کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

منداڵانی ئێران، بێ مافترین و زۆرلێکراوترین توێژی کۆمەڵگای ئەم وڵاتە

له‌ ئێرانی ئه‌مڕۆدا، منداڵان بێمافترین و ستەملێکراوترین بەشی کۆمەڵگه‌ن. بەڵام بەشی سەرەکی ئەم هەژاریی و بێمافیانه‌، بە منداڵی بنەماڵە کرێکاریی و کەمداهاتەکان ده‌بڕێت. هەژاریی بنەماڵە هه‌ر له‌و کاتەوە کە منداڵ لە سکی دایکیدا دەست پێدەکات و بەر لە له‌دایكبوونی، داوێنگیریەتی.

کاتێک کە دایک لە قۆناغی دووگیانیدا لە خۆراکی تایبەت و پێویست بۆ پەروەردەبوونی سالمی كۆرپه‌ی ناو سکی بێبەشە، کاتێک دایکێک پێویستیی بە ئاگالێبوونی تایبەتی پزشیکی هەیە و ده‌ستی پێ ڕاناگات، کاتێک دایکێک بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێی سەرچاوەگرتوو لە نیگەرانیی بۆ داهاتووی منداڵە لەدایکنەبووەکەی دا ده‌ژی، هەژاریی و کەموکووڕییەکانی ژیانی، بەکردەوە دەگوازێتەوە بۆ کۆرپەلەی ناو منداڵدانیشی.

لەگەڵ له‌دایكبوونی منداڵ، موسیبەتی تازە سەر هەڵدەدەن. لە ئاکامی گرانی ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتری شیر و مادەی خۆڕاکی پێوست، ئه‌وه‌ ته‌نها شیری دایکه‌ كه‌ دەبێتە تاكه‌ سەرچاوەی خۆراکی منداڵ. بەڵام دایکێک کە خۆیشی تووشی كه‌مخۆراكی و بەدخۆراکییە و مەواددی پێویست و باش ناگاتە جەستەی، چۆن دەتوانێ نیازەکانی خۆراکی منداڵە ڕوو لەگەشەکەی بە شیری خۆی دابین بکات؟ بەمجۆرە کەمبوونی ویتامینەکان و ئەو ماددە خۆراکییانەی کە دایک لێی بێبەشە، ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ. ڕێژەی مەرگ و میری منداڵانی ژێر تەمەنی ٥ ساڵ، لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ باقی وڵاتانی دواکەتووی سەرمایەداریی زیاترە و بە پێی ئامارە ڕەسمییەکان نزیکەی ٣ لەسەدی منداڵان لە ئێران، هیچكات دەرفەتی گەیشتن بە وەها تەمەنێکیان نابێت.

ئەو منداڵانەی کە لەم تەمەنەدا شانسی ئه‌وه‌یان بووه‌ لە چنگی مەرگ ڕزگاریان بێت، ئەمجار ده‌بنه‌ شەریکی هەژاریی و نەداریی بنەماڵەکانیان و بەکردەوە گشت موسیبەتەکانی سەرچاوەگرتوو لێی بەرۆکیان دەگرێت. له‌ئه‌گه‌ری نەبوونی باخچەی ساوایان، ئاگاداریکردن لە منداڵ ڕۆژانە بەتەواوی دەكه‌وێته‌ ئەستۆی دایک و باقی ئەندامانی بنەماڵە. بەڵام ئەوان کە خۆشیان گرفتاری دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی بنەماڵەن، نەك هه‌ر دەرفەتیان نابێت وڵامی نیازی ڕوولەزیادبوونی منداڵ بدەنەوە، بەڵکوو شه‌كه‌تی و هیلاکی و جەنگی ئەعسابی ڕۆژانە، لەگەڵ کێشەکانی ژیان دەگوازنەوە بۆ منداڵه‌كه‌ش.

منداڵی قۆناغی گەشە و شکۆفابوونی جەستەیی و ڕەوانی ئینسانە. بەڵام پێویستی بە بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی ئەم گەشە و هەڵدانە، بەهرەمەندبوون لە بێهداشت و خۆراکی گونجاو، په‌روه‌رده‌ و دابینكردنی کۆمەڵایەتیی و باقی مافە ئینسانییەکانە. یاریکردن، تەفریح و بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی پێویست بۆ دڵخۆشی و شادی ژیان لەنێو بنەماڵەدا، کە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی منداڵە، بۆ زۆربەی منداڵانی بنەماڵە کرێکاریی و زەحمەتکێشەکانی شار و گونده‌كان، ئاواتێکی دووره‌ده‌سته‌. لە وەها بارودۆخێکدا منداڵ بە ناچاری وێڵی کۆڵان و سەرشەقام و تێکەڵاوی کەسانی هاوچارەنووسی دەبێت و جەستەی شلک و ناسکی دەکەوێتە بەر مەترسی هەموو جۆرە نەخۆشییەک.128

دوای تێپەڕکردنی ئەم قۆناغە پڕ لە دژوارییە، ئیتر تەمەنی چوونە مەدرەسە دەگات. کەم نین ئەو بنەماڵە زەحمەتکێشانەی شار و گونده‌كان کە ناتوانن ئیمکاناتی چوونەمەدرەسەی ڕۆڵه‌كانیان دابین بکەن و به‌ناچار ڕۆڵه‌یان بەرەو فێربوونی کارێک بۆ دابینکردنی ژیانی ئێستای بنه‌ماڵه‌ و داهاتوویان پاڵ پێوەدەنێن. کەم نین ئەو منداڵانەش کە لە تەمەنی ١٠ بۆ ١٢ ساڵیدا دەبێ خۆیان لەبیری نان پەیداکردن و تێرکردنی سکی خۆیاندا بن و تەنانەت ده‌بنه‌ نان هێنەری بنەماڵەکانیشیان. لەم تەمەندا ئەنجامدانی بەشێک لە کارەکانی بنەماڵە یان مەزرا لە ئاواییه‌كان، لە ئەستۆی منداڵانە. کاری فه‌رش چنین، کارکردن لە کارگه‌ چکۆلەکان، کارکردن لە مەزرا، دەستفرۆشی، واكسکردنی کەوش و …. ئه‌مانه‌، لە دیاردە باوه‌كانی ناو کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداری ئێرانن.

بەڵام لە مەدرەسەش کۆمەڵیک بەڵای دیكه‌ چاوەڕوانیانە. کچانی کەم تەمەن لە هەمان ڕۆژی یەکەمەوە مەقنەعەیان به‌سه‌ردا ده‌كرێت و لە کوڕانی هاوتەمەنی خۆیان جیا ده‌کرێنەوە و ئه‌وه‌ به‌ مێشكیاندا ده‌كرێت كه‌ هەڵسوکەوت لەگەڵ کوڕان کارێکی نه‌شیاوه‌. وێڕای داسه‌پاندنی حیجاب و بێبەشبوون له‌ یاری‌ و كایه‌ی هاوبه‌شی کچان و کوڕان، ئه‌مجار ‌ئاموزشە مەزهەبییەکان دەست پێدەکه‌ن. کتێبه‌ دەرسییه‌كان پڕ كراون لەم ئاموزشانە و منداڵ هه‌ر لە سه‌رده‌می منداڵییەوە ناچار دەکرێت داب و نەریتی ئایینی ئەنجام بدات و لەم‌ ڕێوڕەسمانەدا بەشداریی بکات. بەمجۆرە ڕێگه‌ بە منداڵان نادەن کە بەدوور لە باوەڕ و خوڕافاتی مەزهەبی، په‌روه‌ر‌ده‌ بن و فێری زانیاری ببن و ئیمکانی ئەوەیان پێنادرێت كه‌ باوەڕ به‌خۆبوونیان تێدا به‌هێز بێت و لە داهاتوودا ڕێگه‌ی ژیانی خۆیان ئاگاهانە هەڵبژێرن.
منداڵان لەو کلاسانەدا کە زۆربەیان بەرتەسک و پڕجەمعییەت و هەوایه‌كی پاک و فەزایه‌كی گونجاویشیان نییه‌، بە ڕیز دادەندرێن. ئەوان دەبێ گوێڕایه‌ڵی قسەی ئەو موعلمانه بن کە زۆربەیان لەبەر گرفتاریی بەڕێچونی ژیانیان، حاڵ و حەوسەڵەی پێویستیان بۆ سەروکەللە لێدان لەگەڵ منداڵان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام په‌له‌په‌لی ئەوەیانه‌ كه‌ هەرچی زووتر كلاسه‌كان کۆتاییان پێ بێت.

لەپاڵ گشت ئەم بێبەشی و بێمافیانەی ناو ئێرانی ئێستای ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا، هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن به‌ پاڵپشتی شه‌رع و دینی ئیسلام، به‌یاسایی كراوه‌. کەم نین ئەو بنەماڵانەی کە توانای دابینکردنی ژیانی کچانی کەم تەمەنی خۆیان نییە و ڕازیی دەبن بە هاوسەرگیری کچە کەم تەمەنەکەیان لەگەڵ کەسانی بەتەمەنتر و جاری واشه‌ به‌ساڵاچوو. كچانێك کە لەو تەمەنه‌ كه‌مه‌دا، تەنانەت منداڵیشیان دەبێت. بەم دواییانە سێمینارێک کە لەژێر ناوی “ئیزدواجی منداڵ” بەڕێوەچوو، مودیری بەشی موتالعاتی ژنانی ئەنجومەنی کۆمەڵناسیی ئێران ڕایگەیاند كه‌ ئاماری به‌شوودانی منداڵان لە ئێران بە بەراورد له‌گه‌ڵ ساڵی پار، ١٠ هەزار کەسی دیكه‌شی پێوه‌ زیاد بووە و ته‌ڵاق و جیابوونەوەش له‌م توێژەدا، ڕەوتێكی روو لە زیادبوونی هەیە. “شەهلا ئەعزازی” ئەندامی هەیئەت عیلمی دانیشگای تەباتەبایی، لەم سێمینارەدا باسی لە هه‌بوونی ٤٣ هەزار حاڵه‌تی به‌شوودانی کچانی تەمەن ١٠ بۆ ١٥ ساڵان لە ئێران کرد کە لەم ژمارەیە و هه‌ر له‌و ماوه‌ زه‌مه‌نییه‌دا، دوو هەزار حاڵه‌تیان به‌ره‌و جیابوونە چووه‌. وه‌ها باردۆخێکی پڕ لە شەرمەزاریی کە هه‌ر ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەواتای دەستدرێژی کردنەسەر منداڵان و به ‌تاوانی جەنایی قورس بە ئه‌ژمار دێت، لە ئێرانی ئەمڕۆدا، كراوه‌ به‌شتێكی یاسایی و باو.

ئاشکرایە کە منداڵان خۆیان توانای گۆڕینی ئەم بارودۆخە مەترسیدارەیان نییە و هیچ مرۆڤێكی شه‌ریفیش ناخوازێ كه‌ منداڵانی ئەم کۆمەڵگه‌یە لە وه‌ها بارودۆخێکی فەلاکەتباردا ببینێ و ناتوانێ خوازیاری گۆڕینی نەبێت. ئەوەیکە ئەمڕۆ لە ئێراندا ڕوو دەدات چارەنووسی چاره‌هەڵنەگری منداڵان نییە. ئەم بارودۆخە دەکرێ و دەبێ بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە و ڕزگارکردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگه‌یە لە وەها چارەنووسێک، ڕێگایەک نییه‌، بێجگە لە ده‌ست خستنه‌ ناو ده‌ستی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و سته‌مدیتووی ئێران و په‌ره‌پێدانی خه‌بات له‌دژی ڕژیمی سه‌رمایه‌داریی كۆماری ئیسلامی. ڕژیمێك کە ماوه‌ی ٣٨ ساڵی ڕه‌به‌قه‌، خۆمان و منداڵانی بێتاوانی ئێمه‌ی وه‌ها بێڕەحمانە، لە مافە سەرەتایی و ئینسانییه‌كان بێبەش كردووه‌.