دەوڵەتی حەسەن رووحانی لە یەکێک لە یەکەم هەنگاوە دژی کرێکاریەکانیدا، دوای هەڵبژاردنی فەرمایشی ئەم دواییە، بە ڕواڵەت بۆ بەربەرهکانێ لەگەڵ بێکاری، گەڵاڵەی ” وەستا و شاگردی” ئەحمەدی نیژادی کە بە هۆی خۆڕاگری کرێکارانەوە بێ ئاکام مابۆوە، لە بایەگانی دەرکێشا و لەژێر ناوی ” تەرحی کاروەرزی”دا خستویەتە بواری کرداریەوە. ئەم تەرحە بە کەڵک وەرگرتن لە مەوقعیەتی دژواری بەڕێچوونی کرێکاران و بە تایبەت ئەو کەسانەی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە، بە بیانوی کارئاموزی ئەوان لە کارگا و ناوەندە توجاری و بازرگانیەکاندا، وەک “کاروەرز” و لە ڕاستیدا ” شاگرد” لە بارودۆخێکی سوکایەتی ئامێزدا بەکاردێنێ. وەزیری کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد وتبووی: ” بۆ ڕەخساندنی هەلی کار دەبێ لەو سوننەتانەی کە لەم وڵاتەدا هەمانە کەڵک وەربگرین، تا ماوەیەک لەوەپێش سەرت بەهەر دوکانێکدا کردبایە شاگردێکی هەبوو کە حەقدەستێکی لانیکەمی وەردەگرت و بەم جۆرە هەم کاری خۆی مەیسەر دەکرد و هەم کاری وەستاکارەکەی، و ئێستا بۆ دروست کردنی هەلی کار نابێ ئەم ڕێگایە بەڕووی خۆماندا دابخەین.” ئێستا لە دەوڵەتی رووحانیدا خوێندەوارانی ئاستی لیسانس و کارشناسی ئەڕشەد دەبێ بکەونە وەها هەلوومەرجێکەوە.
محەممەد ئەکبەرنیا، مودیرکولی کاریابی وەزاڕەتی تعاون، کار و ڕێفاهی کۆمەڵایەتی وتویەتی: ” بابەتی تەرحی کاروەرزی لە ساڵی ٨٥ و ٨٦ دا، هاتۆتەگۆڕێ و ساڵی ڕابردوش بە شێوەی ئازمایشی لە هێندێک لە ئوستانەکان ئیجرا کرا.” ئەو لە درێژەدا ئەڵێ :” ئەو کەسانەی ئاستی خوێندنیان لە ئاستی لیسانس و بانترە ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لەم تەرحەیان دەبێت. خوێندەواران سەرەتا بە نووسینی ناویان لە کاریابیەکانی سەرتاسەری وڵاتدا و دواتر بە تێپەڕ بوونی ٣ مانگ لە سامانەی کاروەرزی وەزاڕەتی تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتیدا ناو نووسی دەکەن کە لە کارگاکاندا سەرگەرمی وەرگرتنی ئاموزش بن. دەوڵەت هەزینەی ئاموزشی ئەم کەسانە ئەدات بە خاوەنکاران و دوای تێپەڕبوونی ٤ تا ٦ مانگ ئەم کەسانە دوای وەرگیران لە کارگاکاندا لە معافیەتی بیمەیی سەهمی خاوەنکار بەهرەمەند دەبن و تا ٢ ساڵ ئەم معافیەتە بۆ ئەو خاوەنکارانەی کە ئەم کەسانە وەردەگرن دەرێژەی دەبێت. ئەو بە ئاماژە کردن بە وردەکاری شێوەی وەرگرتنی حقوق و حەقدەستی ئەم کەسانەش وتی: خاوەنکاران تەکلیفێکیان بۆ دانی حقوق و حەقدەست بە ئاموزشیارانی لیسانس و بانتر نابێت و دەوڵەت مەبلەغی یەک لەسەر سێی لانیکەمی حقوقیان ئەداتێ.”
بەم جۆرە دەبیندرێت کە بەپێی ئەم تەرحە، خوێندەوارانی زانکۆکان، بە وەرگرتنی مانگانەی ٣١٠ هەزار تمەن، لەژێر ناوی ” کارئاموزیدا”، بۆ ماوەی ٢ ساڵ، لە لایەن سەرمایەدارانەوە وەک کۆیلە کاریان پێدەکرێت و دوای ئەوەش ئەگەر خاوەنکار مایل بێت، به هۆی ئەوەی کە کارێک لەدەرەوە لە چاوەروانیاندا نییە، بە بارودۆخێکی سوکایەتی ئامێزەوە، بە ناچاری لە هەمان دامەزراوەدا درێژە بەکارکەیان ئەدەن. بەپێی ئەم تەرحە کرێکارانی خوێندەوار لە شمولی ئەم قانون کارە نیوە و ناتەواوەی کۆماری ئیسلامیش بێبەش دەبن. لە ماوەی ٢ ساڵ کاری کۆیلە ئاسادا و بە حەقدەستی سوکایەتی ئامێزەوە، مافی هیچ چەشنە شکایەت و ناڕەزایەتی دەربڕینێکیان نابێت. لەژێر ناوی ” کاروەزیدا”، بە ئیختیاری خاوەنکار هەموو جۆرە کارێکی دژواریان پێدەکرێت.
تەرحی کۆنەپەرستانەی ” وەستا و شاگردی” کە لەژێر ناوی ” تەرحی کاروەزی دەوڵەتدا”، بەرگێکی فریوکارانەی بە بەردا کراوە، نەک بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ بێکاری، بەڵکوو بۆ پشتیوانی لە سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت، کە ڕووحانی خۆی بە پشتیوانی ئەوان دەزانێ، بەکردەوە دەرهاتوە. لەم گەڵالەیەدا نە خاوەنکار و نە دەوڵەت موەزەف بە دانی هیچ ڕادەیەک لە خزمەتگوزاری بە کرێکاران نین. هیچ یاسایەک بەسەر ئەم تەرحەدا چاوەدێری نییە و کرێکارەکان لەسەر ئەساسی وەها تەرحێک بە حقوقێک کە تەنانەت مەمرەومەژیش نییە، بە کردەوە دەکەونە بازنەی پیوەندی وەستا و شاگردیەوە.
دەوڵەتی رووحانی کە خۆی بە خزمەتگوزاری چینی سەرمایەداری ئێران دەزانێ، هەر دوو مانگ لەوەپێش بوو کە ناچار بوو ئیسڵاحیەی دژی کرێکاری قانونی کار لەژێر گوشاری هەڵسوڕاوانی کرێکاریدا و لە حاڵێکدا کە لە سەرودەمی هەڵبژاردن نزیک ببوهوه ڕیاکارانە لە مەجلیس وەریگرتەوە تا لە دەرفەتێکی دیكهدا بە تەسویبی بەگەیەنێت، ئەمرۆ ” تەرحی کاروەرزی دەوڵەت”ی وەک دیاری بوونەوەی بە سەرۆک کۆمار، پێشکەشی چینی سەرمایەدار لە ئێڕان دەکات.
ڕاستیەکی ئەوەیە کە ئەوە نەک تەنیا دەوڵەتی رووحانی، بەڵکوو سەرجەم ڕژیم بە هەموو دارودەستە و باڵەکانیەوە، بە سپای پاسداران و بە ملیۆن کرێکار کە لەژێر سوڵتەی ئەم ناوەندەدا وەحشیانە دەچەوسێنەوە، بە بەشی دەوڵەتی و خسوسی و شێوە دەوڵەتیەوە، بە سەرمایە گوزارانی دەرەکی کە دەوڵەتی رووحانی درگای باغی سەوزی چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی ئێرانیان پیشان ئەدات، بەگشتی ددانیان تیژ کردوە تا بێکاری بەرینی ئێستا لە خزمەت هەرچی هەرزانتر کردنی هێزی کار و چەوساندنەوەی توندتری چینی کرێکاردا، بەکار بێنن.
پرسیار ئەوەیە کە ئەم ڕەنج و موسیبەتانە تا کەی دەرێژەیان ئەبێت؟ کۆماری ئیسلامی لەم مەسیرەدا تا کوێ دەچێتە پێشێ؟ دیاردە عەینیەکان پێمان ئەڵێن، کەلێنە چینایەتیەکان لەم وڵاتەدا وەها قوڵ بوونەتەوە، نەفرەت لە سەرمایەداران و چینی دەسەڵاتدار لە ئێران بە شێوەیەک پەرەی سەندوە، کە تەمەنێکی زۆر دوور و درێژتر بۆ ئەم ڕژیمە ناکرێ پێش بینی بکرێت. کۆمەڵگە و چێنی کرێکاری ئێران خەریکە بە دەورەیەک لە وشیاری لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەڕوات. ئەم وشیارییە دەبێ بگۆڕدرێت بۆ رێکخراو و سازمانیابی کرێکاران لە ئاستی حیزبی و جەماوەریدا، تا ئەو ئاڵوگۆرە بنچینەیی و چارەنووس سازە، ئەم کۆمەڵگایە لە بەڕبەڕیەتی سەرمایەداریەوە بەرەو دنیایەکی پڕ لە ڕیفاه و یەکسانی و شادی و ئازادی پێشەنگایەتی بکات.