زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ بەسەر مانگرتن لە خواردنی ١٦٠٠ کەس لە بهندكراوانی سیاسیی فەلەستین لە ئیسڕائیل تێپەڕدهبێت. بەداخەوە سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تهندرووستی ژمارەیەکی زۆریان، هەواڵی ئەم مانگرتن لە خواردنە بەرینە لە ڕاگەیەنەرە دەوڵەتییەکانی سەرمایەداریهوه کەمتر بڵاو كراوهتهوه. ئەم مانگرتن لە خواردنە ڕۆژی ٢٨ ی مانگی خاکەلێوە کە ” ڕۆژی ئەسیری فەلەستینی”یە، لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی نا مرۆڤانە و پێشێلکرانی مافە سەرەتاییەکانی بهندكراوان لە لایەن دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە دەستی پێکرد. ئەم مانگرتن لە خواردنە درێژ ماوەترین مانگرتنی بە کۆمەڵ لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٦٧ وە ههتا ئێستایه. بهندكراوانی مانگرتوو هەروەها خوازیاری بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی بێهداشتی و دەرمان، لاچوونی ئاستهنگییهكانی چاوپێكهوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەست ڕاگەیەشتنیان بە تەلەفوون و ئامێرەکانی پێوەندین. ڕۆژی هەینی ٥ ی مانگی گوڵان سەرۆکی هەیئەتی کاروباری ئەسیرە فەلەستینیەکان ڕایگەیاند کە بە هۆی وڵامی نەرێنی کاربەدەستانی ئیسڕائیل بە داخوازی بهندكراوان، ئەوان دەیانەوێ ئاستی داخوازییەکانیان بەرز بکەنەوە و خوازیاری ئەوە بوون کە وەک ئەسیری جەنگی هەڵسوکەوتییان لەگەڵدا بکرێت و ئەوان بگوازنەوە بۆ زیندانەکانی ناوچە داگیر کراوەکان.
دەوڵەتی دەستە ڕاستی و ڕەگەز پەرستی ئیسڕائیل نە تەنیا ئامادەی جێبەجێ کردنی داخوازی بهندكراوهکان نەبووە، بەڵکوو بەپێی هەواڵی ” کۆمیتەی زانیاری گەیاندنی ئەسیرانی مانگرتوو” لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی زۆر و ئەشکەنجە و فڕوفێڵ، بۆ تێکشکاندنی ورەی بهندكراوهكان پێداگری دەکات. هەروەها بەر بە هاتنەدەرێ لە سلوللەکانیان و خۆبەر ڕۆشانایی و هەتاودانیان دەگرێت. وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسڕائیل ڕۆژی یەکەمی مانگی مەی بێشەرمانە و بە درۆ ڕایگەیاند کە ” ژمارەیەکی زۆر لەوان ئامادە بوون بەبێ گەیشتن بە خواستەکانیان کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن.” وتەبێژی دەوڵەتیش لە سهروبهندی سەفەری ترامپ دا بە بڵاو کردنەوەی درۆ ڕایگەیان کە ” لەسەر خواستی مەحموود عەباس بۆ وتووێژ کردن لەگەڵ بهندكراوان، ئەوان کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێناوە. چەند ڕۆژ لەمهوبهریش وێنەیەکی مونتاژ کراویان لە مەروان برغوسی یەکێک لە ڕێبەران و بانگەوازکاری ئەم مانگرتنەیان لە حاڵێکدا لە ڕاگەیەنەرەکاندا بڵاو کردەوە کە وای پێشان دەدا مانگرتنەکەی شکاندوە. بەڵام زیندانیانی مانگرتوو گوێیان نەدایە ئەم شگردانەی دەوڵەتی ئیسڕائیل و هەڕەشەیان کرد ئەگەربێت و دەوڵەت وڵامی داخوازییەکانیان بە ئەرێنی نەداتەوە، مانگرتن لە خواردنەکەیان دەگوڕن بۆ مانگرتن لە خواردنی وشک و تا دەستەبەر بوونی سەرجەم خواستەکانیان لەسەری بەردەوام دەبن.
بەڵام لە حاڵێکدا کە دەوڵەتان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە بەرانبەر ئەم حەڕەکەتە ناڕەزایەتییەی بهندكراوانی فەلەستینی کە خۆیان ناویان ناوە ” نەبەردی کەرامەت و ئازادی”، بێدەنگیان هەڵبژاردوە، خەڵکی تێکوشەری فەلەستین و بە تایبەت ئەندامانی بنەماڵەی مانگرتووان و جەریاناتی چەپ و پێشکەوتوو خواز و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە سهرنج نهدانی کاربەدەستانی دەوڵەتی دەستە ڕاستی ئیسڕائیل کاردانەوەیان نیشان داوە و بەرپرسیاریەتی پاراستنی گیانی بهندكراوانیان خستۆتە ئەستۆی دەوڵەت. لەم ماوەیەدا خەڵکی فەلەستینیش چەندینجار بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ڕێکخراو پشتیوانیان لە بهندكراوان کردووە و خوازیاری ئەوە بوون کە دەوڵەتی ئیسڕائیل داخوازی بهندكراوهكان جێبەجێ بکات. ” عەلان سەراحنە” سەرۆکی ” کۆمەڵەی لاوان بۆ پشتیوانی لە ئەسیرەکان” ڕایگەیاند کە خەباتی لاوان تا کاتێک کە بهندكراوهکان بە گشت داخوازییەکانیان دەگەن بەردەوام دەبێت. ئەو داوای لە بەشدارانی خۆپیشاندانەکان کرد کردار و چالاکیەکانیان پەرە پێبدەن. هێزە سەرکوتگەرەکانی ئیسڕائیل وەحشیانە هێرشیان کردەسەر کۆبونەوەی خۆپیشاندەران و تەقەیان لێکردن.
ڕۆژی سێ شەممە ٢ ی مانگی جۆزەردانیش خەڵکی تێکوشەری فەلەستین هاوکات لەگەڵ دیداری ترامپ لە حکومەتی خودموختاری فەلەستینی، لە بهیتۆالحم و زۆربەی شارەکانی تر خۆپیشاندانی سازماندراویان بەڕێوەبرد. ئەوان دەیانویست نیشانی بدەن کە بە پێچەوانەی بەرپرسانی دەوڵەتی خودموختار، چاوەڕێی ئەوە نین دیداری ترامپ گرێیەک لە کێشەکانیان بکاتەوە. ترامپیش لەسەفەر بۆ ئیسڕائیل و فەلەستین، لە سوخەنرانیەکانیدا جارێکی دیكه وەک سەرۆک کۆماری ئامریکا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند پشتیوانی لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسڕائیل لە بەرانبەر فەلەستینیەکاندا دەکات. ئەو نیشانیدا کە هیچ ڕێگاچارە و تەرحێک بۆ چارەسەر کردنی مەسەلەی فەلەستین نییە و عەوامفریوانە بە کولی گویی تەنیا ڕێبەرانی ئیسڕائیل و فەلەستینی لە بەناو ” گرتنی بڕیاراتی دژوار” ئەویش لە داهاتودا ئاگادار کرد. ترامپ لە سەفەر بۆ فەلەستین، نە تەنیا هیچی سەبارەت بە مانگرتن لە خواردنی ” تا ئەوکاتی” ٣٦ ڕۆژەی ١٦٠٠ بهندكراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا کە ٣٠٠ کەسیان منداڵ و کەم تەمەنن، نەکرد، بەڵکوو لەبەرانبەردا فەلەستینیەکانیشی بە کۆمەڵێک تیرۆریست ناوبرد کە بە چەقۆ و بۆمب هێرش دەکەنە سەر ئیسڕائیلییەکان. ئەو نە تەنیا هیچ ئاماژەیەکی بە هەوڵدان بۆ ئاشتی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستنی نەکرد، بەڵکوو تەنانەت داوای لە ئیسڕائیلیش نەکرد دەست لە پەرەدان بە دەروست کردنی شارۆچکە سازی لە سەر زهویی فەلەستینیەکان هەڵبگرێت. ترامپ تەنانەت ئاماژەی بە ڕێگاچارەی پێکهاتنی ” دوو دەوڵەت بە پاڵ یەکەوە” کە زۆربەی دەوڵەتانی سەرمایەداریش قەبوڵیان کردوە نەکرد.
لهڕاستدای ڕزگار بوونی ئەم نهتهوهیه نە لەسازش لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەر و ڕازی بوون بە ملکەج بوون و سووکایەتی و ڕێگاچارە دیکتە کراوەکان لە لایەن ڕژیمی داگیرکەر و پشتیوانانی نێونەتەوەیی ئەوەوە، نە چوونە پاڵ ڕژیمە تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و سەرکوتگەرکانی وەک کۆماری ئیسلامی و نە سپاردنی چارەنووسی خۆڕاگریان بە هێزی کۆنەپەرستی حەماس، بەڵکوو پشت بەستن بە ڕابردووی مێژویی خۆڕاگری و خەباتی ئەم میللەتەیە. کۆتایی هێنان بە داگیركهری دەوڵەتی ئیسڕائیل لەسەر زەویە فەلەستینیەکان، ڕێگاخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، لابردنی ئەو دیوارانەی کە خەڵکی فەلەستین لە یەکتر جیا دەکاتەوە و یەخسیری کردوون، کۆتایی هێنان بە بڵاو کردنەوەی نەفرەت لەنێوان خەڵکی ئیسڕائیل و فەلەستیندا و سەرئەنجام بە ڕەسمییەت ناسینی مافی خەڵکی فەلەستین لە دیاری کردنی چارەنووسیدا، مەسیری ڕزگار بوونی خەڵکی فەلەستینە.