەلەیەکی سیاسی و خه‌باتی ڕۆژ. خەڵکی “زه‌ره‌رمه‌ند” لە بەرانبەر ئەم دزیه‌ ئاشكرایه‌ لە تاران و هێندێک لە شارەکان هێرشیان کردووتە سەر نووسینگەکانی ئەم دامەزراوەیە، درووشمیان داوه‌ و لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم تێکهەڵچوون.

بەم جۆرە کۆماری ئیسلامی لەم ماجەرایەشدا نیشانیدا کە پارێزەری بەرژەوەندی سەرمایەدارانه‌ و لەهەر جێگایەک کە پێویست بێت یاسا، هێزی سەرکوتگەر و سەرجەم ئیمکلاناتی بۆ پاراستنی ئەمنییەتی سەرمایە بەکار دێنێ. جەماوەری خەڵکی “زه‌ره‌رمه‌ند” بە هەزاران زەحمەت و دەردیسەری و به‌ ده‌ست پێوه‌گرتن لە دابین کردنی پێداویستی ڕۆژانەیان، توانیویانە بڕێک پارە لە حەقدەست یان داهاتیان پاشەکەوت بکەن. ئەوان بە هیوای ئەوەیکە لە ڕێگای سپاردنی دارو نەداریانەوە بەم دامەزراوانە وامێکی ئیعتیباری ئەویش بە بەهرەیەکی کەمەرشکێنی چوار بەرابەر زیاتر لە مامناوەندی سودی بانکی باقی وڵاتان وەربگرن، دەستیانداوەتە ئەم ڕیسکە تا بەڵکوو لەم ڕێگایەوە بتوانن ببنە خاوەنی چواردیواریەک یان باقی پێداویستیەکانی ژیانیانی پێ دەستەبەر بکەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەران و باندەکانی ڕژیم و مەنسوبانی بە بەهرەمەند بوون لە ڕانتی حکومەتی و دزی و ئێختیلاسی نجومی لە ئێران بوونەتە خاوەنی سەروەت و سامانێکی نجومی. ئەوان بۆ بەردەوام بوونی ئەم بەرەکەتەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدان تا گەندەڵی لە گشت ناوەندە حکومەتی و ئاینیی و نیزامیەکانی ڕژیمدا نیهادینە بکرێت. دان پێدانانی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی لە تەبلیغاتی به‌ناو هەڵبژاردنیاندا بە دابەش کردنی ئابووری کۆمەڵگای ئێران بە ٤ لەسەدی و ٩٦ لەسەدی، بەشێک لە دزی و ڕانتەکانی ٤ لەسەدیەکانی خودیەکانیان بە هاوکاری و بەشدار بوونی بەرپرسانی حکومەتی و کەسانی نزیکیان ئاشکرا کرد.

ئەمجارە بەڵام بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم دزیە هەزاران میلیاڕد تمەنییەکانیان لە سپۆردەکانی خەڵکی کەمداهات و بە قەولی خۆیان لە ٤ لەسەدییەکان کردووە و سه‌ره‌ی “زه‌ره‌رمه‌ندان” یان بە واتایەکی دەقیق تر ” ماڵ بە تاڵان براوەکان” هاتووه‌. ئەوان بەم دزیانە بەرهەمی کار و ڕەنجی ئەو بەشە لە توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگە تاڵان دەکەن کە بە سەرفە جوویی بۆ دابین کردنی سپۆردە بانکییەکانیان، ناچاربوون سفرەی ماڵیان کەم ڕەونق تر بکەن و منداڵەکانیان و باقی ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ژیان بێبەش بکەن. دەست بردن بۆ دەستڕەنجی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و بێ هێوا کردنیان لە بەهرەمەند بوون لە بوونی سەرپەنایەک و باقی ئیمکاناتی حەیاتی، ئەوپەڕی بێ ئەخلاقی دزەکان و تاڵانچیانی سەمایەدارییە. ئەم ئێختیلاس و دزیانە، بارودۆخی ئابووریی قەیران لێدراوی ئێران قەیراناوی تر و ناله‌بارتر دەکات. لە ئاوا بارودۆخێکدا خەڵکی ئێران بۆ دابین کردنی ژیانێکی شایستەی ئینسان و بۆ بەهرەمەند بوون لە ماف و ئازادی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی خۆیان، ڕیگایەکیان جگە لە خەبات بۆ ڕزگار بوون لە دەست ڕژیمی ئیسلامی لەبەردەمدا نییە.