کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێکاری لاوانی خوێندەوار لە ئێران

بێکاری بەشێکی جیا نەکراوەی نیزامی سەرمایەدارییە. هێزی کار لەم نیزامەدا کالایەکە کە وەک هەموو کالایەکی دیکە، هەرچی زیاتر کەوتبێتە بازاڕەوە، نرخەکەی هەرزانتر دەبێت و ئەمە ڕاست ئەو شتەیە کە سەرمایەداران وەک کڕیارانی هێزی کار، بەشوێنیەوەن. کەڵەکە کردنی سەرمایە، بەرهەمی چەوساندنەوەی هێزی کارە و هەرچی هێزی کار هەرزانتر بێت، قازانجی سەرمایە زیاتر و کەڵەکە بوونیشی خێراتر و قەبەتر دەبێت. بۆ کۆماری ئیسلامیش وەک دژی خەڵکی ترین ڕژیمی سەرمایەداری لە جۆری خۆی، بوونی لەشکری بەرینی بێکاران، ئیمکانی هەرزانتر بوونی هێزی کاری بۆ فەراهەم دەکات. لەم ڕووەوە نە تەنیا بوونی بێکاری خۆی لەخۆیدا مەتڵوبە، بەڵکوو سەرمایەداران دەست لە دەستی دەوڵەتدا هەوڵ ئەدەن تا بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی دیاریکراودا ڕابگرن. ئەگەر نیگەرانیی لە پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی سەرچاوە گرتوو لە گوشاری خەباتی کۆمەڵایەتیی نەبوایە، سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان، بەبێ سڵ کردن و پرینگانەوە ئەم دیاردەیان لە خزمەت تەماح و زێدەخوازی خۆیاندا هەرچی زیاتر بەکار دێنا. بەڵام ئاشکرایە کە چینی کرێکار کۆیلەی بێ ئیرادەی قازانج پەرستی ئەوان نییە. تا ئێستا لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا خەباتی چینی کرێکار گەلێک بەربەستی خستۆتە سەر ڕێی ئەم قازانج پەرستییەوە. بۆ نموونە ئەم خەباتە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانی ناچار کردووە کە بێمەی بێکاری بدەن بە کرێکارانی بێکار.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی بێکاری لە ئێران بوونی لەشکری بەرینی بێکارانی ئەو کەسانەیە کە خوێنەدنی دەبیرستان و زانکۆیان تەواو کردووە. لاوانی زیاتر لە بەینی تەمەنەکانی ١٥ بۆ ٣٠ ساڵیدا یەک لەسەر سێی جەمعیەت و ڕەقەمێکی نزیک لە ٢٥ بۆ ٣٠ میلیۆن کەسی پێکدێنن. بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن ڕژیمەوە بڵاو بوونەتەوە نزیکەی ١٢ میلیۆن کەس لە جەمعیەتی ئێران یان خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە یان لەحاڵی خوێندنیدان. ئەوە لەحاڵیکدایە کە فولادوەند ئەندامی کۆمیسیۆنی دیفاع لە بەرهەمهێنانی میللی مەجلیس وتویەتی “کە بێکاری لاوانی خوێندەوار لە ئێران گەیشتۆتە ئاستی ٣٥ لەسەد”. ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو کە منداڵەکانیان دەنێرنە زانکۆ تا لە داهاتوودا دەستیان لە کار و پێشیەکی گونجاو گیربێت، لەمرۆدا دەبینن نە تەنیا ئەم ئامانجەیان بەدینەهاتوە، بەڵکوو خوێندنی زانکۆش بۆتە گرفتێک بۆ دۆزینەوەی کارێک بۆ لاوەکانیان. ئەگەرچی دانی ئامار لە لایەن ئۆرگان و ناوەندەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوە، بە تایبەت لەوێدا کە دەگەڕێتەوە بۆ دانی وێنایەکی ڕوون لە مەسایل و موشکلاتی کۆمەڵگا، جیی متمانە نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئاستی بەرینی ئەو کێشە و گرفتانەی کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە ژیانی خۆیاندا لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا لەگەڵی دەستەویەخەن، بەرپرسانی دەوڵەتی ناچار دەکات کە هەر جارناجارێک گۆشەیەک لە ڕاستییەکان بۆ داپۆشینی سەرجەم ڕاستییە تاڵەکانی ژیان لە ئێران بخەنەڕوو. دانی ئامار لە پێوەند لەگەڵ گرفتی بێکاری لەنێو لاواندا لەو بابەتەیە.134

کار و ئەمنییەتی پیشەیی، یان بیمەی بێکاری کافی، خواست و مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو کرێکارانی لەسەر کار و بێکار و لاوانی خوازیاری کارە. بەڵام ئەم مافە بە خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراو و هەڵبەت تەنیا بە بەرپا کردنی بزوتنەوەیەک لەدژی بێکاری دەستەبەر دەبێت. بزوتنەوەیەک کە بارودۆخە عەینیەکەی ئامادەیە. هێزی بیلقوەی ئەم بزوتنەوەیە نە تەنیا هێزی میلیۆنی کرێکارانی بێکار، بەڵکوو بەمیلیۆن کرێکاری لەسەرکار و بنەماڵەکانیشیان کە دیوەزمەی بێکاری ئەمنییەتی پیشەیی لێزەوت کردون دەگرێتەوە. بزوتنەوەیەک کە بە هۆی درێژەی قەیرانی ئابووریی، بەرینتر بوونەوەی بێکارسازییەکان و داخوازیە هاوبەشەکان، دەکرێ بە خێرایی جەماوەری و بەهێز بێت. ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ پیلانی بێکاری کە لە لایەن سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیانەوە بۆ درووستکردنی تەفرەقە لە ڕیزی کرێکاراندا بەکاردێت، پۆچەڵ بکاتەوە.

بەڵام بەرەوپێش بردنی ئەم خەباتە و گەشە پێدانی تا ئاستی بزوتنەوەیەکی جەماوەری، پێویستی بە هاوپشتی هەڵسوڕاوان، تۆڕ و مەحفەلە وشیارەکانی مەوجود لە بزوتنەوەی کرێکار ئێراندا هەیە. لەشکری بەرینی بێکاران و ئاگاداربوون لە مەترسی ئەو خەسارە پڕ ئازارە کۆمەڵایەتیانەی کە لە کەمینی بێکاران و بنەماڵەکانیاندان، زەرفیەتی زۆر و بەرزی ناڕەزایەتییەکان، بە تایبەت لەنێو بەشی خوێندەواری بێکاراندا کە گشت ئاوات و ئارەزوەکانیان بە فەوتاو دەبینن، بەدی هێناوە. شکڵ گرتنی وشیارانە و هەنگاو بە هەنگاوی ئەم ناڕەزایەتیانە لە هەمانحاڵدا دەبێتە زەمینەساز و ڕێگه‌ خۆشکەری بەرپا بوونی رێکخراوە جەماوەرییەکان و بەردەوام بوونی کاری کرێکاران.